قانع خورشيد
بەشی حەوتەم و کۆتایی
ئایه‌ته‌كانی قورئان، به‌ڵگه‌ی پووچیی ئه‌م تێگه‌یشتنه‌ن
له كۆتاییدا و زۆر به‌كورتی له خودی ئه‌و ئایه‌تانه‌ی قورئانه‌وه به‌ڵگه‌ی هه‌ڵه‌بوونی ئه‌م تێگه‌یشتنه ده‌خه‌ینه ڕوو، كه باسی قوربانیكردنه‌كه‌ی ئیسماعیل ده‌كه‌ن. بڕواننه ئایه‌ته‌كان:
(فَلَمَّا بَلَغَ مَعَهُ السَّعْيَ قَالَ يَا بُنَيَّ إِنِّي أَرَىٰ فِي الْمَنَامِ أَنِّي أَذْبَحُكَ فَانظُرْ مَاذَا تَرَىٰ قَالَ يَا أَبَتِ افْعَلْ مَا تُؤْمَرُ سَتَجِدُنِي إِن شَاءَ اللَّهُ مِنَ الصَّابِرِينَ, فَلَمَّا أَسْلَمَا وَتَلَّهُ لِلْجَبِينِ, وَنَادَيْنَاهُ أَن يَا إِبْرَاهِيمُ, قَدْ صَدَّقْتَ الرُّؤْيَا إِنَّا كَذَٰلِكَ نَجْزِي الْمُحْسِنِينَ, إِنَّ هَٰذَا لَهُوَ الْبَلَاءُ الْمُبِينُ, وَفَدَيْنَاهُ بِذِبْحٍ عَظِيمٍ, وَتَرَكْنَا عَلَيْهِ فِي الْآخِرِينَ, سَلَامٌ عَلَىٰ إِبْرَاهِيمَ, كَذَٰلِكَ نَجْزِي الْمُحْسِنِينَ, إِنَّهُ مِنْ عِبَادِنَا الْمُؤْمِنِينَ) (الصافات: 102-111).
یانی: كاتێك كوڕه‌كه‌ی گه‌یشته ته‌مه‌نی پێگه‌یشتن و ئه‌وه‌نده گه‌وره بوو له‌گه‌لیدا بگه‌ڕێت، گوتی: ڕۆڵه‌كه‌م! ڕاستییه‌كه‌ی ئه‌من له خه‌وندا وه‌های ده‌بینم ده‌بێت سه‌رت ببڕم، خۆیشت بیری لـێ بكه‌ره‌وه بزانه چۆنی ده‌بینیت؟ گوتی: باوه! ئه‌وه بكه كه فه‌رمانت پێ ده‌كرێت، ئه‌گه‌ر خوا بیه‌وێت ده‌بینیت له ده‌سته‌ی ئارامگر و خۆڕاگرانم، كاتێكیش هه‌ردوك ملكه‌چ بوون و ئیبراهیم كوڕه‌كه‌ی له‌سه‌ر ته‌وێڵ ڕاكشاند، بانگمان لـێ كرد: ئه‌ی ئیبراهیم! خه‌ونه‌كه‌ت به جێ هێنا و به كردهییت كرد، ئێمه ئاوه‌ها پاداشتی چاكه‌كاران ده‌ده‌ینه‌وه، به‌ڕاستی ئه‌مه به‌ڵایه‌كی ڕوون و ئاشكرایه، ئاژه‌ڵێكی مه‌زنیشمان بۆ سه‌ربڕین له جێی ئیسماعیل پێ به‌خشی، وههایشمان كرد لای ئه‌وانی دواتر دێن ستایش و باسی چاكه‌ی بۆ بمێنێته‌وه، سه‌لام له‌سه‌ر ئیبراهیم، ئێمه ئاوه‌ها پاداشتی چاكه‌كاران ده‌ده‌ینه‌وه، به‌دڵنیاییه‌وه ئه‌و له به‌نده باوهڕدارهكانمان بوو.
