مرۆڤ بە چی دێتە ناو ئیسلامەوە؟

فیکر 2017-01-12 کۆمێنت 3478 جار بینراوە

دیاردەی زیادەڕەویکردن لە تەکفیردا


بەشی
 سێهەم

نووسینی  : د  . یووسف  قهرزاوی    - وهرگێڕانی : میران مەجید


مرۆڤ بە چی دێتە ناو ئیسلامەوە؟


بنەمای یەکەم: مرۆڤ بە "شایەتومانھێنان" دێتە ناو ئیسلامەوە.

ھەر کەسێک بە زمانی شایەتومان بھێنێت و بڵێت (أشهد أن لاإله إلا الله وأن محمدا رسول الله) بەوە دێتە ناو ئیسلامەوە و حوکمی موسوڵمانی بەسەردا جێبەجێ دەبێت، ئەگەر چی بە دڵیشی کافربێت، لەبەر ئەوەی ئێمە فەرمانمان پێکراوە کە بڕیار بە ڕوواڵەت بدەین و، نھێنییەکانیش بۆ خودای گەورە جێبھێڵین. بەڵگەیش لەسەر ئەمە:


 ١-  له‌ سه‌رده‌می پێغەمبەردا (د.خ) ھەر کەسێک شایەتومانی ھێنابێت ڕاسته‌وخۆ هاتووه‌ته‌ ناو بازنه‌ی ئیسلامه‌وه‌  و به‌ موسوڵمان قبوڵ كراوه‌، ئیتر پێغه‌مبه‌ر(د.خ) چاوەڕێی ھاتنی کاتی نوێژ و زەکات دان، یاخود ھاتنی مانگی ڕەمەزانی نه‌كردووه‌ بۆ ئه‌وه‌ی کابرا ئەم فەرزانە جێبەجێ بکات، پاشان ئەم بڕیاری هاتنه‌ ناو ئیسلامی بۆ بدات، ھەر ئەوەندە بەس بووە لە لای کە ئیمانی بە ئه‌مانە ھەبێت و، بە ئاشکرا ئینکارییان لێ نەکات.

٢- فەرموودەی ئوسامەی کوڕی زەید (ر.خ) کە لە بوخاری و شوێنەکانی تردا ھاتووە، ئوسامە پیاوێکی کوشت کە شمشێری لێ بەرز کردبووەوە و وتبووی (لاإله إلا الله) پێغەمبەریش(د.خ) زۆر ناڕەزایی دەربڕی بەرامبەری و فەرمووی(‌أقتلته بعد ما قال: لاإله إلا الله)؟ ئایا تۆ کوشتت دوای ئەوەی گوتی (لاإله إلا الله)؟ ئوسامە گوتی: لەبەر ئەوە واى وت کە خۆی لە شمشێر بپارێزێت، پێغەمبەریش(د.خ) فەرمووی (افلا شققت عن قلبە) ئایا تۆ دڵی ئەوت شەقکردبوو؟. لە ھەندێک ڕیوایەتی تردا ھاتووە کە دەفەرمووێت(کیف لک بـ(لاإله إلا الله) يوم القيامة)؟


٣- فەرموودەی
ئەبو ھورەیرە (أمرت أن أقاتل الناس حتى يقولوا لاإله إلا الله, فإذا قالوها فقد عصموا مني دمائهم و أموالهم إلا بحقها, وحسابهم على الله )  متفق عليه, واتە: فەرمانم پێکراوە بجەنگم لەگەڵ ئەوانەدا کە جەنگم بەرامبەر دەکەن ھەتا دەڵێن "لاإله إلا الله" ئەگەر ھاتوو وتیان ئەوا خوێن و ماڵیان لە لایەن منەوە پارێزراوە مەگەر بە حەقی خۆی، هه‌ر‌وه‌ها سەره‌نجامیشیان لە قیامەتدا لای خودایە.
لە ڕیوایەتی موسلیمدا دەفەرموێت(حتی یشھدوا
أن لاإله إلا الله ويؤمنوا بي وما جئت به).
هه‌روه‌ها لە ڕیوایەتی بوخاریشدا بە مەرفوعی لە ئەنەسەوە ھاتووە (حتی یشھدوا أن لاإله إلا الله وأن محمدا عبده و رسوله).

          به‌ وته‌ی زانایان مەبەست لە وشەی (الناس) لە فەرموودەکەدا موشریکینی عەرەبە، ھەروەکو ئەنەس لە فەرمودەکەدا ڕاڤەی کردووە، لەبەر ئەوەی ئەھلی کیتاب جزیەیان لێ قبوڵکراوە بە دەقی قورئان.

