پەیامێک بۆ بەختەوەری

فیکر 2017-01-25 کۆمێنت 2304 جار بینراوە

پەیامێک بۆ بەختەوەری

ئەو میوانەی کە مرۆڤ خۆی بانگهێشتی دەکات و هەر خۆیشی دەرگای بە ڕوودا ناکاتەوە

فەهمی عەلی

زۆر بوون ئەوانەی بۆ بەختەوەرییان نووسی، وەلێ کەمبوون ئەوانەی ژیانی خۆیان ڕاستیی پێناسەکانی بەختەوەریی دەسەلماند. خۆ ڕەنگە تەنها بابەتی نووسینیان بووبێت نەک حەقیقەتێکی پیادەکراوی ژیانیان. یان تا ستەمیان لێ نەکەین،با بڵێین: ڕەنگە تەنها بۆنیان کردبێت و نەیانچەشتبێت، ئەگەرچی بۆ ئەهلی دڵ، چێژ هەر چێژە، جا بە بۆن بێت یان بە تام، بە پێگەیشتن بێت یان پێنەگەیشتن .

سۆفییەکان ئەڵێن: بەختەوەری بۆژیانە نەک پێژیان، ئای کە چەندە نایابە ئەم شاکاری تێڕوانینە !

ئاخر تۆ تەماشا؛ ئەگەر بە وردی و لۆجیکانە (ئەگەرچی زۆرجار لۆجیک لەگەڵ تێزە سۆفیگەرییەکاندا یەکناگرێتەوە) تێفکریت، بۆت دەرەکەوێ ئەوەی مەوجوداتە (هەبووەکان) مایەی نەمانە و دواجار هەر شتێکیش کە نەمێنێت هەرگیز خۆشیهێن نییە بەڵکە مایەی خەم و نەبەنگییە، ئیتر چ ئەگەر ماڵە، منداڵە، تەمەنە یانە تەندرووستی و هتد ئەمانە هەمووی کەرەستەکانی پێژیانن .

عرفانییەکان، بەختەوەری خاڵی ئەودیوی سنووری پێژیاوەکانن، بۆیە هەرگیز بۆ لەناوچوونی هەرچییەکی ئەم ژیانەیش هەیە چ خەمێکیان نەخواردووە .

توێژینەوە سایکۆلۆجییەکان دەڵێن: لەم سەردەمی عەولەمە و تەکنەلۆجیایەدا نەخۆشیی خەمۆکی لە داهاتوویەکی نزیکدا دەبێتە بەربڵاوترین نەخۆشی لە نێو کوڕ و کچەکانی باوکە ئادەم و دایکە حەوادا .

نەخێر من دەڵێم: ئەگەر ڕەوتی ژیان بەمجۆرەی ئێستای تول بکێشێت، پێی دەوترێت سەدەی خەمۆکی .

ڕەنگە ڕۆژگارێک دابێت لە ناو فەرهەنگە زمانەوانییەکاندا لە پاڵ وشەی بەختەوەریدا بنووسرێ: ئەم وشەیە لە سەدەکانی ناوەڕاستدا بۆ شێوازێک لە نەزمی ژیان بەکارهاتووە کە ئێستا بوونی نییە یان ڕەنگە هەر تەعبیرێکی ئەدەبی بووبێت و لە ئەرزی واقیعدا نەبووبێت !

ئەگەر ڕاست بێت کە وتوویانە: گیا لەسەر بنجی خۆی ئەڕوێتەوە، وە ئەگەر بەم پەندەیش بمانەوێت پاسادانی ڕابردوومان بکەین، ئەوا بێ دوودڵی و دوور لە ڕەشبینی بۆ پێناسەی بەختەوەری ئەڵێم: بریتییە لە وەهمی سەردەم و خەیاڵی ڕابردوو !

من ناڵێم ئەمە حەقیقەتی پێناسەکەیە، چون دڵنییام خەلەلێک هەیە لە کۆی شێواز و کایەکانی ژیانی ئێستای مرۆڤایەتیدا، وای کردووە چەمکانێک تەنها لە فەرهەنگەکاندا بن و تۆزی ڕۆژگار بیان پووکێنێتەوە .