له م ئایه‌تانه‌دا چه‌ندین شت وا ده‌كات به شانۆزانینی به‌سه‌رهاته‌كه وه‌ك گاڵته‌جاڕیی لـێ بێت و به‌زه‌ییت به عه‌قڵ و تێگه‌یشتنی ئه‌و كه‌سه‌یشدا بێته‌وه كه ئاوه‌ها فیكرێكی خامی به مێشكدا دێت و به شتێكی دانسقهیشی ده‌زانێت! باشه ئه‌گه‌ر ئه‌وه ڕاست بێت كه قوربانیكردنی مناڵی كوڕ باو و نه‌ریتێكی ئایینی بووه و ئیبراهیم ویستوویه‌تی بنبڕی بكات، چ پێویستی به‌وه بووه بڵێت: خه‌ونم دیتووه؟ ئایا ئه‌وانه‌ی مناڵیان سه‌رده‌بڕی له‌و سه‌رده‌مه‌دا، هه‌موویان خه‌ونیان ده‌دیت؟! ئه‌گه‌ر وا بڵێن، ئه‌وا باسه‌كه ده‌بێته كۆمیدیا و كه‌ڵكی تاوتوێكردنی نامێنێت، ئه‌گه‌ریش بڵێن نه‌خێر، ئه‌وه ده‌ستوور و یاسای ئه‌و گه‌لانه بووه، ئه‌ی بۆچی ئیبراهیم گورجێ له كاتی نۆبهتهاتنی قوربانیكردنی كوڕه‌كه‌یدا وه‌ك ئه‌وان به كاره‌كه هه‌ڵنه‌ستاوه و ئه‌م شانۆ سه‌یر و سه‌مه‌ره‌یه‌ی خولقاندووه و خه‌ونی كردووه‌ته پاڵنه‌ری كاره‌كه‌ی؟
له لایه‌كی تره‌وه ئه‌گه‌ر بڵێین ئیبراهیم بۆ سیناریۆ وای كردووه، ئه‌وه ده‌بێت ددان به‌وه‌دا بنێین پیاوێكی زۆر درۆزن بووه، ئه‌مه‌یش كوفر و بێڕێزییه‌كی ئاشكرایه به‌رانبه‌ر پێغه‌مبه‌رێك له پێغه‌مبه‌ره هه‌ره مه‌زنه‌كانی خوا و ڕێك پێچه‌وانه‌ی وه‌سفی ئیبراهیمه له قورئاندا (إنه كان صدِّیقاً نبیًّا) (مریم: 41), ئاخر ئه‌و به چه‌ندین جۆر جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌وه ده‌كاته‌وه كه خه‌ونی بینیوه. بۆ نموونه هه‌واڵی خه‌ونه‌كه به (جومله‌ی ئیسمی) به ئیسماعیل ڕاده‌گه‌یه‌نێت, كه نیشانه‌ی تهئكیدبوونیهتی، سه‌ره‌تای ڕسته‌كه به ئه‌داتی (إنّ) ده‌ست پێ ده‌كات كه ئامرازی جه‌ختكردنه‌وه‌یه, دووباره (أنّ) به‌كاردێنێت كه دیسان بۆ تهوكیده...
له به‌رانبه‌ریشدا ئیسماعیل ناڵێت: باوه گیان! چۆنی به باش ده‌زانیت، وه‌ها بكه، به‌ڵكو ده‌فه‌رموێت: هه‌ر فه‌رمانێكت پێ ده‌كرێت، ئه‌وه ئه‌نجام بده. ئه‌مه‌یش به‌ڵگه‌یه له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی فه‌رمانێكی ده‌ره‌كی له ئارادا بووه و مه‌سه‌له‌كه زۆر له سیناریۆ بانتره. ئومێدیشی هه‌یه بتوانێت ئارام بگرێت، خۆ ئه‌گه‌ر نواندن بوایه، ئارامگرتنی نه‌ده‌ویست، چون كۆتاییه‌كه‌ی دیار بوو كه ڕزگاربوونه!
ڕسته‌ی (فلمّا أسلما), ده‌یسه‌لمێنێت فه‌رمانێكی باڵا هه‌بووه و ئه‌مان ته‌سلیمی بوونه، ئه‌گه‌رنا ته‌سلیمی چی بوون؟ مهسرهحییهكهی خۆیان؟ ئایا ئه‌م ده‌ربڕینه پێمان ناڵێت فه‌رمانێكی خوایی له گۆڕێ‌دا بووه و هه‌ردوكیان ملكه‌چ و ژێرباری بوونه؟ هیچ گونجاو نییه مرۆڤ ملكه‌چی شانۆی خۆی بێت، ئه‌گه‌ر باسی نواندن بوایه، ده‌بوو بڵێت: (فلمّا مثَّلا) یانی كاتێك ده‌ستیان به نواندن كرد، چون دیاره ئه‌م وه‌سفه له كه‌لامی خوایه و به‌شێك نییه له نواندنه‌كه‌ی ئیبراهیم.
