قانع خورشيد
بەشی چوارەم
شكاندنی بته‌كان و له‌ئه‌ستۆنانی گه‌وره‌كه‌یان
پێش ئه‌وه‌ی هیچ بێژم، ئه‌و ئایه‌تانه‌تان ده‌خه‌مه پێش چاو كه باسی هه‌ستانی ئیبراهیم به شكاندنی بته‌كان ده‌كه‌ن:
(وَلَقَدْ آتَيْنَا إِبْرَاهِيمَ رُشْدَهُ مِن قَبْلُ وَكُنَّا بِهِ عَالِمِينَ, إِذْ قَالَ لِأَبِيهِ وَقَوْمِهِ مَا هَٰذِهِ التَّمَاثِيلُ الَّتِي أَنتُمْ لَهَا عَاكِفُونَ, قَالُوا وَجَدْنَا آبَاءَنَا لَهَا عَابِدِينَ, قَالَ لَقَدْ كُنتُمْ أَنتُمْ وَآبَاؤُكُمْ فِي ضَلَالٍ مُّبِينٍ, قَالُوا أَجِئْتَنَا بِالْحَقِّ أَمْ أَنتَ مِنَ اللَّاعِبِينَ, قَالَ بَل رَّبُّكُمْ رَبُّ السَّمَاوَاتِ وَالْأَرْضِ الَّذِي فَطَرَهُنَّ وَأَنَا عَلَىٰ ذَٰلِكُم مِّنَ الشَّاهِدِينَ, وَتَاللَّهِ لَأَكِيدَنَّ أَصْنَامَكُم بَعْدَ أَن تُوَلُّوا مُدْبِرِينَ, فَجَعَلَهُمْ جُذَاذًا إِلَّا كَبِيرًا لَّهُمْ لَعَلَّهُمْ إِلَيْهِ يَرْجِعُونَ, قَالُوا مَن فَعَلَ هَٰذَا بِآلِهَتِنَا إِنَّهُ لَمِنَ الظَّالِمِينَ, قَالُوا سَمِعْنَا فَتًى يَذْكُرُهُمْ يُقَالُ لَهُ إِبْرَاهِيمُ, قَالُوا فَأْتُوا بِهِ عَلَىٰ أَعْيُنِ النَّاسِ لَعَلَّهُمْ يَشْهَدُونَ, قَالُوا أَأَنتَ فَعَلْتَ هَٰذَا بِآلِهَتِنَا يَا إِبْرَاهِيمُ, قَالَ بَلْ فَعَلَهُ كَبِيرُهُمْ هَٰذَا فَاسْأَلُوهُمْ إِن كَانُوا يَنطِقُونَ, فَرَجَعُوا إِلَىٰ أَنفُسِهِمْ فَقَالُوا إِنَّكُمْ أَنتُمُ الظَّالِمُونَ, ثُمَّ نُكِسُوا عَلَىٰ رُءُوسِهِمْ لَقَدْ عَلِمْتَ مَا هَٰؤُلَاءِ يَنطِقُونَ, قَالَ أَفَتَعْبُدُونَ مِن دُونِ اللَّهِ مَا لَا يَنفَعُكُمْ شَيْئًا وَلَا يَضُرُّكُمْ, أُفٍّ لَّكُمْ وَلِمَا تَعْبُدُونَ مِن دُونِ اللَّهِ أَفَلَا تَعْقِلُونَ) (الأنبیا‌ء: 51-67).
