قانع خورشید
دێی خه‌ره‌قان بیست و چه‌ند كیلۆمه‌ترێك له به‌ستامه‌وه دووره‌وه، گوندێك كه ده‌یان ساڵ له به‌ستام زیاتر چووه‌ته قووڵایی مێژوودا، له‌وێ پیاوێكی باڵابه‌رز و په‌نجه‌بۆدرێژكراوی وه‌ك ئه‌بووحه‌سه‌نی خه‌ره‌قانی نووستووه، یه‌كێك له عاریف و دڵگڕگرتووه‌كانی جیهانی ئیسلامی، به‌نییه‌تی بینینی خه‌ره‌قان و زیاره‌تی ئه‌بولحه‌سه‌ن به‌ره‌و ئه‌وێ ملی ڕێگه‌مان گرت و سواری تاكسی بووین .
ئه‌وه‌ی له ڕێگه سه‌رنجی ڕاده‌كێشام جگه له دیمه‌نی دڵگیری ته‌واوی ده‌ڤه‌ره‌كه و هه‌وای ساف و ئاسمانی شینی ناوچه‌كه، دوو شت بوون: یه‌كه‌م: ئه‌و ماڵه قوڕینه ماندووانه‌ی له گونده‌كانی ئه‌مبه‌ر و ئه‌وبه‌ری ڕێگه به‌رچاو ده‌كه‌وتن، كه ده‌تزانی وزه‌یه‌كی ئه‌وتۆیان بۆ به‌رگه‌گرتن نه‌ماوه و ها كه قامك و قازمه‌ی خاوه‌نه‌كانیان تێیانكه‌وتن و به‌ر چه‌پۆكی نوێكردنه و مۆدێرنیزه كه‌وتن و گۆڕییانیانه یادگارییه‌كی به‌سه‌رچوو. دووه‌م: یه‌ك دوو بینایه‌كی قوڕینی گومه‌زی و سه‌رنجڕاكێشی به‌رز، كه زه‌مانێك بوو مه‌راقی له‌نزیكه‌وه دیتنیانم له دڵدا بوو، چاڵه‌به‌فرینه‌ی كۆن، كه به فارسی (یخچال) یا (یخدان)یان پێ ده‌گوترێت .
گه‌یشتینه خه‌ره‌قان، به‌خت و ئیقباڵی شێخ ئه‌بووحه‌سه‌نی خه‌ره‌قانی وا بوو هیچ ئیمامزاده‌یه‌كی له نزیك نه‌بوو تا تیشكی له‌سه‌ر لادات و سه‌رنجی خه‌ڵكی بۆ خۆی ڕاكێشێت! مزگه‌وتێكی به‌رز و دڵڕفێن له‌سه‌ر گۆڕه‌كه‌ی بنیات نراوه و حه‌وشه‌یه‌كی زۆر گه‌وره‌ی پڕ له دار و گوڵی به‌ده‌وردایه، باخچه‌یه‌ك كه چه‌ندین سه‌كۆ و مه‌قاڵه‌ی گۆشتبرژاندنیشی بۆ گه‌شتیاران تێدایه، له‌مه‌یش سه‌یرتر چوار پێنج خانووی تێدایه بۆ حه‌وانه‌وه و مانه‌وه‌ی ئه‌و زیاره‌تكارانه‌ی خێزانی یا ده‌سته‌جه‌می دێنه ئێره و خه‌ڵوه‌ت ده‌كێشن و ده‌مێننه‌وه، كه‌ره‌سته‌ی ئیسراحه‌ت و مانه‌وه‌یان تێدا فه‌راهه‌مه. هه‌ر لێره چه‌ند به‌لووچییه‌كمان دیت كه ده‌یانگوت حه‌فته‌یه‌كه لێره‌ین و گشت ڕۆژێك ده‌چینه به‌ستام بۆ زیاره‌تی بایه‌زید، به قسه‌ی یه‌كێكیان، دوێنه شێخ ئه‌بووحه‌سه‌ن ئیجازه‌ی نه‌داون بچنه به‌ستام. ئه‌م ڕوخسه‌تنه‌دانه چۆنه و چۆنیان له پیاوێكی مردووه‌وه پێگه‌یشتووه؟ بۆ من ڕوون نییه و سه‌ری لێ ده‌رناكه‌م و زۆرم به عه‌قڵه‌وه ناچێت، هه‌رچه‌ند نایشتوانم به گاڵته و درۆیه‌كی هاكه‌زایی بزانم .
