پەنجەرەی غەم

فیکر 2016-12-17 کۆمێنت 3040 جار بینراوە

پەنجەرەی غەم

دڵسۆز وا‌حید

بیرەوەريیەکانم دەهاتنەوە بیر

ئەو سەردەمانەی بەدزيیەوە لە ژێر سیلەی دەرگاوە

یان به‌دزییه‌وه‌ له‌ پشت پەنجەرە تەڵخەکانەوە

دەمڕوانیيە ڕێبوارە پشووسوارەکان

تريفه! ئەم هەموو نائومێديیە چيیە لە مندا هەڵیکردووە؟

دایکم دەڵێت: ڕۆڵە! دە زۆر بیرمەکەره‌وە

لە کۆتایيدا

سەری خۆت دەخۆیت!

دەڵێت:

بچۆ دەرەوە

پیاسەیەک

قسەیەک

پێکەنینێک بچڕە...

ڕۆڵە! دەست مەنێ بەئەژنۆتەوە و هێند بیرمەکەره‌وە!

دەزانم دایکم شتێکی لەمندا شک بردووە

شتێک...

بۆ نموونە

شکانێک,

ڕووخانێک,

وێرانبوونێک,

کاولبوونێک...

چونکە

هەمیشە بەرۆکی نزاکان دەگرێت و

دەڵێت: خوایە!

دەزانم گوێت لێمە

کچەکەم بۆ چاک بکەره‌وە,

با چیتر بیرنەکاتەوە

با چیتر ئەم هەموو نائومێديیە لەکۆڵ نەنێت

تریفە!

هەر خۆم دەزانم ژیانی من چی بوو

تەنيا ڕوانینێک بوو 

لەو دیو پەنجەرەوە

هەر ئەو پەنجەرەی کە دەستی تەنيايی بەسەر تەواوی ژیانمدا هێنا

هەر کاتێک ون ببم

دەچمە ئەو دیو پەنجەرەی ئومێدەوە

وەک ئەوەی لە شاشەی پەنجەرەیەکی شکاوەوە

سەیری فیلمێکی سینەمایى بکەم

دەزانم

ئا, دەزانم

شتێک لە مندا شکاوە و هاڕڕڕەی کردووە

چونکە

هەرکاتێ بیردەکەمەوە

هەموو ڕۆحم خەڵتانی خوێن دەبێت

بیرمە

جارێکیان نەمزانی

بەردم گرتە پەنجەرەیەک و

شووشەکەی شکا,

ژنێک سەری دەرهێنا و

نزایەکی ناوەختی کرد و

وتی:

دەک دڵت وەک ئەم پەنجەرەیە بشکێت و پارچەکانیت بۆ کۆنەکرێنەوە

هەرکات چاو دادەخەم,

دڵم بەو ئاوازە خەبەرم دێنێتەوە

"دەک دڵت وەک ئەم پەنجەرەیە بشکێت و پارچەکانیت بۆ کۆنەکرێنەوە"

ئااااای

چ نزایەکی ناوەخت بوو بۆ دڵم

تەمەنێکم لە دەست چوو

هێشتايش بەدوای پارچەکانیدا دەگەڕێم و

بۆم کۆناکرێنەوە

چ نزایەکی ناوەخت بوو خوایە!

چ تەلەسیمێک بوو!

بیرمە هەر کاتێ

بیرم دەکەوتەوە

هەناوم دەبڕا و

دڵم خوورپەی لێوه‌ ده‌هات

گیانم هەمووی دەکەوتە لەرزین

دایکم دەیگوت:

ماڵوێران بێت ئەو کەسەی

دوعای ناوەختی بەدڵتدا پرژاند

ئەمجارە

گەورە بووم,

دەزانم گەر پەنجەرە بشکێت

جامچی دێت و جوانتر کەلێنەکانی دەگرێت

بەڵام

دڵ

ئا, دڵ

کە شکا

ئیدی هیچ تەبیبێک نيیە تیماری بکات

سەیرکە

چ نزایەکی ناوەخت بوو بەم تەمەنە کورتەی منەوە هاتە دی!

ئاهــ تریفە!

دڵ کە شکا

ئیدی ڕۆژت هەر لێ نابێتەوە

دڵتوندی, چەند درەنگ دەڕوات!

هێند نابات

کەڵکەڵەی سەفەر تەواوی مێشکم داگیر دەکات

ئەم هەموو حەوسەڵەی ڕۆشتنەم لە کوێ بوو؟!

خەریکە

بێدەنگیيش بەڕوومدا ئەقریشکێنێت!

لەم چۆڵەوانیيە بۆچی

قەرەباڵغی تەنی پێ هەڵچنیوم و دەمبات؟

قەرارە ئەمجارە بۆ کوێم ببات؟ ها!

نازانم کوێ کوێیە!

نا, نازانم...

