ینای بەرز و بیرەنەوتی قووڵی بەرپرسەکان، ئاڵای سپین

فیکر 2017-01-22 کۆمێنت 1604 جار بینراوە

ینای بەرز و بیرەنەوتی قووڵی بەرپرسەکان، ئاڵای سپین

حەکیم کاکەوەیس

 

کاتێ هیچ پسپۆرییەکمان نەبێ، نازناوی "ڕۆشنبیر" بۆ خۆمان دادەنێین و قسە لە هەموو شتێک دەکەین و حوکمیشە دەبێ گوێمان لێ بگیرێ. کە پسپۆرییەکیشمان دەبێ، وەک من کە (بە ناوە) لە بیرکاریدا هەمە و مەگەر بۆ لێکدانەوەی لۆژیکانە بەکەڵکم بێ، دەستبەرداری دەبین و دەچینە ناو لەشکری بێسەرەتا و کۆتایی ڕۆشنبیرانەوە، بێ ئەوەی پێناسەیەکی دیاریکراومان بۆ "ڕۆشنبیر" هەبێ. من لە لای خۆمەوە، دڵم بەم پێناسەیە ئاو دەخواتەوە و با خوێنەری ئەم بابەتەش پێناسەی تری بۆی هەبێ: "ڕۆشنبیر کەسێکە، لە هەر شتە و شتێ دەزانێ". ئەوەش هەر دەکاتەوە ئەوەی لە هیچ شتێکدا، بە تەواوەتی شارەزا نییە و دیارە منیش هەر وام. پێناسەش هەیە دەڵێ: لەو ڕۆژەوەی مرۆ فێر بووە کەرەسە بەکار بێنێ، ڕۆشنبیر بووە! واتەم پێش ئەوەی بزانێ نەقیزە بەکار بێنێ زانیویەتی چۆن و بە چی دروستی بکا و ئیتر بووە بە ڕۆشنبیر. چەندین جار و بار بۆ خۆجیاکردنەوە و بەرزبوونەوە، گوێم لێ بووە گوتوویانە: "ئێمەی ڕۆشنبیر...". بۆ ئەوەی ئەو کێشەیە بە بێ چارەسەر جێنەهێڵم، من بە خۆم دەڵێم خوێنەوار یا خوێنەر یا کەسێک کە بە دوای زانیاریدا دەگەڕێ و دەیگەیەنێ. ئەگەر ئەوە ڕۆشنبیر بێ لە پەراوێزیشدا بێ من هەووم، دەنا نەء! دیارە کە لە ناو ڕۆشنبیراندا هەڵکەوتووش هەیە کە خوێنەر هەمیشە بە دوای بابەتەکانیدا دەگەڕێ... ئەوە، دەبێ گرنگی بە لایەنێکی دیاریکراوی ڕووناکبیری دابێ دەنا وەک زۆرینەکە، دەست لە گونان درێژتر لێی دەردەچێ. ئەوەی دوێنێ بەڵگەی بۆ ڕاستیی کارەکانی ستالین یا هیتلەر دەهێنایەوە و ئێستا بە هەمان چاوقایمییەوە لافی دیموکراسی و کۆمەڵگەی مەدەنی لێدەدا، چاکترە (خوێنەر بیمرێنێ) کەچی لە ناو ئێمەدا، لە جاران باشتر گەشە دەکا .

