هاوەڵان فریشتە نەبوونە... وانەیەکی قورئانی

فیکر 2016-12-17 کۆمێنت 2793 جار بینراوە

ناکۆکییە سیاسییەکان لە نێوان هاوەڵاندا: (پەیامێک لەمەڕ پێگەی کەسان و پیرۆزیی مەبدەئەکانەوە)

بەشی سێیەم: هاوەڵان فریشتە نەبوونە، وانەیەک لە قورئانەوە بۆ خوێندنەوەی واقیعیانەی پیاوچاکان

نووسەر
  :

محمدی کوڕی موختاری شەنقیتی

بەکوردیکردنی:

یوسف مەلا خەلیل

پەندێک لە چیرۆکەکانی قورئانەوە

بێگومان زۆرێک لە زانایان، لە ئێستا و ڕابردوویشدا، کاتێک ژیانی هاوەڵان و دیرۆکی پێشینانیان نووسیوەتەوە و باس کردووە، تەنیا شێوازی پەسن و پیاهەڵدانیان لە ئاستیاندا پیادە کردووە و، لە باسی چاکە و جوامێرییان بترازێ، چیی دیکەیان لەبارەوە نەگوتوون و، هەمیشە لەگەڵ ئەوانەیشدا کە بە خراپی باسی هاوەڵانیان کردووە و دەکەن و ددان بە چاکەیاندا نانێن، لە کێشمەکێش و مشتومڕدا بوون .

بەدڵنیاییەوە، وێڕٍای ئەوەی ئەم شێواز و بەرنامەیە، بۆ بووژانەوەی خواستە ژاکاوەکان و گەشانەوەی دەمارە سستبووەکانی ڕۆڵەکانی ئوممەت و بەرپەرچدانەوەی گرووپە سەرسەخت و ملهوڕەکان، کارێکی تا ڕادەیەک بەسوود و دڵڕەوێنە، لێ پیادەکردنی ئەم بەرنامە و تێڕوانینەیش بەگشتی، لە کۆمەڵە کەموکورتییەکی بابەتی و مەنهەجی بە دوور نییە، گرنگترینیان ئەوەیە، بە تەنێ باسکردنی چاکە و جوانی و خاڵە پرشنگدارەکان، سروشتی مرۆڤبوون لە ژیانی ئەوانی یاران و پێشینانی یەکەم دادەماڵێ: سروشتی ململانێی نێوان واقیع و ئایدیاڵ و، چەشتنی ئەو تەنگژە دەروونییەی هەرسات پەیامدار لەپێناو بەرزبوونەوە بۆ ئاستی مەبدەئەکەیدا هەستی پێ دەکات و، دیمەنەکانی کەوتن و هەستانەوە و تاوان و گەڕانەوە و بێئاگابوون و بێداربوونەوە... کە دەبێ هەموو ئەم دیمەنانە، وەک خۆی لە ژیانی ئەوانیشدا نیشان بدرێن، هەر ئەمەشە گەوهەری ئەزموونی کەسانی باوەڕدار لە هەر سات و سەردەمێکدا و، بێگومان گەر مێژووش ئەم گەوهەرەی لەبیر کرد و بەو ئاڕاستەیەدا نەڕۆیشت، ئەوا لە مێژوویەکی زیندووی بزواوەوە بۆ دیرۆکێکی مەنگی پیرۆز ئاڵشت دەبآ و، دڵگەرمی دەهەژێنێ، بەڵام ئەزموونی دروست نابەخشێ و، پەرۆشی دەبزوێنێ، لێ پەند و ژیری پێشکەش ناکا و، کەموکورتیی دوایینەکان پیشان دەدات و لە شوێنکەوتنی پێشینانیش بێئومێدیان دەکات !

