دیکتاتۆرەکان زۆرجار لەیەک دەچن: ئۆردوگان و هۆگۆ شاڤێز

فیکر 2017-01-22 کۆمێنت 2007 جار بینراوە

دیکتاتۆرەکان زۆرجار لەیەک دەچن: ئۆردوگان و هۆگۆ شاڤێز

نووسینی : مایکڵ ڕۆبن – وەرگێڕانی: علی نادر

لەسەرەتاوە هەمیشە بە ڕیفۆرمخواز دەردەکەون، بەڵام لوتبەرزییان لەبەرامبەر نەیارەکانیاندا دواى ماوەیەک دەیانگۆڕێت بۆ دەسەڵاتدارێکى پاوانخواز ...

ڕاپۆرتێکى شیکارى سەبارەت بە خاڵە لەیکچووەکان و جیاوازەکانى ئۆردوگان و هۆگۆ شاڤێز لەم ڕاپۆرتەى مایکڵ ڕۆبندا بخوێنەوە :

لە ساڵى 1970 ڤەنزوێلا نەک تەنها دەوڵەمەندترین وڵاتى کیشوەرى ئەمریکاى باشور بوو، بەڵکو یەکێک بوو لە بیست دەوڵەمەندترین وڵاتانى سەر زەوى. بەهۆى گاز و سەرچاوە سروشتییەکانى ترەوە داهاتى ساڵانەى تاکێکى ڤەنزوێلی بەڕێژەیەکى کەم لە خوارووى داهاتى ساڵانەى تاکێکى بەریتانییەوە بوو. جیاوازى لە داهاتى تاکەکاندا هەبوو، بەڵام داهاتوو ڕۆشن بوو .

دواتر هۆگۆ شافێز هاتە نێو مەیدانەکەوە، ناوبراو ئەو ئەفسەرە سەربازییە بوو کە بەهۆى سەرکردایەتیکردنى کودەتاکەى ساڵى 1992-ەوە زیندانی کرابوو. بەهۆى ئەو ئاژاوانەوە کە لە ئەنجامى ناجێگیرى و ڕیفۆرمى ئابورییەوە دروست بووبوو، پەیامە بەناوبانگەکانى شاڤێز لە وڵاتدا دەنگیان دایەوە، ئەو جۆرە پەیامانە بەتایبەت جێی سەرنجى ئەوانە بوو کە هەستیان بە دواکەوتوویی دەکرد. بەقۆستنەوەى ئەو هەلانەى کە لە ئەنجامى ڕەشبینى و نائومێدی و ناڕێکى سیاسی و جیاوازى دابەشکردنى داهاتەکانەوە هاتبونە ئاراوە، شاڤێز توانى لە هەڵبژاردنەکاندا 56% دەنگەکان بۆخۆى مسۆگەر بکات .

شاڤێز هەرگیز ئاوڕى لە ڕابردوو نەدایەوە. چینى تەکنۆکراتی لە دەسەڵاتدا وەدەرنا و لە جێیاندا هاوڕێ و هابیرەکانى خۆى خستە نێو دەسەڵاتەوە. هەڵمەتێکى بۆ سەرکوتکردنى میدیاى وڵاتەکەى دەست پێکرد و لە دژى هەر چیرۆک و هەواڵێکیش دەوەستایەوە کە ناڕێکى دەسەڵاتەکەى نیشاندایە. ئابوورى ڤەنزوێلا داڕووخا. بەدڵنیاییەوە دابەزینى نرخى جیهانى نەوت بەتەنها هۆکارى داڕمانى ئابورى ڤەنزوێلا نەبوو بەو شێوەیەى کە ئەمڕۆ دەیبینین: هەرچەند پێشتر نرخى نەوت دابەزی بوو، بەڵام هەرگیز ئەو کاریگەرییە کوشندەیەى هاوشێوەى سەردەمى دەسەڵاتى شاڤێزى نەبوو .

