لە مێروولەوە.. بەرەو هەوراز

فیکر 2017-01-25 کۆمێنت 1579 جار بینراوە

لە مێروولەوە.. بەرەو هەوراز

مەسعوود محەمەد

و: حەکیم کاکەوەیس

ئەی خوێنەر، لێتی ناشارمەوە ئەگەر لەزەتم لە جگەری مریشکێک یا سینگی بەرخێک کردبێ، لە بەردەم ئازاری پەشیمانی و خۆخواردنەوەدا شکستم هێناوە و بەرانبەر فوارەی خوێنی قوربانی یا ئەو لاشەیەی لە کاتێکدا چەقۆ، قووڵتر و قووڵتر بە ملیدا دەچێ لەقەفڕکێ دەکا و دواتر لە میهرەجانی کردنەوەی ئیشتیا و دڵنیاکردنی ئارەزووی چەند لوقمەیەک کەوڵ دەکرێ و لەتوپەت دەکرێ تا دوایی دەستی حەساوە بە سەر ورگی تێردا بێ ئەوجا بە دەم خەوەوە هەرسی بکا تا سەرخەوشکاندنەکەی ئارام بێ، لەرزی ناڕەزایی دەمگرێ... ئەوە حاڵمانە و بیانوومان هەرچییەک بێ و هەر فەلسەفەیەکی بۆ بێنینەوە، لە هیچ ڕوویەکەوە جیاوازیی لەگەڵ ئەوەدا نییە کە گورگ بە ڕێوی و مەڕی دەکا و ئەوەی ڕێوی بە کەروێشک و کەوی دەکا و سەر لەو بیانوو و هۆکار و هاتوهاواری خۆشییەش دەرناکا کە لە زەماوەندی پیاوی دەوڵەمەنددا دەکرێن. شێوازی تری ئەو قەسابخانە مرۆییانە هەن کە گیانداری بەستەزمان و کوێر سەریان لێ دەرناکەن و دێینەوە سەریان .

لە ملیاران ساڵەوە، هەر دەبوو ژیان و مەرەکەبدانی ژیان لە سەر ئەو بنەما دڕندانەیە سەر هەڵبدا و زندوو زندوو بخوا و ئەوەش سیمایەکی ناهەموارە کرۆکی هەڵبوونی ژیان بە توندوتیژی و زوڵم تۆمەتبار دەکا چونکە ژیان لووتکە خولقاوەکان و موعجیزە گەورەکەی و دەروازەیە بۆ سەردانی ڕاستییە مەزنەکانی کەونی بەرین کە خەیاڵ ناتوانێ فرەوانییەکەی بداتە بەر مەزەندە و لە ناو هەموو بوونەوەرە مردوو و زندووەکانیشدا، سەردانیکردنی بۆ مرۆ بوو بە ئەرک چونکە ئەو کەرەسە عەقڵییەی هەیە کە لە خاوەندارێتی غەریزی بێزمانەوە، کردی بە خاوەن ئیرادەی هۆشەکی و خەوشی سەربڕین و کەوڵکردن، وەک ڕیخەڵۆکە کوێرە پێوەی لکا و بوو بە جیاکەرەوەیەکی گەورەی کەسایەتیی هەبوونی و بەشێکی زۆری بوونی داگیرکرد تا ئەوەی زۆر لە مرۆڤە مەزنەکان، لەبەر ئەوەی ئەو ئیشتیایەی کە مرۆڤ و دڕندە یەکسان دەکا، وازیان لە گۆشتخواردن هێنا، لەوانە، ئەبو عەلائی مەعەڕی کاتێ نەخۆشکەوت و لاواز بوو و فڕووجاویان بۆ هێنا تا نەختێ وزەی وەبەر بێتەوە، گوتی: "چی وای لێ کردن مەرگەی بەچکەشێرم بۆ نەهێنن؟ فڕووجتان بە لاواز زانی و سەرتان بڕی؟". لەوانەی دواتریش ڕێبازی قادرییە کاتێ کاکەحمەد لە سلێمانی کە پێش دەوروبەری سەدەیەک، لە ناو دانیشتواندا چۆلەکەیەک هات و لە سەر شانی نیشتەوە و لێیان پرسی ئەو چ نهێنییەک وای لەو چۆلەکەیە کرد تۆ هەڵبژێرێ، گوتی: "بۆنی گۆشتی لە خواردنەکەمدا نەکرد و باوەڕی پێ کردم!". ئاین هەیە لە بنەڕەتەوە کوشتنی گیاندار حەرام دەکا و ئەوەش لە تەرازووی بیانووهێنانەوەدا، لە لایەنە چاکە مەزنەکانە، بەڵام سەیر ئەوەیە پەیڕەوانی، لە کاتی پێویستدا، پێم وابێ، مرۆ دەکوژن !!.

ئەم تاقیکردنەوە بچکۆلەیە کە لە مەسەلەی ئازارکێشیم تا مێروولەی بەر دەرگای ژوورەکەم نەشێلم و لەم بەشەدا باسی دەکەم، حەدیسێکی پێغەمبەری عارەبیم (د.خ) بیر دێنێتەوە کە دەڵێ: "شيبتني سورة هود، اية فاستقم كما امرت. واتە: سوورەتی هود پیری کردم. ئایەتی وەک فەرمانت پێ کراوە ڕاست بە". ئەو حەدیسەشم بیستووە و نەمخوێندۆتەوە. دەتوانی ئەو ڕاستەڕێیە بەوە تاقی بکەیتەوە خۆت ناچار بکەیت لە کاتێکی دیاریکراوی ڕۆژدا پارچە پارەیەکی وردە بە هەژارێک بدەیت. دەبینیت لێت دەبێتە ئەرکێک توانات بە سەریدا ناشکێ چونکە ساکارترین کاریگەری ئەوەیە ناچارت دەکا بیخەیتە بەرنامەی کارەوە و بە درێژایی تەمەن، هەموو پێویستییەک و بەرژەوەندییەک لەو کاتەدا وەلا بنێیت تا ئەو ئەرکە جێبەجێ بکەیت. یەکێ لە ئەنجامەکانی ئەوەیە دەست لە سەفەر هەڵگریت مەگەر یەکێکی تر لە جێی خۆت دابنێیت ئەو ئەرکە بەجێ بگەیەنێ.. ئەوەش شێوەیەکە لە ڕەهابوون لە بەڵێن .

باسەکەش پەیوەندیدارە .

العراق  ٢٢-٧-١٩٩٥

و: ح. کاکەوەیس

تاگەکان    
زانست فەرهەنگ پۆرن حەمەدۆک کۆرۆرنا چەواشەکاریی_لۆژیکی دەروون نامە كتێب فیلم فەڵەستین موناجات شیرک قەدەر تەوبە
فیکر
2017-01-25 کۆمێنت 1579 جار بینراوە
بابەتی زیاتر
سەرجەم مافەکانی پارێزراوە بۆ وارگەی هاوسانی . Copyright 2024 - hawsani.org © Developed by Kurdsoft
×
هاوسانی