پەڕینەوە بە "ئیجە"دا و یاریکردن لەگەڵ مەرگ: ٢

فیکر 2017-01-31 کۆمێنت 2380 جار بینراوە

پەڕینەوە بە "ئیجە"دا و یاریکردن لەگەڵ مەرگ

بەشی دووەم و کۆتایی

پشتیوان محمد

- 3 -

بڕوابکەن ئەگەر ئەویش وەک ئێمە لەدەریای ئیجە پەڕیبایەوە، ئێستا لای ھەموو "پارتی"یەک دەبوو بەداستان، لە ماڵەکانیان لە تەنیشت رسمی مەلا مستەفا رسمێکی "دەریای ئیجە"شیان ھەڵدەواسی، گۆرانیان بەسەر شەپۆلەکانیدا دەگووت، لە کەنارە ئاویەکانی ئیجەدا وێنەیان دەگرت و، بەشانازییەوە بڵاویان دەکردەوە! ئااااای خودایە چەند دونیایەکی سەیرە .

ئەوەی من باسی دەکەم تەنھا ئەوەیە خۆم بینیوومەو بیرم ماوە، دەنا ئەم ڕێگایە پڕە لە تراژیدیاو رووداوی ناخ ھەژێن .

دوو رۆژ بەر لەئێستا ھەواڵی رەقبوونەوەی دوو گەنجی شاری ھەولێر لە سنورەکانی بولگاریا بڵاو بوویەوە، کەیەکێکیان بەدیاری تەرمی ھاوڕێکەیەوە دانیشتبوو تا خۆشی رەق بوو بووەوە(چەند ناخ ھەژێنە پێشمەرگەیەک کە خاوەنی کۆڵێ منداڵبێت و لەسایەی ئەوەوە بەرپرسەکان وڵات نەماوە کۆشک و ڤێلایەکیان لێی نەکڕیبێت خۆیان و خێزانیان ھەر وڵاتێک بیانەوێ بە چەقەنەیەک لەوێن کەچی پارێزەری نیشیمان و بەرژەوەندییەکانی ئەوان بەم بێ نازییە لەسەر سنوری وڵات لەسرمان رەق ببێتەوە ) ،

زۆرن ئەوانەی لە "ئیجە"دا خنکان و بۆ ھەمیشەیی لەگەڵ شەپۆلەکان مانەوە، جگە لەچەندانی دیکە کە لەپشتی لۆریە کەپسەکان رەق بوونەوەو و ھەناسیەیان نەماو نەمان ..

برادەرێکم کە چەند ڕۆژێک پێش من پەریبووەوە، پەیوەندی پێوەکردم، وتی: پشتیوان نەکەی خۆت لەم ئاوە بدەی درۆدەکەن ئەم قاچاغچیانە تەنھا خەمی پارە پەیداکردنیانە، دیاربوو دەردەسەری و ترسی زۆریان بینیبوو، قاچاغچیەکەیان فێڵی لێ کردبوون کۆنە بەلەمەکی دابووە دەستی چەند کۆچبەرێک و بێ کاپتن بەڕێی کردبوون، لەکاتی نزیک بوونەوەیان لە کەناراوەکە بەلەمەکەیان کێشابوو بەبەردێکاو پارچە پارچە بوو بوو وەک خۆی دەیگووت تەنھا خوا روحمی

پێ کردبوون .

قاچاغچیەکەی ئێمە کەسێکی ناسراو و نزیکی خۆمان بوو، جگە لەمن چەند کەسێکی دیکەش لە ناسراو و نزیکانی خۆی لەگەڵمان بوون، ئەمەش وای کردبوو زیاتر متمانەمان پێی ھەبێت، راستی قسەکانیشی راست دەرچوون وەک خۆی پێی وتبووین شتێکی باشیان ئامادەکردبوو، ئەوەندەی بزانم ئاگاداری ئەوەش نەبوو کە ئەو ھەموو نەفەرە زیادە خزێنراوەتە ناو یەختەکەوە، چونکە ئەو ھەر کە لە ئیستەنبوڵ ئێمەی بەڕێ کرد ئیتر چاومان بەیەکدی نەکەوتەووە، لەبارەی کات و شوێنی پەرینەوەکەش ھیچ درۆیەکی لەگەڵ نەکردین، بەڵام دواجار ئەویش لایەنێکی کارەکەیە و ئێمەی کۆچبەر تادەگەینە شوێنی خۆمان بەردەوام ئەم دەستە و دەستمان پێ دەکرێت، ئەمە بازرگانی کردنە یەکێ وەرتدەگرێ و ئەتدات بە دەستی یەکێکی دیکە، زۆربەی ئەو قاچاغچیانەی لەتورکیا ئەم ئیشە دەکەن لەراستیدا تەنھا تەڕەفێکن و ھیچی تر، دەنا خۆیان خاوەنی بەلەم و ئێختەی خۆیان نین، ھەریەکەو نەفەری خۆی دەدات بە یەکێ لەخاوەن ئێختە و دورگەکان لەبارەمەبەر چەند سەد دۆلارێک .

