گرەو

ئەدەب 2016-11-06 کۆمێنت 8056 جار بینراوە

گرەو

نووسینى ئەنتۆن چیخۆڤ

وەرگێڕانى لە ئینگلیزییەوە: محەمەد حەسەن

شەوێکى تاریکى پایزبوو، خاوەن بانکە پیرەکە لە ژوورەکەیدا دەهاتودەچوو و، بیرى لەوە دەکردەوە کە چۆن پێش پانزە سال، لەشەوێکى پایزدا ئاهەنگێکى ڕێکخستبوو، چەندین پیاوى زیرەک لەئاهەنگەکەدابوون و گفتوگۆیان دەربارەى بابەتەیلى سەرنجڕاکێش دەکرد. لەنێو ئەو شتانەشى کە باسیان لێوەکرد سزاى لەسێدارەدانبوو. زۆربەى میوانەکان، کە لەنێویاندا چەندین ڕۆژنامەنووس و خەڵکى ڕۆشنبیر ئامادەبوون، سزاى مەرگییان بەلاوە پەسەندنەبوو، ئەو جۆرە سزایەیان بەکۆن و نائەخلاقى و نەگونجاو بۆ دەوڵەتە مەسیحییەکان لەقەڵەم دەدا. هەندێکیان ڕایانوابوو کە دەبێت لەهەموو شوێنێک زیندانى هەتاهەتایى جێگەى لەسێدارەدان بگرێتەوە .

          خاوەن بانکەکە گوتى: "من لەگەڵ ئێوەدا هاوڕانیم. من هیچ کام لەسزاى مەرگ و زیندانى هەتاهەتاییم تاقینەکردۆتەوە، بەڵام بەڕاى من، لەسێدارەدان ئەخلاقى ترو مرۆڤانە ترە بەبەراورد لەگەڵ زیندانى هەتاهەتاییدا. سزاى مەرگ یەکسەر مرۆڤ دەکوژێت، بەڵام زیندانیکردن بەدرێژایى تەمەن و بەهێواشى دەتکوژێت. دەى کەواتە کام جەلاد میهرەبانترە، ئەوەى کە لەچەند خولەکێکى کەمدا دەتکوژێت، یان ئەوەى کە لەماوەى چەند ساڵێکدا ڕۆحت دەکێشێت؟ "

        یەکێک لەمیوانەکان گوتى :"هەردووکیان وەک یەک نائەخلاقین، چونکە هەردووکیان هەمان مەبەستییان هەیە. خۆ دەوڵەت خودا نیە، حکومەت مافى ئەوەى نییە شتێکت لێبستێنێت، کە کاتێک ویستى شتەکە بگێڕێتەوە، نەتوانێت ئەو کارە بکات ."

        لەناو میوانەکاندا پارێزەرێکى گەنجى لێبوو کە تەمەنى بیست و پێنج ساڵێک دەبوو. کاتێک دەربارەى بیروبۆچوونى لێیان پرسى، گوتى :

"هەریەک لەسزاى لەسێدارەدان و زیندانى هەتاهەتایى وەک یەک نائەخلاقین، بەڵام ئەگەر من یەکێکیانم هەڵبژاردایە ئەوا بەدڵنیاییەوە دووەم دانەم هەڵدەبژارد. هەرچۆنێک بژیت هەر لەوە باشترە کە نەژیت ."

لەم کاتەدا گفتوگۆیەکى گەرم وگوڕ سەریهەڵدا. خاوەن بانکەکە، کە ئەودەم گەنجترو هەڵچووتر بوو، یەکسەر جۆش و خرۆش گرتى و مستێکى کێشا بە مێزەکەى بەردەمیداو هاوارى کردە کوڕە گەنجەکە :

" ئەوە ڕاست نیە! لەسەر دوو ملیۆن گرەوت لەگەڵدا دەکەم کە ناتوانى بۆ ماوەى پێنج ساڵیش لەزیندانى تاکە کەسیدا بمێنیتەوە ."

