ئیلحادی نوێ وێرانکەرە

فیکر 2019-02-03 کۆمێنت 2186 جار بینراوە

نووسینی: ئاڤار قەرەداغی
به‌شی یه‌که‌م

   ئیلحادی نوێ وێرانکەرە، ئەم دەستەواژەیە ناوونیشانی وتارێکی فەیلەسووفی مولحید جولیان باگینییە، بەشێک لە مولحیدەکانیش باش لەو ڕاستییە تێگەییشتوون، مولحیدەکانی وەک ریچارد دۆکینز، سام ھاریس، کریستۆڤەر ھیتشینز و، ھاوشێوەکانیان خاڵین لە دواندنی لۆژیکی و بابەتی، بەڵکو کار لەسەر بوغزاندن و ئیستیفزازی ئاییندارەکان و بریندارکردنی ھەست و شعوریان دەکەن.

ڕیچارد دۆکینز دەڵێت "بەڕاستی بەڕاستی ئومێدەوارم کە ببینم ئایین بەتەواوی نەمێنێت" (میلیشیا الحاد، ص ٤٥). ھەروەھا دەڵێت "کاتێك کەسێک تووشی وەھم دەبێت، بە تێکچوو ناوی دەبرێت. کاتێک خەڵکێکی زۆر توشی وەھم دەبن، بە ئایین ناوی دەبرێت"(وەھمێک، لا ١٣)، ھەروەھا لە وتارێکیدا بەناوی (ڤایرۆسی ئەقڵ) جارێک باوەڕداران بە نەخۆش و جارێک دەڵێت ڤایرۆس لە ئەقڵی داون، جارێکیش بە شێت ناویان دەبات، چونکە باوەڕیان بە موعجیزە ھەیە. (حوارات سیدنی، لە لاپەڕەی ٥٤ بۆ ٨٨ بەدرێژی باسی دەکات، بەڵام لە لاپەڕەی ٨٥ بۆ ٨٨ دەری  دەبڕێت). جگە لەوەی بەرنامەیەکی ھەبووە بەناوی (ڕیشەی ھەموو بەدکارییەکان)، ھەرچەند دۆکینز دەڵێت "لە سەرەتاوە حەزم لە ناوونیشانەکەی نەبوو، ئایین سەرچاوەی ھەموو خراپەکارییەکان نییە، لەبەر ئەوەی ھیچ شتێک ڕیشەی ھەموو شتێک نییە، بەڵام خۆشیم ھات لەو ڕیکلامەی بۆ ئەو بەرنامەیە دروستکرا و لەناو ڕۆژنامە سەرتاسەرییەکاندا بڵاوکرایەوە." (وەھمێک، لا ٢) دۆکینز بەحسابی خۆی بۆ سەرنجڕاکێشانی ئاییندارەکان ئەوەی کردووە، بەڵام ئەو قسەیەیشی وەک ئەو قسەیەی وایە کە خۆی بە مولحیدی تەواو دانانێت و خۆی دەخاتە چوارچێوەی نازانمییەوە، کەچی وەک دەبینین مولحیدێکی عەیارە بیستوچوارە. بەڵگەیشمان ئەو وتانەیەتی کە لە سەرەوە ھێنامانن، ئەمە جگە لەوەی ھەر دوو دێڕ دوای ئەو قسانەی، پێمان دەڵێت خەیاڵ بکەن ئەگەر ئایین نەبووایە، ئیتر لەوێوە لیستێکمان بۆ ڕیز دەکات لە کارەکانی تاڵیبان و خۆتەقاندنەوە و جەنگی ئێرلەندا...

تەنھا دۆکینزیش نییە ئاوا دژە ئایین و توندە، ئەوەتا سام ھاریس دەڵێت "ئەگەر گۆچانێکی سیحرییم پێبێت و بتوانم کۆتایی بە یەکێک لەم دووانە بھێنم: ئایین، دەستدرێژیی سێکسی، ئەوا ھیچ کات دوودڵ نابم لە کۆتاییھێنان بە ئایین" (میلیشیا الالحاد، ص ٤٥).