یانی: ڕاستییه‌كه‌ی پێشتر –یانی پێش ئه‌و چه‌ند پێغه‌مبه‌ره‌ی له ئایه‌ته‌كانی پێشوودا باسكران- ئاگایی و پێگه‌یشتنمان به ئیبراهیم به‌خشی و به حاڵی ئاگادار و زانا بووین، كاتێك به بابی و به گه‌له‌كه‌ی گوت: ئه‌م په‌یكه‌رانه چین هه‌میشه خه‌ریكی په‌رستنیانن؟ گوتیان: باب و باپیرانی خۆمانمان وا دیتووه كه په‌رستنده‌ی ئه‌مانه بوون. ئیبراهیم گوتی: ده‌ی به‌دڵنیاییه‌وه ئێوه و باپیرانتان له سه‌رلێشێواوییه‌كی ئاشكرادان. گوتیان: ئه‌وه تۆ شتێكی هه‌قت بۆ هێناوین یان خه‌ریكی گه‌مه و قسه‌ی سوعبه‌تیت؟ گوتی: به‌ڵكو په‌روه‌رێنی ئێوه په‌روه‌ردگاری ئاسمانه‌كان و زه‌وییه كه خۆی ئافراندوونی، منیش له‌سه‌ر ئه‌وه شاهێدم. سوێندیش بێت به خوا، دوای ئه‌وه‌ی بڵاوه‌تان لـێ كرد و پشتتان تێ كردن، چاری بته‌كانتان بكه‌م. ئیتر هه‌موویانی پارچه‌پارچه كرد گه‌وره‌كه‌یان نه‌بێت، تا بگه‌ڕێنه‌وه بۆ لای! –كه دواتر دیتیان- گوتیان: ئه‌وه كێ وای به خواكانمان كردووه؟ به‌ڕاستی له زومره‌ی سته‌مكارانه. له نێو خۆیاندا گوتیان: گوێمان لـێ بوو گه‌نجێك به خراپ باسی ده‌كردن، ئه‌و جحێڵه پێی ده‌گوترێت ئیبراهیم. گوتیان: كه‌وایه بڕۆن و به به‌رچاوی خه‌ڵكه‌وه بیهێنن تا بیبینن. –كه هێنایان- پێیان گوت: ئه‌تۆ ئه‌مه‌ت به خواكانمان كردووه ئه‌ی ئیبراهیم؟ گوتی: به‌ڵكو ئه‌م گه‌وره‌یه‌یان كردوویه‌تی، له خۆیشیان بپرسن، گه‌ر قسان ده‌كه‌ن. گورجێ گه‌ڕانه‌وه سه‌ر خۆیان و گوتیان: به‌ڕاستی هه‌ر ئێوه‌ن سته‌مكارانی ڕاسته‌قینه. دواتر گه‌ڕانه‌وه سه‌ر ملوڕییه‌كه‌ی پێشوویان و گوتیان: خۆ باش ده‌زانیت ئه‌وانه قسه ناكه‌ن. گوتی: یانی ئێوه جگه له خوا شتێك ده‌په‌رستن كه نه سوودتان پێ ده‌گه‌یه‌نێت و نه زیان؟ ده‌ی ئۆف بۆ خۆتان و ئه‌وه‌یشی ده‌یپه‌رستن, ئه‌رێ عه‌قڵ وه‌رناگرن؟!
ئه‌گه‌ر له‌م ئایه‌تانه ورد ببیته‌وه و بیانخه‌یته پاڵ ئایه‌ته‌كانی سووره‌تی ئه‌نعام كه پێش كه‌مێك باسكران، وات دێته به‌ر زه‌ین ئه‌م ڕووداوانه ڕێك به‌دوای یه‌كدا ڕوویانداوه. یانی نیشاندانی مه‌له‌كووتی ئاسمانه‌كان و زه‌وی سه‌ره‌تای گه‌یشتنه ڕوشدی ئیبراهیم بووه، له چه‌ندین جێی تری قورئانیشدا گه‌یشتن به ڕوشد -یان (أشد) كه هه‌مان واتای ڕوشدی هه‌یه- كراوه‌ته سه‌ره‌تای بوون به پێغه‌مبه‌ر (بڕوانه سووره‌تی یوسف: 22, القصص: 14). له دوای ئه‌وه‌وه شایسته‌ی ئه‌وه بوو په‌یامی خوای بۆ دابه‌زێت و وه‌حیی بۆ دابه‌زێت، لێره‌وه ده‌گات به یه‌قینی پێغه‌مبه‌رانه و دواتر له‌گه‌ل گه‌له‌كه‌یدا ده‌كه‌وێته ده‌نگه‌شه و پاشان بته‌كانیان ده‌شكێنێت.