نزیکەی دوو سەعات دەبێ بەڕێگاوەین، نازانم لەکوێی دریاداین، بەڵام جگە لەدەریاو ئاسمان ھیج شتێکی دیکە دیارنیە، تا ئێرە زۆر باش و بەخۆشیەووە ھاتین، ھەستمان کرد یەختەکە خاودەبیتەوە، لەناکاو لە رۆیشتن کەوت و دەنگی ماتۆرەکەی نەما، چەند چرکەیەک بێ دەنگی باڵی کێشا وەک ئەوەی ھەمووان چاوەڕێی شتێک بکەین، خودایە ئەوە چی روو دەدات یەختەکە کەوتە لەنگە لەنگ بەملا و لادا، خەڵکەکە یەک پارچە ترسی لێنیشت و ھەمووان لەشووێنی خۆیان تاسان، بوو بە مشاوەشی و دەنگە دەنگ (دەنگی ترس ( .

تا دەھات شەپۆلەکان زیاتر یاریان بە یەختەکەمان دەکرد وەک لانکەی منداڵ بەملاولادا رایدەژاند، قیژ و ھۆڕی ژن و منداڵ ئەوەندەی تر ترس و شێواوی دروست کردبوو، ئەو ژنەی پێشتر وتم جگە لە کوردی تورکی و عەرەبیشی بەباشی قسە دەکرد، دەنگی بەرزکردەوە: "بێ دەنگبن کەس لەشوێنی خۆی نەجوڵێت با کەشتیەکە تەوازنی خۆی لەدەست نەدات، تازیاتر مشاوەشی دروست بکەن و جوڵەجوڵ بکەن خراپترە، تکایە بێدەنگبن و ئارام بگرن"، بە ئازایەتی ورەبەرزی ئەوژنە سەرسام بووم دەتگووت لەوتای ھەیە کاپتنی کەشتی بووە .

خەڵکەکە تۆزێک ھێور بوونەوە ھەمووان دەستیان کردبوو بە دوعاو پارانەوە دەنگی یا اللە و یا ناوی خوا لەھەمووشتێک زیاتر دەبیسترا، ھەرکەسەو بەجۆرێک لەخوا دەپارایەوە، ( لێرە ھەست دەکەی مرۆڤ ھەرچەند سەرکەش و لاڕێ بێت، بەرامبەر دەستەڵات و گەورەیی خوا ھەردەبێت ملکەچ و دەستەوەستان بێت، خوای گەورە لە قورئاندا باسی ئەوانە دەکات کاتێ ترسیان لەسەرە و لە ناوەراستی دەریایەکدا خەریکە دەخنکێن، خوایان بیر دەکەوێتەوە و لێی دەپاڕێنەوە، بەڵام ھەر ئەوەندەی دەگەنەوە وشکانی و سەلامەتی لەکاتی خۆشییەکاندا دەستەڵات و گەورەیی خوایان بیرنامێنێت و دەست دەکەنەوە بەسەرپێچی) رێک دیمەنی ئەو ئایەتە ھاتە بەرچاوم ھەستم دەکرد خوا راستەوخۆ قسەمان لەگەڵ دەکات .

بێدەنگ لە شوێنی خۆم دانیشتبووم، لەدڵی خۆمدا وتم: "خوایە گیان ئەم شەپۆلانە بەدەستی تۆن ژیانی ئێمەش ھەربەدستی تۆیە، خودایە لەمردن ناترسم تاکە شتێک ترسم لێی ھەبێت ئازار و ئاھو حەسرەتی دڵی داک و بابمە دوای خۆم، خودایە من داوای ژیانت لێ ناکەم تەنھا نامەوێ مردنم ببێتە غەم و کەسەرێکی گەورەی ئەوان"، ڕاستی تاکە ترسیشم ھەر ئەوەبوو نەتوانم جارێکی دیکە گوێبیستی دەنگی داکم ببمەوە، بیرم ھەر لای ئەو چەند قسەییەی بوو کە لەسەرەتای بەرێکەوتنمان بەتەلەفۆن پێ گووتم، ترسی نەبینینەوەی روخساری بابم ھەبوو، بەردەوام دیمەنی ئەو بەیانیە زووەم لەپێش چاو بوو کە خواحافیزیم لێیان کرد و دوا باوەشمان بەیکدا کرد .