سام ھاریس لە جێگەیەکی تردا دەڵێت "تەنھا بەوەندەی باوەڕەت وا بێت، کە خودا زانایە بە بیر و بۆچوونەکانت، ئەوا پێویستە بە جۆرێک لە نەخۆشیی ئەقڵی داییبنێین." (میلیشیا الالحاد، ص٤٧)

کاردیناڵ جۆرج بێڵ دیبەیتێکی ھەیە لەگەڵ ڕێچارد دۆکینز، کاردیناڵ دەڵێت "بە ھۆی جێبەجێکردنی داروینییەتی کۆمەڵایەتییەوە خوێنڕێژانی وەک ستالین و، گەورەترین دوو جووڵانەوەی سیاسیی ئیلحادی دروستبوون." (مەبەستی نازییەکان بەسەرکردایەتی ھیتلەر و یەکێتی سۆڤییەتە، نووسەر) دۆکینز بەم شێوەیە وەڵامی دەداتەوە "ئۆھ ئەوە بێمانایە، بەڕاستی تەرحێکی سەخیفە، با دوو بابەت ڕوون بکەمەوە، یەکەم: نە لە دوور نە لە نزیک ئیلحاد ھیچ پەیوەندییەکی نییە نە بە ھیتلەر و نە بە ستالین. دووەم: ئەگەر ستالین مولحید بووبێت، ئەوا ھیتلەر مولحید نەبووە." (حیوارات سیدنی، ریتشارد دوکنز، ص ٢٥) دۆکینز لە وەھمەکەیشیدا دەڵێت "ئایە ئیلحاد بە شێوەیەکی سیستەماتیکیانە کاریگەریی ھەیە لەسەر خەڵک بۆ خراپەکاری. بچووکترین بەڵگە لەم بارەیەوە بوونی نییە." (وەھمێک، ل ٥٧٤)

دەربارەی ستالینیش دەڵێت "ڕەنگە خوێندنی ئایینی لە منداڵیدا فێری ئەوەی کردبێت، ڕێز بگرێت لە باوەڕێکی ڕەھا و دەسەڵاتێکی بەھێز و قاییل بێت بەوەی ئاکام ڕەوایی دەدات بە گرتنەبەری ھەر ڕێگەیەک." (وەھمێک، لا ٥٧٥)

ئەم گریمانەیەی دۆکینز کە ستالین لە ئەنجامی خوێندنی ئایینی مەسیحییەوە لە تەمەنی منداڵیدا فێری ئەوە بووە کە ڕێز لە دەسەڵاتی ڕەھا بگرێت، جۆرێکە لە گەوجاندنی خوێنەر، چونکە ھەموومان دەزانین ستالین مارکسی بووە، مارکسییەکانیش لە پێناو ھێنانەدیی کۆمۆنیزم ئەو شۆڕشانەیان کردووە.

پاشان وەک عەبدوڵڵا ئەلعوجەیری دەڵێت: کاتێک مولحیدەکان بەرگری لە ئیلحاد دەکەن و پێمان دەڵێن ئەوانە بە ناوی ئیلحادەوە خەڵکیان نەکوشتووە، بەڵام واقیع شایەتی دەدات کە ئەو ڕژێمانە بەڕاستی جەنگاون دژی ئایین، بە ڕووخاندنی پەرستگە و قەدەغەکردنی کتێبە ئایینییەکان و، قەدەغەکردنی ئەو ئازادییانەی پەیوەست بوون بە ئایین و ئاییندارییەوە. (میلیشیا اللاحاد، ص ٦٧)

مارکس دەیوت کە ھەر ئەوەندە پرۆلیتاریا سەرکەوت دەوڵەت ڕوو لە ھەڵوەشان دەکات. لینینیش پێش شۆڕسی ئۆکتۆبەری ١٩١٧ قسەی مارکسی دەھێنایەوە کە پرۆلیتاریا دەوڵەتێکی دەوێت بەرەو مردن دەچێت و دوای شۆڕشی پرۆلیتاریا دەوڵەتەکە یەکسەر ڕوو لە نەمان دەکات، بەڵام دوای شۆڕشەکە دەیوت کە ئەم نەمانە (ھەروەھا دروستبوونی کۆمۆنیزم) دوای دە یان بیست ساڵی تر ڕوو دەدات، کەچی وەک زانراوە دوای ئەم ماوەیە دەوڵەت پتەوتر بوو و تەنانەت بووە بە دەوڵەتێکی تۆتالیتاریی وا کە لەمێژووی نوێ تاکە.