کار وا بڕوات لە داهاتوویەکی زۆر دووردا نا، نەک شتە مەعنەوییەکانی وەکو بەختەوەری و ئازادی و ماف و هتد، بگرە خودی مرۆڤ خۆی ڕوو لە قڕان و فەوتان دەکات. ئەوەتانێ بە چاو و گوێی خۆمان، ڕۆژانە، سەرەتاکانی بێنرخبوونی خوێنی مرۆڤ ئەبینین و دەبیستین .

ئەسڵەن ئێستا پرسیار لەسەر خودی مرۆڤبوون هەیە، چجای بەختەوەربوونی !

ئەبێ چ هۆشیارییەک بێت؛ لەم هەموو زەریا و دەریا و ڕوبار و جۆگەلە و ئاوەی سەر زەمینەدا ترسی بێئاوی دایگرتووین و، دڵ بە ئاسەواری وەهمیی ئاوی سەر مەریخ خۆش دەکەین !

هۆکاری ئەم ئاریشە ئەخلاقییەیش زۆر ڕوون و ئاشکارە: مرۆڤی ئەم سەردەمە خاڵی کراوەتەوە لە هەرچی (بەها)ی باڵا و پیرۆز هەیە و (نرخێکی) ژمارەیی پێ دراوە .

تۆ تەماشاکە؛ پاڵنەری سەرەکیی زۆرینەی دۆزینەوەی توێژینەوە پزیشکییەکان ئەوەندەی قازانجە ماددی و بازرگانییەکانە، نیو هێندە خودی مرۆڤ و تەندرووستییەکەی نییە :

ئەگەر توێژینەوەیەک هەبێ، با سوودە تەندرووستییەکانیشی زۆروزەوەندە بن، کە قازانجێکی باشی نەبوو، ئەوا هیچ کۆمپانیا و سەرمایەدارێک ئامادەیی نییە تەموینی پرۆژەکەت بکات .

تەماشا بکەن؛ زۆرترین پارە بۆ ئەو توێژینەوە پزیشکییانە سەرف دەکرێت کە نەخۆشییەکان درێژخایەنن و نەخۆشەکان ناچارن تا ساڵهایەک پارە سەرفکەن بۆ کڕینی دەرمانەکانیان، بەڵام نەخۆشییەکی وەکو شێرپەنجە و چەندەها نەخۆشیی تر بڕێکی یەکجار کەم پارەی بۆ سەرفەکرێت، بۆچی؟ چونکە نەخۆشەکانیان زۆر کەم دەژین و قازانجێکی کەم ئەدەن بە دەستەوە !

یان یاریکردن بە داتا و ئەنجامی توێژینەوە پزیشکییەکان لە پێناوی دەستکەوتی ماددیی دەوڵەمەنەکاندا بە هاوکاریی کەسانی پسپۆڕی ئەو بوارە. ئەوانەی شارەزای بواری توێژینەوەن زۆر باش ئاگاداری ئەم حەقیقەتە تاڵە نائەخلاقییە هەن).

لە هەموو کایەکانی ژیاندا مرۆڤ کراوەتە ڕەقەمێکی بێ گیان و هیچی تر نا؛ میدیا، سیاسەت، بازرگانی، زانست، تەندرووستی و لە هەمووی کارەساتبارتر لە ئایینەکانیشدا( ئەوە نییە پێشبڕکێی ئەوەیە کە ئەمڕۆ چەند مەسیحی بوو بە موسوڵمان و چەند موسوڵمان بوو بە نازانم چیوچی و زۆری تر).

ئاخر مرۆڤ، ئاخر مرۆڤ .... ئاخر بۆچی وا ئەکەیت؟ !

((پێشکەشە بە جەستەی خوێناوی و گیانی پەست و ماندووی قوربانییانی قامیشلۆ و هەموو قوربانییانی سەر گۆی زەوی ))

toilax vejledning edanmarkhalsbrand.site toilax microlax
dexamethason blog ogvinbruger.site dexamethason revlimid
تاگەکان    
فێمینیزم کتێب کۆمەڵکوژیی بۆسنە فیکر دەروون گەڕان فەلسەفەی ئەخلاق جنۆکە بوونەوەری ئاسمانی خێوەتگە سەرفیترە عەبدولکەریم سرووش فەڵەستین زانکۆ بۆ ئەوانەی وەكو خۆمن
فیکر
2017-01-25 کۆمێنت 2304 جار بینراوە
بابەتی زیاتر
سەرجەم مافەکانی پارێزراوە بۆ وارگەی هاوسانی . Copyright 2024 - hawsani.org © Developed by Kurdsoft
×
هاوسانی