قانع خورشيد
بەشی سێیەم
گه‌ڕانی ئیبراهیم به دوای ناسنامه‌ی وجوودیی خۆیدا
هه‌ر كه‌سێك كه‌مێك بیر بكاته‌وه, وه‌ختێك ئایه‌ته‌كانی (74-80) سووره‌تی ئه‌نعام ده‌خوێنێته‌وه و ده‌بیستێت, بیری بۆ ئه‌وه ده‌چێت كه چۆن ڕه‌وایه ئیبراهیم ئاوه‌ها سه‌رگه‌ردان بووبێت و خوای نه‌ناسیبێت؟ تاوێك هه‌ساره و ده‌مێك مانگ و وه‌ختێكی تر خۆری به خوا زانیبێت! بۆیه موفه‌سیره‌كان ته‌ئویلی زۆریان كردووه و شتی جوانیان گوتووه, وه‌لـێ ئه‌وه‌ی به‌نده بڕوام پێیه‌تی و پێی گه‌یشتووم ده‌ره‌نجامی كۆڵینه‌وه‌ی ناوه‌كییانه‌ی خۆمه و به دووری نازانم چه‌ندین كه‌سی تریش وای بۆ چووبن, دڵنیام زۆر كه‌س به‌ش به‌شی ئه‌م تێگه‌یشتنه‌ی منیان زۆر پێشتر دركاندووه, به‌ڵام ئه‌وه‌ی ئێستا لێره‌دا ده‌خرێته ڕوو چنین و ڕێكخستنه‌كه‌ی, دوای بیركردنه‌وه‌یه‌كی زۆره كه سه‌ره‌تاكه‌ی بۆ به‌رنامه‌ی (له سفره‌وه) و ساڵی 2006 ده‌گه‌ڕێته‌وه، نایشزانم پێشتر گوتراوه یا نه و ته‌واوه یان نا. سه‌ره‌تا ئایه‌ته‌كان ده‌خه‌مه به‌ر چاو:
(وَإِذْ قَالَ إِبْرَاهِيمُ لِأَبِيهِ آَزَرَ أَتَتَّخِذُ أَصْنَامًا آَلِهَةً إِنِّي أَرَاكَ وَقَوْمَكَ فِي ضَلَالٍ مُبِينٍ, وَكَذَلِكَ نُرِي إِبْرَاهِيمَ مَلَكُوتَ السَّمَاوَاتِ وَالْأَرْضِ وَلِيَكُونَ مِنَ الْمُوقِنِينَ, فَلَمَّا جَنَّ عَلَيْهِ اللَّيْلُ رَأَى كَوْكَبًا قَالَ هَذَا رَبِّي فَلَمَّا أَفَلَ قَالَ لَا أُحِبُّ الْآَفِلِينَ, فَلَمَّا رَأَى الْقَمَرَ بَازِغًا قَالَ هَذَا رَبِّي فَلَمَّا أَفَلَ قَالَ لَئِنْ لَمْ يَهْدِنِي رَبِّي لَأَكُونَنَّ مِنَ الْقَوْمِ الضَّالِّينَ, فَلَمَّا رَأَى الشَّمْسَ بَازِغَةً قَالَ هَذَا رَبِّي هَذَا أَكْبَرُ فَلَمَّا أَفَلَتْ قَالَ يَا قَوْمِ إِنِّي بَرِيءٌ مِمَّا تُشْرِكُونَ, إِنِّي وَجَّهْتُ وَجْهِيَ لِلَّذِي فَطَرَ السَّمَاوَاتِ وَالْأَرْضَ حَنِيفًا وَمَا أَنَا مِنَ الْمُشْرِكِينَ, وَحَاجَّهُ قَوْمُهُ قَالَ أَتُحَاجُّونِّي فِي اللَّهِ وَقَدْ هَدَانِ وَلَا أَخَافُ مَا تُشْرِكُونَ بِهِ إِلَّا أَن يَشَاءَ رَبِّي شَيْئًا وَسِعَ رَبِّي كُلَّ شَيْءٍ عِلْمًا أَفَلَا تَتَذَكَّرُونَ)
یانی: (كاتێك ئیبراهیم به ئازه‌ری بابی (مامی) گوت: ئه‌وه تۆ بتگه‌لێك به خوا ده‌گریت؟ ڕاستییه‌كه‌ی من خۆت و گه‌له‌كه‌ت له سه‌رگه‌ردانییه‌كی ئاشكرادا ده‌بینم. هه‌ر ئاوه‌ها دیوی شاراوه (مه‌له‌كووت)ی ئاسمانه‌كان و زه‌وی نیشانی ئیبراهیم ده‌ده‌ین, بۆ ئه‌وه‌یشی له كه‌سانی دڵنیا و دامه‌زراو بێت. ئیتر كاتێك شه‌وی به‌سه‌ردا هات و دنیای لـێ تاریك و شاراوه كرد, هه‌ساره‌یه‌كی دیت, گورجێ گوتی: ئه‌مه په‌روه‌رێنمه, هه‌ر كه ئاوا بوو گوتی: ئاوابووانم خۆشناوێت. به‌دوایدا كه مانگی به دره‌شاوه‌یی بینی, گوتی: ئه‌مه په‌روه‌رێنی منه, هه‌ر كه ئاوا بوو گوتی: ئه‌گه‌ر بێت‌و په‌روه‌رێنم ڕێنوێنیم نه‌كات به‌دڵنیاییه‌وه له گه‌لی گومڕایان ده‌بم, -وه‌ختێك ڕۆژ بوویه‌وه- خۆری به گه‌ش و دره‌خشانی دیت, گوتی: ئه‌مه په‌روه‌رێنمه, ئه‌مه گه‌وره‌تره, وه‌ختێك ئه‌ویش ئاوا بوو, گوتی: ئه‌ی گه‌ل! من له‌وه‌ی ئێوه به هاوه‌ڵی خودای ده‌گرن، به‌ری و دوورم. بێگومان من به‌پاكی ڕووی خۆم كرده ئه‌و زاته‌ی ئاسمانه‌كان و زه‌ویی ئافراند و هه‌رگیز له موشریكان نیم. دواتر گه‌له‌كه‌ی له‌گه‌لی كه‌وتنه ده‌نگه‌شه و مشت‌ومڕ, گوتی ئێوه ده‌رباره‌ی خوا (الله) له‌گه‌لمدا ده‌نگه‌شه ده‌كه‌ن, له‌حاڵێكدا ئه‌و ڕێی نیشانداوم؟ هیچ له‌و شتانه‌ی به شه‌ریكی خوداتان كردوون ناترسم مه‌گه‌ر په‌روه‌ردگارم شتێكی بوێت, په‌روه‌ردگاری من هه‌موو شتێكی به زانست و ئاگایی گرتووه‌ته‌وه, ئه‌رێ ئێوه په‌ند وه‌رناگرن؟)
خۆزگه كاتم هه‌بووایه و بمتوانیبا به كه‌یفی خۆم ئه‌م ئایه‌تانه‌م شی كردایه‌ته‌وه، به‌داخه‌وه كاتم نییه، به‌ڵام عه‌قڵ وا حوكم ده‌كات كه شتێكت به گشت ده‌ست نه‌كه‌وت, ده‌ست له گشتیشی هه‌ڵنه‌گریت, بۆیه به‌كورتی ده‌ڵێم، ئه‌وه‌ی سیاقی ئایه‌ته‌كان ده‌یخوازێت ئه‌وه‌یه ئه‌م قسانه‌ی ئیبراهیم و دوودڵییه‌كه‌ی له قووڵاییی دڵیه‌وه بوون و هه‌ر به‌ڕاست له‌و حه‌قیقه‌ته مه‌زنه‌ی گه‌ردوون دڕدۆنگ بووه، هیچ سیناریۆیه‌ك له ئارادا نه‌بووه و هه‌رچی ڕوویداوه عه‌ینی حه‌قیقه‌ت بووه.
دڵنیام چه‌ند ئیشكالێك له‌م تێگه‌یشتنه ده‌گیردرێت: یه‌كه‌م: ڕه‌وایه پێغه‌مبه‌ران خوا نه‌ناسن و دواتر پێی بگه‌ن؟ دووه‌م: چما ده‌كرێت پێغه‌مبه‌ران شه‌ریك بۆ خوا بڕیار بده‌ن؟ سێیه‌م: ئه‌وه نییه پێش ئه‌م چاوسووڕاندنه‌ی به مه‌له‌كووتدا به ئازه‌ری مامی ده‌ڵێت: خۆت و قه‌ومه‌كه‌ت له گومڕاییدان؟ كه‌واته پێشتر ته‌وحیدی ته‌واوی هه‌بووه و زانیویه‌تی خوا تاك و ته‌نیا و بێ هاوه‌ڵه. چواره‌م: ئه‌وه‌یان چۆن چاره‌سه‌ر بكه‌ین كه به دوای ئه‌م گه‌شته فه‌له‌كییه‌یدا به گه‌له‌كه‌ی ده‌ڵێت: من له‌وه‌ی ئێوه كردووتانه به شه‌ریكی خوا به‌ریم؟ ئه‌مانه چۆن وه‌ڵام ده‌درێنه‌وه؟
به‌نده ئه‌گه‌ر ته‌واوی تێگه‌یشتنی خۆم به‌هێمنی بخه‌مه ڕوو, وا ده‌زانم هه‌موو ئه‌م ئیشكالانه خۆیان بڵاوه ده‌كه‌ن و له نێو ده‌چن، بۆیه بێ ئه‌وه‌ی له وه‌ڵامدا خاڵ خاڵ ئیشكاله‌كان بێنم، به‌رداشتی چنینی خۆم له ئایه‌ته‌كان ده‌خه‌مه به‌ر چاو.