ئیبراهیم به ئاشكرا و بێ هیچ ترسێك سوێند ده‌خوات كه له فرسه‌تێكدا چاری بته‌كانیان ده‌كات و له گۆڕیان دێت، با له ده‌قی قسه‌كه‌ی ئیبراهیم وردببینه‌وه، بزانه هیچ بوارێك بۆ ئه‌وه ده‌مێنێته‌وه ئیبراهیم خۆی له حه‌قیقه‌ت دزیبێته‌وه و خه‌ریكی نواندن بووبێت... ئه‌و ده‌ڵێت: (وَتَاللَّهِ لَأَكِيدَنَّ أَصْنَامَكُم بَعْدَ أَن تُوَلُّوا مُدْبِرِينَ) (الأنبیا‌ء: 57). سوێند به خوا به‌س له‌م ناوه بڕۆن و پشت هه‌ڵبكه‌ن، بته‌كانتان ده‌شكێنم و له نێویان ده‌به‌م. دواییش كه دێنه‌وه, گورجێك ده‌زانن كاری ئیبراهیمه و له دوای ده‌نێرن و دادگای بۆ ساز ده‌كه‌ن و به‌ر پرسیاری ده‌ده‌ن. نه ئیبراهیم ئه‌وه‌نده به‌دزییه‌وه كاره‌كه‌ی كردووه تا ویستبێتی له پشتی په‌رده‌ی شانۆوه بیشارێته‌وه و نه گه‌له‌كه‌یشی ئه‌وه‌نده گه‌مژه بوونه كه نه‌زانن كاری وییه و به‌م شانۆ ساده‌یه بخه‌ڵه‌تێن.
قورئان عاده‌تی وه‌هایه كه داستانێك چه‌ند جارێك ده‌گێڕێته‌وه، هه‌ر جاره‌ی جۆرێك باسی ده‌كات و بڕێك له گفتوگۆكانی نێوی ده‌خاته ڕوو، بۆیێ بۆ باش تێگه‌یشتنی حه‌قیقه‌تی داستانه‌كانی قورئان پێویسته گێڕانه‌وه‌كانی بخرێنه پاڵ یه‌ك. ئه‌گه‌ر ئایه‌ته‌كانی سووره‌تی ئه‌نبیا و ئایه‌ته‌كانی سووره‌تی صافات به یه‌كه‌وه سه‌یر بكه‌ین، شتی زیاترمان بۆ ڕوون ده‌بێته‌وه. بڕوانن: (إِذْ قَالَ لِأَبِيهِ وَقَوْمِهِ مَاذَا تَعْبُدُونَ, أَئِفْكًا آلِهَةً دُونَ اللَّهِ تُرِيدُونَ, فَمَا ظَنُّكُم بِرَبِّ الْعَالَمِينَ, فَنَظَرَ نَظْرَةً فِي النُّجُومِ, فَقَالَ إِنِّي سَقِيمٌ, فَتَوَلَّوْا عَنْهُ مُدْبِرِينَ, فَرَاغَ إِلَىٰ آلِهَتِهِمْ فَقَالَ أَلَا تَأْكُلُونَ, مَا لَكُمْ لَا تَنطِقُونَ, فَرَاغَ عَلَيْهِمْ ضَرْبًا بِالْيَمِينِ, فَأَقْبَلُوا إِلَيْهِ يَزِفُّونَ, قَالَ أَتَعْبُدُونَ مَا تَنْحِتُونَ) (الصافات: 83-95).
