من وام

فیکر 2017-01-02 کۆمێنت 2811 جار بینراوە

من وام

دڵسۆز واحید

لەنێوان تاریکی و ڕۆشنايی ژیندا

حەزم بە تاریکیيە

من وام...

لەنێوان

نەخۆشی و ساغیدا

حەزم بە نەخۆشیيە

من وام...

دڵ لە دڵ نادەم

دەزانم

ئازاری جودايی چیيە

دەزانم ئیتر دەبێت

وەک تەمی پەنجەرەیەکی مەنفا

خۆم بدەم لە سڕینی هەناسەیەکی میحنەت

من وام...

لەنێوان ئازار و ئارامیدا

ئازار دەکەمە بەرگی جەستەی تەزیووم

کێ دەڵێت

دڵ جارێكى تر خۆی لە شادی نادات؟

کێ دەڵێت

خەم هەر دەبێتە قوڵنگەی کۆڵی بێ نازم؟

کە چوومەوە گوندەکەمان

بینیم,

باوەحاجيیەک, کوڵەباڵی بێتاقەتيی لە کۆڵ نابوو

کەچی

بەپشتی کۆماوەوە

هێشتا دڵی سەمای ئەوینی خودای دەکرد

بینیم,

لەژێر لێوی پڕ لە میحنەتی ڕۆژگاره‌وه‌

زیکری یاری دەکرد...

بینیم,

لەتاو ئەو ئەوینەی نێوان خۆی و خودادا, دونیای لەبیر نەمابوو

ئاهــ, چەند دڵم بە بینینی پیری ڕوخسارسپيی عاقیبەت بەخێری دەست بەگۆچانی وا دەکرێتەوه

لەولاوە دایەحاجی

چارۆکە بەشان

چیرۆکی داوودی بۆنخۆشی

بۆ مناڵانی گوند دەگێڕایەوە...

من وام,

چوونەوەم بۆ گوندیش پڕ له عیشقە

تەماشای کێوی بەرز و

دار قەزوان و بەڕوو و

کانيی پڕ لە مەکری کیژانی لێوئاڵ و

کوڕانی دڵ به‌ ئەوین چوو...

من وام,

لەگەڵ هەڵوەرینی گەڵایەکی زەمەندا

یەک دنیا دڵم تووند دەبێت

چ سڕێکە

لەژێر خیزەی گەڵایەکدا

هەناسەی ساردم دەبیسترێت؟

دایکم دەڵێت:

ڕۆڵە! کە چوویتەوە گوند, دنیا لە خۆت بیربەرەوە و

عەهدێکی تازە

بۆ ژینت بنووسە!

مناڵ بووم تێنەدەگەيشتم بۆ دایە وام پێ دەڵێت,

کە گەورە بووم

زانیم دایکم

فێری سادەیيم دەکات,

فێرم دەکات

ژیان

ئاسمان

دنیا

ئەوین

عيشق

پێکەنین

شادی

هەر هه‌مووی بەسادەییەوە جوانە...

دنیا لە خۆم ناهێنمەوە یەک

دەست دەکەمەوە

بە هۆنینەوەی پەلکەی عیشقێکی ڕەنگ پرتەقاڵی

وەک دەمەو ئێوارانی ئاوابوون

یان

وەک نەسیمی دەمبەیانيی گوندەکەمان

کێ دەڵێت دڵى من چیتر خۆش نیيە؟

ئەها

ئاوپرژێنی کۆڵانێکی بیرەوەری

بەدەست خاتوونی کۆڵان

چەندة دڵم لە سەمای شادی ده‌دات و دەمخاتە پێکەنین!

ئەها

ڕاکردنی مناڵێکی هەناسەسوار

چی حاڵێك بە دڵم دێنێت!

ئەها

ڕاماڵینی بەفری تەزیووی سەربانەکان

چ سادەترم دەکات!

کێ دەڵێت من چیتر دڵم خۆش نيیە؟

باوکم دەڵێت:

کچم! یەڵا بچینە باخ,

کۆڵێ بیرەوەری بێنینەوە

لەگەڵ سەبەتەیەک شادی و

یەک قوڵنگە پێکەنین...

کچم! وەرە

لە تەماشاکردنی

ڕۆشتنی هێواش هێواشی کیسەڵێکی بێدەنگی پیره‌وه‌

فێر بین لەسەر هەموو خەمەکانمان ئارام بگرین

لە ڕوانین

لە سمۆرەکانی نێو داره‌وه‌

ئومێدێک لە ناوەڕاستی دڵماندا هەڵکۆڵین

کچم! تۆ  دڵ لە دڵ مەدە

ئەو هەموو بێتاقەتيیە هەر دەڕوات...

وەرە بچینە لای کانی

وەرە بچینە سه‌ر کێو و

بچینە نێو گەنمەجاڕ

تا ببینین لە سروشتی گەشدا

چ ئومێدێک لە بوونی خواوە هەڵدەقوڵێت

تۆ وەرە

من,

لەسەر پەڕەی باڵی پەپوولە ئەوینت بۆ دەنووسم

تۆ وەرە تەنيا شاد بە,

بەڵێن دەدەم هەموو نزاکانم بۆت

بە نمەبارانێک بسپێرم!

کێ دەڵێت من دڵم خۆش نيیە؟ ها!

ئەها,

چۆن دەدەم لە پڕمەی پێکەنین

کە دەبینم

دار بەهێکە

بەهێی ڕەنگ زەردی وەک خەزانی دڵى گرتووە!

چۆن دڵ شاد نابم,

کە شەوان لە باڵکۆنەکەوە

عيشقی نێوان

مانگ و ئەستێرەکان بەگەشی دەبینم!

ئەها,

کشانی ئەستێرەیەک

چ ئاواتێک لە دڵمدا دەچێنێت!

ئەها,

دەچمە لای چرپە چرپی

ژنانی سەر تەنوور

یەک دنیا

بە دووکەڵی کولێرەیان مەست دەبم

ئەها چەنێ سادەم

بچوکترین شت دڵی من خۆش دەکات

خۆ ئەمانە بۆ شاديی بەستووی دڵم,

شتانێكی كه‌م نین!

toilax vejledning edanmarkhalsbrand.site toilax microlax
تاگەکان    
سەرفیترە سۆفیگەری خێوەتگە #پیری دیمانە فەڵەستین وەرزش زانست یاری کۆرۆرنا چیرۆک کورد فیلم عیرفان کۆرۆنا
فیکر
2017-01-02 کۆمێنت 2811 جار بینراوە
بابەتی زیاتر
سەرجەم مافەکانی پارێزراوە بۆ وارگەی هاوسانی . Copyright 2024 - hawsani.org © Developed by Kurdsoft
×
هاوسانی