هەست بە ناڕێکییەکی کوشندە لەو وشەیەدا، یا ئەو زاراوەیەدا دەکەم. هەر ئەو ناڕێکییە نەبیندراوەش بوو وای لە زۆرینەی "ڕۆشنبیر"ان کرد، ماوەی دەیان ساڵ سەرجەمی میللەتێک بە پڕوپووچەوە سەرقاڵ بکەن و وای لێ بکەن، لە هیچ هەنگاوێکدا بەر پای خۆی نەبینێ. هەموو پێناسەیەکیان بۆ کار کرد، پێناسەی ڕاستەقینەی "کار" نەبێ، کە لە خوێندنی فیزیادا جۆرێکە و لە بواری ئابووریی سەرمایەداریدا جۆرێکی ترە(*). دەیان ساڵ بە سۆسیالیزمی ستالینەوە سەرقاڵ بووین، سستەمەکەی ستالینیش ڕووخا و ڕەنجی ئێمەش بە با چوو. دەیان ساڵ بە چینی شەعبییەوە سەرقاڵ بووین، سستەمی چینیش گۆڕا و بوو بە سەرمایەداری. دەیان کتێب و نامیلکە و شیعرمان لە سەر چی گیڤارە نووسی، هەموو سەرکەوتنەکەی ئەویش شەهیدبوون بوو و چەوساوەکانی ئەمەریکای باشوور و جیهان وەکو خۆیان مانەوە. چەندین ساڵ سەرقاڵی سستەمی ئەلبانیا بووین، کەچی ئەو وڵاتەش، بە هۆی دواکەوتووییەوە، ناوی ئەسیوپیای ئەوروپای بە سەردا سەپا. قیبلەنومامان بەرەو کووباش وەردەسووڕا و ئەویشمان دی. بۆ جوانکردن و قەبووڵکردنی کۆیلایەتی، دەیان ساڵ دەهۆڵی برایەتی کورد و عارەبمان کوتا، کەچی ئەنجامی برایەتی، ئەنفال و کیمیا بارانی کورد و فرۆشتنی کچانمان بوو. بە بەژن و باڵای شۆڕشی ئەهوارەکان و موحسین حەکیمماندا هەڵدا، کەچی شیعەی برا، بەرانبەرمان، لە بەعس دڕتر دەرچوو. ئەو هەموو کەتنەمان کرد و دەمی خۆمان لستەوە، بێ ئەوەی کەس هەقوحیسابێکمان لەگەڵدا بکا و بڵێ: "کوێراییتان دابێ بۆ واتان لەو خەڵکە کرد و ئەو هەموو کات و ڕەنج و خوێنەتان بەفیڕۆ دا؟!". ئێستاش، هیچی وا نەماوە دەست بە کلکییەوە بگرین، فەلسەفەی ڕۆژاوا نەبێ کە خۆیان (ئەوروپییەکان) بە دەگمەن نەبێ بە لایدا ناچن و سەرچاوەکەی یۆنانە و باسەکانی، هەر بە قەدەر خدری زندە و کەوسواری یارسانان ڕاستە، با وەک بزنە و مەڕەی خۆمان، بەرهەمی هزری مرۆڤیش بێ. ئەو هەرایەی ڕۆشنبیران بە دەوری فەلسەفەدا بەرپایان کردووە، لە ئەوروپا مەگەر زۆر بە دەگمەن، دەنا کەس بە لایدا ناچێ. بەڵام با ئەوەی لێ دەرکەین کە ئەوروپاییەکان، ڕێنیسانسیان بەرپاکرد و کەنیسەیان لە کاروباری وڵاتدا پەکخست! ئێمە ئەوەیان ناکەین!... لەبەر ئەوەی ڕاستە و هی ئەوەیە دەقاودەق لاسایی بکرێتەوە، بڤەیە! نە شۆڕشی هەڵم لای ئێمە بابەتە و نە ڕێنیسانس و وەلانانی دەسەڵاتی مەلازادان .

"ڕۆشنبیر" چی لەو میللەتە دەوێ؟! ئەوەی دوێنێ ئەو بالۆرانەی سەرەوەی لێ دەدا، ئەمڕۆ بای داوەتەوە و بە هەمان نەفەسەوە (حوکمیشە گوێی لێ بگیرێ!)، بە بەژنوباڵای ئیمپریالیزمو سەرمایەداری و بیناسازی کوردستاندا هەڵدەدا و دەیەوێ ئەو بیناسازییەی سلێمانی و هەولێر و دهۆک لە کورد بکا بە دەستکەوت و بەڵگەی پێشکەوتن و سەرفرازی؟ ئەگەر من وای نەبینم چ دەبێ؟! ڕۆشنبیر نیم؟! دیسان بەزمەکەیە و تۆمەتباران دەکرێم: کۆنەپەرستی و نەتەوەپەرستی و هەزار ناتۆرەی ترم دەدرێنە پاڵ! چش!! من ڕۆشنبیر نیم !

من ئاڵایەکی سپی، ئاڵای خۆبەدەستەوەدان بە سەر هەر یەکێ لەو بینا بیست نهۆمییانەوە دەبینم، کە لەو شارانەدا بەرز کراونەتەوە، چونکە موڵکی کەسانێکن، بۆ سەلامەتی چارەنووسی ئەو بینایانە، بڕیاری بەدکارانە لە سەر چارەنووسی میللەتێک و نیشتیمانێک دەدەن. ئەو بینایانە بە بەرزی و بیرە نەوتی بەرپرسان بە قووڵی، ڕەمزی خۆبەدەستەوەدان و چارەڕەشی میللەتێکن و خوێنی ئەوانە بە هەدەر دەدەن کە پارێزگارییان لە نیشتیمان کرد یا دەکەن .