      پیاوە گەنجەکەش گوتى: " ئەگەر تۆ بەڕاستت بێت، ئەوا من گرەوەکەم قبوڵە، بەڵام بۆ ماوەى پێنج ساڵ نا، بەڵکو بۆ پانزە ساڵ ."

"پانزە؟ ڕێککەوتین! بەڕێزان، ئەوا من دوو ملیۆن دەخەمە گرەوەوە !"

"ڕێککەوتین! تۆ ملیۆنەکانت دانێ و منیش ئازادیم دادەنێم !"

           بەم شێوەیەش ئەم گرەوە بێ ماناو هۆڤانییەیان کرد! خاوەن بانکەکە کە بەپارە زۆرەکانیەوە دەنازى، دڵى بە گرەوەکە خۆش بوو. لەکاتى نانخواردندا گاڵتەى بەپیاوە گەنجەکە دەکردو دەیگوت: " باشتر بیرى لێبکەرەوە تا کاتت لە بەردەستدایە پیاوى گەنج. بۆ من دوو ملیۆن هیچ نیە، بەڵام تۆ خەریکى سێ یان چوار لەخۆشترین ساڵەکانى تەمەنت لەدەست دەدەیت. بۆیە دەڵێم سێ یان چوار چونکە لەوە زیاتر بەرگە ناگریت. لەبیریشت نەچێت هەى پیاوى چارەڕەش، کە بەرگەگرتنى زیندانى خۆبەخش گەلێک قورسترە لەزیندانیکردنى سەپێنراو. بیرکردنەوە لەوەى هەر ساتێک بتەوێ ئەو مافەت هەیە خۆت ئازاد کەى هەموو بوونت لە زینداندا ژەهراوى دەکات. زۆر بەداخم بۆت ."

        ئێستاش خاوەن بانکەکە کە هەر دەهات و دەچوو هەموو ئەمانەى وەبیرهاتەوەو لەخۆى پرسى: "باشە ئامانج لەو گرەوە چى بوو؟ چ سوودێک هەیە لەوەى کە ئەو پیاوە پانزە ساڵ لەتەمەنى بەفیڕۆ بچێت و منیش دوو ملیۆن فڕێ بدەم؟ ئایا ئەوە دەتوانێ بیسەلمێنێ کە سزاى مەرگ باشترە یان خراپترە لەزیندانى هەتاهەتایى؟ نەخێر، نەخێر. هەمووى شتێکى بێمانا و پڕوپوچ بوو. کارەکەى من تەنها هەوەسکاریى پیاوێکى بەرەڵا بوو و، ئەویش تەنها لەبەر چاوچنۆکى بۆ پارە واى کرد ..."