پێش هه‌موو شتێك ده‌بێت ئه‌وه بزانین كه پێغه‌مبه‌رانیش وه‌ك هه‌موومان مرۆڤن و هه‌ندێ یاسای خوایی بۆ مرۆڤایه‌تی هه‌یه، بێ یه‌ك و دوو ئه‌وانیش ده‌گرێته‌وه. هه‌ر چۆن هیچ پێغه‌مبه‌رێك نییه نه‌مرێت, یان نان و ئاو نه‌خوات, یان سه‌رما و گه‌رمای نه‌بێت، هه‌ر به‌و چه‌شنه‌یش هیچ پێغه‌مبه‌رێك نییه كاتی له‌دایكبوون زانا و شاره‌زا بێت, خوای گه‌وره ڕوو به هه‌موو مرۆڤ ده‌فه‌رموێت: (وَاللَّهُ أَخْرَجَكُم مِّن بُطُونِ أُمَّهَاتِكُمْ لَا تَعْلَمُونَ شَيْئًا وَجَعَلَ لَكُمُ السَّمْعَ وَالْأَبْصَارَ وَالْأَفْئِدَة لَعَلَّكُمْ تَشْكُرُونَ) (النحل: 78) یانی: خوا ئێوه‌ی له زگی دایكتان ده‌رهێنا له‌حاڵێكدا هیچتان نه‌ده‌زانی و بیستن و بینین و تێگه‌یشتنی بۆ دانان تا سوپاسگوزاری ده‌رببڕن. یه‌عقوب به یووسفی كوڕی (سه‌لامی خوایان لـێ بێت) ده‌فه‌رموێت: (وَكَذَٰلِكَ يَجْتَبِيكَ رَبُّكَ وَيُعَلِّمُكَ مِن تَأْوِيلِ الْأَحَادِيثِ) (یوسف: 6). یانی: ئاوه‌ها په‌روه‌ردگارت هه‌ڵتده‌بژێرێت و فێری لێكدانه‌وه و ماناكردنی خه‌ونت ده‌كات. ڕوو به پێغه‌مبه‌ر صلی الله علیه وسلم ده‌فه‌رموێت: (وَأَنزَلَ اللَّهُ عَلَيْكَ الْكِتَابَ وَالْحِكْمَةَ وَعَلَّمَكَ مَا لَمْ تَكُن تَعْلَمُ وَكَانَ فَضْلُ اللَّهِ عَلَيْكَ عَظِيمًا) (النساء: 113) یانی: كتێب و داناییشی به‌سه‌ردا دابه‌زاندیت و شتگه‌لێكی فێركردیت كه پێشتر نه‌تده‌زانین, فه‌زڵ و به‌خششی خوات به‌سه‌ره‌وه زۆر گه‌وره‌یه.
كورت و پوخت پێغه‌مبه‌رانیش وه‌ك ئه‌ودوای مرۆڤه‌كان له قۆناغێكدا ده‌یان و سه‌دان پرسیاری بێ وه‌ڵامیان به مێشكدا هاتووه و دوای چه‌ندین و چه‌ندان شه‌و و ڕۆژ له بیركردنه‌وه و ڕامان و سێ و دوو كردنی بابه‌ته‌كان گه‌یشتوون به هه‌ندێ قه‌ناعه‌ت, به‌ڵام دواتر كه به پێغه‌مبه‌رایه‌تی هه‌ڵبژێردراون ئیدی بۆ وه‌ڵامی پرسیاره‌كان په‌نایان بردووه‌ته به‌ر خوا, چ به ڕێگه‌ی فریشته و وه‌حیی ڕاسته‌وخۆ, چ به وه‌رگرتنی ئیلهام و وه‌حیی ناڕاسته‌وخۆی هه‌ڵقوڵاو له ڕوحیانه‌ت و زه‌ینی پاك و مشتوماڵدراوی خۆیان. خۆ ئه‌گه‌ر وا نه‌بێت هیچ جیاوازییه‌ك له نێوان پێغه‌مبه‌ر و خوادا نامێنێت و جوداییه‌ك له مابه‌ینی قۆناغی به‌ر له پێغه‌مبه‌رایه‌تی و دوای پێغه‌مبه‌راتیی پێغه‌مبه‌راندا نابێت.
ده‌قی قورئان ئه‌مه ده‌سه‌لمێنێت, بڕوانه ئایه‌تی حه‌وتی سووره‌تی (الضحی) (وَوَجَدَكَ ضَالًّا فَهَدَىٰ) یانی: تۆی به سه‌رگه‌ردانی بینی و ڕێی نیشاندایت. له ئایه‌تی 52ی سووره‌تی (الشوری)یشدا به‌ڕوونی به پێغه‌مبه‌ر ده‌فه‌رموێت: (وَكَذَٰلِكَ أَوْحَيْنَا إِلَيْكَ رُوحًا مِّنْ أَمْرِنَا مَا كُنتَ تَدْرِي مَا الْكِتَابُ وَلَا الْإِيمَانُ) یانی: ئاوه‌ها ڕووحێكی مایه‌ی ژیانه‌وه‌مان له فه‌رمانی خۆمانه‌وه بۆ ناردیت, تۆ پێشتر نه ده‌تزانی كتێب چییه و نه ده‌تزانی ئیمان چییه. زۆر به‌دوای ته‌ئویل و پێچ و په‌نای زانا و موفه‌سیره‌كاندا نه‌چین, ئایه‌ته‌كه به ئاشكرا ده‌فه‌رموێت (نه‌تده‌زانی ئیمان چییه), ئه‌مه هه‌رچی بێت مانای ئه‌وه‌ی هه‌یه كه پێغه‌مبه‌ر ورده‌كاریی ئیمانی نه‌زانیوه, یانی به‌شێك له سه‌رگه‌ردانی و باش تێنه‌گه‌یشتنی هه‌بووه, كه دواتر به هۆی فه‌زڵ و ڕه‌حمه‌تی خواوه بوو به په‌یامبه‌ر و هه‌موو ئه‌و شتانه فێر بوو.