ئایه‌تی (وَنَادَیْنَاهُ أَن يا إِبْرَاهِیمُ، قَدْ صَدَّقْتَ الرُّؤْيَا)، قسه‌ی خوایه، ده‌فه‌رموێت: بانگمان لـێ كرد: ئه‌ی ئیبراهیم! به‌ڕاستی خه‌ونه‌كه‌ت به جێ گه‌یاند و وه‌ڵامت دایه‌وه. ئه‌مه ڕوون و ڕه‌وان پێمان ده‌ڵێت ئیبراهیم خه‌ونی دیتووه و خوایش له پشتی خه‌ونه‌كه‌وه بووه، یانی خه‌ونه‌كه‌ی وه‌حی و په‌یامی خوای گه‌وره بووه. ئه‌گه‌ر باوه‌ڕمان وا بێت شتێكی وا نه‌بووه و ئیبراهیم بۆ نواندن وای كردووه، ئه‌وا ئه‌م ئایه‌ته به‌ڵگه‌یه له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی نواندنه‌كه‌ی ئیبراهیم ئه‌وه‌نده به‌هێز بووه -تۆبه یا ڕه‌بی- خوایشی پێ خه‌ڵه‌تاوه و وای زانیوه به‌ڕاسته‌وه كابرا خه‌ونی دیتووه! (مه‌لای گه‌وره گوته‌نی، په‌نا به خوا له خه‌یاڵاتی شاعیرانه).
ئه‌ی ئایه‌تی (وَفَدَیْنَاهُ بِذِبْحٍ عَظِیمٍ) چی لـێ بكه‌ین؟ ئه‌و ده‌فه‌رموێت: له به‌های ئیسماعیلدا سهربڕاوێكی گه‌وره‌مان پێ به‌خشی و كردمانه فیدای كوڕه‌كه‌ی. خۆ ئه‌مه قسه‌ی خوایه, تۆ بڵێیت خوایش درێژه‌ی به سیناریۆكه‌ی ئیبراهیم دابێت و ویستبێتی موسڵمانانیش وه‌ك گه‌له بتپهرستهكهی ئه‌و، بخه‌ڵه‌تێنێت؟
ئه‌ی یانی چی دوو جار ئه‌م ته‌عبیره دووباره ده‌بێته‌وه (كَذَلِكَ نَجْزِی الْمُحْسِنِینَ) ئاوه‌ها پاداشتی چاكه‌كاران ده‌ده‌ینه‌وه. ئه‌گه‌ر سیناریۆ و شانۆ بووبێت، چاكه‌ی چی و چاكهكارییهكهی خاوه‌نه‌كه‌ی له كوێدایه؟ هه‌موومان ده‌توانین بۆ خۆشی یه‌كتری له ناو خۆڵدا بگهوزێنین و چه‌قۆیه‌كی پلاستیكی به ملی یه‌كدا بێنین, ئه‌مه ئه‌م هه‌موو ستایش و ناوبانگییه‌ی ده‌وێت؟ كه بڵێیت دواتریش وا ده‌كه‌ین ئه‌وانی پاشتر دێن، به باشی باسی بكه‌ن. تۆ بڵێیت به باشه باسكردنه‌كه‌ی ئه‌وه بێت ئه‌و هه‌موو قوربانی و فیداكاری و ئیخڵاسهی به شانۆ له قه‌ڵه‌م بدرێت و بكرێته قوربانی پره‌نسیپه‌كانی دنیای نوێ و خوێندنه‌وه‌ی كوردی بۆ دین؟!