یانی: بێگومان یه‌كێك له هاومه‌شره‌بانی نووح، ئیبراهیم بوو، كاتێك به دڵێكی ساغه‌وه هاته لای په‌روه‌ردگاری، كاتێك به بابی و به گه‌له‌كه‌ی گوت: ئێوه چ ده‌په‌رستن؟ به‌درۆوه خواگه‌لێكی تری جیا له (الله)تان ده‌وێت؟ ئه‌ی گومانتان به په‌روه‌ردگاری جیهانیان چییه؟ دواتر سه‌یرێكی ئه‌ستێره‌كانی كرد و گوتی: "من نه‌خۆشم"، ئه‌وانیش پشتیان لـێ كرد و ڕۆیشتن. هه‌ر به دوایاندا چرپه‌ی كرده بتخانه‌كه‌یانه‌وه و چووه لای خواكانیان. ڕووی تێ كردن و گوتی: ئه‌وه هیچ ناخۆن؟ چیتانه, بۆ قسان ناكه‌ن؟ ئیتر توند تێ‌یان به‌ربوو و شكاندنی. كه گه‌له‌كه‌ی گه‌ڕانه‌وه خێرا تاویان دایێ. ئه‌ویش پێی گوتن: ئه‌رێ ئێوه شتێك ده‌په‌رستن كه خۆتان ده‌یتاشن؟
به لێكدانی ئه‌م ئایه‌تانه و ئایه‌ته‌كانی سووره‌تی ئه‌نبیا ده‌رده‌كه‌وێت ئیبراهیم به ئاشكرا و بێ ترس هه‌ستاوه به شكاندنی بته‌كان، ئه‌وانیش بێ یه‌ك و دوو زانیویانه كاری ئه‌وه، ئه‌و گفتوگۆیه‌ی نێوانیان كه باسی قسه‌كردنی بته‌كان ده‌كات –وه‌ك گفتوگۆ- شتێكی زۆر گرنگ و بنه‌ڕه‌تیی نێو باسه‌كه نییه، بۆیه له بڕه ئایه‌تی دووه‌مدا هه‌ر ئاماژه‌یشی پێ نه‌دراوه، به‌ڵكو خستنه‌ڕووی لایه‌نێكی وردی كه‌لامی و عه‌قیدیی داستانه‌كه‌یه كه باسی سیفه‌تی قسه‌كردنی خوا ده‌كات. له‌سه‌ر چه‌ند بڕگه و ئایه‌ت زیاتر ده‌وه‌ستم كه پێده‌چێت ببنه هۆی گومان و ئیشكال.
1. (فَنَظَرَ نَظْرَةً فِي النُّجُومِ, فَقَالَ إِنِّي سَقِيمٌ). ئه‌م حاڵ و قسه‌یه‌ی ئیبراهیم له كۆن و نوێ‌دا بووه‌ته هۆی مشتومڕی موفه‌سیران و ماناكارانی قورئان، هۆی هه‌ڵوێسته‌كردنیان له‌سه‌ر ئه‌م دوو ئایه‌ته هه‌م هۆی ڕوانینه ئه‌ستێره‌كانه و هه‌میش مانای (إنی سقیم).
ده‌رباره‌ی هه‌وه‌ڵ مه‌سه‌له، هه‌ندێك گوتوویانه: گوایه له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌و گه‌له ئه‌ستێره‌په‌رست بوون، ئیبراهیمیش بۆ خه‌ڵه‌تاندنیان وه‌ك بڵێیت له ئه‌ستێره‌كانه‌وه داهاتووی خۆی وه‌ربگرێت و بۆ خوێندنه‌وه‌ی چاره‌نووس پشت به بورجه‌كان ببه‌ستێت، وه‌های نواند و لێیان وردبوویه‌وه. بۆ دووه‌میش هه‌ندێك ده‌ڵێن نه‌خۆش نه‌بووه و به‌قه‌ستی گوتوویه‌تی نه‌خۆشم. به‌ڵام ئایا وایه؟
وا ده‌زانم ئه‌گه‌ر پێشتر حیكایه‌ته‌كه‌مان له ڕێگه‌ی تره‌وه نه‌بیستبێت و سه‌ره‌تا به زه‌ینێكی خاڵییه‌وه بچینه خزمه‌تی ئه‌م ئایه‌تانه، ده‌گه‌ینه ئه‌و ئه‌نجامه‌ی كه ڕوانینی ئیبراهیم بۆ ئاسمان و ئه‌ستێره‌كان یه‌كێكه له‌م دوو حاڵه‌ته: یه‌كه‌م، یان هه‌ر پوخته‌ی ئایه‌ته‌كانی سووره‌تی ئه‌نعامه، كه ده‌فه‌رموێت: "ئاوه‌ها مه‌له‌كووتی ئاسمانه‌كان و زه‌وی نیشانی ئیبراهیم ده‌ده‌ین و كه شه‌وی به‌سه‌ردا هات هه‌ساره‌یه‌كی بینی و..." ئیدی دیاره باسه‌كه بۆ كوێ ده‌چێت و وا ده‌رده‌كه‌وێت ئه‌م تێڕامانه‌ی له ئاسمان عه‌ینی