       ئینجا ئەوەى وەبیرهاتەوە کە دواتر لەو ئێوارەیەدا چى ڕوویدا. لەسەر ئەوە ڕێککەوتن کە دەبێت پیاوە گەنجەکە ماوەى پانزە ساڵى دەستبەسەرییەکەى لەژێر توندترین چاودێریدا لەیەکێک لەژوورەکانى ناو باخچەى خاوەن بانکەکەدا بەسەر ببات. ڕێککەوتن لەسەر ئەوەى کە بۆ ماوەى پانزە ساڵ نابێت لەدەرگاى ژوورەکەوە تێپەڕێت، بۆى نیە مرۆڤ ببینێت، دەنگى مرۆڤ ببیستێت، یان نامەو ڕۆژنامەى پێبگات. بەڵام بۆى هەبوو کە ئامێرێکى مۆسیقى و کتێبى هەبێت، دەیتوانى نامە بنووسێت و مەشروب بخواتەوە و جگەرەش بکێشێت. بەپێى بەندەکانى ڕێکەوتننامەکە تەنها لەڕێى پەنجەرەیەکى بچووکەوە دەیتوانى پەیوەندى بە جیهانى دەرەوە بکات. هەرچیەکى بویستایە لەکتێب و مۆسیقاو مەشروب و... هتد، دەیتوانى بەنووسینى داواکاریەک دەستى بکەوێت، بەڵام تەنها لەڕێى پەنجەرەکەوە دەیتوانى وەری گرێت. رێکەوتنەکە هەموو وردەکارییەکى لێکدابووەوە بۆ ئەوەى زیندانیکردنەکەى بە تەواوەتى تاکەکەسى بێت و، لەخەڵکى دابڕێت و بۆ ماوەى پانزە ساڵى ڕێک پیاوە گەنجەکە  لەوێدا بهێڵێتەوە. کاتەکەشى لە کاتژمێر دوانزەى ڕۆژى 14ى نۆڤەمبەرى 1870 وە دەستى پێدەکرد بۆ کاتژمێر دوانزەى ڕۆژى 14ى نۆڤەمبەرى 1885. بچووکترین هەوڵیش بۆ شکاندنى مەرجەکان لەلایەن پارێزەرەکەوە تەنانەت ئەگەر دوو خولەکیش پێش تەواوبوونى کاتەکە بێت دەبێتە هۆى ڕزگاربوونى خاوەن بانکەکە لەمەرجى پێدانى دوو ملیۆنەکە .

               لەیەکەم ساڵى دەستبەسەرییەکەیدا، زیندانییەکە ئازارى زۆرى دەچەشت بەدەست تەنیایى و خەمۆکیەوە. شەوو ڕۆژ بەبەردەوامى لەژوورەکەیەوە دەنگى پیانۆکە دەبیسترا. شەراب و جگەرەشى ڕەتدەکردەوە. نووسیبووى شەراب ئارەزووەکان دەوروژێنێت و ئارەزووش خراپترین دوژمنى زیندانییە، هەروەها هیچ شتێک نیە لەوە زیاتر بێزارکەر بێت کە شەرابى باش بخۆیتەوەو چاوت بەکەس نەکەوێت، جگەرەش هەواى ژوورەکە پیس دەکات. ئەو کتێبانەى لەیەکەم ساڵدا داواى دەکردن زۆر جیددى نەبوون و بریتى بوون لەو ڕۆمانە خۆشەویستییانەى کە پلۆتێکى (حبکە) ئاڵۆزیان هەبوو، یان چیرۆکى خەیاڵى وسەرنجڕاکێش و شتى لەو بابەتە بوون .

         لەساڵى دووەمدا پیانۆکە بێدەنگ بوو و زیندانییەکە تەنها داواى نووسینە کلاسیکییەکانى دەکرد. لەساڵى پێنجەمدا دووبارە دەنگى مۆسیقا بیسترایەوەو زیندانییەکە داواى شەرابى دەکرد. ئەوانەى لەپەنجەرەکەوە تەماشایان کردبوو دەیان گوت ئەو ساڵە هیچى نەکردووەو تەنها خەریکى خواردن و خواردنەوەو ڕاکشان لەسەر تەختە خەوەکەى بووەو، بەردەوام باوێشکى داوەو بەتوڕەییەوە لەگەڵ خۆیدا قسەى کردووە، هیچ کتێبێکى نەخوێندەوە. هەندێ جار لەشەودا دادەنیشت بۆ ئەوەى بنووسێت، بەچەندین کاتژمێر خەریکى نووسین دەبوو و پاشان لەبەیانیدا هەموو ئەوەى کە نووسیبووى دەیدڕى. زیاد لەجارێکیش دەنگى گریانى بیسترابوو .