به شانۆگه‌ری ده‌گوترێت تاقیكردنه‌وه و به‌ڵا؟ (إِنَّ هَذَا لَهُوَ الْبَلاءُ الْمُبِینُ) به‌دڵنیاییه‌وه ئه‌مه تاقیكردنه‌وه -یان به‌ڵایه‌ك-ی ئاشكرایه. ئه‌گه‌ر وشه‌ی (بلاء) به تاقیكردنه‌وه مانا بكه‌ین، ئه‌وا بۆ سیناریۆ به‌كار نایه‌ت، ئه‌مه چ تاقیكردنه‌وه‌یه‌كه كه خۆت پلانهكهیت داڕشتبێت! ئه‌گه‌ر به مانای به‌ڵا و موسیبهتيش لێكی بده‌ینه‌وه، كه ته‌به‌ری په‌سه‌ندی كردووه، ئه‌وه زیاتر له وه‌سفی نواندنه‌وه دووره.
سه‌رباری هه‌موو ئه‌مانه, ئێمه دنیایه‌ك گێڕانه‌وه‌ی ته‌ورات -كه جێباوهڕترین به‌ڵگه‌ی مێژوویی ئه‌م بهسهرهاتهن- و فه‌رمووده‌ی دروستی پێغه‌مبه‌ر علیه السلام -كه له ڕووی دینی و مێژووییه‌وه بۆ موسڵمانان له ته‌ورات ئیعتباریان زیاتره- و چه‌ندین مه‌ناسكی حه‌جمان هه‌یه، ده‌یسه‌لمێنن ئه‌م ڕووداوه عه‌ینی حه‌قیقه‌ت بووه و ئیبراهیم له خه‌وندا فه‌رمانی پێ كراوه كوڕه تاقانه‌كه‌ی سه‌ر ببڕێت، خه‌ونی پێغه‌مبه‌رانیش وه‌حیه. شه‌یتان چه‌ند جارێك هاتووه‌ته سه‌ر ڕێگه‌یان و ویستوویه‌تی په‌شیمانیان بكاته‌وه، ئه‌وانه‌یش به‌ردیان تێ گرتووه و ئه‌م بهردبارانكردنهی وان بۆ شه‌یتان، بووه‌ته یه‌كێك له ئه‌ركانی حه‌جی موسڵمانان...
به‌ری دوماهیكێ ئه‌وه بێژم، بیرم نه‌چووه كه فه‌رمووده‌یه‌ك هه‌یه و له ڕووی سه‌نه‌دیشه‌وه ساغ و بێعه‌یبه كه ده‌ڵێت: "ئیبراهیم هه‌رگیز درۆی نه‌كردووه، سێ جار نه‌بێت، جارێك كه گوتی: (إنی سقیم)، جاری دووه‌م كاتێك گوتی: (بل فعله كبیرهم) و جاری سێیه‌میش به پاشای میسری گوت: ساره خوشكمه." ڕه‌نگه ئه‌م نوێخوازانه بڵێن ئه‌م حه‌دیسه ده‌بێته به‌ڵگه له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی ئیبراهیم نواندنی هه‌بووه و شتی به پێچه‌وانه‌ی واقیعه‌وه گوتووه. به‌ڵام یه‌كه‌م: له‌م حه‌دیسه‌دا ئاماژه به‌وه نه‌كراوه ئه‌و گوته‌یه‌ی ئیبراهیم كه به ئیسماعیل ده‌ڵێت "خه‌ونم دیتووه سه‌رت ده‌بڕم" یه‌كێكه له قسه ناڕاسته‌كانی، ئه‌مه‌یش به‌ڵگه‌ی له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌م خه‌ونه‌ی به‌ڕاست دیتووه، چون ده‌فه‌رموێت هه‌رگیز ناڕاستی نه‌گوتووه جگه له وسێ جاره. دووه‌م: ئه‌گه‌ر سه‌یری ڕاڤه و تێگه‌یشتنی فه‌رمووده‌ناسان بكه‌ین، ده‌بینین له مانای وشه‌ی (كذب)دا چه‌ند شتی وردیان گوتووه، ڕای به‌هێزی ئه‌وان ئه‌وه‌یه ئه‌و قسانه به‌گوێره‌ی تێگه‌یشتنی به‌رانبه‌ر ڕاست نه‌بووه، ئه‌گه‌رنا به‌و نییه‌ته‌ی ئیبراهیم گوتوویه ڕاست بووه و هیچ درۆیه‌كی تێدا نه‌بووه.