لێره‌دا و له به‌رانبه‌ر ئه‌م لێكدانه‌وه و تێگه‌یشتنه‌دا دوو ئیشكال دێته پێش: یه‌كه‌م: عیسای كوڕی مه‌ریه‌م سه‌لامی خوا له خۆی و دایكی، له بێشكه‌دا قسه‌ی كردووه و شتی زانیوه، ئه‌مه چۆن ده‌گونجێت؟ ئایا حاڵی مه‌سیح ئه‌و تێڕوانینه پووچ ناكاته‌وه كه پێغه‌مبه‌رانیش وه‌ك باقیی مرۆڤه‌كانن؟ دووه‌م: وا باوه كه پێغه‌مبه‌ر صلی الله علیه وسلم پێش ئه‌وه‌یشی ببێت به پێغه‌مبه‌ر هه‌رگیز شه‌ریكی بۆ خوا بڕیار نه‌داوه، پێغه‌مبه‌رانی تریش سه‌لامی خوایان لـێ بێت هه‌ر ئاوه‌ها بوونه، ئه‌ی ئه‌گه‌ر بڵێین ئه‌وه‌ی ئیبراهیم كردوویه‌تی حه‌قیقه‌ت بووه نه‌ك نواندن، ناكاته ئه‌وه‌ی ئیبراهیم به موشریك دابنێین كه جارێك هه‌ساره‌ی به شه‌ریكی خوا زانیوه و كه‌ڕه‌تێك مانگ و تاوێك هه‌تاو؟
بۆ وه‌ڵامی ئیشكالی عیسا علیه السلام، ده‌گوترێت قسه‌كردنی مه‌سیح له ناو قوماتدا ته‌نیا بۆ ده‌رخستنی پاكیی مه‌ریه‌م و نیشاندانی موعجیزه‌یه‌ك بوو بۆ خۆی كه دواتر ده‌بێته پێغه‌مبه‌ر، هیچ به‌ڵگه‌یه‌ك له‌به‌ر ده‌ستدا نییه كه عیسا هه‌ر له‌و وه‌خته‌وه ئیتر وه‌كو گه‌وران قسه‌ی كردبێت، به‌ڵكو بێ ئه‌وه‌ی خۆی ده‌سه‌ڵاتێكی له قسه‌كردنه‌كه‌یدا هه‌بووبێت، ئه‌و چه‌ند وشه‌یه‌ی له نێو قوماتدا به زاردا هات و دواتر وه‌ك مناڵی تر شیری ده‌خوارد و هێدی هێدی پێده‌گه‌یشت. بۆیێ ئه‌مه نابێته هه‌ڵوه‌شێنه‌ره‌وه‌ی ئه‌و بنه‌ما قورئانییه‌ی باس كرا.
بۆ وه‌ڵامی ئیشكالی دووه‌میش ده‌بێژرێت: له هه‌موو قورئاندا بگه‌ڕێ، بۆ جارێكیش نا‌بینیت وشه‌ی (اله) -به مانای (خوا) و (په‌رستراو)- بۆ غه‌یره خوا به‌كارهێنرابێت و سه‌رزه‌نشت و لۆمه‌ی به دوادا نه‌بێت، یانی هه‌موو كات وا ده‌رده‌كه‌وێت هه‌ر كه‌س جگه له (الله) به (اله) بزانێت، كارێكی قێزه‌ون و خراپی كردووه و شه‌ریكی بۆ خوای تاقانه بڕیار داوه, كه‌چی بۆ (رب) وا نییه. وشه‌ی (رب) به مانای به‌خێوكه‌ر، په‌روه‌رده‌كار و به‌ڕێوه‌به‌ر دێت و ده‌كرێت كه‌سێكی تر جگه له (الله) به حه‌قیقه‌ت ڕه‌بی به‌شێكی دیاریكراو له بوون بێت، وه‌لـێ ئه‌وی (رب الارباب) و هه‌ڵسووڕێنه‌ری هه‌موو بوون و گه‌ردوونه یه‌ك زاته, كه (الله)یه.
له سووره‌تی یووسفدا چه‌ندین جار وشه‌ی (رب) بۆ جگه له خوا به‌كارهاتووه، له ئایه‌تی (42)ی ئه‌و سووره‌ته‌دا خوای گه‌وره له زمانی یووسفه‌وه به‌و زیندانییه ده‌ڵێت كه ئازاد كرا: "لای په‌روه‌رێنت یادم بكه و باسم بێنه ناو" (اذْكُرْنِي عِندَ رَبِّكَ)، له ئایه‌تی(50)یشدا یووسف پێغه‌مبه‌ر سه‌لامی خوای لـێ بێت هه‌ر به‌و كابرایه ده‌ڵێته‌وه: "بڕۆره‌وه بۆ لای په‌روه‌رێنت" (ارْجِعْ إِلَىٰ رَبِّكَ), له‌م دوو ئایه‌ته‌دا یووسف سه‌لامی خوای لـێ بێت به پاشا ده‌ڵێت (ڕه‌ب). له‌و كاته‌یشدا كه ژنی عه‌زیزی میسر داوای كاری خراپی لـێ كرد، یووسف گوتی: "په‌نا به خوا، ئه‌و به حه‌ق په‌روه‌رێنی منه و زۆر جوان و چاكی به‌خێوكردووم" (قَالَ مَعَاذَ اللَّهِ إِنَّهُ رَبِّي أَحْسَنَ مَثْوَايَ) (یوسف: 23). ئه‌گه‌ر ڕای زۆرینه‌ی موفه‌سیره‌كان وه‌ربگرین، مه‌به‌ستی یووسف له‌و كه‌سه‌ی پێی گوتووه (ڕه‌ب)، عه‌زیزی میسر بووه.