حه‌قیقه‌ته و نواندنێك له گۆڕێ‌دا نه‌بووه، ڕوونیش ده‌بێته‌وه ئه‌و پیتی (فا)یه بۆ به‌دواداهاتنی گورج و خێرا نییه، به‌ڵكو بۆ ته‌عقیبه به گوێره‌ی كاتی ڕووداوه‌كه كه چه‌ندین سه‌عات یان چه‌ند ڕۆژی خایاندووه، وه‌ك ئه‌وه‌ی بڵێیت "فڵان كه‌س هه‌ر كه پۆلی دوازده‌ی ته‌واو كرد چووه زانكۆ"، ئه‌مه مانای ئه‌وه‌یه دوای ته‌واوكردنی پۆلی دوازده ساڵی نه‌فه‌وتاوه و ساڵی دواتر چووه‌ته زانكۆ نه‌ك مانای ئه‌وه بێت ڕاسته‌وخۆ له پۆلی دوازده‌وه دوای چه‌ند ده‌قیقه‌یه‌ك له‌و ه‌رگرتنی ئه‌نجامی تاقیكردنه‌وه‌كان، چووبێته زانكۆ! دووه‌میش ئه‌وه‌یه كه مرۆڤی باوه‌ڕدار زۆر جار كه له شتێك دوودڵ یا بێتاقه‌ت ده‌بێت، ده‌ڕوانێته ئاسمان، پێغه‌مبه‌ر محه‌مه‌دیش صلی الله علیه وسلم كاتێك حه‌زی به گۆڕینی قیبله ده‌كرد و پێی خۆش نه‌بوو ڕووگه‌ی موسڵمانانیش هه‌مان ڕووگه‌ی جووله‌كه بێت، چاوی بڕیبووه ئاسمان و له‌وێ ڕاده‌ما (قد نری تقلب وجهك فی السما‌ء) (البقرة: 144). ئه‌گه‌ر وه‌هایش بێت هیچ په‌یوه‌ندییه‌كی به بورج و چاره‌نووسه‌وه نامێنێت و سیناریۆ و فێڵێك له ئارادا نابێت. ئه‌گه‌ر بۆ فریودانی ئه‌وانیش وای كردبێت، خۆ هیچی به زار نه‌گوتووه كه گوایه له ئه‌ستێره‌كاندا وای ده‌بینێت نه‌خۆشه، به‌ڵكو هه‌ر سه‌یرێكی ئه‌ستێره‌كانی كردووه و گوتوویه "نه‌خۆشم"، ئیدی ئه‌وان خڵه‌فاون و به‌رداشتی تریان لـێ كردووه، خه‌تای خۆیانه!
له باره‌ی (إنی سقیم)یشه‌وه، كه ئایا مه‌به‌ستی له‌و "من نه‌خۆشم"ه چ بووه؟ دیسان ناكۆكی هه‌یه. هه‌ندێك گوتوویانه له‌به‌ر به‌رژه‌وه‌ندییه‌كی عه‌قڵی و دینی ئیبراهیم درۆی كردووه و درۆی له‌م شێوه‌یه‌یش ئاسایی و ڕه‌وایه، كه به‌نده به هیچ جۆرێك ناچمه ژێر باری تێگه‌یشتنێكی وا ساده و تۆمه‌تێكی وا زله! به‌ڵكو وا ده‌زانم هه‌ر به‌ڕاست ئه‌و كات ئیبراهیم نه‌خۆش بووه و به جۆری ڕوانین و قسه‌كه‌یشیدا گه‌له‌كه‌ی به‌رداشتی هه‌ڵه‌یان كردووه و به سه‌هوودا چوونه. گوتراویشه مه‌به‌ستی ده‌رد و ئازاری دڵ و ده‌روونی بووه كه به‌هۆی بێعه‌قڵی و بێباوه‌ڕیی گه‌له‌كه‌یه‌وه تووشی بووه. هه‌روه‌ك كۆمه‌ڵێك موفه‌سیریش وای بۆ چوون كه ڕێی تێده‌چێت مه‌به‌ستی ئه‌وه بێت به‌ڕاستی و بێگومان له داهاتوودا نه‌خۆش ده‌كه‌وم، له حاڵی له‌م جۆره‌یشدا ڕه‌وایه (جمله اسمیه) -كه واتای جێبه‌جێبوون و به‌رده‌وامیی ده‌دات- له‌جیاتی (جمله فعلیه) به كاری ڕانه‌بوردوو –كه مانای دواتر ڕوودان ده‌گه‌یه‌نێت- به‌كاربێت، وه‌ك له قورئاندا هاتووه: [إنك میت وإنهم میتون] (الزمر: 30). مانای ده‌قاوده‌قی ئایه‌ته وه‌هایه: به‌دڵنیاییه‌وه تۆ مردوویت و ئه‌وانیش مردوون. به‌ڵام واتای گونجاو و ته‌واوی به‌م شێوه‌یه‌یه: به‌دڵنیاییه‌وه تۆ ده‌مریت و ئه‌وانیش ده‌مرن. به‌م مانایه (إنی سقیم)یش ده‌كاته (به‌دڵنیاییه‌وه نه‌خۆش ده‌بم).