به‌نده پێشتر دووان له‌و سێ مه‌سه‌له‌یه‌م باس كرد، ده‌مێنێته‌وه ئه‌وه‌ی ساڕهی خێزانی, ئه‌ویش دوو شتی ورد هه‌یه كه هه‌ردوكیان له ده‌قی فه‌رمووده‌كه‌دا ئاماژه‌یان پێ دراوه، یه‌كه‌م: ئیبراهیم خۆی نه‌یگوتووه ساڕه خوشكمه، به‌ڵكو به خێزانی گوتووه: "چون پادشای ئه‌م وڵاته بهدڕهوشتییهكهی جۆرێكه ته‌نیا ده‌ستدرێژی ده‌كاته سه‌ر هاوسه‌ری ئه‌وانه‌ی دێنه شاره‌كه‌ی، گه‌ر له تۆی پرسی چیی ئیبراهیمیت؟ بڵێ خوشكیم." یانی باسی ئه‌وه نه‌كراوه ئیبراهیم خۆی گوتبێتی ساڕه خوشكمه. دووه‌م: هه‌ر ئیبراهیم خۆی مانای ئه‌و قسه‌یه‌ی ڕوون كردووه‌ته‌وه كه چۆن ڕه‌وایه به خێزانی خۆی بڵێت خوشك و فه‌رموویه‌تی: "تۆ له ئیسلامه‌تی و ڕووی دینییه‌وه خوشكی منیت." له ڕیوایه‌ته‌كه‌ی موسلیمدا ده‌فه‌رموێت: "فإن سألك فأخبریه أنك أختی، فإنك أختی فی الإسلام".
زۆری درێژ ناكه‌مه‌وه و به‌مه له كورتیدا ده‌یبڕمه‌وه، كه دوای ڕامانێكی زۆر ده‌رده‌كه‌وێت پێغه‌مبه‌ری خوا صلی الله علیه وسلم له‌م فه‌رمووده‌یه‌یدا، ده‌یه‌وێت ڕووڕاستی (صه‌راحه‌ت)ی ئیبراهیم بخاته ڕوو نه‌ك ته‌نیا ڕاستگۆبوونی، هه‌روه‌ك ئاماژه‌یش به زاتی پاك و به‌رزی ئیبراهیم ده‌دات كه خۆیشی قسه‌كانی به ناڕاست زانیوه و له كاره‌كه‌ی ڕازی نه‌بووه، ته‌نانه‌ت له حه‌دیسی تردا هاتووه له كاتی حه‌شر و قیامه‌تدا ئیبراهیم ئه‌م ناڕوون قسه‌كردنانه‌ی خۆی بیر ده‌كه‌وێته‌وه و به‌هۆیه‌وه ناوێری داوا له خوا بكات چاكان و خراپان دادگایی بكات. كه وایه فه‌رمووده‌كه ئاماژه‌یه بۆ ئه‌وه‌ی ئیبراهیم نه‌ك ته‌نیا هه‌میشه ڕاستی گوتووه و به‌س، به‌ڵكو هه‌رده‌م ڕوون و بێ پێچ و په‌نا مه‌به‌ستی خۆی گه‌یاندووه، ته‌نیا سێ جار نه‌بێت كه به جۆرێك قسه‌ی حه‌قی گوتووه به‌رانبه‌رانی به هه‌ڵه‌دا ببات و وایان لـێ بكات ته‌واو لایان ڕوون نه‌بێت مه‌به‌ستی چییه. والله أعلم بالصواب.
له كۆتاییدا حه‌قمانه بپرسین: به چ عه‌قڵ و مه‌نتقێك ده‌بێت پشت له هه‌موو ئه‌م به‌ڵگه ڕۆشنانه بكه‌ین و خۆمان ته‌سلیمی خوێندنه‌وه و تێگه‌یشتنێكی كرچ و كاڵی كوردییانه‌ی داستانه‌كه بكه‌ین كه 1450 ساڵ دوای دابه‌زینی قورئان و هه‌زاران ساڵ پاش به‌سه‌رهاته‌كه‌ی ئیبراهیم و ئیسماعیل، هاتبێته ناو و بچووكترین نیشانه و به‌ڵگه‌ی زانستیشی له‌گه‌لدا نه‌بێت؟! (رحم الله امرءا عرف قدر نفسه.)
لینکى بەشەکانى تر:
بەشى یەکەم
بەشى دووەم
بەشى سێیەم
بەشى چوارەم
بەشى پێنجەم
بەشى شەشەم