بابگەڕێینەوە بۆلاى تورکیا: ئەگەر توێژەرەوان ئیسلامگەرایی بکەنە جێگرەوەى سۆیسالیزم، ئەوا دەرکەوتنى ئۆروگان دەبێتە لێکچویەکى ترسناکى شاڤێز. هەرچەن ئەگەر سەیرى تۆمار و مێژووى هەریەک لەو دوو سەرکردەیە بکرێت، ئەوا دەبینیت جیاوازییەکى بەرچاویان هەیە، بەهەموو پێوەرەکان: شاڤێز کەسایەتییەکى سەربازى بوو، بەڵام ئۆردوگان بەوشێوەیە نییە. شاڤێز بیرى سۆسیالیستى پەیڕەو دەکرد، بەڵام ئۆردوگان، هەر هیچ نەبێت بەشێوەیەکى سەرەتایی، بازاڕى ئازادى لا پەسەندە. بەڵام لەیەکچوونەکان گەلێک لە جیاوازییەکان سەنگینترن. هەردوو سەرکردەکە بە هەژارى گەورە بوون، هەروەها هەردووکیان زەمەنێکیان لە زینداندا بەڕێکرد، هەردووکیان نەیانتوانى نەفرەتى خۆیان لە دژى دەستورى وڵات بشارنەوە. هەردوو کەسایەتییەکە ئەولەویەتى زیاتریان بە دەسەڵاتى تاکەکەسى دەدا. هاوشێوەى ئۆردوگان لە تورکیا، هۆگۆشاڤێز زوو هەستى بەوە کرد کە میدیاى ئازاد دەبێتە ڕێگر لەبەردەم پێشکەوتنەکانیدا، هەربۆیە هەڵمەتێکى لە دژى میدیاى ئازاد دەستپێکرد (هەرچەن لە ڕۆژگارى ئەمڕۆماندا ڤەنزوێلا خاوەنى میدیایەکى تاڕەدەیەک ئازاد ترە وەک لە میدیاى تورکیا) هەردوو سەرکردە بە شێوەیەکى قۆرخکارى میدیاى خۆیان بەکار دەهێنا بۆ برەودان بە تیۆرى پیلانگێڕان و دوورکەوتنەوە لە بەرپرسیارێتى تاکەکەسى. بەڕواڵەت بەرگرییان لە هەژاران دەکرد، بەڵام وا دەرکەوت کە هەرووکیان خۆیان و بنەماڵەکەیان دەوڵەمەند دەکەن .

دروستە گەر بڵێیت لەسەرەتای ساڵانى دەسەڵاتیدا ئۆردوگان ئابوورى تورکیاى گەڕاندەوە سەر ڕێچکەى پێشکەوتن، بەڵام شاڤێز هەر لەسەرەتاوە فەنزوێلاى خەڵتانى خوێن کرد. ئۆردوگان هەندێک ڕیفۆرمى دەستپێکرد، کە هەندێکیان ئارایشى بوون و هەندێکى تر ڕاستەقینە بوون، بەم پێیەیش ئابوورى تورکیا گەشایەوە. لەناوەرۆکدا پێشکەوتنەکان ئەوەندەى دابەشبونێکى دیمۆگرافى بوون ئەوەندە پەیوەست نەبوون بە خودى ئۆردوگانەوە، پێدەچێت هۆکارى ئەمەش وەرگرتنى کۆمەکى دارایی بێت لە لایەن چەند وڵاتێکى خەلیجییەو هاوشێوەى قەتەر یان سعودیە .

ئەو گورزە کوشندەیەى بەر ئابوورى ڤەنزوێلا کەوت، پێدەچێت بەهەمان شێواز ڕووبەڕووى ئابوورى تورکیایش بێتەوە، ئەویش بریتییە لە ئەولەویتدان بە سیاسەت بەسەر ئابووریدا بەمەبەستى ڕێکخستەنەوى سیاسەتى وڵات، هەروەها هەردوو سەرکردە واقعى وڵاتیان ڕەتکردوەتەوە. لەماوەى دوو مانگى ڕابردوودا دراوى تورکیا 15% نرخى ڕاستەقینەى خۆى لە بەرامبەر دۆلاردا لەدەست داوە، ئەمەش سەرهەڵدانەوەى نیگەرانییەکانە بۆ جارێکى تر. ئۆردوگان بە شانازییەوە باسى گەشەى ئابوورى وڵاتەکەى لە سەردەمى خۆیدا کرد و وتی: تورکیا ئەمڕۆ سێ ئەوەندەى چواردە ساڵ پێش ئێستا دەوڵەمەندە. هەروەها وتى ئەمانە هیچ نین، ڕاستییەکەى گەشەسەندنى داهاتى ناوخۆى تورکیایە بە ڕێژەى 65% کە کەمێک لە بازاڕە پێشکەوتوەکان و فراوانەکانى جیهانەوە دوورە. هیچ ڕۆژنامەنوسێکى تورکیا ناتوانێت ناڕێکییەکى ئۆردوگان بخاتە ڕوو، چونکە ئەنجامدانى وەها کارێک یان دەبێتە هۆى دەستبەسەرى یان ئەو ڕۆژنامەنوسە کارەکەى لەدەست دەدات .