لە کاتی ژوانی خودادا بووم

لەو دیو دەرگاوە

گوێم لە زڕه‌ی شکانی پەنجەرەیەک بوو

لە کۆڵان هەرای نابوویەوە

ژنێک

هاواری دەکرد:

مناڵ بوو, مناڵ

ڕێک

هەمان ئەو ئاوازه‌م گوێ لێ بوو

کە پێشتر ژیانی منی وێران کرد

فریا نەکەوتم

بڵێم "هۆۆۆۆ ژنێ!

زمانت بگەزە و نزای ناوەخت گیرایە, مەیکە"

فریا نەکەوتم

بڵێم:

"نزای شکان لە هیچ کەس مەکەن"

ئاخر ئازاری زۆرە زۆر

چەند ئاسان ژیان وێران دەبێت!

چەند ئاسان دڵ کاول دەبێت!

وەک تێپەڕبوونی

ئەو بایەی کە دەمێکە ئێرەی جێهێشتووە و

وەک یادگاریيەک هەمیشە دێتەوە و

کۆڵێ

بێتاقەتی بە سەراپای گیانمدا دەکات

مشتێکیش

دەپرژێنێتە پرچمەوە

تا لەگەڵ پرچە لوولەکەمدا

ئاڵۆز بن و

قەت بۆم جیانەبنەوە و

بۆ هەمیشە

بێتاقەتی لەنێو کاسەی سەرمدا بێت

من ڕاهاتووم,

گەر ڕۆژێ بێتاقەت نەبم

ئەوە دڵم تووند دەبێت و

یەکسەر دەست دەکەم بە گریان

وەک ئەو مناڵەی

دایکی چووە بۆ سەفەر و ئەوی له‌گه‌ڵ خۆی نەبردووە

چەند گرینۆکە ئەم دڵە مناڵەی من!

بە شکانی باڵی پەپوولەيش

دەست دەکاته گریانێک

بە چاکبوونەوەی دڵی ئەستێرەیەک نەبێت؛ ژیرنابێتەوە

دایکمم بینی

بەکوڵ

لە سوجدەدا دەگریا

هێند بە دڵپڕی

دەپاڕایەوە بۆم

وامزانی مردووم!

منیش لەتەنیشتیدا

بۆ خۆم، ئاگر لە دڵم بەربووبوو

دەمزانی شتێک لە مندا ڕوویداوە

کە چاکبوونەوەی

مەحاڵە, مەحاڵ

دڵم وەخت بوو..... لێی گەڕێ, هیچ!

دەزانم

ڕۆژێ سەری خۆم هەڵدەگرم و

کەس ناپرسێ بۆ کوێ؟

دەزانم

باوکم یەک کۆڵ بۆم دەگریەت

من دەزانم

کاتێ باوکم دەگری

چی بە حاڵی دێت

دەزانم گۆچانەکە لەتەکی جیانەبێتەوە

دەزانم بە هەر کۆڵانێکدا بڕوات

دڵی دەبژێت و چاوی تەڕ دەبێت

دەزانم دەڵێت:

"ئەها پیری! ڕووی پەنجەرەی بەختت سپی بێت"

بیرمە

یەک تەسبیح سەڵاواتی نەزر کردبوو

تا من بێمەوە هۆش خۆم و

دڵتوونديیم بڕوات

هەر کاتێ

بەبێتاقەتی دابنیشتمایه

دەیگوت: ڕۆڵە!

بێتاقەت مەبە و

وا بە مات و مەلوولی دامەنیشە,

هەرکەتۆ وادەبینم دڵم دەکوڵێت.

دەیگوت:

بچۆ,

یەک تەسبیح سەڵاوات و

دوو تەسبیح ئه‌سته‌غفيروڵا بخوێنە

مەرهەمی ئەو برینە پەنگخواردووەی دڵتە...

دایکم بۆی ده‌سه‌نده‌وه‌ و

دەیگوت: ئا, ئا کچەکەم!

لە موقالاتەکاندا هاتووە

سەڵاواتدان و ئه‌سته‌غفيروڵا زۆر کردن

چارەی غەم و دڵتونديیەكانه,

وەڵامدەرەوەی نزا مەحاڵەکانە...

کچم!

یەقینت هەبێت و

یەخەیان بگرە,

دەزانم

کۆتايی دێت

ڕۆژێ ئەم هەواری غەمە

سپێدەی دەم بەیان بێت

یان

ئێوارەی ڕەنگ پرتەقاڵی بێت,

کۆتايی دێت و گوڵستان هه‌ر ڕووەو دڵت دەپرژێت...

loperamid ratiopharm dburpdosering.site loperamid 4mg
تاگەکان    
تەلارسازی فیکر زمان #پیری وەلی ئەمر خوێندنەوە قودس کۆمه‌ڵه‌ بەڵگه‌یه‌ک که‌ له‌ شوێنی خۆیاندا نین نامە ئەنیمی نائومێدی موناجات بۆ ئەوانەی وەكو خۆمن دەروونی عەبدولکەریم سرووش
فیکر
2016-12-17 کۆمێنت 3040 جار بینراوە
بابەتی زیاتر
سەرجەم مافەکانی پارێزراوە بۆ وارگەی هاوسانی . Copyright 2024 - hawsani.org © Developed by Kurdsoft
×
هاوسانی