ھۆی ئەمەش دیارە: بنیاتنانی سۆشیالیزم و سەپاندنی بیروڕایەک بەسەر وڵاتێک بەبێ دەوڵەتێکی زۆر بەھێز ئەنجام نادرێت، زانراویشە کە دەوڵەتەکەی ستالین لە ستەمگەری بێوێنە بوو. (ناڕێکییەکانی مارکسیەت، ل ١٢٩)

دۆکینز زۆر ھەوڵ دەدات ھەموو خراپەکارییەکان بەسەر ئاییندا ساغ بکاتەوە، لەو لایشەوە دەبینین ھەوڵ دەدات ئیلحاد و ڕژێمە ئیلحادییەکان لە ھەموو تاوانەکان پاک کاتەوە و دووریان بخاتەوە لێی.

لەو لایشەوە کریستۆڤەر ھتشینز لە وەڵامی پرسیارێکی دۆکینزدا دەڵێت "نازانم تا چەند ڕاستە کە ستالین مولحید بووە، بەڵام دڵنیام ھیتلەر مولحید نەبووە، بەگشتی، ئیلحاد ھیچ کەس ناچار ناکات کە تەبەنای مەنھەجێکی سیاسی بکات" (حیوارات سیدنی، ص ١٧٦)، ھەروەھا دەڵێت "خاڵێکی گرینگ ھەیە کە ڕوونی بکەمەوە، ئەیش ئەوەیە نیزامی ستالین لە ڕاستیدا نیزامێکی ئایینی سیۆکراتی بووە" (حیوارات سیدنی، ص ١٨١)

دەربارەی کۆریای باکووریش دەڵێت "لە ڕاستیدا کۆریای باکوور دەوڵەتێکی سیۆکراتییە -دەوڵەتێکە فەرمانڕەوا حوکوم دەکات بە ناوی خوداوە، یان بەناوی خودایەکەوە- بە ھەموو پێوەرێک" (حیوارات سیدنی، ص ١٧٨). عەبدوڵڵا ئەلعوجەیری لەسەر ئەو وتەیەی ھیتشینز دەڵێت "ھیتشینز پێی وایە یەکێتیی سۆڤییەت دەوڵەتێکی ئایینی بووە، ئیشتراکییەت گۆڕا بۆ ئایین، ئالێرەوە سەرەتای کێشە بنەڕەتییەکە دەست پێ دەکات، ھۆکارەکەیش ڕوونە، ئایین مەنبەعی خراپەکانە، یەکێتیی سۆڤییەت دەوڵەتێکی شەڕخواز بووە، کەواتە دەوڵەتێکی ئایینی بووە! ئالێرەوە ھیتشنز لە بیرۆکەی ئایین خراپە، دەگوازێتەوە بۆ بیرۆکەیەک زۆر توندترە، ئەویش ھەموو خراپەکان ئایینیین!" (میلیشیا الالحاد، ص ٦٥-٦٦)

جۆن مالینۆ ڕەخنە لە ڕیچارد دۆکینز دەگرێت کە دەیەوێت ھەموو شتێک بئاڵێنێت بە ئایینەوە، ھەموو جەنگەکان بکاتە جەنگی ئایینی، جۆن مالینۆ دەڵیت "لە ڕاستیدا ئەوە جگە لەگیراوەیەکی تازەی دەرمانی سیحری یاخود ئیکسیری ھیچی دیکە نییە، کە پێی وایە زۆربەی جەنگەکان ئایین ھۆکاریانە. ئەوە بەرگەی ساتێک ڕەخنەی پێداچوونەوە و وردبوونەوە ناگرن." (زیاتر لە تلیاک، لا ٤١٠)