گۆڵدا ماییر، کە وەزیری کار بووە، لە یەک ژووردا ژیاوە و مەرجە هەرە قورس و گەورەکەی ئەوە بووە دەرگای سەربەخۆی بۆ دەرەو هەبێ. ئەو ژوورە، بەر بۆمبا کەوتبا یا نەکەوتبا، ئیسرائیل چ زەرەری دەکرد؟. گۆڵدا ماییر، دڵی بەوە خۆش بووە شەوان، لە سەربانەکەوە تەماشای "ئۆرشەلیم"ی کردووە، بەڵام دەبێ ئێمە دڵمان بەوە خۆش بێ کە کوڕی فڵان بەرپرس، لە زەماوەندەکەیدا ئەوەندە ملیۆن دۆلاری سەرف کردووە، یا ئەوەندەی لە قوماردا دۆڕاندووە... ئای ئای! ئەو دوو دیاردەیە هەمان ئامانجیان هەیە؟ !

ئەو ژورەی گۆڵدا ماییر، ئاڵای سپیی لە سەر هەڵناکرێ، بەڵام هەوربڕە بەرزەکانی باشوور، ئاڵای خۆ بەدەستەوەدان، بە سەریانەوە دەشەکێتەوە و هەر وەک ئەو دەرمانەیە کە چاوی خەڵکی کوێر دەکرد !

"ڕۆشنبیران"ی کورد، کە لە چینایەتیدا ئەسپی خۆیان تاو دەدا و تەپوتۆزیان بەرپا دەکرد، ئێستا تۆبەیان کردووە!!  ئەو باسانەیان لە خوێنەری کورد نادیدە کردووە و هەندێ زاراوەی ناشرینی وەک زایۆنیزم و ئیستیعمار و بەڵێننامەی بلفۆر و شتی ئاوهایان وەک پەتا بەرەڵای ناو هۆشی کورد کردووە. ئەوەشیان هەر بۆ ئەوە کردووە، براگەورەیان لێ ڕازی بێ و لە پەراوێزی پەراوێزدا جێیان گەرم بێ .

بەڵام هەرگیز باسی ئەوەیان نەکرد کە زایۆنیزم، بزووتنەوەی کرێکاران و جوولەکە چەپڕەوەکانیشی لە خۆ دەگرت. باسی ئەوە نەدەکرا کە ئینگلیز، چەند دژی دامەزراندنی دەوڵەتی کوردستان بوو، ئەوەندەش دژی دامەزراندنی دەوڵەتی ئیسرائیل بوو. باسی ئەوەیان بۆ نەدەکردین بەریتانیا دەنگی بۆ دامەزراندنی ئیسرائیل نەداوە، بەڵکو یەکێتی سۆڤیەت دووەم دەوڵەت بوو دەنگی پێ دا و یەکەم دەوڵەت بوو کە گۆڵدا ماییری وەک سەفیری ئیسرائیل لە مۆسکۆ وەرگرت .

جگە لە ئیرادەی جووەکانی ناو فەلەستین کە بەرەنگاری مەحاڵ بوونەوە، یەکەم کاریگەر بۆ دامەزراندنی ئیسرائیل، جووەکانی ئەمەریکا بوون و دووەمیش دەوڵەتە عارەبەکان بوون. جووەکانی ئەمەریکا، بە جۆرێ کۆمەکیان بۆ ئیسرائیل کۆ دەکردەوە، لە ساڵی ١٩٤٨دا، داوای بیست ملیۆن دۆلاریان لێ کرا، ئەوان پەنجایان کۆ کردەوە.  ئەوجا دەوڵەتە عارەبەکان، هێزی کار و بەشەریان بە لێشاو بۆ دەناردن. لە کاتێکدا هەموو جووەکانی فەلەستین، ٦٠٠ هەزار کەس یا شتێ زیاتر دەبوون، تەنها لە عیراقەوە، (١٢١) هەزار کەس ڕەوانەی ئیسرائیل کران و لەوێ دەستیان بە کارکردن و چەک هەڵگرتن کرد. بە هەمان شێوە، لە سووریا و میسر و ئەردەن و باکووری ئەفریقیا و یەمەنەوە... جووەکانی تورکیا و ئێران و دەوڵەتە عارەبییەکان، ژمارەی جووەکانی فەلەستینیان گەیاندە ئەوەی لە یەک ملیۆن تێپەڕێ. ئەوە خزمەتی ئیسرائیل بوو عارەب کردی یا دوژمنایەتی؟ .