له هه‌موو ئه‌مانه‌یش گرنگتر ئه‌وه‌یه خودی خوا له پاش ڕسته‌ی (اذْكُرْنِي عِندَ رَبِّكَ) ده‌فه‌رموێت: (فَأَنسَاهُ الشَّيْطَانُ ذِكْرَ رَبِّهِ) "شه‌یتان یادخستنه‌وه‌ی په‌روه‌رێنی له بیر برده‌وه". ئه‌گه‌ر مه‌به‌ستی ئه‌م ڕسته‌یه ئه‌وه بێت كه شه‌یتان له بیری كابرای ئازادكراوی برده‌وه باسی یووسف بۆ پاشا بكات، ئه‌وا یانی خودی خوایش به پاشای گوتووه (رب). ئه‌گه‌ریش مه‌به‌ستی ئه‌وه بێت شه‌یتان یادی خوای گه‌وره (په‌روه‌رێنی یووسف)ی له بیری یووسف برده‌وه و وای لـێ كرد به پاشا بڵێت (رب) یان پشت به غه‌یره خوا ببه‌ستێت و داوای یارمه‌تی له جگه له‌و بكات، ئه‌وه وه‌زعه‌كه خراپتری لـێ دێت و یانی ده‌كرێت پێغه‌مبه‌رانیش بچنه سه‌ر هه‌ڵه‌دا و به كه‌سێكی تر بڵێن ڕه‌ب و داوای كۆمه‌ك له جگه له خوا بكه‌ن! ئه‌ڵبه‌ت ته‌فسیری په‌سه‌ند به لای منی كه‌ممه‌عریفه‌وه ئه‌وی یه‌كه‌مه و دڵنیام هیچ ئیشكالێك له گوتنی وشه‌ی ڕه‌ب بۆ غه‌یری خوادا نییه و شه‌یتان –له‌به‌ر حیكمه‌تێكی شاراوه- له بیری كابرای برده‌وه باسی یووسف بۆ پاشا بگێڕێته‌وه. به‌ڵام هه‌ركام له‌و ته‌فسیرانه وه‌ربگرین، هه‌ر ئه‌وه ده‌سه‌لمێنێت كه لێره‌دا مه‌به‌ستمانه.
دوای ئه‌مه ده‌كرێت به‌وپه‌ڕی بوێرییه‌وه بگوترێت هیچ ئیشكالێكی عه‌قیدی له‌وه‌دا نییه ئیبراهیم به هه‌ساره و مانگ و خۆری گوتبێت (ڕه‌ب). ئه‌و هه‌ر به ڕاست و له ناخی خۆیدا تاوتوێی بوون و دیارده‌كانی ناوی ده‌كرد و به دوای نومادی خودادا ده‌گه‌ڕا، چاوی ده‌سووڕاند كه كام له‌م دیاردانه‌ی به‌رچاوی ده‌كه‌ون ئاوێنه‌ی ته‌واونمای خوای تاقانه‌ن؟ ئاخۆ خوا له كێها ته‌ندا به ته‌واوی جیلوه ده‌كات و خۆی نیشان ده‌دات؟ كام له‌م دیمه‌نه سروشتییانه له به‌ڕێوه‌بردنی ژیانی ئه‌م و په‌روه‌رده‌كردنیدا ڕۆڵی زیاتریان هه‌یه؟ ئه‌وه‌ی له‌و ئایه‌تانه‌دا ده‌رده‌كه‌وێت عه‌ره‌ب گوته‌نی (حدیث النفس) و قسه‌ی ناخ و ختووكه‌ی مێشكه. چما پێغه‌مبه‌ران خوان تا دوودڵی و دڕدۆنگییان له هیچدا نه‌بێت؟!
ئیبراهیم له‌وه دڵنیا بوو ئه‌و بتانه‌ی ئازه‌ر و گه‌له‌كه‌ی ده‌یانپه‌رستن، هیچ نین و هیچ ڕۆڵێكیان له بوون و ژین‌دا نییه، وه‌لـێ دڵنیا نه‌بوو كه شتی تر له هه‌ڵسووڕاندنی گه‌ردوون و ژیانی كه‌سه‌كیی ئه‌مدا كاریگه‌رییان نه‌بێت، ئه‌و به‌وپه‌ڕی توانایه‌وه بۆ دۆزینه‌وه‌ی ڕاستیی ژیان و په‌روه‌رێن هه‌وڵی ده‌دا، له‌م میانه‌دا چاوی به ڕووی زۆر شت‌دا كرایه‌وه، خوا یارمه‌تیی دا تا دیوی په‌نهانی گه‌ردوون ببینێت و له (عاله‌می مولك)ه‌وه بتوانێت بۆ (عاله‌مه‌ی مه‌له‌كووت) گوزه‌ر بكات، به‌م چاوه كراوه‌یه و به‌و كۆششه نه‌بڕاوه‌یه‌وه و دوای سێ و دوو كردنی دڵی خۆی و لێكدانه‌وه‌یه‌كی هێمنانه و قووڵ، به‌وه گه‌یشت كه هیچ شتێك له‌م بوونه‌دا توانای ئه‌وه‌ی نییه به‌ته‌واوی خوای تاقانه له خۆی بگرێت و هه‌موو سیفه‌ته‌كانی له خۆیدا جێ بكاته‌وه، هیچ كه‌س و شتێكیش شایسته‌ی ئه‌وه نییه وه‌ك به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی و هه‌ڵسووڕێنه‌ری گشت گه‌ردوون یان ژیانی كه‌سێكی تایبه‌ت، سه‌یر بكرێت و به جۆرێك ده‌ستیاری خوا بێت، به‌ڵكو عیله‌تی ڕاسته‌قینه‌ی هه‌موو ڕووداوه‌كان ته‌نیا خوا خۆیه‌تی. ئه‌مه گه‌یشتنه به كرۆكی ته‌حید و خوا به تاك گرتن، كه له‌وه بانتری نییه و دوا پله‌ی یه‌كخواگرییه.