ئه‌م شێوازه له زمانی كوردیشدا باوه، بۆ نموونه براده‌رێكت پێت ده‌ڵێت: "بۆ نه‌چینه گه‌شتێكی چه‌ند ڕۆژه و بۆ خۆمان سه‌ردانی چه‌ند دۆستێك بكه‌ین و جه‌وێك بگۆڕین؟ فڵان و فڵانیش دێن..." تۆیش له‌به‌ر ئه‌وه‌ی بیرۆكه‌كه‌ت به‌لاوه په‌سه‌نده و حه‌ز ده‌كه‌یت زوو جێبه‌جێ بێت، بۆ دڵنیابوونی هاوڕێكه‌ت له‌باتیی ئه‌وه‌ی بێژی "منیش دێم" ده‌ڵێیت: "كاكه، منیش هاتووم." یان به ده‌می ڕابوردوو ده‌یڵێیت، بۆ نموونه شه‌و دره‌نگه و چه‌ند جارێك له‌گه‌ل هاوژووره‌كانتدا نییه‌ت دێنن بێده‌نگ ببن و بخه‌ون، كه‌چی هه‌ر جاره‌و یه‌كێك دووباره سه‌ری قسه ده‌كاته‌وه، له دواییدا تۆ بڕیاری كۆتایی ده‌ده‌یت كه بخه‌ویت و ئێژیت: "جه‌ماعه‌ت! من خه‌وتم." له‌كاتێكدا هێشتا نه‌خه‌وتوویت و قسه ده‌كه‌یت. به هه‌ر حاڵ هه‌رگیز ساغ نابێته‌وه ئه‌و قسه‌یه‌ی ئیبراهیم نواندن بووبێت و ڕاستی نه‌گوتبێت.
2. كه گه‌له‌كه‌ی هاتنه‌وه و بارودۆخی بته‌كانیان دیت، گورج ئیبراهیمیان بانگ كرد و لێیان پرسی: تۆ وات له خواكانمان كردووه؟ ئه‌ویش گوتی: (بَلْ فَعَلَهُ كَبِيرُهُمْ هَٰذَا فَاسْأَلُوهُمْ إِن كَانُوا يَنطِقُونَ)، وه‌رگێڕانی ده‌قاوده‌قی وایه: به‌ڵكو ئه‌م گه‌وره‌یه‌یان كردوویه‌تی، له خۆیشیان بپرسن، ئه‌گه‌ر قسه ده‌كه‌ن.