چارلز فیلیپس و ئالان ئەکسیلروود لە ئیسکلۆپیدیای جەنگدا دەڵێن "ئەو جەنگانەی بە ھۆکاری ئایینی ئەنجامدراون لە سەدا حەوت تێپەڕ ناکەن لە جیھاندا" (اسس غائبة، پەراوێزی لاپەڕە ٢٠٢)، بەڵام ھیچکات ئەم مولحیدانە ئامادە نین دەست لەو چەواشەکاری و فێڵانەیان ھەڵگرن، ئەوەتا محەمەد مزوغی بۆ ئەوەی قەناعەتمان پێبکات کە ئەوە ئیلحاد نییە ئەخلاق لەناو دەبات، بۆ ئەوەیش لێمان دەپرسێت "ئایە ئیلحاد حاکم بوو لەسەردەمی لویسی ١٤، لویسی ١٥، لویسی ١٦، ئایە ئیلحاد دادگاکانی پشکنینیان دامەزراند، ئایە قەدیس دۆمینیک، شارڵی نۆیەم، ماریا دی میدیتیش، فێردینان و جۆرجی سێیەم ئایە ئەمانە مولحید بوون؟ نەخێر بەدڵنیاییەوە" (تحقیق ماللإلحاد من مقولة، ص ٢٣١)

تەماشای محەمەد مزوغی بکەن چۆن دەیەوێت بمانگەوجێنێت، ئایە مێژوو لە لویسی ١٦ و دادگاکانی پشکنین وەستا؟ ئایە لەدوای ئەو بەروارەوە دنیا بوو بەشامی شەریف و جەنگ کۆتاییی ھات؟ ئایە سەدەی نۆزدە و بیست، جەنگ تێیاندا ڕووی نەدا؟ با ئێمەیش بە ھەمان لۆژیکی محەمەد مزوغی بپرسین "ئایە ڤلادیمێر لینین، جۆزێف ستالین، ئەدۆڵف ھیتلەر، ھیدیکی توجو، بۆڵ بۆت، ماوتسی تۆنگ و شیانغ کای شای، باوەڕداربوون؟ کە بەم حەوت کەسە نزیکەی ١٢٠ ملیۆن مرۆڤیان کوشتووە! نەخێر بێ گومان مولحید بوون" (اسس غائبة، پەراوێزی لاپەڕە ٢٠٢).

بەڵێ بەڕێزان ئاوا مولحیدەکان خۆیان و شوێنکەوتەکانیشیان دەگەوجێنن، پەردە بەسەر ڕاستییەکاندا دەدەن و مێژوو تەزویر دەکەن، بە دڵی خۆیان لێی دەردەھێنن، ھەتا بۆمان بسەلمێنن ئیلحاد پاک و بەریئە و ئایین خوێنی لێ دەچۆڕێت، کەمێکیان ددان بەوەدا دەنێن کە ئیلحادیش بەشداریی کردووە لە کوشتنی ھەزاران کەسدا، ئەوەتا مارک ھاوسەر دەڵێت "بۆئەوەی بە دیدی تەرەفگیری تۆمەتبار نەکرێین دەڵێین کە بێباوەڕان ژمارەیەکی زۆر تاوانی گەورەیان ئەنجامداوە، وەک قەسابخانەکانی ستالین کە قوربانیەکانی ملیۆنەھا کەس بوون لە یەکێتیی سۆڤییەتدا، ھەروەھا کێلگەکانی کوشتن پۆڵ پۆت کە زیاتر لە ملیۆنێک کەمبۆدی تێدا ناشتووە." (خورافەی ئیلحاد، لا ٤٩٤)

بۆئەوەی زیاتر بەرچاومان ڕوون بێت، بەشێک لەو لیستە دەخەینەڕوو کە دیڤید برینلیسکی ھێناویەتی بۆ جەنگەکانی سەدەی بیستەم.

•جەنگی یەکەمی جیھانی ١٩١٤-١٩١٨ پانزدە ملیۆن.

•جەنگی ناوخۆی ڕووسیی ١٩١٧-١٩٢٢ نۆ ملیۆن.

•  یەکێتیی سۆڤییەت، نیزامی ستالین ١٩٤٠-١٩٥٣ بیست ملیۆن.

•جەنگی دووەمی جیھانی ١٩٣٧-١٩٤٥ پەنجاوپێنج ملیۆن.

•جەنگی ناوخۆی چین ١٩٤٥-١٩٤٩ دوو ملیۆن و پێنجسەت هەزار.

