عه‌تر و گوڵاو و خۆبۆنخۆشكردنی ئافره‌تان (بەشی یەکەم)

فیقهی 2018-03-28 کۆمێنت 8324 جار بینراوە

ئاماده‌كردنی: قانع خورشید


ژیان و ته‌وانی مرۆڤ سنوورداره‌ و ئه‌و بابه‌تانه‌ی حه‌ز ده‌كات شتیان له‌باره‌وه‌ بزانێت و بڵێت و ئه‌و خۆراكانه‌ی دڵی پێوه‌یه‌ بیانخوات و ئه‌و جێگایانه‌ی ئاره‌زوویه‌تی بیانبینێت، یه‌كجار زۆر و له‌بننه‌هاتوون، ئه‌مه‌ وا ده‌كات یا له‌ زۆر حه‌ز و هیوای خۆت بێخه‌یاڵ بیت، یا خۆت بپڕووقێنیت و ته‌واو ماندوو بیت. به‌نده‌ وه‌ك زۆر له‌ توێژه‌ر و حه‌زبه‌زانینان، فره‌ بابه‌ت هه‌ن مێشكم مژووڵ ده‌كه‌ن و ده‌مه‌وێت ده‌رباره‌یان بكۆڵمه‌وه‌، به‌تایبه‌ت ئه‌و بابه‌تانه‌ی په‌یوه‌ندییان به‌ فیكر و فیقهی ئیسلامییه‌وه‌ هه‌یه‌، وه‌لێ ئیتر كات و تاقه‌ت و زانست و توانستم به‌و هه‌موو شته‌دا ناگات، ناچار سه‌رقاڵی هه‌ندێ شتی دیاریكراو ده‌بم و به‌و هیوایه‌وه‌ی كه‌ كه‌سانێكی شیاو هه‌ر ده‌بن، سۆراغی ئه‌ودوای شته‌ حه‌زپێكراوه‌كانی من بكه‌ون و قسه‌ی گونجاو و ته‌واویان له‌باره‌وه‌ بڵێن، خۆم بێده‌نگ و بێباك ده‌كه‌م. ئیتر جار جاره‌ شتێك له‌وانه‌ له‌پڕ سه‌رهه‌ڵده‌دات و خۆمم پێ ناگیرێت و ته‌نگه‌تاو ده‌بم و كۆمه‌ڵه‌ خه‌یاڵ و لێكدانه‌وه‌یه‌ك دێنه‌ گیانم و زۆرم بۆ دێنن و له‌ ته‌وانمدا نامێنێت شتێكیان له‌باره‌وه‌ نه‌یه‌ژم و نه‌نووسم!

ئه‌م ڕۆژانه‌ كورته‌ ڤیدیۆیه‌كی به‌ڕێز عه‌بدوڕه‌حمان سیددیقم ته‌ماشا كرد. ده‌رباره‌ی عه‌تر له‌ خۆدانی ژنان قسه‌ی ده‌كرد و ئه‌و فه‌رموودانه‌ی لێك ده‌دایه‌وه‌ كه‌ وه‌ك هه‌ڕه‌شه‌ باسی ئه‌و مه‌سه‌له‌یه‌ ده‌كه‌ن. من كۆ و ئه‌نجامی گوته‌كانیم به‌ دڵ بوو و له‌ واڵی خۆمدا له‌ فه‌یسبوك، بڵاوم كرده‌وه‌، ئه‌وه‌ی ڕاستی بێت له‌ چه‌ند شوێنی تریشدا گوتوومه‌، ئه‌و پیاوه‌ به‌دواداچوونی فره‌ و خوێندنه‌وه‌ی فراوان و تازه‌ی زۆرن و شێوازی قسه‌ و باسكردنیشی، جوان و ئارام و ڕێكن، وه‌لێ زۆر جار ئه‌وه‌نده‌ی په‌له‌ی گوتنی قسه‌ی تازه‌ و بیری نوێیه‌تی، چاره‌كێكی ئه‌وه‌ له‌ خه‌می تۆكمه‌كردنی به‌ڵگه‌ و شێوازی ئه‌نجامگرییه‌كانیدا نییه‌، ئیتر بۆیه‌ ئه‌گه‌رچی ئه‌نجامی قسه‌كانی باش و ته‌واویش بن، خه‌ڵكێكی زۆر له‌ دژی خۆی ده‌وه‌ستێنێته‌وه‌ و به‌ هۆی ئه‌و په‌له‌كردن و میتۆده‌ شپرزه‌یه‌ی له‌ لێكۆڵینه‌وه‌دا هه‌یه‌تی، كه‌م كه‌سی پێ قانع ده‌كرێت، به‌تایبه‌ت ئه‌وانه‌ی پێشتر بڕوایان به‌ بیرێكی پێچه‌وانه‌ی فیكره‌ تازه‌ ته‌رحكراوه‌كه‌ی ئه‌و هه‌یه‌.