ئایا ئه‌وه بیر و كاره‌ی پێشووی ئیبراهیم، به هیچ شێوه‌یه‌ك به شیرك حسێب ده‌كرێت؟ ئه‌گه‌ر به‌ڵێ, شیرك چه‌ند جۆره؟ ئایا هه‌موو جۆرێكی له پێغه‌مبه‌ران دووره؟ بۆ وه‌ڵامی ئه‌م پرسیارانه ده‌بێت جورئه‌تی زۆر به خه‌رج بده‌م، ئه‌گه‌ر نا ئه‌وی له ناخمدایه ناوێرم بیهێنمه ده‌ره‌وه! ئه‌م دڕدۆنگی و پرسیارانه به‌گشتی شه‌ك و شیرك نین، پرس و دوودڵییه‌كی وجوودیین، هه‌ركه‌س لێیان بێبه‌ش بێت نیشانه‌ی له‌كاركه‌وتنی عه‌قڵ و توانستی ڕامانیه‌تی، نه‌ك نیشانه‌ی گه‌وره‌یی و دامه‌زراوی. به مانایه‌كی تر ئه‌م جۆره بیركردنه‌وانه گومان نین، به‌ڵام ئه‌گه‌ر له ڕووی زمانه‌وانییه‌وه گومانیشیان پێ بگوترێت، ڕێی تێ ده‌چێت. ئه‌مانه گومان -به مانا باوه‌كه‌ی- نین، به‌ڵكو خواستنی دامه‌زراویی زیاتر و گه‌یشتن به (حه‌قی یه‌قین)ن. وه‌لـێ له ڕوویه‌كی تره‌وه به گومان حسێب ده‌كرێن و بۆ هه‌ندێ كه‌س كه له پایه‌یه‌كی بڵنددان به شیرك داده‌نرێت! ئاخر وه‌ك زانراوه یه‌قین و دڵنیایی پله و قۆناغی جیاوازی هه‌یه، (عیلمی یه‌قین) به به‌راورد له‌گه‌ل (عه‌ینی یه‌قین)دا وه‌ك گومان وایه و (عه‌ینی یه‌قین)یش له‌چاو (حه‌قی یه‌قین)، گومانێكه و هیچی تر. كه‌سێك كه به‌وردی باسی سووتانی بیستووه و خوێندووه له كوێ و ئه‌وی سووتانی كه‌سێكی نزیكی خۆی دیتووه له كوێ؟! ئه‌می دووه‌میش له چاو ئه‌وه‌ی خۆی سووتاوه له كوێ!
پێغه‌مبه‌ر صلی الله علیه وسلم به‌م مانایه ده‌فه‌رموێت: "نحن أحق بالشك من ابراهیم"، یانی: ئێمه له ئیبراهیم به شك و دوودڵی نێزیكتر و له‌پێشترین! ئه‌مه فه‌رمووده‌یه‌كه گومان له دروستی و ساغییدا نییه، بوخاری و موسلیم خوایان لـێ ڕازی بێت گێڕاویانه‌ته‌وه و ماناكه‌یشی له ترۆپكی جوانی و ورده‌كاریی فه‌لسه‌فیدایه. بۆیه پێغه‌مبه‌ر موحه‌مه‌د علیه السلام به‌م جۆره دڕدۆنگییانه له ئیبراهیم له‌پێشتره، چون مه‌رته‌به‌ی زانست و ڕامانی به‌رزتره و زیاتر له هه‌موو كه‌س ده‌فكرێت و ڕاده‌مێنێت.
هه‌ركه‌س به گوێره‌ی ئه‌و پله و پایه‌یه‌ی تێیدایه، به‌رانبه‌ر خوا تووشی هه‌ڵه و گوناه و ته‌نانه‌ت شیركیش ده‌بێت، ئه‌مه مه‌سه‌له‌یه‌كی یه‌كجار وردی كه‌لامی و عیرفانییه و لێره‌دا و به‌م ده‌موده‌ست و په‌له‌په‌له به دڵی خۆم بۆم ڕوون ناكرێته‌وه. مه‌سه‌له‌گه‌لی وه‌ك ماهییه‌تی گوناه، پله و جۆره‌كانی گوناه، حه‌قیقه‌تی عیصمه‌ت، ئه‌و بوارانه‌ی پێغه‌مبه‌ران تێیدا مه‌عصوومن، عیصمه‌تی پێش پێغه‌مبه‌رایه‌تی و دوای ئه‌وه... شتی زۆر و قسه‌ی فره هه‌ڵده‌گرن و ئێره جێگه‌یان نییه به تێروته‌سه‌لی بخرێنه ڕوو.