ئەو دەمەی ئیسرائیل لە دەمەدەمی دروستبووندا بوو، وزەی دارایی و بەشەریی جوو، لە هەموو جیهانەوە ڕووی لە فەلەستین بوو... بەڵام وزەی دارایی و بەشەریی ئەمڕۆی کورد، ڕووی لە دەرەوەیە و ئەوەی بەرەو دەرەوە داشناچۆڕێ، بە شێوەی ئاسۆیی و ستوونی بەرز دەکرێتەوە و هەموو وزەیەک بۆ دەرەوە دادەچۆڕێ چونکە سەرکردەیەکمان نییە بە خانوویەکی ئاسایی ڕازی بێ و بە ملیۆن دۆلار لە زەماوەندی کوڕەکەی یا کچەکەیدا خەرج نەکا. یەکەم شتێ جووەکان کردیان، ئاودێرێ و دارچاندن بوو و یەکەم شتێ ئێمە دەیکەین، لەناوبردنی زەوییە کشتوکاڵییەکان و لەوەڕگە و ئاودێرییە! لە کاتی گەیشتنی جووەکانی یەمەن و عیراقدا بۆ فەلەستین، وەزیرەکان پێشوازییان لێ دەکردن، بەڵام کورد، ئەگەر بەچکەی بەرپرسێک نەبێ، لە گەڕانەوەدا سووکایەتی پێ دەکرێ .

من دەزانم دواڕۆژی ئیسرائیلیش ڕوون نییە بەڵام کارێکی وایان کردووە، نەمانی ئەوان هاوکات بێ لەگەڵ نەمانی زندەوەرانی هەموو وڵاتانی دەوروبەر. ئەگەر ئەتۆمی عارەب لێی بدا، عارەبیش لەگەڵیدا دەسسوتێ. ئاگام لەوەش هەیە مۆسادی ئیسرائیلی، هەر بۆ ئاوڕێکی دۆستانەی تورکیا، ئۆجەلانی ڕادەستیان کرد. نەوەکانی داهاتوومان، مەگەر بەوە لێیان خۆش بن ببن بە پاڵپشت بۆ دامەزراندنی دەوڵەتی کوردی. دەزانم ئەو دەستەی دەیخەیتە ناو دەستی ئیسرائیلەوە، ئەگەر چارەسەر بێ بۆ جێی نووکە دەرزییەکی منداڵێکیان، پێیان بکرێ، دەیبڕنەوە و جێی نووکە دەرزییەکەی پێ چارەسەر دەکەن... ئەوان نازانن ناپاکی لە ئیسرائیل بکەن دەنا بەو پارانەی لە جووەکانی ئەمەرکاوە دەهات، ئەو ژنە، هیچ نەبوایە وەک بەرپرسەکانی ئێمە و وەک وەزیرێک، خانوویەکی دوو نهۆمی بۆ خۆی دروست دەکرد! جووەکان، پێنج هەزار دیلی میسرییان لە شەڕی ئۆکتۆبەردا، تەنها بەرانبەر یەک سەربازی دیلکراوی خۆیان، ئازاد کرد. ئەوان نرخی خۆیان بەرز ڕادەگرن !

کە دەوڵەتەکان داوای دواخستنی ڕاگەیاندنی دەوڵەتی ئیسرائیلیان لە جووەکان کرد، لە وەڵامدا گوتیان: "ئەرێ دوو هەزار ساڵ چاوەڕوانی بەس نییە؟!".  ڕۆشنبیرانی ئێمە (لە سیاسەتمەدارن هەر بگەڕێ) هەرگیز نەیانتوانیوە بە بەرپرس و سەرکردەەکان و شاسوار و شۆڕشگێڕ و مفاوەزاتچییە ملیاردێرەکانی خۆشمان بڵێن: "ئەرێ دوو هەزار و پێنجسەد ساڵ چاوەڕوانی بەس نییە؟! ئەرێ گفتوگۆ نەبڕایەوە؟!". لە ڕاستیدا، ڕۆشنبیرانی کورد، لە دەمێ زەمانەوە بە سەر ڕێچکەیەکی خیانەتکارانەدا دەڕۆن، جا پێی دەزانن یا نازانن، ئەوە نازانم و نەزانینیشیان بە قەدەر خیانەتکردن کارەساتە !

naltrexone canada partickcurlingclub.co.uk naltrexone clinic
تاگەکان    
گێڕانەوە شیعر قەدەر سیاسەت چەواشەکاریی_لۆژیکی مێژوو نەتەوایەتی پۆدکاست خاڵبەندی بۆ ئەوانەی وەكو خۆمن تەکنۆلۆژیا نوێژ پارەی ئیلیکترۆنی دیمانە زانکۆ
فیکر
2017-01-22 کۆمێنت 1604 جار بینراوە
بابەتی زیاتر
سەرجەم مافەکانی پارێزراوە بۆ وارگەی هاوسانی . Copyright 2024 - hawsani.org © Developed by Kurdsoft
×
هاوسانی