كرۆكی قسه‌كانی وی، وه‌كو خۆی ددانی پێدا ده‌نێت و ئاماژه‌ی پێ ده‌دات، له‌ كتێبی (رفقاً بالقواریر)ی (كریمان حمزه‌) وه‌رگیراوه‌، كه‌ شێخ محه‌مه‌د غه‌زالی پێشه‌كیی بۆ نووسیوه‌. من لێره‌دا به‌ یارمه‌تیی خوای گه‌وره‌ ته‌واوی ئه‌و به‌شه‌ی كتێبه‌كه‌ی خاتوو كریمان ده‌كوردێنم، كتێبه‌كه‌م لایه‌ و چه‌ند جارێك ئه‌و به‌شه‌یم خوێندووه‌ته‌وه‌، به‌ڕێزیان كارێكی باشیان كرد كه‌ ئاوه‌ها بابه‌تێكیان جووڵاند و ئاماژه‌یشیان به‌ سه‌رچاوه‌ی وه‌رگرتنی قسه‌كه‌یان دا. به‌ڵام ڕاستییه‌كی تاڵ هه‌یه‌ و ده‌بێت بگوترێت، ئه‌ویش‌ ئه‌وه‌یه‌، ئه‌وه‌ی به‌ڕێزیان به‌ زاری ئه‌م خانمه‌ نووسه‌ره‌وه‌ گواستوویانه‌ته‌وه‌، ڕێك و ته‌واو نییه‌ و وه‌كو فه‌رمووده‌ی مودره‌ج، قسه‌ و لێكدانه‌وه‌كانی خۆیشی تێكه‌ڵ به‌ نووسینه‌كه‌ی وی كردووه‌، ڕوونكردنه‌وه‌ زیاده‌كان له‌جێی ئه‌وه‌ی قسه‌كانی كریمان خانم به‌هێز بكه‌ن، لاوازیان كردووه‌، بۆیه‌ ده‌ڵێم خۆزگه‌ چه‌ند ڕسته‌یه‌ك له‌ قسه‌كانی به‌ڕێز مامۆستا عه‌بدوڕه‌حماندا نه‌بوایه‌ن، تا سه‌دی سه‌د بكرایه‌ بێژین ڕا و لێكدانه‌وه‌كانی بێعه‌یبن‌. هه‌رچه‌ند ئه‌نجامی بۆچوونه‌كه‌ی به‌ڕێزیان و كۆی گوته‌كانی به‌جێ و ڕاستن، وه‌لێ شیكارێكی زیاده‌ی كردووه‌، نادروسته‌ و كه‌ لای خۆم ڤیدیۆكه‌م بڵاو كرده‌وه‌، ئه‌وانه‌ی ڕه‌خنه‌یان هه‌بوو، ته‌نیا له‌و دوو سێ ڕسته‌ زیاده‌ی خودی وییان گرتبوو، كه‌ خاتوو كریمان نه‌یگوتوون! به‌مه‌یشدا ده‌رده‌كه‌وێت ئه‌و زیادانه‌، هه‌ر به‌ ڕاست زیاده‌ بوون و نه‌بوونیان باشتر بوو.