لە نیوەى دووەمى ساڵى شەشەمیدا زیندانییەکە بەجۆش و خرۆشەوە دەستى کرد بە خوێندنى زمانەکان و فەلسەفەو مێژوو. ئەوەندە بە پەرۆشەوە خۆى خەریکى ئەم لێکۆڵینەوانە کردبوو کە خاوەن بانکەکە هەر فریاى ئەوە دەکەوت کتێبى بۆ بێنێت. لەماوەى چوار ساڵدا نزیکەى شەش سەد کتێبى داوا کردبوو. هەر لەم ماوەیەدابوو کە خاوەن بانکەکە ئەم نامەیەى لەزیندانییەکەیەوە پێگەیشت :

" خاوەن زیندانى ئازیز، ئەم دێڕانەت بەشەش زمان بۆ دەنووسمء تۆش پیشانى ئەو کەسانەى بدە کە شارەزاى زمانەکانن با بیخوێننەوە، ئەگەر هیچ هەڵەیەکیان تیا نەدۆزیەوە ئەوا داوات لێدەکەم لەباخچەکەدا فیشەکێک بتەقێنى، ئەوەش پیشانى دەدات کە هەوڵەکانم بەفیڕۆ نەچوون. بلیمەتەکانى هەموو سەردەم و شوێنە جیاوازەکان بەزمانى جیاجیا دەدوێن، بەڵام هەمان بڵێسە لە ناخى هەموویاندا دەگڕێت. ئاى ئەگەر دەتزانى کە ئێستا ڕۆحم هەست بە چ خۆشیەکى ئاسمانى دەکات چونکە دەتوانێت لەوان تێبگات!".

          داواکاریى زیندانییەکە بەجێهێنراو خاوەن بانکەکە فەرمانى دا دوو فیشەک لە باخچەکەدا بتەقێنرێن. ئینجا دواى ساڵى دەیەم، زیندانییەکە لەسەر مێزەکەى نەدەجوڵاو تەنها خەریکى خوێندنەوەى ئینجیل بوو. بەلاى خاوەن بانکەکەوە سەیر بوو چۆن پیاوێک کە توانیویەتى لەماوەى چوار ساڵدا شەش سەد کتێبى قورس بخوێنێتەوەو کەچى ئێستا نزیکەى یەک ساڵ بە فیڕۆ دەدات بە خوێندنەوەى کتێبێکى بچووکى ئاسانەوە. بەدواى ئینجیلیشدا لاهوت (تیۆلۆجى) و مێژووى ئاینەکانى دەخوێندەوە .

       لەدوو ساڵى کۆتایى دەستبەسەرییەکەشیدا، زیندانیەکە ژمارەیەکى زۆر لەکتێبى هەمەچەشنەى خوێندەوە. هەندێ جار سەرقاڵى زانستە سروشتییەکان دەبوو و، ئینجا داواى نووسینەکانى بایرۆن یان شکسپیرى دەکرد. جارى واهەبوو لەهەمان کاتدا داواى کتێبێکى کیمیاو کتێبى پزیشکى و ڕۆمانێک و هەندآ نووسینى فەلسەفى یان لاهوتى دەکرد. خوێندنەوەکانى ئاماژەیان بەپیاوێک دەکرد کە لەنێو پاشماوەى کەشتییە تێکشکاوەکەیدا مەلە بکات و هەوڵبدات ژیانى خۆى ڕزگار بکات بەپەنابردن بۆ پارچە تەختەیەک و پاشان یەکێکى تر .

خاوەن بانکە پیرەکە هەموو ئەمانەى وەبیرهاتەوەو لەبیرى خۆیدا گوتى :

"سبەینێ کاتژمێر دوانزە ئازادى وەدەست دێنێتەوە، بەپێى رێکەوتننامەکەیشمان دەبێت من دوو ملیۆنى بدەمێ، ئەگەر ئەو پارەیەشى بدەمێ ئەوا وێران دەبم و بەتەواوەتى لەناودەچم ."