تا دەھات یەختەکە زیاتر بەملاولادا دەچوو ترس زیادی دەکرد، کاپتنەکان دوو کەس بوون، نازانم دەیانگووت خەڵکی روسیان، دوو کەسی دیکەش لە کۆچبەرەکان کەدیاربوو شارەزاییان ھەبوو وابزانم یەکێکیان عەرەبێکی کەرکوک بوو، یارمەتی کاپتنەکانیان دەدا مشاوەش و پەشۆکاو ئەمسەرەو سەریان دەکرد، لەھەوڵی خستنەوە ئیشی یەختەکەدابوون .

دوای نزیکەی بیست خولەک لەنێوان مەرگ و ژیان، ترس و دڵە راوکێ و گریان و ھاتوھاور و پاڕانەوە، جارێکی دیکە ماتۆرەکە گڕەی تێکەتەوە، ھەمووان ڕەنگێکیان بەبەرداھاتەوە، دەموچاومان گەشایەوە، وەک ئەوەی ئەمجارەش ماوەی ژیانمان بۆدرێژ کرابێتەوە، ئۆخەی کەوتەوە جووڵە خوایەگیان دووبارە نەوستێتەوە، خوایە زۆر شوکر ئەوجارەش نەجاتت داین ...

- 4 -

ھەر کە ناوی "ئیجە" دێت، ئالان (ئایلانی کوردی)م بەبیر دێتەوە، وێنەکانییم دێتەوە پێش چاو، وێنەی یوسفی ھاوشارییم ھەمیشە لەبەر چاوە، کە دەریای ئیجە ھاوسەر و منداڵەکانی بێ بەزەییانە لە گەڵ شەپۆلەکانی خۆی بردن و، بۆ ھەمیشە نەیدانەوە، گریان و فرمێسکە پڕ لە ئاھ و حەسرەتییەکانی ئێستاش دەمھەژێنێت، ئەوانە و چەندان دیمەن و رووداوی تراژیدیای دیکە پێناسی دەریای ئیجەن لای من ..

ئەمجارە یەختەکە خێراتر لە پێشوو دەڕۆیشت، وەک بڵێی بیەوێ زووتر ڕێگاکە ببڕێ و، ترسی دووبارە لەکارکەوتنی ھەبێت،  
 
شەپۆلەکان بەرزتر بووبوون بەلاری و زیرەکانە شەپۆلەکانی دەبڕی، ھەندێ شەپۆل ھێندەی یەختەکە بەرز دەبوونەوە، وەک ئەوەی بیانەوێت سەمامان لەگەڵ بکەن، یان ترس و گەورەیی خۆیانیان پیشان بدەن ..

ھەستم دەکرد گوێم لە گریان و ھاوارەکانی (ئالان کوردی)یە کە تائێستاش داوای گەڕانەوە بۆ باوەشی داک و بابی لە ئیجە دەکات. ( چیرۆکی ئالان کوردی ئەو مناڵە کوردەی ڕۆژئاوای کوردستان کە لە ئیجەدا خنکا و تەرمەکەی لە کەناری دەریادا دۆزرایەوە، لە دونیا دەنگی دایەوە، وێنەکانی لەسرجەم میدیا جیھانی و تۆڕەکۆمەڵایەتییەکاندا بڵاو کرانەوە).

بەداخەوە چیرۆک و تراژیدیایی ئەو و سەدان ھاوڵاتی دیکە کە لە ئیجە و ڕێگاکانی دیکەی کۆچدا گیانیان لەدەستدا، ھەروەک تراژیدیای: ھەڵەبجە، شرناخ، کۆبانێ و پەتی سێدارەی ڕۆژھەڵاتم...، وایان لە کۆمەڵگای نێونەتوەیی نەکرد کە کێشە (قضیة)ی کورد وەک کێشەیەکی نێو دەوڵەتی و کورد وەک نەتەوەیەکی زوڵم لێکراو سەیربکەن .
"
ئەوانەی ھاتوونەتە ئەوروپا و داوای مافی پەنابەرییان کردووە، ئەو راستیە دەزانن، کە ھیچ دەوڵەتێک ئێمەی وەک پەنابەرێکی بێ دەوڵەت و ھاوڵاتییەکی خاک داگیرکراو و مافخوراو قبوڵ نیە، بەڵکو دەبێت کێشەکەت لە چوارچێوەی ئەو دەوڵەتانەدابێت کە داگیرکەری کوردستانن ( عێراق، تورکیا، ئێران، سوریا ).