ئەوەتا قورئانیش لە کاتی گێڕانەوەی چیرۆکەکان و خستنەڕووی ژیانی پێشین و یەکەمینەکاندا، ئەم ڕێبازەی لە گێڕانەوەدا نەگرتووەتە بەر. تەنانەت کاتێک قورئانی پیرۆز باسی پێغەمبەرانی پاک و پارێزراو لە تاوانیش دەکات، وێنەی ژیانیان بە تەواوی وەک خۆی پیشانی هەموان دەدات، بەشێوەیەک هەروەک چۆن خاڵە بەهێزەکانیان باس و پەسن دەکات، بەهەمان شێوە و بێ سڵکردنەوە خاڵە لاوازەکانیشیان ئاشکرا و ئیدانە دەکات، بۆ ئەوەی مرۆڤ پەندیان لێ وەربگرێ و، مێژووەکەیش وەک مێژووی مرۆڤێکگەلێک کە لە گۆشت و خوێنن، سەیر بکرێ، نەک وەک مێژووی فریشتەگەلێک بێ ماندووبوون و تەنگانەبینین، کە لەسەر گوێڕایەڵی و چاکە ناچار کراون، تەماشا بکرێ و، ئەو فەرموودەیەی خودای گەورەیش بخوێنەرەوە کاتێک دەفەرموێ:(وعصى آدم ربه فغوىَ). واتە: ((بەڕاستی ئادەم سەرپێچی فەرمانی پەروەردگاری کرد، بۆیە لەڕێ دەرچوو)) و، نووحیش سڵاوی خودای لێ بێ دەفەرموێ: [قَالَ رَبِّ إِنِّى أَعُوذُ بِكَ أَنْ أَسْـئَلَكَ مَا لَيْسَ لِى بِهِۦ عِلْمٌ ۖ وَإِلَّا تَغْفِرْ لِى وَتَرْحَمْنِىٓ أَكُن مِّنَ ٱلْخَاسِرِين]. واتە: ((پەروەردگارا من پەنات پێ دەگرم لەوەی داوایەکت لێ بکەم کە زانیاریم لەبارەیەوە نییە و، گەر تۆیش لێم نەبووری و بەزەییت پێمدا نەیەتەوە، ئەوا بێگومان لە خەسارۆتمەندان دەبم))  و، لە بارەی داودەوە سڵاوی خودای لەسەر بێ دەفەرموێ:( وَظَنَّ دَاوُودُ أَنَّمَا فَتَنَّاهُوَلَقَدْ فَتَنَّا سُلَيْمَانَ). واتە: ((داود بۆی دەرکەوت کە ئێمە تووشی تاقیکردنەوەمان کردووە )).

سەبارەت بە سولەیمانیش ئاوا دەپەیڤێت:[وَلَقَدْ فَتَنَّا سُلَيْمَان]و، لەمەڕ یوسفیش سڵاوی خودای لەسەر بێ بەم جۆرە دەئاخڤێ: (وَلَقَدْ هَمَّتْ بِهِ وَهَمَّ بِهَا) و، هەرچی لەبارەی موسایشە خودای لێ ڕازی بێ دەفەرموێ:(قَالَ رَبِّ إِنِّي ظَلَمْتُ نَفْسِي فَاغْفِر لي)و، لە کۆتاییدا لەبارەی موحەممەدەوە سەلامی خودای لەسەر بێ کە کۆتایین نێردراو و پێغەمبەرە دەفەرموێ: [عَبَسَ وَتَوَلّى أَنْ جَاءَهُ الأَعْمَى] یان [عَفَا اللَّهُ عَنكَ لِمَ أَذِنتَ لَهُمْ]