           پێش پانزە ساڵ ملیۆنەکانى لەژمارە نەدەهاتن، بەڵام ئێستا نەیدەوێرا لەخۆى بپرسێت ئایا کامیان زۆرتر بوون: قەرزەکانى یان سەرمایەکەى. قومارکردنى بەردەوام لەبۆرسەدا و، پارەبازیى پڕ لەمەترسى و ئەو جۆش و خرۆشەى کە تەنانەت لەگەڵ گەورە بوونیشدا وازى لێنەهێنا وایان لێکرد کە سامانەکەى لەدەست بدات و ئەو ملیۆنێرە بێ ترسە پڕ لەشانازى و باوەڕبەخۆبووە بگۆڕێت بۆ خاوەن بانکێکى چینى ناوەند کە لەگەڵ هەر بەرزو نزمێکى وەبەرهێنانەکانیدا دڵى دەلەرزى. لەبەر خۆیەوە ورتەورتى بوو: "هەى گرەوى نەعلەتى!" لەنائومێدیدا دەستى گرتبوو بەسەریەوەو دەیگوت: "ئاخر ئەو پیاوە بۆ نەمرد؟ ئێستا تەمەنى تەنها چل ساڵە. دوایەمین فلسێک کە ماومە لێم دەسەنێت، هاوسەرگیرى دەکات، خۆشى لەژیان دەبینێت، قومار دەکات، منیش دەبێت بۆ خۆم بە ئێرەییەوە وەک سواڵکەرێک سەیرى بکەم و هەموو ڕۆژێک هەمان ڕستەى لێ ببیستمەوە: 'بەڕاستى من قەرزارى تۆم بۆ ئەم خۆشیەى کە تێى کەوتووم، ڕێم بدە با یارمەتیت بدەم.' نەخێر، ئەوە زۆر سەختە! تاکە ڕێگە بۆ ڕزگار بوون لە ئیفلاس و ئابڕووچون تەنها مەرگى ئەو پیاوەیە !"

          زەنگى کڵێسا سێ جار لێیدا کە ئاماژەبوو بۆ کاتژمێر سێ و خاوەن بانکەکەش گوێى لێبوو، هەموو کەس لەماڵەکەدا نووستبوون و لەدەرەوەش دەنگى هیچ نەدەهات جگە لەخشەخشى درەختە سەرمابردەکان نەبێت. بێ ئەوەى دەنگە دەنگ بکات، کلیلى ئەو دەرگایەى کە پانزە ساڵ بوو نەکرابووەوە لەگاوسندوقەکەى دەرهێناو چاکەتەکەى لەبەرکردو چووە دەرەوە .

           باخچەکە ساردو تاریک بوو و باران دەبارى، بایەکى ساردى تیژیش هەڵى کردبوو و لەباخچەکەدا دەیلووراندو نەیدەهێشت درەختەکان بحەوێنەوە. خاوەن بانکەکە زیاتر چاوى کردەوە بەڵام نەیتوانى نە زەویەکە، نە پەیکەرە سپیەکان، نە ژوورەکە و، نە درەختەکانیش ببینێت. بەرەو ئەو شوێنە ڕۆیشت کە ژوورەکەى لێبوو و دووجار بانگى پاسەوانەکەى کرد، کەس وەڵامى نەدایەوە. دیار بوو کە پاسەوانەکەیش لەتاو ئەو کەش و هەوایەدا لە شوێنێکدا خۆى حەشار دابوو و ئێستا لەچێشتخانەکە یان لەخانووە شووشەکەدا نووستبوو. بەخۆى گوت: "تەنها ئەگەر ئەوەندە ئازا بم و پیلانەکەم جێبەجێ بکەم، ئەوا ئیتر یەکەم کەس کە گومانى لێدەکرێت پاسەوانەکەیە ."

           لەو تاریکییەدا بەدواى قادرمە و دەرگاى ژوورەکەدا گەڕاو چووە بەردەم دەروازەى ژوورەکە، ئینجا _لەبەر تاریکى، و._ بەدەستى ڕاڕەوێکى بچووکى دۆزیەوەو دەنکە شقارتەیەکى داگیرساند. هیچ کەسێکى لێنەبوو، تەختەخەوێکى لێبوو کە پێخەفى لەسەر نەبوو و لەگۆشەیەکیشدا فڕنێکى ئاسنى ڕەشى لێبوو. ئەو پلێتانەى کە کونى کلیلى دەرگاى ژوورى زیندانیەکەیان پێداپۆشرابوو توندوتۆڵ بوون .

