دیاردەی زیادەڕەویکردن لە تەکفیردا
نووسینی : د . یووسف قهرزاوی - وهرگێڕانی: میران مهجید
بەشی دووەم........
پێویستیی جیاوازیکردن لەنێوان جۆر و تاکی دیاریکراودا :
لێرەدا شتێک ھەیە کە پێویستە ئاوڕی لێ بدەینەوە، ئەویش ئەوەیە کە زانا لێتۆژەوە)محقق (كان بڕیاریان لهبارەیەوە داوە ، کە پێویستە جیاوازی بکرێت لەنێوان جۆر و تاکی دیاریکراودا لە بابەتی تەکفیردا .
واتای ئەمەیش : بۆ نموونە دەڵێین : شووعییەکان بێباوەڕن، یاخود کاربەدەستە عەلمانییەکان، ئەوانەی كە بڕیاری شەرع ڕەتدەکەنەوە بێباوەڕن، یاخود ئەوەی فڵان قسە بکات یا بانگاشە بۆ فڵان شت بکات بێباوەڕە، ئەمانە بڕیاردانن لەسەر جۆر، بەڵام ئەگەر ھاتو شتەکە پیَوەست بوو بە کەسێکی دیاریکراوەوە و، بەكێشكرا بۆ لای ئەم جۆرانەی پێشوو، پێویستە بووەستین بۆ لێکۆڵینەوە و جەختکردنەوە لە ڕاستیی ھەڵوێستی ئەو کەسە بە پرسیارلێکردن و گفتوگۆکردن لەگەڵیدا، ھەتا (ئیقامە حوججە )ی لەسەر دەکەین و، گومان و بیانووەكانی ناھێڵین .
لەم بارەیەوە شێخولئیسلام ئیبن تەیمییە دەڵێت : لە ڕاستیدا ھێندێ گوفتار دەبێت بە کوفر و، بە خاوەنەکەشی دەوترێت بێباوەڕ يان دەوترێت ئەوەی وا بڵێت بێباوەڕە . بەڵام کەسێکی دیاریکراو کە ئەو قسەیەی کرد بڕیاری بێباوەڕبوونی بەسەردا نادرێت، تاكوو کۆمەڵە بەڵگەیەکی وەھای بۆ دەھێنینەوە کە بە وازھێنان لەوان بەڵگانە بێباوەڕ ببێت .
ئەمەیش وەکچۆن لەو دەقانەدا ھاتووە کە ھەڕەشەیان تێدایە، خوای گەورە دەفەرمووێت(إن الذین یأكلون أموال الیتمی ظلما إنما یأكلون فی بطونهم نارا وسیصلون سعیرا) _النساء : 10_ واتە : ئەو کەسانەی کە بە ستەم و ناھەقی، ماڵ و سامانی منداڵانی ھەتیو و بێباب دەخۆن بەبێ سۆ تەنیا ئاگر دەکەنە سک و ورگیانەوە و بە زووییش دەخرێنە ناو ئاگرێکی زۆر گەرم و دۆزەخی گڕدارەوە.
ئەم دەقە و ھاوشێوەکانی کە ھەڕەشەیان تێدایە هەقن، بەڵام کەسێکی دیاریکراو شایەتيی ئەوەی لەسەر نادرێت کە ئەم ھەڕەشانە دەیگرێتەوە، ياخود گەواهی لەسەر ھیچ کەسێکی دیاریکراو لە ئەھلی ڕووگە نادرێت بە ئاگر، لەبەر ئەوەی دەشێت کە ئەم ھەڕەشانە نەیگرێتەوە، بە نەمانی مەرجێك یاخود بوونی ڕێگرێک (لفوات شرط او ثبوت مانع)، دەگونجێت ئەو قەدەخەكردنە بەو نەگەیشتبێت، یا دەگونجێت پاشگەزببێتەوە لەو كارە قەدەخەكراوە ... یاخود ئەو كەسە چاکەی زۆری ھەبێت کە ببێتە ھۆی سڕینەوەی سزای ئەو کارە حەرامکراوە ... یان دەیشگونجێت تووشی کۆمەڵێ بەڵا ببێت کە ببێتە هۆی کەفارەتی ئەو گوناھەی، یا نزا وەرگیراوێک نزای بۆ بکات .