ئایا ئه‌م قسه‌یه‌ی ئیبراهیم چۆن وه‌ربگرین؟ ئه‌وه‌ی چه‌ندین ڕاڤیاری قورئان گوتوویانه و بێ هیچ زۆرله‌خۆكردنێك، له‌گه‌ل بنه‌ماكانی ڕێزمانی عه‌ره‌بیدا ڕێك دێته‌وه ئه‌وه‌یه كه مه‌به‌ستی ئیبراهیم علیه السلام ئه‌وه بووه: ئه‌گه‌ر بته‌كان قسه‌یان كرد، ئه‌وا گه‌وره‌كه‌یان شكاندوونی، له خۆیشیان بپرسن. یانی ڕسته‌ی (فاسألوهم) ڕسته‌یه‌كی ڕوونكه‌ره‌وه‌یه و ده‌كرێت بخرێته نێوان دوو كه‌وانه یا دوو خه‌ته‌وه، ئه‌و كات به‌م جۆره‌ی لـێ دێت: (بل فعله كبیرهم هذا –فاسألوهم- إن كانوا ینطقون)، مه‌فهوومی پێچه‌وانه‌ی ئه‌مه‌یش ده‌بێته ئه‌وه‌ی "ئه‌گه‌ر قسه‌یان نه‌كرد، كه ڕوونه قسه ناكه‌ن، ئه‌وا به‌ڵێ من شكاندوومن". ئیبراهیم له‌و گه‌له نه‌فامه و له بته‌كانیشیان باك و ترسێكی نه‌بوو، ده‌یشیزانی سوور ده‌زانن كاری ئه‌وه، ئیتر حه‌وجێی شاردنه‌وه و پسكه پسكه نه‌بوو، خۆ وا بووایه ده‌یتوانی هه‌ڵبێت و بۆ شوێنێكی تر كۆچ بكات، خۆ ئه‌و وه‌كو داعش بیری نه‌ده‌كرده‌وه كه ته‌نیا ئامانجی، شكاندنی ڕواڵه‌تییانه‌ی ئه‌و بتانه بێت كه ده‌كرێت له ڕۆژێكدا چه‌ندینی تریان لـێ دروست بكرێت. ئه‌و ده‌یویست بارێك بۆ گفتوگۆ و ده‌مكوتكردنی نه‌فامان بڕه‌خسێنێت. پێش هه‌ستانی به‌م كاره‌یش به ڕوونی گوتی: له هیچێك له‌و بتانه‌ی كردووتانه به هاوه‌ڵی خوا، ناترسم (الأنعام: 80).
من بیرم بۆ مانایه‌كی تریش ده‌چێت، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه كاتێك گه‌له‌كه‌ی بانگی ده‌كه‌ن و لێی ده‌پرسن: تۆ وات به خواكانمان كردووه؟ ئه‌و له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ده‌زانێت زۆر ڕوونه كاری خۆیه‌تی و ده‌یشزانێت ئه‌وانیش لێیان مه‌علوومه كاری ئه‌مه، وه‌ك گاڵته پێكردنێك ده‌ڵێت: نا، سه‌رگه‌وره‌كه‌یان وای لـێ كردوون، له خۆیشیان بپرسن ئه‌گه‌ر ده‌توانن قسه بكه‌ن. وه‌ك ئه‌وه‌ی بڵێت: ئه‌ی قابیل له من زیاتر كاری كێ بێت؟ ماقووڵه ئیشی بته گه‌وره‌كه‌یان بێت؟! ئه‌م شێوازه له قسه‌كردنی ڕۆژانه‌دا زۆره، به‌تایبه‌ت كاتێك به‌رانبه‌ر پرسیارێك ده‌كات وه‌ڵامه‌كه‌ی زۆر ئاشكرایه، بۆ نموونه: به مۆبایل په‌یوه‌ندی به هاوڕێیه‌كته‌وه ده‌كه‌یت، یه‌كه‌م قسه‌ی ئه‌و دوای سه‌لام ئه‌مه‌یه: نه‌خه‌وتووی؟ تۆیش وه‌ك گاڵته‌كردن به پرسیاره‌كه‌ی، ده‌ڵێیت: با, خه‌وتووم! یان باسی ڕووداوێكی مه‌ترسیدار ده‌كه‌یت كه خۆتی تێدا بوویته, یه‌كێك له‌وانه‌ی گوێت لـێ ده‌گرن بێ ئه‌وه‌ی له بێمانایی قسه‌كه‌ی وردبێته‌وه ده‌پرسێت: تۆ به زیندوویی ده‌رچوویت؟ تۆیش بۆ سوعبه‌ت ده‌ڵێیت: نا، مردم! ئیبراهیمیش چون ده‌یزانی ئه‌وان كه لێی ده‌پرسن، له خۆی باشتر ده‌زانن كاری وی بووه، بۆیه به‌و شێوازه وه‌ڵامی داونه‌ته‌وه.