         کە شقارتەکە کوژایەوە، پیرە پیاوەکە _کە لەترساندا دەلەرزى_ لەپەنجەرە بچووکەکەوە بەدزییەوە سەیرێکى ژوورەکەى کرد. مۆمێک بەکزى لەژوورى زیندانییەکەدا دەگڕا، خۆیشى لەبەردەم مێزەکەدا دانیشتبوو، تەنها پشتى و قژى و دەستەکانى ، کتێبێکی کراوەش لەسەر مێزەکە و، دوو کورسی و فەرشى نزیک مێزەکە دەرکەوتبوون .

       پێنج خولەک تێپەڕى و زیندانییەکە ئاوڕێکى نەدایەوە. پانزە ساڵى زیندان فێرى کردبوو کە بێ جووڵە دانیشێت. خاوەن بانکەکە بەپەنجەى تەپەى لەپەنجەرەکە دا، بەڵام زیندانییەکە لەوەڵامدا هیچ جووڵەیەکى نیشان نەدا. خاوەن بانکەکە بەوریاییەوە پلێتەکانى شکاندو کلیلەکەى کرد بە شوێن کلیلەکەدا، قوفڵە ژەنگاوییەکە دەنگێکى ناخۆشى لێبەرز بۆوە و دەرگاکەش جیڕە جیڕى دەکرد. خاوەن بانکەکە واى چاوەڕوان دەکرد کە یەکسەر دەنگى پێ و هاوارى خۆشى ببیستێت، بەڵام سێ خولەک تێپەڕى و هەر ژوورەکە بێدەنگ بوو، بۆیە بڕیاریدا بچێتە ژوورەوە .

            لەبەردەم مێزەکەدا پیاوێک کە لەخەڵکى ئاسایى نەدەچوو بێجووڵە دانیشتبوو. تەنها ئێسکە پەیکەرێک بوو کە پێستەکەى بەسەر ئێسقانەکانییەوە دادرابوو و، قژێکى لوولى درێژى هەبوو کە لەهى ئافرەت دەچوو و، ڕیشێکى ئاڵۆسکاویشى هەبوو. دەموچاوى زەردهەڵگەڕاوێکى خۆڵباو بوو، گۆناکانى قوپابوون، پشتى درێژو باریک و، ئەو دەستانەى کە سەرە ئاڵۆسکاوەکەى بەسەردا دابوو ئەوەندە باریک و لاواز بوون، نەتدەوێرا تەماشایان کەی. مووەکانى سەرى ماشو برنجى ببوون و هەر کەس ئەو دەموچاوە ژاکاو و پیرەى ببینیایە باوەڕى نەدەکرد تەمەنى تەنها چل ساڵ بێت، هەر لەوێدا خەوى لێکەوتبوو... لەبەردەم سەرە چەماوەکەیدا لەسەر مێزەکە پارچە کاغەزێک کەوتبوو کە بەخەتێکى خۆش هەندێ شتى لەسەر نووسرابوو .

           خاوەن بانکەکە ووتى: "هەى داماو! بۆ خۆى خەوى لێکەوتووەو ئێستا لەوانەشە خەو بەدوو ملیۆنەکەوە ببینێت. ئەم پیاوە نیوە مردووە هەر ئەوەندەى بەسە فڕێى دەمە سەر جێگاکەى و سەرینێکى بچووک بخەمە سەر دەمى، ئیتر تەنانەت بەئەزموون ترین کەسیش ناتوانێت نیشانەیەکى بچووکى کوشتن بدۆزێتەوە، بەڵام جارێ با یەکەمجار ئەم نووسینەى بخوێنینەوە ...."