          مەبەست لێرەدا ئەوەیە: ئەوان ئەگەر وتیان(
لاإله إلا الله) دێنە ناو ئیسلامەوە بەھۆیەوە، بە بەڵگەی پاراستنی خوێن و ماڵیان، لەبەر ئەوەی پاراستن(العصمة) یا بە ئیسلام دەبێت یاخود بە پەیمان (العھد) یاخود بە لە ئەستۆگرتن (الذمة), لێرەدا باسی پەیمان و لە ئەستۆگرتن نەکراوە، بۆیە ھەر ئیسلام دەمێنێتەوە.
          ئەم فەرموودەیەش
له‌ كۆمه‌ڵێك له‌ هاوه‌ڵانه‌وه‌ بە سەحیحی و به‌ ده‌ربڕینی نزیك له‌ یه‌كتر هاتووه‌. لەبەر ئەوە حافزی (سیوطی) لە کتێبی (الجامع الصغیر)دا دەفەرمووێت: فەرموودەیەکی موتەواتیرە.

          (مەناوی)يش كه‌ ڕاڤەکاری ئەم فەرموودەیه‌یه‌ دەفەرمووێت: فه‌رمووده‌یه‌كی موته‌واتیره‌ لەبەر ئەوەی پانزە سەحابی ڕیوایەتیان کردووە.


          ڕیوایەتکراوە لە سوفیانی کوڕی عویەینەوە _یەکێک لە پێشەوایانی فەرموودە
لە زەمەنی خۆیدا_ کە وتویەتی: ئەم فەرموودەیە لە سەرەتاکانی ئیسلامەوە بووە پێش فەرزکردنی نوێژ و ڕۆژوو و زەکات و کۆچکردن.
          زانای گەورە ئیبن رەجەب قسە لەسەر ئەم وتەیە دەکات لە کتێبەکەیدا (جامع العلوم و الحکم) و دەڵێ: ئەم وتەیە زۆر لاوازە و، لە درووستی پاڵدانی ئەم قسەیە بۆ لای سوفیان گومان ھەیە، پاشان گێڕه‌ره‌وه‌كانی ئەم فەرموودانە _ مەبەست ھەموو ڕێگەکانی ئەم فەرموودەیەیە_ لە مەدینە بوونەتە ھاوەڵی پێغەمبەری خودا(د.خ)، هه‌روەها ھەندێکیشیان لەو دواییانەوە موسوڵمان بوون.
پاشان ئەوەی کە دەفەرمووێت(عصموا مني دماءهم و أموالهم) ئاماژەیە لەسەر ئەوە کە لە ئه‌و کاتەدا فەرمانی شەڕکردنی پێکراوە، ئەمەش ھەمووی لە دوای کۆچکردنیيەوە بووە بۆ مەدینە. پاشان دەڵێت: ئەوەی پێویستە بزانرێت ئەوەیە کە پێغەمبەری خودا (د.خ) تەنھا بە شایەتومان ھێنان ڕازی دەبوو بە ھاتنە ناو ئیسلامی ھەرکەسێک و، بەمەش خوێنی پارێزراو دەبوو و، دەبوو بە موسوڵمان، ئەوە بوو ناڕەزایەتی دەربڕی بەرامبەر ئوسامەی کوری زەید کاتێک ئەو کابرایەی کوشت کە وتی (
لاإله إلا الله) له‌ کاتێکدا شمشێرەکەی لێ بەرز کردەوە، پێغەمبەر (د.خ) بە مەرجی نەگرتبوو لەسەر ھیچ کەس کە موسوڵمان دەبوو ئیتر دەبێت پابەند بێت بە نوێژ و زەکاتەوە، بەڵکو ڕیوایەتکراوە کە پێغەمبەر (د.خ) موسوڵمانبوونی کۆمەڵێکی قبوڵکردووە کە مەرجی ئەوەیان ھەبووە زەکات نەدەن!.

لە موسنەدی ئیمام ئەحمەددا لە جابرەوە (ر.خ) ھاتووە کە دەفەرمووێت: ھۆزی سەقیف کردیان بە مەرج بەسەر پێغەمبەری خوداوە هیچ كام له‌ سەدەقە زەکات و جیھادیان لەسەر فەرز نه‌بێت، پێغەمبەری خوداش (د.خ) فەرمووی لە پاشاندا زەکاتیش دەدەن و جیھادیش دەکەن (سیتصدقون و یجاھدون).

          ھەر لە موسنەددا ھاتووە لە نەصری کوڕی عاصمی لەیسییەوە لە پیاوێکی ھۆزەکەیانەوە کە ھاتووه‌تە خزمەت پێغەمبەر (د.خ) و موسوڵمان بووە لەسەر ئەوەی کە تەنھا دوو نوێژ بکات و، پێغەمبەری خوداش (د.خ) ڕازی بووە.


          ئیبن ڕەجەب دەڵێت: ئیمامی ئەحمەد بەڵگەی بەم فەرموودانە ھێناوەتەوە و دەڵێت: موسوڵمان بوون درووسته‌ لەسەر مەرجێکی نادرووست‌، پاش موسوڵمانبوونه‌كه‌شی دەبێت پابەند بێت بە سەرجەم پەرستشەکانی ئیسلامەوە.

         ھەروەھا بەڵگە دەھێننەوە کە حەکیمی کوڕی حیزام وتویەتی: بەیعەتم دا بە پێغەمبەر(د.خ) (علی أن لا أخر إلا قائما) . ئیمامی ئەحمەد دەفەرمووێت: مانای ئەم قسەیە ئەوەیە کە سوجدە ببات بەبێ ڕکوع. لێرەدا قسەی ئیبن ڕەجەب تەواو دەبێت.