هەرچەن هەڵەکانى ئۆردوگان بەتەنها هەڕەشەیەک نین لەمەڕ پێشکەوتنى ئابووریدا، بەڵکو زیاد بوونى ئەو بڕیارانەیە کە زیاتر ڕەهەندێکى پەرچەکرداریی تۆڵەسەندنەوەیان پێوە دیارە وەک لەوەی بڕیار گەلێکى یاسایی بن. ئۆردوگان کودەتا شکستخواردووەکەى 15ى جوڵاى کردە بیانویەک بۆ لەسەرکارلادانى زیاد لە 1500 کارمەندى وەزارەتى دارایی. بانک و بازرگانى بەتەواوى سنوردار کردووە. ئەم کارانەش لێکەوتیان دەبێت. لە مانگى ئەیلولدا خزمەتگوزارى وەبەرهێنانى مۆدى (Moody’s Investor Services ) ڕێژەى بەڵێنەکانى لە گەڵ تورکیادا بۆ کەمترین ئاست دابەزاند. قەرزدەرە نێو دەوڵەتییەکان لە بانکەکانى تورکیا زیاتر دوور دەکەونەوە. بازرگانە تورکەکانیش بەهەمان شێواز یان وڵات بەجێدێڵن یان سەرمایەکانیان دەگوازنەوە بۆ دەرەوەى تورکیا .

تادێت ئۆردوگان زیاتر پیلان دەگێڕێت و باوەڕەکانى خۆى زیاتر دووپات دەکاتەوە. زۆر بەدەگمەن بیر لە "ڕێژەى سودى لۆبیکردن" دەکاتەوە. بەم دواییە داواى لە تورکەکان کرد هەرچى دراوى دۆلاریان هەیە بە پارەى تورکى بگۆڕنەوە مەبەست لەمەش بەهێزکردنى دراوى وڵاتەکەیانە. هەروەها ئەوەیشى وت: هاونیشتمانییە ئازیزەکانم، من لە پێناوى خودادا ئێوەم خۆش دەوێت، داواکارم لەوانەى کە دراوى بیانیان هەیە و لە ژێر سەرینەکانیاندا شاردویانەتەوە بیگۆڕنەوە بە لیرەى تورکى یان ئاڵتون، بەم شێوەیە پارەى وڵاتەکەمان بەهێز دەبێت و نرخى ئاڵتونیش بەرز دەبێتەوە. هەروەها درێژەى بە وتەکان دا و وتى: ئێمە لە پێناوى چیدا نرخى دراوى بیانى بەرز بکەینەوە؟ ئەگەر ئێوە ئەم کارە ئەنجام بدەن ئەوا فێڵی دوژمنان لە گۆڕ دەنێن، (تا ئێستا هیچ بەڵگەیەک نییە کە نیشانى بدات ئایا ئەو هەموو ملیارە دۆلارەى خۆى و خێزانەکەی کەلە ڕێى کۆمپانیاکانى تەلەفۆنەوە دەستیان کەوتوە گۆڕیویانەتەوە بە لیرە یان نا؟).

ئەم بابەتە لە هەژمارى تویتەرەکەى مایکڵ ڕۆبنەوە وەرگیراوە

naltrexone canada partickcurlingclub.co.uk naltrexone clinic
تاگەکان    
خاڵبەندی یاری نیشتیمان قەدەر بوونەوەری ئاسمانی سۆفیگەری كتێب ئەدەبیاتی فارسی فەلەستین فەرهەنگ کۆرۆرنا کۆمه‌ڵه‌ بەڵگه‌یه‌ک که‌ له‌ شوێنی خۆیاندا نین چەواشەکاریی لۆژیکی گێڕانەوە ڕۆژاوا
فیکر
2017-01-22 کۆمێنت 2007 جار بینراوە
بابەتی زیاتر
سەرجەم مافەکانی پارێزراوە بۆ وارگەی هاوسانی . Copyright 2024 - hawsani.org © Developed by Kurdsoft
×
هاوسانی