لەگەڵ سەیرکردنی شەپۆلەکان و، بیرکردنەوە لەو ھەموو ژن و منداڵ و گەنجە کوردانەی کە ئیجەی بێ ویژدان لە باوەشی کردوون و، شەپۆلەکان لولیان داون، بە خۆمم دەگوت، ( ئێمەی کورد ھەمیشە یاری لەگەڵ مەرگ دەکەین، سەیرکە ئەمە تاقیکردنەوەی مەرگ نەبێت چیە! ئاخر کەس ھەیە بەم ئاسانییە یاری بە گیان و مەرگی خۆی بکات؟! وا دەھاتە پێش چاوم کە لەدۆزەخ رامانکردووە و، ھەر چوار دەورەمان دەریایی بێ بن و، شەپۆلی سامناکە، ناچارین بۆ دوورکەوتنەوە لەم دۆزەخە یاری لەگەڵ شەپۆلەکان بکەین و، ڕێگای مەرگ ببڕین ..

ھەشت سەعات لەناو دەریای ئیجەدا ڕێمان بڕی، دووجاری دیکەش یەختەکەمان تووشی کێشە بوو و لەکار کەوت، جاری دووەم وام ھەست دەکرد لە ناوەڕاستی دەریایین، نازانم بەڵام جگە لە پانتایی دەریا و، ئاسمانی شین بە کۆمەڵێ پەڵە ھەوری ڕەش و سپییەوە ھیچی دیکەمان لێ دیار نەبوو! ئەمجارەیان کار لەوە دەرچوو بوو کەس تەمای بە رزگاربوون ھەبێت، گوێم لە دەمی زۆرێک لەوانەی دەوروبەرم بوو کە شەھادەیان دەھێنا، ئەو پیاوە عەرەبەی بەرامبەرم ڕاوەستابوو، بەشێوەک دەگریا و سەیری ھاوسەر و منداڵەکانی دەکرد، وەک ئەوەی ئەمە دواجاربێ بە زیندوێتی یەکدی ببینن ...

بەژدار کە لەدەرگای نێوان ساڵۆنەکە و ئەو ژوورەدا وەستا بوو کە ژن و منداڵەکانی تێدابوو، لە ھەمووان پەرێشانحاڵتر بوو، ڕەنگ بە ڕوخسارییەوە نەمابوو، ( بەژدار پێشتر زانیبووی کە یەختەکە جاری یەکەم ماتۆڕی سەرەکی سوتاوەو بە ماتۆڕی یەدەگ خراوەتەوە ئیش).

،واتا ئەمجارە ئەو ماتۆرە ھەڵنەبێتەوە یان کێشەیەکی بۆ دروست بێت، تازە کار لەکار ترازاوە، ئەو زانیاریەشیان بەھیچ کەسێ نەوتبوو، ئەو کورە کەرکوکیەی کە یارمەتی کاپتنەکانی دەدا، بە نھێنی بە بەژداری وتبوو، ھەر زووش ژن و منداڵەکانی خۆی لە ژورەوە بردە دەرەوە بۆ ئەوەی ھیچ نەبێ بتوانن خۆیان فڕێبدەنە ناو ئاوەکەوە و لە یەختەکەدا نوقم نەبن یا قڵپ نەبنەوە ..

رووم کردە کاک بەژدار بەدەنگێکی خەماویی و پڕ لە دڵە ڕاوکێ پێیم وت، یەکجار بەم شێوەیەش ورەی خۆت مەڕوخێنە، دواعا بکە ھەمووشتێ بەدست خوایە، ھیچ نەبێ لەبەر ئەو ژن و منداڵانە بائەوانیش تەواو نائومێد نەبن! " نائومێدی بۆخۆی جۆرێکە لە مردن " بەژدار بەدەنگێکی پڕ لە نائومێدییەوە وتی: " کاکە برا بە ئەنقسەت وایان لێ کردین، دەیانزانی یەختەکە تەواونیە، ئیھمالیان کرد دەبوو ھەرجاری یەکەم گەڕابانەوە "

ھات و ھاواری ژن و منداڵ دونیای خراپ دەکرد، لەژورەوەش یەکێک لە ژنەکان بورابوویەوە ئەوەندەی تر پەشێویی و نارەحەتی دروست بوو بوو، سەمیرە خان ئەمجارەش ھەروەک جاری پێشوو ئازایانە و بە ورە بەرزییەوە، بەردەوام ھەوڵی ھوێرکردنەوە و ئارامکردنەوەی خەڵکەکەی دەدا .