له‌وانه‌ی كه‌ هێنامانن گرنگترینیان دوو شته‌:


یەکەم: ھاتنە ناو ئیسلامەوە، بە ھێنانی شایەتومان دەبێت(
لاإله إلا الله  محمد رسول الله) و ئەوەشی لە ھەندێ لە فەرموودەکاندا تەنھا باسی (لاإله إلا الله) کراوە، یان لەبەر ئەوەیە ئیکتیفایان بە وتەی تەوحید کردووە یاخود لەبەر کورت بڕی بووە لە لایەن ھەندێ لە گێڕه‌ره‌وه‌كانه‌وه‌. یاخود لەبەر ئەوە بووە موشریکینی عەرەب کە وشەی (الناس) دەیانگرێتەوە لە فەرموودەکەدا، ئیقراریان بە وتنی (لاإله إلا الله) نەدەکرد ئەگەر باوەڕیان بەو کەسە نەبووایە کە ئەم وتەیەی ھێناوە، بانگەشەی بۆ دەکات، کە ئەویش پێغەمبەری خودایە (د.خ) .

بۆیه‌ لە ھەندێک لە سەلەفەوە ھاتووه‌ كه‌ ئیسلام وشەیەکە (الإسلام کلمة) مەبەست له‌ ئه‌مه‌ش وشەی شەھادەیە.
          بەڵام نوێژ و ڕۆژوو و ھەموو پەرستشەکانی تری ئیسلام لە دوای موسوڵمان بوونەوە داوا کراوە لە مرۆڤ، چونکە ئەو شتانە درووست نییە و قبوڵناکرێت تەنھا لە موسوڵمان نەبێت. چونکە کافر نوێژ ڕۆژوو حەج و ھیچ ئه‌ركێكی تری ئایینیی بۆ نییە لەبەر ئەوەی مەرجی قبوڵبوونی لە دەست داوە، کە ئەویش بریتییە لە ئیسلام.

دووه‌م: گەیاندنی ئەو نەرمونیانی و ڕوانینە فراوانەی کە لە فەرموودەکانی کۆتاییدا لە لایەن ئیبن ڕەجەبەوە باسکران و پێشەوای ئەھلی سوننەت ئەحمەدی کوڕی حەنبەل ڕیوایەتی کردوون، کە پێغەمبەر(د.خ) چارەسەری شتەکانی پێکردووە و، ڕووبەڕووی ھەڵوێستەکان بووه‌ته‌وه‌ پێیان، بە تایبەت لەگەڵ ئەوانەدا کە تازە ده‌هاتنه‌ ناو ئیسلامه‌وه‌.

          دەبینی ھەندێك جار پێغه‌مبه‌ر (د.خ) شتانێکی لە کۆمەڵێك قبوڵکردووە کە لە خەڵکانی تری قبوڵنەکردووە،  بۆیە لە بەشیری کوڕی خەصاصییەوە ھاتووە کە ویستوویەتی بەیعەت بدات بە پێغەمبەری خودا (د.خ) لەسەر ئیسلام بە بێ ئەوەی زەکات بدات و جیھاد بکات، بەڵام  پێغەمبەری خودا (د.خ) دەستی ناداتێ و دەفەرمووێت(يابشير, لاجهاد ولا صدقة! فبم تدخل الجنة إذن؟!) واتە: ئەی بەشیر نە زەکات دەدەیت و نە جیھاد دەکەیت! ئەی کەواتە بە چی دەچیتە بەھەشتەوە؟!

          بەڵام ئەمەی لە ھۆزی سەقیف قبوڵکرد، لە بەر ئەوەی دەیزانی ئەوان لەسەر ئەم ھەڵوێستە نامێننەوە و، ئەگەر ھاتوو باش لە ئیسلام گەشتن ئەوا ئەوانیش وەکو ھەموو مسوڵمانانی تر دەکەن و سەرجەم فەرزەکان جێبەجێ دەکەن، بۆیە زۆر بە متمانەوە لە بارەیانەوە فەرمووی (دواتر زەکاتیش دەدەن و جیھادیش دەکەن).

 




dexamethason blog dexamethason wikipedia dexamethason revlimid
amitriptylin pris smertehvorvikan.site amitriptylin tinnitus
تاگەکان    
بووژانەوە هاوڕەگەزخوازی بوومەلەرزە بوووژانەوە ڕەزا بابایی شەڕ حزبی ئیسلامی تەنیایی دەروونناسی نائومێدی نیشتیمان ڕانانی کتێبب ئیسرائیل گۆرانی زانکۆ
فیکر
2017-01-12 کۆمێنت 3478 جار بینراوە
بابەتی زیاتر
سەرجەم مافەکانی پارێزراوە بۆ وارگەی هاوسانی . Copyright 2024 - hawsani.org © Developed by Kurdsoft
×
هاوسانی