خاڵێكی گرنگ هه‌یه پشتی ئه‌م بۆچوونه قایمتر ده‌كات، مه‌لای گه‌وره له ته‌فسیره‌كه‌یدا ده‌ڵێت: "نه‌مبینیوه هیچ موفه‌سیرێك چاره‌ی جێناوی كۆی (فاسألوهم)ی له ئایه‌ته‌كه‌دا كردبێت." ئاخر به‌گوێره‌ی لێكدانه‌وه‌ی ماناكارانی قورئان بێت ده‌بوایه ئیبراهیم بیفه‌رمووایه (فاسأله) "لێی بپرسن" یانی له گه‌وره‌كه‌یان بپرسن، نه‌ك (فاسألوهم) "له بته‌كان بپرسن"، چون ئه‌وان هه‌موو شكێنرابوون و به‌مانایه‌ك كوژرابوون، كه‌سی كوژراویش توانای قسه‌ی نابێت تا پرسیاری لـێ بكرێت. بۆ ئاڕاسته‌كردنێكی گونجاویی ئاخاوتنه‌كه‌ی ئیبراهیم و ده‌رچوون له نالۆژیكیبوونی قسه‌كه‌ی، مه‌لای گه‌وره وای بۆ چووه ئیبراهیم هه‌موو بته‌كانی نه‌شكاندووه و جگه له بته گه‌وره‌كه‌یان هه‌ندێكی تریشی به ساغی هێشتووه‌ته‌وه. وه‌لـێ ئه‌گه‌ر باش دیقه‌تی ئایه‌ته‌كان بده‌ین ئه‌م تێگه‌یشتنه مه‌گه‌ر به زۆرله‌خۆكردن ئه‌گه‌رنا ڕێك نایه‌ته‌وه، (فَجَعَلَهُمْ جُذَاذًا إِلَّا كَبِيرًا لَّهُمْ لَعَلَّهُمْ إِلَيْهِ يَرْجِعُونَ) به‌گوێره‌ی ئامرازی (إلا)، ته‌نیا گه‌وره‌یه‌كیانی نه‌شكاندووه و ئه‌ودوای هه‌موو شكاندوون، دواتر بڵێیت هه‌ندێكی تریشی نه‌شكاندووه، به زۆر به‌لادابردنی قسه‌كه‌یه.
ده‌بێت یا به‌و لێكدانه‌وه‌یه ڕازی ببین كه ئیبراهیم ته‌نیا وه‌ك گاڵته‌پێكردنێك و زیاتر ته‌ریقكردنه‌وه‌یان وه‌های گوتووه، یان بڵێین ده‌ست و لاقی هه‌ندێكی شكاندوون كه نه‌بێته هۆی فه‌وتاندن و له‌ناوبردرنی ته‌واوه‌تییان، هه‌روه‌ك ده‌كرێت مرۆڤێك ده‌ست و قاچی ببڕدرێت و هێشتایش زیندوو بێت و توانایی قسه‌كردنی بمێنێت. به هه‌ر حاڵا سیناریۆیه‌ك له گۆڕێ‌دا نه‌بووه و نییه، به‌ڵكو ڕوون و مه‌ردانه هه‌موو خوا درۆیینه‌كانی تێكوپێك داون و وردوخاشی كردوون و سه‌رباری ئه‌وه‌یش گاڵته‌ی به عه‌قڵیان كردووه و وه‌ك زله‌یه‌كی به‌ئاگاهێنه‌ره‌وه گوتوویه: ئه‌ڵبه‌ت من كردوومه، ئه‌گه‌ریش وا ده‌زانن فام و هۆشیان هه‌یه و قسه ده‌بیستن و توانستی وه‌ڵامگۆییان هه‌یه، دیاره شتێكی پێچه‌وانه‌ی خواستی گه‌وره‌كه‌یانیان ئه‌نجامداوه و تووڕه‌یان كردووه و ئه‌و شكاندوونی، بۆ دڵنیابوونیش له خۆیان بپرسن!
کۆتایی بەشی چوارەم
لینکى بەشەکانى تر:
بەشى یەکەم
بەشى دووەم
بەشى سێیەم
بەشى پێنجەم
بەشى شەشەم
بەشى حەوتەم و کۆتایى