من تاوێك له نێو ئه‌و دیمه‌نه سیحراوییه‌دا ڕۆچووم و خه‌یاڵێكی قووڵ وه‌ك خه‌ونێكی خۆشی زستانه بردمیه‌وه، له دڵی خۆمدا ده‌مگوت خودایا! خه‌ره‌قانییه‌كی ساده و ده‌ست له دنیا شوشتوو، كه هه‌موو ڕۆژ به پێ، 23 كیلۆمه‌تر ماوه‌ی ده‌بڕی و ده‌چووه سه‌ر گۆڕی بایه‌زید و له‌وێیشه‌وه هه‌مان ڕێگه‌ی به‌ره‌و زێدی خۆی ده‌بڕییه‌وه، كه‌ی له فیكری ئه‌وه‌دا بووه خه‌ڵكانێكی وا شیفته و منێكی كوردی گه‌رمیانی سه‌دان فه‌رسه‌خ ببڕین و بێینه سه‌ر گۆڕی؟! ده‌بێت ئه‌و چی له خه‌یاڵیدا گوزه‌را بێت و چۆنی فكریبێت ...
چون خۆم به‌ته‌نیا نه‌بووم و له غه‌می ئه‌وه‌دا بووین ئه‌و ساتانه به كامێراكه‌ی كاروان تۆمار بكه‌ین، نه‌متوانی زۆر له دنیای خه‌یاڵدا بمێنمه‌وه، هێژا په‌ڵپی پێ ده‌گرتین و داوای پشیله‌ی ده‌كرد كه بێنه لای و ده‌ست به‌سه‌ر سه‌ر و پشتیاندا بێنێت! هه‌ر له ده‌ركه‌ی حه‌وشی ئارامگه‌كه‌ی خه‌ره‌قانییه‌وه كه په‌یكه‌ره‌كه‌ی به‌سه‌ر دوو شیره‌وه دانراوه، ده‌ستمان به وێنه‌گرتن كرد و هه‌نگاو هه‌نگاو له باره‌گاكه‌ی نزیك ده‌بووینه‌وه .
له‌وێ دارێكی گه‌ڵازه‌ردی تاج ئاڵتوونیمان چنگ كه‌وت كه پاییزی به‌گه‌رمی له باوه‌ش گرتبوو، خوا به من و كاروانی دا و ڕه‌حمی به جوتیار كرد كه ڕۆژی پێشوو به بیانووی سه‌ردانی گوندی زیاره‌ته‌وه، نه‌یهێڵا له ناهارخۆران له پاڵ دیمه‌نه پڕ سیحره‌كانی پاییزدا چه‌ند وێنه‌یه‌ك بگرین و هێشتا داخه‌كه‌یمان له دڵ ده‌رنه‌چووبوو... ئیتر حه‌قی له‌كیسچوونی ئه‌و فرسه‌ته‌مان لێره كرده‌وه و تێری دڵی خۆمان، له‌ژێر گه‌ژاوه و پرچی زه‌ردی ئه‌و داره زێڕینه‌دا، وێنه‌مان گرت .
ئه‌و جێ پڕ سه‌فایه و ئه‌و مه‌قاڵه و سه‌كۆیانه‌ی بۆ میوانان حازر كرابوون، هێنده دڵی مرۆڤیان ئارام ده‌كرده‌وه و په‌لكێشی نێو دنیای ڕامان و فكرینیان ده‌كرد، كه ئه‌حمه‌د شه‌ماڵ گوته‌نی "پیاو گریانی بێت هه‌ر به هه‌وه‌س"! من ئه‌و ده‌مانه زه‌مانم لا ده‌وه‌ستێت، كات و شوێنم لێ ده‌شێوێت، نازانم چۆنی وه‌سف بكه‌م و چی له‌باره‌وه بڵێم... ده‌كه‌ومه دۆخێكی زۆر تایبه‌ته‌وه كه ڕه‌نگه هه‌ر ئه‌وه بێت وا سۆفییان و ئه‌هلی عیرفان ناوی (حاڵ)ی لێ ده‌نێن .
برسێتی ته‌واو ته‌نگی پێهه‌ڵچنیبووین، نیوه‌ی پێكهاته‌ی ئێمه جه‌سته‌یه و خواسته مادییه‌كانی له‌شی قوڕینیش هیچ حاڵ و حیسابێك نازانن، جا كه ده‌یشمانزانی چ مریشكێكی تامداركراو به سركه و به‌هارات و زه‌عفه‌ران و خوێ له هه‌گبه‌ی خانه‌خوێدایه، هێنده‌ی تر زگمان شه‌یپووری برسێتی و ئاهه‌نگی (با بێت، با بێت)ی لێده‌دا! هه‌ر كه سه‌كۆیه‌كمان هه‌ڵبژارد و بوخچه‌مان كرده‌وه، پڕ به دڵی هێژا پشیله‌مان لێ جه‌م بوو، دایكی هێژا ده‌ستی كرد به له‌شیشدانی گۆشت و باوكی هێژایش ته‌علیماتی ده‌دا، من له‌و لاوه ڕه‌ژووم له مه‌قاڵه كرد و كاروانیش هاته یارمه‌تی بۆ گه‌شانده‌وه‌ی. ئیتر بوو به‌و ڕۆژه‌ی بۆ دۆستی ئاره‌زوو ده‌كه‌یت !