کاپتنەکان بەھاوکاری دوو سێ کەسی دیکە لەھەوڵی خستنەوە ئیشی ماتۆرەکەدابوون، ھەرچۆنێک بوو ئەمجارەش وەک ئەوەی موعجیزە روویدابێت، ماتۆڕەکە کەوتەوە ئیش، ھەروەک چۆن پێموایە یەکەم جارە، ھێندە لەمەرگ نزیک ببینەوە و، باوڕناکەم ڕووداوی لەمە ناخۆشتر و ترسی لەمە زیاترمان دیتبێ، وەھاش بڕواناکەم ھیچ کامێک لەسەرنیشینەکان پێشتر خۆشی وایان بینیبێت (کاتی کەوتنەوە ئیشی یەختەکە)، وەک ئەوەی خودا بانگی فریشتەی گیان کێشان بکات و، بڵێ: دەست ھەڵگرە ئەوانە ھێشتا دەبێ بژن، ھێشتاش مۆڵەتی ژیانیان ماوە ...

- 5 -

گەیشتن بە سەرزەمینی ئەوروپا

ھەستمان بە دڵنەواییەک دەکرد، لەدوورەوە وشکانی کانار دەریامان لێ دیاربوو، وردە وردە نزیک دەبووینەوە، چاوەڕێ بووین، کاپتب ڕووی یەختەکەی لە کەنارێک بکات و لەنگەر بگرێت .

دیاربوو کاپتنەکان لە شوێنێکی سەلامەت و ئارام دەگەڕان، ھەروا کەنار کەنار دەڕۆیشتن، یەکێکیان بە دووربین سەیری کەنارەکانی دەکرد، بۆ ئەوەی بزانێت کوێ گونجاوە، لەنگەری لێبگرن، خێرا سەرنشینەکان دابەزێنن و، خۆشیان وەک باو و بۆران بۆی دەربچن !

ھەموان ھەستیان بەناتەواوی یەختەکە دەکرد، ترسی جارێکی دیکە لەکار کەوتن و نزیک بوونەوە لە مەرگ ھێشتا لە دڵماندا مابوو، کاپتنیش بێ باکانە دەسوڕایەوە و، دیاربوو نەدەویست لەنگەر بگرێت! تا دواجار لە ژێر فشار و ھەڕەشەی ھەندێ لە سەرنشینان، ڕووی کردە کانارێک بۆ لەنگەر گرتن، بەڵام بۆ جاری سێیەم یەختەکەمان ڕووبەڕووی کێشە و مەترسی بوویەوە و، نەیتوانی بگاتە کانار، لە دووری زیاتر لە سەد مەتر بنی یەختەکە دای لە تاشە بەردێک و کوژایەوە .

ھەوڵی خستنەوە ئیش و دەربازکردنی بێ سوود بوو، یەختەکە کەوتە لەنگە لەنگ ھا بە لایەکدا بکەوێ و نەکەوێت، کۆتا جار لەگەڵ ھاتنی شەپۆلێک، یەختەکە زۆر بەتووندی بەم لاو ئەولادا چوو، زۆر بەتووندی بنی دای لە بەردەکە و تەقەیەکی گەرەی لێەوەھات، خەڵکەکە بەجارێک پەلەقاژە و ھات و ھاواری تێکەوت، پرشکە ئاو ھاتنە ژورەوە، زیرک و ھۆڕی ژن و منداڵ دونیای خراپ دەکرد، ھەرکەسە و لە ھەوڵی دەربازکردنی خۆیدابوو، ھەمووی پەلە قاژەی بوو ..