خوای گه‌وره له چه‌ندین جێی قورئاندا به‌ڕاشكاوی و پاكی ده‌فه‌رموێت پێغه‌مبه‌رانیش گوناهیان كردووه و تووشی شتی ناپه‌سه‌ند هاتوون، بۆ نموونه بڕواننه ئایه‌ته‌كانی: (45)ی سووره‌تی (هود)، (122)ی سووره‌تی (طه)، (15 و 16)ی سووره‌تی (القصص)، (24، 34 و 35)ی سووره‌تی (ص) و ئایه‌تی دووی سووره‌تی (الفتح). ئه‌و كارانه‌ی له‌و ئایه‌تانه‌دا دراونه‌ته پاڵی پێغه‌مبه‌ران، بۆ ئێمه‌مانان هیچ به گوناه ناژمێردرێن، به‌ڵام بۆ ئه‌وان و بۆ ئه‌و پایه‌یه‌ی تێیدان به گوناه داده‌نرێن، ئێمه ئه‌گه‌ر شتێكمان بیر بچێت و له ڕووی بێفكرییه‌وه تووشی بین، گوناه نییه، كه‌چی ئاده‌م بیری چوو پێی گوترابوو له‌و داره مه‌خۆ و خواردی (فَنَسِيَ وَلَمْ نَجِدْ لَهُ عَزْمًا) (طه: 115) له هه‌مان كاتدا كاره‌كه‌ی به گوناه له قه‌ڵه‌م درا (وَعَصَىٰ آدَمُ رَبَّهُ فَغَوَىٰ) (طه: 121).
هه‌روه‌ك ده‌شێت شتێك كه پێغه‌مبه‌رێك تێی ده‌كه‌وێت و به شیرك بۆی دێته هه‌ژمار، بۆ باوه‌ڕداران ته‌وحید بێت. پێغه‌مبه‌ری خوا -وه‌ك بوخاری له (الادب المفرد)دا گێڕاویه‌تیه‌وه و ئه‌لبانی به دروستی له قه‌ڵه‌م داوه- له دوعاكانی به‌یانیان و ئێواراندا ده‌یفه‌رموو: خودایا! من په‌نات پێ ده‌گرم كه هاوبه‌شت بۆ بڕیار بده‌م له حاڵێكدا ده‌زانم، داوای لێخۆشبوونیشت لـێ ده‌كه‌م له‌وه‌یدا كه نایزانم "اللَّهُمَّ إِنِّی أَعُوذُ بِكَ أَنْ أُشْركَ بِكَ وأَنَا أَعْلَمُ، وَأَسْتَغْفِرُكَ لِمَا لا أَعْلَمُ". ئه‌مه ده‌ریده‌خات كه ئیمكانی هه‌یه پێغه‌مبه‌ران تووشی شتانێك بن بۆ خۆیان و پایه‌كه‌یان به شیرك حسێب بكرێت، هه‌رچه‌ند بۆ غه‌یری وان له ڕیزی شیرك دانانرێت، به‌تایبه‌ت ئه‌گه‌ر ئه‌و كار و قسه‌یه بۆ پێش پێغه‌مبه‌رایه‌تییان بگه‌ڕێته‌وه.
عارفان به ته‌وحیدی عه‌وامی باوه‌ڕداران ده‌ڵێن شیرك، به دڵنیاییه‌وه ته‌وحیدی خۆیشیان به به‌راورد له‌ته‌ك ته‌وحیدی ئه‌نبیادا شیركێكی ورده، پێغه‌مبه‌رانیش هه‌موو قۆناغه‌كانی ژیانیان له یه‌ك ئاستی ته‌وحیددا نه‌بوونه، به‌تایبه‌ت قۆناغی پێش پێغه‌مبه‌رایه‌تی و پاش پێغه‌مبه‌رایه‌تی هه‌رگیز وه‌كو یه‌ك نین، بۆیه چاوه‌ڕوانیكردنی ئه‌وه له‌و زاتانه كه سه‌رتاسه‌ری ژیانیان وه‌كو یه‌ك بووبێتن و به‌رزونزمییه‌ك له ئیمان و تێگه‌یشتنیاندا نه‌بووبێت، چاوه‌ڕوانییه‌كی بێجێیه و له‌گه‌ل ده‌ق و ئاوه‌ز و سروشتیشدا دژ دێته‌وه.