نیوه‌ی گۆشته‌كه‌مان هه‌ر به‌پێوه خوارد و قانع گوته‌نی
هێند تامه‌زرۆ بووین ئێمه‌ی دووره چێشت
هێشـــتا نه‌كــوڵا بــوو، ده‌نكمــان نه‌هێشت !
دوای خواردنی نان و به‌جێهێنانی نوێژ، ئه‌نجا په‌رژاینه سه‌ر زیاره‌تی شێخ! له ڕێگه لێخوڕی تاكسییه‌كه گوتی: تا ئێستا به سه‌ردانی قه‌بری شێخ شه‌ره‌فمه‌ند بوونه؟ ئێمه گوتمان: نه‌خێر و جوتیار گوتی: جارێك. گوتی دیقه‌تتان داوه چ بۆنی گوڵاوێك له گۆڕه‌كه‌ی به‌رز ده‌بێته‌وه؟ كه چوون بۆنی قه‌بره‌كه‌ی بكه‌ن، ده‌زانن چ ده‌ڵێم! ئێمه‌یش به‌و قسه‌یه مه‌راقمان بۆ دروست بووبوو زوو له‌و مه‌سه‌له‌یه بكۆڵینه‌وه. ئه‌لحه‌قی هه‌ر كه ده‌چوویته ژووره‌وه بۆنێكی یه‌كجار خۆش و دڵ‌نشین له‌نێو ئارامگه‌كه‌دا هه‌ست پێ ده‌كرا، كه لووتمان به قه‌بره‌كه‌ی خه‌ره‌قانییه‌وه نا، ده‌تگوت بۆن و گوڵاوه‌كه له‌وێوه هه‌ڵده‌قووڵێت، من به كاروانم گوت له كاتی بۆنكردنی به‌ردی سه‌ر قه‌بره‌كه‌یدا وێنه‌م مه‌گره، نامه‌وێت دواتر خه‌ڵك بیبینن و وا بزانن خه‌ریكی ماچكردن و لێسانه‌وه‌ی گۆڕی پیاوچاكانم، وه‌لێ مامۆستا جوتیار بێباكانه لووتی پێوه نا و كاروان هه‌لخوازانه وێنه‌كه‌ی چركاند! من لێم ڕوون نییه ئه‌و بۆنه خۆشه، گوڵاوێكی تایبه‌ته كه ڕۆژانه كه‌سێك به‌سه‌ر گۆڕه‌كه‌ی خه‌ره‌قانیدا ده‌یڕێژێت و مه‌ڕمه‌ڕه‌كه‌ی پێ ده‌شوات، یا هه‌ر به‌ڕاست له قه‌بره‌كه‌ی ئه‌وه‌وه به‌رز ده‌بێته‌وه؟ !
دنیا سارد بوو، كه‌شی تایبه‌تی پاییز و هه‌وای سافی خه‌ره‌قان و خه‌یاڵی هه‌زار ساڵه‌ی ئه‌بووحه‌سه‌ن و دیمه‌نی دڵگیری سۆپا گازییه‌كه‌ی نێو مزگه‌وته‌كه، خستبوومیانه دۆخێكی تایبه‌ته‌وه، تاوێك له پاڵ سۆپاكه‌دا دانیشتم و به خه‌یاڵ پۆلێك له دۆستانم له ده‌وری خۆم كۆكردنه‌وه و له‌گه‌لیاندا كه‌وتمه دووان !
ئه‌بووحه‌سه‌نی خه‌ره‌قانی له ساڵی 352ی كۆچیی مانگی له دایك بووه و له 425 وه‌فاتی فه‌رمووه، له ژیانی سۆفییانه‌ی خۆیدا بایه‌زیدی به‌ستامی به موراد و پێشه‌وای خۆی زانیوه و چاوی له قسه و كرده گوێزراوه‌كانی وی كردووه، ده‌گوترێت ئه‌بووسه‌عیدی ئه‌بووخه‌یر و ئیبن سینا چوونه‌ته خه‌ره‌قان و له‌گه‌لیدا دانیشتوون. ده‌یشڵێن دیداری ئه‌م وای له ئیبن سینا كردووه ده‌ست له فه‌لسه‌فه و زانست هه‌ڵگرێت و ڕوو بكاته عیرفان. خواجه عه‌بدوڵای ئه‌نساری له شاگردانی ئه‌وه .