خاوەن بانکەکە کاغەزەکەى لەسەر مێزەکە هەڵگرت و ئەمەى تێدا خوێندەوە :

" سبەینێ کاتژمێر دوانزە ئازادى خۆم بەدەست دێنمەوەو، ئیتر مافى ئەوەم دەبێت تێکەڵاوى خەڵکی ببم، بەڵام پێش ئەوەى ئەم ژوورە بەجێبێڵم و تیشکى خۆر ببینمەوە، پێم وایە کە پێویستە چەند شتێکى کەمتان پێ بڵێم. بەویژدانێکى ئاسوودەوەو لەبەردەم ئەو خودایەدا کە ئاگاى لێمە پێتان دەڵێم من ڕقم لەئازادى و ژیان و تەندروستى و هەموو ئەو شتانەیە کە لەکتێبەکانتاندا پێیان دەگوترێت شتە چاکەکانى جیهان .

"بۆ ماوەى پانزە ساڵ بەگرنگییەوە لێکوڵینەوەم دەربارەى ژیانى زەمینیکرد، ڕاستە کە نە زەویم دەبینى و نە مرۆڤ، بەڵام لەکتێبەکانى ئێوەدا شەرابى بۆنخۆشم خواردەوە، گۆرانیم چڕى، لەدارستانەکاندا ئاسک و بەرازم ڕاوکرد، ژنانم خۆشویست... جوانى وەک هەور ناسک، کە بەسیحرى شاعیرو بلیمەتەکانى ئێوە بەدیهێنرابوون، شەوان سەردانیان کردم و چیرۆکى وا نایابیان چپاند بەگوێمدا کە سەرم لێیان دەسوڕما. لەکتێبەکانتاندا سەرکەوتمە سەر لوتکەى چیاکانى ئەلبورز و مۆنت بلانک، لەوێشەوە هەڵهاتنى خۆرم تەماشا دەکردو، لەئێواراندا دەمبینى چۆن ئاسمان و زەریاو لوتکەى شاخەکان یەک لافاو تیشکى سوورو ئاڵتوونى دایدەپۆشین. هەر لەوێوە دەمبینى چۆن هەورەبروسکە لەسەر سەرمەوە دەبریسکایەوەو هەورەکانى لەبەریەک دادەڕنى. دارستانى سەوزو مەزراو ڕووبارو دەریاچەو شارانم دى. گوێم لە دەنگى گۆرانى کچە شۆخەکان و شمشاڵى شوانەکان بوو، دەستم لەباڵى ئەو شەیتانانە دەدا کە هاتبوونە خوارەوە بۆ ئەوەى دەربارەى خودا لەگەڵمدا بدوێن... لە کتێبەکانتاندا خۆم فڕێدایە چاڵى بێ بنەوە، موعجیزەم بەدیهێنا، کوشتم، بڕیم، شارم سووتاند، چەند شانشینم داگیر کرد، چەن ئاینى تازەم گەیاند ....

" کتێبەکانى ئێوە داناییان پێبەخشیم، هەموو ئەو شتانەى کە مێشکى بێ ئۆقرەى مرۆڤ لەسەردەمە جیاوازەکاندا بەدیانهێناوە ئێستا لەبەشێکى بچووکى مێشکى مندا چەسپاون، دەزانم کە من لەهەمووتان داناترم .

"بەڵام من ڕقم لەکتێبەکانتانە، ڕقم لەدانایى و خۆشییەکانى ئەم ژیانەیە، چون هەمووى وەک سەراب بێ نرخ و تێپەڕو وەهمى و هەڵخەڵەتێنەرن. لەوانەیە لووتبەرز بن، دانا بن یان کەسى باش بن، بەڵام مردن هەمووتان لەسەر ڕووى زەوى ڕادەماڵێت و، وەک ئەوە وایە کە لەمشکى ژێر زەوى زیاتر نەبووبن و، نەوەکانى داهاتووتان و مێژووتان و بلیمەتە نەمرەکانتان لەگەڵ ئەم جیهانە نزمەدا دەسووتێن یان دەیبەستن .