دەڵێت : دەکرێت ئەم بەڵگەیەی پێگەیشتبێت بەڵام لای ئەو باوەڕپێکراو نەبووبێت، یاخود نەیتوانیبێت لێی تێبگات، یاخود دەکرێت ھێندێ گومانی بۆ باسکرابێت کە خوای گەورە بیکات بە بیانوو بۆ ئەو كەسە.
دەڵێت : مەزهەبی زاناکان لەسەر ئەم وردەکارییەیە لەنێوان جۆر و کەسی دیاریکراودا .
ئەگەر ئەو ھەموو خۆپارێزییە پێویست بێت بۆ کەسانێک کە بە دڵنیاییەوە کوفر دەکەن، ئیتر چۆن موسوڵمانان ناترسێن لەوەی كە کۆمەڵانێک تەکفیر بکەن کە بڕوا دەھێنن و دەڵێن : (أشهد أن لاإله إلا الله وأشهد أن محمدا رسول الله) ھەرچەند ئەگەر کاری چاک و خراپیش تێکەڵ بکەن .
بەڕاستی (شایەتومان)ھێنان خوێن و ماڵیان _مەگەر بە هەقی خۆی _ دەپارێزێت و لێپرسینەوەشیان لەسەر خودایە . ئێمە فەرمانمان پێکراوە كار بە ڕوواڵەت بکەین، خودایش ئاگاداری نھێنییەکانە .
لەم بارەیەشەوە فەرموودەی دروست بەڵکوو (متەواتیر)مان ھەیە لە پێغەمبەرەوە (د .خ) کە دەفەرمووێت (أمرت أن أقاتل الناس حتی یقولوا لاإله إلا الله , فإذا قالوها فقد عصموا منی دمائهم و أموالهم إلا بحقها , وحسابهم علی الله ) واتە : فەرمانم پێکراوە بجەنگم لەگەڵ ئەوانەدا کە جەنگم بەرانبەر دەکەن ھەتا دەڵێن "لاإله إلا الله " ئەگەر ھاتو وتیان ئەوا خوێن و ماڵیان لە لایەن منەوە پارێزراوە مەگەر بە ههقی خۆی و، سەرەنجامیشیان لە قیامەتدا لای خودایە .
مەترسی تەکفیر :
ئەوەی لێرەدا پێویستە بیکەینە بنەما ئەوەیە : کە بڕیاری کوفر بەسەر کەسێکدا، بڕیارێکی زۆر ترسناکە، لەبەر ئەوەی جێکەوتەیەکی زۆر خراپ جێدەھێڵێ لەوانە :
1. دروست نییە کە ھاوسەرەکەی لەگەڵيدا بمینێتەوە و، پێویستە جیابکرێنەوە، لەبەر ئەوەی ناگونجێت ئافرەتی موسوڵمان ھاوسەریَکی بێباوەڕی ھەبیَت، بە کۆدەنگیی خاوەن تەقواداران (بالإجاع المتقین) .
2. دروست نییە منداڵەکانی لەژێر دەەسەڵات و چاودێری باوکیاندا بمێننەوە، لەبەرئەوەی لە حاڵەتی کوفردا بە پارێزراو دانانرێن و ترسی ئەوەیش ھەیە کە بە کوفرەکەی کاریگەری لەسەر ئەوانیش دابنێت، بەتایبەت کە ھەڵگەراندنەوەیان ئاسانە و، ئەوان ڕاسپاردەن و لە ئەستۆی ھەموو کۆمەڵگای ئیسلامیدان .