ئێمه‌ بۆ ئه‌وه‌ی به‌رانبه‌رمان قایل بكه‌ین، حیكمه‌ت وامان لێ ده‌خوازێت به‌ زمانی ئه‌وان بدوێین و به‌ به‌ڵگه‌ی خۆیان ڕووبه‌ڕوویان ببینه‌وه‌. زۆرینه‌ی ئه‌وانه‌ی بڕوایان وایه‌ ئه‌و كچ و ژنانه‌ی بۆنی خۆش له‌ خۆیان ده‌ده‌ن و ده‌چنه‌ ده‌ره‌وه‌، زینایان كردووه‌ و تووشی گوناهی گه‌وره‌ هاتوون‌، كه‌سانێكن لێكدانه‌وه‌ی عه‌قڵی و خوێندنه‌وه‌ی پاڵنه‌ر و ڕووداوی پشتی ده‌قه‌كان، به‌ هیچ نازانن. لایان وایه‌ عه‌قڵ و مه‌نتیق و شیكار، گرنگییه‌كیان‌ نییه‌ و بایه‌خێك بۆ ئه‌م شتانه‌ قایل نین، بۆیه‌ ده‌بێت یان بۆیانی بسه‌لمێنیت ئه‌و ده‌قانه‌ی بۆ حه‌رامبوون پشتیان پێ ده‌به‌ستن، لاوازن، یا ته‌فسیری زانایه‌كیان بۆ بێنیته‌وه‌ كه‌ متمانه‌یان پێیه‌تی و ته‌فسیره‌كه‌یش پێچه‌وانه‌ی قه‌ناعه‌تی باو و چه‌سپاوی مێشكیان بێت و بۆچوونه‌ نوێ و ورده‌كه‌ی تۆ پشتڕاست بكاته‌وه‌، یاخود له‌ ڕووی زمانه‌وانییه‌وه‌ بۆ بابه‌ته‌كه‌ بچیت و تێگه‌یشتنه‌كه‌ی ئه‌وان هه‌ڵوه‌شێنیته‌وه‌. كه‌ به‌داخه‌وه‌ له‌و چه‌ند خوله‌كه‌ی من دیتم، ئه‌م پیاوه‌ به‌ڕێزه‌، ته‌قریبه‌ن هیچ له‌مانه‌ی نه‌كردووه‌ و به‌ ئه‌ندازه‌یه‌كی باش له‌سه‌ر قسه‌كانی كریمان حه‌مزه‌یش نه‌وه‌ستاوه‌، ئه‌وه‌ی ئه‌و بۆ كه‌سانی ورد و ژیر، ته‌واو و به‌سن، به‌ڵام هه‌مووان له‌ ئاستێكدا نین له‌و كوتبڕییه‌ سوودمه‌ند ببن، ئیتر ئه‌م به‌ كورتی شت ده‌ربڕینه‌ زیانی له‌ قازانج زیاتر ده‌بێت، ناچار وا باشه‌ یا هیچ نه‌گوترێت، یا ئه‌گه‌ر گوترا تێر و ته‌سه‌ل ڕوون بكرێته‌وه‌.

به‌نده‌ له‌به‌ر گرنگیی بابه‌ته‌كه‌ و حه‌زی له‌ مێژینه‌ی خۆم بۆ قسه‌كردن ده‌باره‌ی بابه‌ته‌ فیقهییه‌ جێ ناكۆكییه‌كان، به‌ ئه‌ركی خۆمم زانی شتێكی زیاتر له‌م بابه‌ته‌ قسه‌ بكه‌م و ئه‌وی جوان و پوخته‌، بیخه‌مه‌ به‌ر دیدی خوێنه‌رانی حه‌قخواز و هێژا. سه‌ره‌تا ده‌قی به‌كوردیكراوی نووسینه‌كه‌ی كریمان حه‌مزه‌ دێنم و دواتر ئه‌و به‌شه‌ له‌ قسه‌كانی به‌ڕێز عه‌بدوڕه‌حمان سیددیق، كه‌ زۆرم به‌ لاوه‌ په‌سه‌ند نییه، ده‌نووسمه‌وه‌‌ و هه‌وڵ ده‌ده‌م به‌ شێوه‌یه‌كی شیاو ئاڕاسته‌ی بكه‌م و به‌ گومانی باشه‌وه‌ مه‌به‌سته‌كه‌ی ڕوون بكه‌مه‌وه‌ و له‌ كۆتاییشدا، باس له‌ سه‌نه‌د و مه‌تنی فه‌رمووده‌كان ده‌كه‌م و هه‌ندێ تێگه‌یشتن و تێبینی خۆم ده‌رده‌بڕم.

لینکى بەشەکانى تر:

بەشى دووەم
بەشى سێیەم
بەشى چوارەم
بەشى پێنجەم و کۆتایى



تاگەکان    
گۆرانی زانکۆ تەنیایی قودس زمان ژن سیاسەت باران ئەیاد قنێبی خوێندنەوە فیلم بوومەلەرزە ڕۆژاوا کۆیلایەتی دەروونی
فیقهی
2018-03-28 کۆمێنت 8324 جار بینراوە
بابەتی زیاتر
سەرجەم مافەکانی پارێزراوە بۆ وارگەی هاوسانی . Copyright 2024 - hawsani.org © Developed by Kurdsoft
×
هاوسانی