هه‌رچه‌ند وا ده‌گوترێت كه خه‌ره‌قانی خوێنده‌واریی نه‌بووه، وه‌لێ ئه‌م قسه‌یه زیاتر به ئه‌فسانه ده‌چێت تا ڕاستی، ئه‌و كتێبی هه‌یه و خاوه‌نی ڕێبازێكی مرۆڤدۆستانه‌ی وه‌ها تایبه‌ته كه له خوێنده‌وارێكی زانا چاوه‌ڕێ ده‌كرێت. شێخ ئه‌بولحه‌سه‌نی خه‌ره‌قانی خزمه‌تی مرۆڤی له هه‌موو شت زیاتر به‌لاوه گرنگ بووه، له گوته‌یه‌كیدا ده‌ڵێت: زانا، سبه‌ینان كه له خه‌و ڕاده‌بێت به دوای زانستی زیاتردا ده‌گه‌ڕێت و زاهید به دووی زوهدی زۆرتردا، به‌ڵام ئه‌بولحه‌سه‌ن له خه‌یاڵی ئه‌وه‌دایه خۆشییه‌ك بخاته دڵی برایه‌كیه‌وه! هه‌ر ئه‌و ده‌ڵێت: باشترین شت دڵێكه كه خراپه‌ی تێدا نه‌بێت. له موناجاتێكیشدا ده‌ڵێت: خودایا! خه‌ڵكی هه‌موو شوكرانه‌ی نیعمه‌ته‌كانی تۆ ده‌كه‌ن و من سوپاسی بوونت، نیعمه‌ت: بوونته !
له‌باره‌ی ڕازی بێوه‌یی و سه‌لامه‌تییه‌وه ده‌ڵێت: من بێوه‌یبوونم له ته‌نیابووندا چنگ كه‌وت و سه‌لامه‌تیشم له بێده‌نگیدا دۆزییه‌وه! سه‌ودایه‌كی ناسكیش له نێوان خوا و مرۆڤدا باس ده‌كات: ئه‌گه‌ر نه‌بوون و نه‌بوونیی خۆتی پێ بده‌یت، ئه‌ویش بوون و هه‌بووی خۆیت پێ ده‌به‌خشێت .
عه‌تتاری نه‌یشابووری له (تذكرة الأولیاء)دا ده‌گێڕێته‌وه: به‌ره‌به‌یانێك شێخ ئه‌بووحه‌سه‌نی خه‌ره‌قانی نوێژی ده‌خوێند، گوێی له ده‌نگێك بوو: ئه‌بووحه‌سه‌ن! ده‌ته‌وێت ئه‌وه‌ی ده‌رباره‌ت ده‌یزانم بۆ هه‌مووانی ڕۆ بكه‌م، تا به‌ردبارانت بكه‌ن؟ ئه‌میش وتی: خودایا! ئه‌ی تۆ ده‌ته‌وێت ئه‌وه‌ی له‌باره‌ی ڕه‌حمه‌تی تۆوه ده‌یزانم و له لێبورده‌ییت دیومه، بۆ هه‌مووانی جاڕ بده‌م، تا ئیدی كه‌س سوجده‌ت بۆ نه‌بات؟! ده‌نگ هات: نه له تۆ و نه له من! (مه‌به‌ستی ئه‌بولحه‌سه‌ن ئه‌وه بووه كه ئه‌گه‌ر خه‌ڵكی وه‌ك وی بزانن خودا چه‌نده میهره‌بان و به‌خشنده‌یه، زۆربه‌یان واز له په‌رستن دێنن و پاڵی لێ ده‌ده‌نه‌وه ).
له به‌ر دیوه‌خان و ته‌كێكه‌یدا نووسیبووی: هه‌ر كه‌سێك هاته ئێره، تێری بكه‌ن و له دین و ئیمانی مه‌پرسن، چون هه‌ر كه‌سێك له دیوانی خوادا شایسته‌ی پێدانی گیان بێت، له دیوه‌خانی ئه‌بووحه‌سه‌نیشدا شایانی پێدانی نانه !