بەڕاستی ئەم مەنهەجە قورئانییە دیمەنی ژیانی پەیامبەران و پیاوچاکان بە تەواوی دەخاتە ڕوو، بەشێوەیەک لەپاڵ چاکە و گەورەیی و ساتە گەشاوەکاندا، هەڵە و تەنگانە و کاتە تاریکەکانیشی وەک مرۆڤگەلێک لەبەرچاو گرتووە، باشە دەکرێ داوامان لێ بکرێ شوێن مرۆڤێگەلێک بکەوین کە خۆیان لە سیفەتی مرۆڤبوون داماڵرابن و سەروو مرۆڤ بن؟! بێگومان ئافرێنەری دروستکاری دادپەروەر هەرگیز ئاوا داوایەک لە بەندە ناکامڵەکانی ناکات، هەر بۆیە خۆیشی بەوپەڕی  مەبەست و داناییەوە نافەرموێ فریشتەیەکی پەیامبەرم بۆ ناردوون، بەڵکە دەفەرموێ مرۆڤێکی پەیامبەرم بۆ ڕەوانە کردوون: (قُل لَّوْ كَانَ فِي الْأَرْضِ مَلَائِكَةٌ يَمْشُونَ مُطْمَئِنِّينَ لَنَزَّلْنَا عَلَيْهِم مِّنَ السَّمَاءِ مَلَكًا رَّسُولًا). واتە: ((ئەی پەیامبەر پێیان بڵێ: ئەگەر لەسەر زەویدا فریشتە هەبوونایە و بۆ خۆیان بە ئارامی بەسەریدا بڕۆیشتنایە، ئەوە ئێمە فریشتەیەکمان لە ئاسمانەوە بۆ دادەبەزاندن تا ببێتە پەیامبەر بۆیان )).

 بە پوختی، ئەو دەرئەنجامە بەسوودەی لەم مەنهەجە قورئانییەوە دەستمان دەکەوێ ئەوەیە، کاتێک لە ژیان و مێژووی ئەوانەی سەرەتا و پێشین _هاوەڵان و جگە لەوانیش_ دەکۆڵرێتەوە، پێویستە زۆر جەخت لەسەر پیشاندانی هەموو لایەنەکانی ژیانیان بە تەواوی وەک خۆی بکرێتەوە و، تابلۆی ژیانیان بە تاریک و ڕۆشنیەوە، وەک خۆی بۆ هەمووان بخرێتە ڕوو، ئاخر چ دیرۆکێک لە مێژووی مرۆڤایەتییدا نییە هەمووی هەر تەنیا جوانی یا نەنگی بێ و، بێگومان پەندوەرگرتن لە هەڵە و کەموکوڕی ڕێک وەک سوودوەرگرتن لە پێکان و بێداری وایە، بگرە هەندێک جار مرۆڤ لە هەڵە و ناتەواوییەکان پتر سوودمەند و زێتر بەهرەمەند دەبێ. بێگومان ژیانی هەموو مرۆڤە باوەڕدارەکان، ئیدی هەر پلەیەکی ئیمانییان هەبێ _تاوانبار و ستملەخۆکردەکەیان یان مامناوەند و باشەکەیان یاخود زۆرچاک و دڵگەرمەکەیان_ تژییە لە پەند و وانەبینین، بۆیە دەبێ هەموو ژیان و مێژووی ئەوانی پێشوو، پەسەند و ناپەسەند، یا جوان و دزێویان، بە تەواوی باس بکرێ، بۆ ئەوەی شیاوی پەندلێوەرگرتن و شوێنکەوتن بن و، ژیان و باسیان وەک فریشتەی بێخەوش و دوورەتاوان لەقەڵەم نەدرێ، کە کەس نەتوانێ بە خەیاڵیش بەتەنگ شوێنکەوتن و چاولێکردنیانەوە بێ .
______________________________________________________________
* لینکی بەشەکانی تر: 

بەشی یەکەم:  http://hawsani.org/View.aspx?n=14121&m=1
بەشی دووەم: http://hawsani.org/View.aspx?n=15130&m=1


toilax vejledning toilax 2 mg toilax microlax
تاگەکان    
وەچەخستنەوە یادەوەری ڕانانی کتێب کۆیلایەتی دەروونی پارەی ئیلیکترۆنی عەبدولکەریم سرووش تەکنۆلۆژیا خێوەتگە بۆ ئەوانەی وەكو خۆمن دەروون فەلەستین دەربارەی کتێب دەروونناسی موناجات
فیکر
2016-12-17 کۆمێنت 2793 جار بینراوە
بابەتی زیاتر
سەرجەم مافەکانی پارێزراوە بۆ وارگەی هاوسانی . Copyright 2024 - hawsani.org © Developed by Kurdsoft
×
هاوسانی