"ئێوە عەقڵتان لەدەست داوەو ڕێگایەکى هەڵەتان گرتووە، درۆتان بە ڕاست و ناشیرینیتان بە جوانى وەرگرتووە. لەوانەیە بەلاتانەوە سەیر بێت ئەگەر لەسەر دار سێوو پرتەقاڵ، لەجیاتى میوە، بۆق و مارمێلکە بڕوێن، یاخود گوڵ، بۆنى ئەسپێکى عارەقاوى بدات، هەر بۆیە منیش بەلامەوە سەیرە کە ئێوە چۆن بەهەشت بەزەوى دەگۆڕنەوە. نامەوێت لێتان تێبگەم .

"بۆ ئەوەى بەکردەوە بۆتان بسەلمێنم کە ڕقم لەهەموو ئەو شتانەیە کە ئێوە تێیدا دەژین، ئەوا من ڕایدەگەیەنم کە دەست لەو دوو ملیۆنە هەڵدەگرم کە کاتى خۆى وەک بەهەشت خەونم پێوە دەبینى و بەڵام ئێستا ڕقم لێیەتى. بۆ ئەوەى مافى دەستکەوتنى ئەو پارەیەم بفەوتێت، ئەوا من پێنج کاتژمێر پێش کاتى دیارى کراو لێرە دەردەچم و بەو شێوەیەیش ڕێکەوتننامەکە پێشێل دەکەم ...."

          کاتێک خاوەن بانکەکە لەخوێندنەوەى ئەمە بوویەوە نامەکەى لەسەر مێزەکە داناو سەرى پیاوە نامۆکەى ماچ کردو بە گریانەوە لە ژوورەکە چووە دەرەوە. هەرگیز لەژیانیدا، تەنانەت ئەو کاتانەشى کە پارەیەکى زۆرى لەبۆرسەدا دەدۆڕاند، ئەوەندە ڕقى لەخۆى نەبووبووەوە. کە گەیشتە ماڵەوە لەسەر جێگاکەى پاڵکەوت، بەڵام فرمێسک و هەستەکانى نەیانهێشت تا چەند کاتژمێرێکى تریش بخەوێت .

             بۆ بەیانیەکەى پاسەوانەکان بەدەموچاوى زەردهەڵگەڕاوەوە خۆیان کرد بەژوورداو گوتیان ئەو پیاوەى لەژوورەکەدا دەژیا لەپەنجەرەکەوە هاتۆتە دەرەوە بۆ ناو باخچەکەو چووە بۆ لاى دەروازەکەو ئیتر لەبەر چاو ونبووە. خاوەن بانکەکەیش یەکسەر لەگەڵ خزمەتکارەکاندا چوو بۆلاى ژوورەکە بۆ دڵنیابوون لە ڕووداوەکە. بۆ ئەوەى قسەى زیادەش لەکۆڵ خۆى کاتەوە، ئەو نووسراوەى سەر مێزەکەى هەڵگرت کە تێیدا واز لەدوو ملیۆنەکە هێنرابوو و، کاتێک گەڕایەوە بۆ ماڵەوە لەگاوسندوقەکەدا هەڵیگرت .

کۆتایى.

average abortion pill cost how does an abortion pill work abortion pill procedures
methods of abortion pill abortion pill costs against abortion pill
تاگەکان    
دیمانە ئەدەبیاتی فارسی گێڕانەوە کتێب ژن سیاسەت حزبی ئیسلامی وەلی ئەمر تەلارسازی یاسا خاڵبەندی ڕانانی کتێبب دوعا مۆدێرنیتە کورد
ئەدەب
2016-11-06 کۆمێنت 8056 جار بینراوە
بابەتی زیاتر
سەرجەم مافەکانی پارێزراوە بۆ وارگەی هاوسانی . Copyright 2024 - hawsani.org © Developed by Kurdsoft
×
هاوسانی