عشـق یعنی نان ده و از دین مپرس
در مقام بخشش از آیین مپرس
هـــــر کسی او را خدایش جان دهد
آدمی باید که او را نان دهد
ده‌رباره‌ی شه‌یدایی دیتنی یاریش ده‌ڵێت :
آن دوسـت کـه دیدنش بیاراید چشم
بــی دیدنش از گــریه نیـاســاید چشم
مـــا را ز بـرای دیـدنـش بـــــاید چشم
و‌ر دوست نبیند به چه کارآید چشم
ئه‌و دۆسته‌ی به دیتنی چاوانم ده‌نه‌خشێن، له دوورییدا له‌به‌ر گریه چاوانم ناحه‌وێن، ئێمه چاومان بۆ بینینی ئه‌وه، گه‌ر دۆست نه‌بینن، ئیتر بۆچییانم ده‌وێن؟ !
دوایی كه به‌ره‌و به‌ستام گه‌ڕاینه‌وه، به لێخوڕی تاكسییه‌كه‌م گوت لای یه‌كێك له‌و یه‌خچاڵه قه‌دیمییانه لا بدات تا له نزیكه‌وه بیبینین، ئه‌ویش وه‌ك زۆربه‌ی سایه‌قه‌كانی ئێران یه‌ك و دووی لێ نه‌كرد و بردینی، ئۆخه‌ی به مه‌رازی چه‌ند ساڵه‌م گه‌یشتم، باڵه‌خانه‌یه‌كی هێلكه‌یی سه‌یر و عه‌ڵاجه‌وی، شتی وا ته‌نیا له فیلم‌دا ده‌بینرێ، داخ گرانێكم ئێمه‌ی كوردانی باشوور له زۆرینه‌ی هه‌ره زۆری ئه‌و شتانه بێبه‌شین كه ده‌مانبه‌نه‌وه ڕابوردوو، ورده ورده شوێنه‌واره‌كانمان نامێنن و كه‌سێك نییه غه‌مێكیان لێ بخوات، گوایه به‌حسێب 25 ساڵه ده‌وڵه‌تی نیمچه‌سه‌ربه‌خۆی خۆمانمان هه‌یه، پیاو له عانی وادا خۆزگه به‌وه ده‌خوازێت هه‌ر كه‌سێكی تر سواری كۆڵی میله‌تی بێت به‌مه‌رجێك ڕێز له كه‌لتوور و مێژووی بگرێت و ڕابوردووی بۆ بپارێزێت .
ئه‌م چاڵه‌به‌فرینانه له جێی ساردخانه و به‌ڕادی بازرگانی شاران و به‌فرگر و سه‌لاجه‌ی ماڵانی ئێستا بوونه، له زستاناندا له كێوه‌كانه‌وه به‌فریان بۆ هێنراوه و به به‌فر ئاخێنراون تا له هاویندا هه‌م به‌فریان لێ بفرۆ‌شرێت و هه‌میش كه‌سانی دارا، گۆشت و خۆراكی خۆیانی تێدا هه‌ڵبگرن و له گه‌نین بیپارێزن و له‌به‌رانبه‌ردا كرێ بده‌ن. ئه‌و به‌فردانه‌ی ئێمه چووینه سه‌ری ته‌نیا گومه‌زه‌كه‌ی سه‌ره‌وه‌ی مابوو و دیزاینه بنه‌ڕه‌تییه‌كه‌ی تێكچووبوو. به كابرای خاوه‌ن تاكسیم گوت: ئه‌م به‌فردانانه تا كه‌ی به‌كارهێنراون؟ سه‌رێكی له‌قاند و گوتی: چی بڵێم، نازانم، له‌وه‌ته‌ی من بیرم دێت هه‌ر وه‌كو شتێكی كۆنه سه‌یر ده‌كرێن و كه‌س سوودیان لێ نابینێت. ناحه‌قیشی نه‌بوو، 40 ساڵ ته‌مه‌ن چییه، تا یادگاریی له‌ته‌ك ئاوه‌ها شوێنه‌وارێكدا هه‌بێت !
ـــــــــ
ئه‌م گه‌ڕانه بۆ من پڕاوپڕ بوو له ئارامی و چێژی ڕووحی. یه‌كه‌م ساتی؛ بارانی گورگان ئاوڕووتی كردین و دواساته‌كانیشی میهری خاوه‌ن ماڵ شۆردینیه‌وه! ئومێدمه بۆ هه‌ر كوێ ده‌چم هاوڕێی وه‌ها ئێسكسوك و دڵگه‌رمم له‌گه‌ل بێت و پێ ده‌خه‌مه هه‌ر وڵاتێك باره‌گا و ئارامگای پیاوخاسانی وه‌های لێ بێت. بمێنن به خۆشی و به‌خته‌وه‌ری .