3. کەسی بێباوەڕ مافی سەرپەرشتکاری و پشتیوانیلێکردنی لەلایەن کۆمەڵگای ئیسلامییەوە لەدەست دەدات و، لێیان جیادەبێتەوە پاش ئەوەی کە بە کوفر و ھەڵگەرانەوەیەکی ئاشکراوە خۆی پێشاندەدات، لەبەر ئەوە پێویستە قسەكردنی لەگەڵدا بپچڕێنرێت و، گەمارۆیەکی ئەدەبکاریانەی بەسەردا بسەپێنرێت ھەتا بەھۆش خۆی دێتەوە و دەگەڕێتەوە بۆ ئەسڵی خۆی .
4. پێویستە لەبەردەم دادگای ئیسلامدا دادگایی بکریَت، بۆ ئەوەی بڕیاری ھەڵگەڕاوەی بەسەردا جێبەجێ بکرێت، لەپاش ئەوەی کە داوای گەڕانەوەی لێدەکرێت و دوودڵییەكانی ناھێڵرێت و، بەڵگەی تەواوی بۆ دەھێنرێتەوە .
5. ئەگەر ھاتو كەسی ەەڵگەڕاوە مرد، ئەوا مامەڵەی مردووی موسوڵمانی لەگەڵدا ناکرێت، ناشۆردرێت و نوێژی لەسەر ناکرێت و، لە گۆڕستانی موسوڵماناندا نانێژرێت، سەرباری ئەوەی كە میراتی لێ نابرێت، وەکچۆن ئەویش میرات نابات کاتێک کە ئەو کەسە دەمرێت کە ئەم میراتی لێدەبات .
6. ئەگەر بێتو لەسەر ئەم بێباوەڕییەی بمرێت ئەوا شایەن بە نەفرەتی خودا و دەردەچێ لە ڕەحمەتی پەروەردگار، بە ھەتاھەتایی لە ئاگردا دەمێنێتەوە .
ئەم ھەموو فەرمانە مەترسیدارانە ڕووبەڕووی کەسێک دەبێتەوە کە ڕوودەکاتە کافرکردنی خەڵکی خودا و وای لێدەکات کە پەلەپەل نەکات و بەکاوەخۆ ئەوەی دەیەوێ بیڵێت، بیڵێ .
پێویستیی گەڕانەوە بۆ قورئان و سوننەت :
لێرەوە پێویستە بگەڕێینەوە بۆ دەقەکانی قورئان و سوننەت، بۆ ئەوەی لەژێر ڕۆشنایی ئەم دەقانەدا بڕیار لەسەر ئەو بنەما و ڕاستییە ڕێگەپێدراوانە بدەین کە پێویستە لە کاتی بڕیارداندا بۆی بگەڕێینەوە لەم جۆرە بابەتە گرنگانەدا لە دینی خودادا و لە ژیانی خەڵکدا .
ئەگەر ھاتو پشتمان بە وتەی ھێندێ لە زانایان بەست، ئەمە لەبەر ئەوە نییە کە ئێمە خودی وتەکانی ئەوان بە بەڵگە دادەنێین، بەڵکوو تێگەیشتنی ئەوان بۆ دەقەکان وەردەگرین، بۆ ئەوەی نەکەوینە ناو گومان و سەرگەردان نەبین، یاخود ئایەت و فەرموودەكان بدەین بەیەکدا . لەگەڵ جەختکردنەوەی بنەمایەکی گرنگدا، ئەویش ئەوەیە پێشینانی ئەم ئوممەتە لە ھاوەڵان و شوێن کەوتووانیان، چاكترینی ئەم ئوممەتەن و، دروستترین تێگەیەشتنیان ھەیە و ڕاستترین ڕێگەیان گرتووە و تێگەیشتووترین کەسانێکن لە ڕۆحی ئیسلام و سوورترین کەسانێکن لەسەر شوێنکەوتنی ئەم ڕێبازە.
ھەرکات تێگەیشتنێکی ناسراوی ئەوانمان دۆزییەوە لێی لانادەین بۆ داھێنراوەکانی دوای ئەوان، چونکە ئەوان بە شاھێدیی پێغەمبەری خودا )د .خ (لە باشترین چەرخەكان بوون .