•کۆماری چین، نیزامی ماوتسی تۆنگ ١٩٤٩-١٩٧٥ چل ملیۆن.

•دەوڵەتی کۆنگۆی ئازاد ١٨٨٦-١٩٠٨ هەشت ملیۆن.

•مەکسیک ١٩١٠-١٩٢٠ ملیۆنێک.

•کوشتارگەی ئەرمەنەکان لە لایەن تورکەکانەوە ١٩١٥-١٩٢٣ ملیۆنێک و پێنجسەت هەزار.

•چین دەوری نەتەوەیی ١٩٢٨-١٩٣٧ سێ ملیۆن و سەت هەزار.

• جەنگی کۆری ١٩٥٠-١٩٥٣ دوو ملیۆن و هەشتسەت هەزار.

•رواندا و بورندوی ١٩٥٩-١٩٩٥ ملیۆنێک و سێسەتوپەنجا هەزار.

•  کۆریای باکور ١٩٥٠ بۆ دواوە، دوو ملیۆن.

•جەنگی ھیند-چینی دووەم ١٩٦٠-١٩٧٥ سێ ملیۆن پێنجسەت هەزار.

•نێجیریا١٩٦٦-١٩٧٠ یەک ملیۆن.

•بەنگلادیش ١٩٧١ ملیۆنێک و دووسەتوپەنجا هەزار.

•کەمبۆدیا ١٩٧٥-١٩٧٨ ملیۆنێک و شەشسەتوپەنجا هەزار.

•مۆزەمبیق ١٩٧٥-١٩٩٢ ملیۆنێک.

•ئەفغانستان١٩٧٩-٢٠٠١ ملیۆنێک و هەشتسەت هەزار.

•جەنگی ئێراق-ئێران ١٩٨٠-١٩٨٨ یەک ملیۆن.

•سودان ١٩٨٣ یەک ملیۆن و نۆسەت هەزار.

•کینشاسا، کۆنگۆ ١٩٩٨ سێ ملیۆن و هەشتسەت هەزار. (وھم الشیطان، ص ٥٢-٥٣)

ژمارەی  ئەو جەنگانەی ھێناونی زۆرن و لەبەر زۆر درێژنەبوونەوەی بابەتەکەم ناتوانم هەموویان ئاماژە پێ بدەم، بۆیە ھەر بەڕێزێک ویستی دەتوانێت لە کتێبەکەی (وھم الشیطان، ص ٥٢-٥٥) تەماشایان بکات، من ئەو ئامارانەم ھێناون قوربانییەکانی لە ملیۆن بەرەو ژوورتر بوون.

لێرەدا هەقی خۆمانە بپرسین کە ئایە ئەو جەنگانەی خستماننەڕوو کە تەنها لە سەدەی بیستەم ١٧٤ ملیۆن مرۆڤ تێیاندا بوونەتە قوربانی، کێ لێی بەرپرسە؟ ئایە ھیچ مرۆڤێکی خاوەن ھۆش ھەیە بتوانێت ئەو ھەموو جەنگ و کوشتارە ببەستێتەوە بە ئایینەوە؟ بێگومانم لەوەی ھەرکەسێک کەمێک بابەتییانە لەم ئامارانە بڕوانێت، ناتوانێت بڵێت ئایین سەرچاوەی ھەموو یان زۆربەی ئەم جەنگانە بوون.

ئێستە زانیمان چۆن دۆکینز و ھیتشینز و محەمەد مزوغی چۆن دەیانەوێت، خەڵکی و شوێنکەوتووانیان بگەوجێنن، ئەوەتا زۆرینەی ئەو جەنگانەی خەڵکیان تێدا کوژراون، لەسەر دەستی دەسەڵاتدارانی مولحید کراون.


تاگەکان    
ئازادی مانا موناجات ستەم زمان یاری کۆرۆرنا عیرفان ئەیاد قنێبی کونە ڕەشەکان پۆرن سایکس-بیکۆ قودس وەرزش یاسا
فیکر
2019-02-03 کۆمێنت 2186 جار بینراوە
بابەتی زیاتر
سەرجەم مافەکانی پارێزراوە بۆ وارگەی هاوسانی . Copyright 2024 - hawsani.org © Developed by Kurdsoft
×
هاوسانی