ئیتر هیچ تۆقینی ناوێت ئه‌گه‌ر به واقیعی زانینی داستانی گه‌ڕانه‌كه‌ی ئیبراهیم علیه السلام بۆ جۆرێك له شیركیش سه‌ر بكێشێت كه شایسته‌ی مه‌قامی دواتری نه‌بووبێت. هه‌رچه‌ند به‌نده پێشتر ڕوونم كرده‌وه كه ئه‌و مه‌سه‌له‌یه شیرك -به مانا دیاره‌كه‌ی- نییه و ئیبراهیم له‌و ماوه‌یه‌دا -كه دوور نییه چه‌ندین ڕۆژ و حه‌فته‌ی خایاندبێت و به‌وردی چاودێریی هه‌ساره و مانگ و خۆری كردبێت- هێشتا له گه‌ڕاندا بووه و هه‌ر شته‌كانی به‌راورد و تاوتوێ كردووه و بۆ چه‌ند سه‌عاتێكیش له‌وه دڵنیا نه‌بووه هیچ له‌و هه‌ساره و مانگ و ڕۆژانه (ڕه‌ب)ی بن چ بگات به‌وه‌ی به ئیلاهی زانیبن, به‌ڵكو بژارده‌ی كاتی و ئه‌زموونی بوونه بۆی و به ئاوابوونی هه‌موو ڕۆژه و دووباره‌یان، له پووچی و نه‌شیاوییان تێگه‌یشتووه.
مرۆڤی ژیر ده‌بێت ئه‌وه له خۆی بپرسێت چما ئیبراهیم پێشتر نه‌یده‌زانی هه‌ساره و مانگ و ڕۆژ ئاوا ده‌بن؟ ئه‌ی بۆچی له كاتی ئاوابوونیاندا بیری ده‌كه‌وته‌وه و لێیان په‌شیمان ده‌بوویه‌وه؟ ئه‌وه‌ی له‌ته‌ك لێكدانه‌وه‌كه‌ی به‌نده‌دا دێته‌وه ئه‌وه‌یه كه مرۆڤ له كاتی تێفكرین و وردبوونه‌وه‌ی قووڵی وجوودیدا، زۆر شتی به‌رده‌ستی و ڕۆژانه‌ی -كه پێشتر گرنگییان ده‌رك ناكات- به‌لاوه گرنگ ده‌بێت. مرۆڤ كاتێك به‌دیقه‌ته‌وه له شتێك ده‌ڕوانێت، كه پێشتر ده‌یان جار بینیویه‌تی، وا ده‌زانێت ئه‌وه یه‌كه‌م جاره ئه‌م شته ده‌بینێت. له ڕیوایه‌تی وه‌فاتی پێغه‌مبه‌ردا هاتووه كه پێشه‌وا عومه‌ر كاتێك گوێی له صیددیق بوو ئایه‌تی [وما محمد إلا رسول...]ی خوێنده‌وه، گوتی: سوێند به خوا وامده‌زانی یه‌كه‌م جارمه گوێم له‌و ئایه‌ته ده‌بێت! سروشتی مرۆڤ وایه هه‌ر شتێك به نیازێكی قووڵه‌وه ته‌ماشای ده‌كات و بیری لـێ ده‌كاته‌وه، به شێوه‌یه‌كی تر دێته به‌ر زه‌ینی و دیدێكی تازه‌ی بۆ ده‌خولقێت.
به گوێره‌ی سیاقی ئایه‌ته‌كان، ئه‌م گه‌شته فیكرییه‌ی ئیبراهیم هی ده‌ورانی پێش به‌پێغه‌مبه‌ربوونیه‌تی، كه‌واته له سه‌ره‌تای پێگه‌یشتندا بوو، ئاخر ئیبن عه‌باس ده‌ڵێت: كاتێك ئیبراهیم بووه پێغه‌مبه‌ر و فڕێ درایه نێو ئاگره‌وه ته‌مه‌نی 16 ساڵ بوو، وا بێت ئه‌و وه‌خته‌ی له هه‌ساره و مانگ و خۆر وردبووه‌ته‌وه ته‌مه‌نی دوازده سێزده ساڵان بووه! ئه‌و هه‌ر له هه‌وه‌ڵه‌وه ده‌یزانی ئه‌وه‌ی گه‌له‌كه‌ی ده‌یكه‌ن نه‌فامییه، به‌ڵام نه‌یده‌زانی ڕاستیی ته‌واو كامه‌یه، خوای گه‌وره مه‌له‌كووتی ئاسمانه‌كان و زه‌ویی نیشان دا تا یه‌قینی پێ ببه‌خشێت، ئه‌مه‌یش وا ده‌خاته ڕوو كه پێشتر یه‌قینی شیاو به پێغه‌مبه‌رێكی نه‌بووه، هه‌ر ده‌بێت وه‌هایش بووبێت، ئاخر مرۆڤ هه‌رچه‌نده ژیر و وریا بێت هه‌ر ناگاته ئه‌و ئاسته‌ی پێغه‌مبه‌رێك دوای پێغه‌مبه‌رایه‌تییه‌كه‌ی پێی ده‌گات. خۆیشی ده‌ڵێت: گه‌ر بێت و خوا ڕێم پێ نیشان نه‌دات ده‌چمه ڕیزی سه‌رگه‌ردانانه‌وه. ئیتر له‌و گه‌ڕانه‌یدا گه‌یشته حه‌قیقه‌ت و خودا په‌یامی خۆی بۆ نارد و وه‌ك نێردراوی خۆی هه‌ڵیبژارد. ئه‌و كات ئه‌نجامی گه‌شته‌كه‌ی -كه ته‌وحید بوو- به گه‌له‌كه‌ی ڕاگه‌یاند و دواتر به فه‌رمانی خوا هه‌نگاوی كرده‌یی تری ئه‌نجام دا، كه شكاندنی بته‌كان بوو.