سەرم ھەڵبڕی کونێکی بازنەیی لەسەر سەرمەوە بوو، بەخێرایی خۆم تێی سمی (چەند باریکم ھێندەی تر باریک بوو بوومەوە!) چوومە سەر یەختەکە، بینیم پەیتا پەیتا خەڵک خۆی فڕێدەداتە ناو ئاوەکە، چەند کەسێکیش گەیشتبوونە وشکانی! بێ سێ و دوو خۆم فڕێدایە ناو ئاوەکە، مەلەم نەدەزانی ھەرچۆنێک بوو بەھۆی چوپەکەوە و بە شەپەشەپ خۆم گەیاندە سەر تاشە بەردێکی کەنارەکە .

ئاوڕمدایەوە ھێشتا خەڵکێکی زۆر ماون و گیریان خواردووە، ھەندێ ژن ھاواریاندەکرد: فریامان کەون.. منداڵەکان.. منداڵەکان..، ئەوانەی مەلەزان بوون چەند جارێک گەڕانەوە و، یەک یەک و دوو دوو ژن و منداڵەکانیان ڕزگار دەکرد، بینیم ئەو ژنە عەرەبەی لە تەنیشتم دانیشتبوو، منداڵە ساواکەی لەباوەش کەوتە خوارەوە بۆ ناو ئاوەکە، کوڕێکی کورد مەردانە گورج خۆی بۆ فڕێدا، منداڵەکەی دەرھێنایەوە لەسەر دەستی بوو وتیان شوکر زیندووە .

چوپێکی بچوکیان لەناو یەختەکە دەرھێنا بوو، ھەندێ جانتا و پیرەژنە بەساڵا چووە عەرەبەکەیان پێی ھێنایە ئەو بەر، پیرەژنێکی زۆر بێ ھێز و لاواز بوو، زۆر بەزەییم پێیدا دەھاتەوە، لە ڕێگا ئازارێ زۆری چەشت لەمێژبوو دەستی گرتبوو بە میزڵدانییەوە، ھیچ چارەیەکی نەبوو لە تاو خۆی دەگریا، تەوالێتەکە ئیشی نەدەکرد و پریان کردبوو لە کەلوپەل ..

دواجار ھەموو خەڵکەکە بەسەلامەتی گەیتشتنە سەر وشکانی، تەنھا ئەو پیاوە قەڵەوە نەبێت کە لە ڕێگا لاقی شکابوو، بەتەنیا لەسەر یەختەکە مابوو نەدەوێرا خۆی فڕێداتە ئاوەکەوە، پیاوێکی یۆنانی گەیشتە لامان فەوڕی جلەکانی داکەند و جەرگەیەکی لێدا بۆناو ئاوەکە، چەند گەنجێکی دیکەش بەدوایدا، ھەر کووەکی ھەبوو پیاوە قەڵەوەکەو ئەو چەند جانتاییەی لەوێ مابوون خستنیانە ناو چووپەکە و ڕایان کێشان بۆ وشکانی، کەسمان شوێنی وشکمان نەماووە، جانتا، جل و بەرگ، پارە و مۆبایلەکانمان ھەمووی بە تەواوی تەڕ بووە، چەند کەسێکی لێ دەرچێت زیرەکانە مۆبایلەکانیان خستبووە ناو لایلۆنی کەپسەوە .

سوپاس بۆ یەزدانی مەزن، سەرجەم سەرنشینان کە ژمارەیان لەنێوان ١٠٠- ١١٠ کەس دەبوو، دوای ململانێ و یاریکردنێکی زۆر لەگەڵ مەرگ، بەسەلامەتی گەیشتینە وشکانی و سەر زەمینی ئەوروپا، دوو کاپتنەکە ھەر زوو ڕایانکردبوو و دەیار نەمان ..

نزا و فرمێسکی دایکان و سوجدەبردنی باوکان، چاوەڕوانی و پڕانەوەکانی دۆست و ئازیزان، بوون بە موعجیزەی مەرگ و خودا جارێکی دیکەش دەرفەتی ژیانی پێ داینەوە ..

*ئیتر ئێمە لەسەر زەمینی ئەوروپاین و ھێشتا ھەر ڕێ دەبڕین! لێرە بەدواوەش ڕووداو و بەسەرھاتی زۆر ڕوودەدەن بەو ھیوایەی بتوانم لە مەجالێکی دیکەدا ئەوانیش بنووسمەوە .

ھەمیشە لە خێر و خۆشیدابن

.....................
 بەشی یەکەم

amitriptylin pris amitriptylin psychedelia amitriptylin tinnitus
تاگەکان    
مێژوو کرێکار فیلم نوێژ ڕەخنە تەنیایی جەنگی هۆشیاری فەرهەنگ عیرفان وەرزش نائومێدی دەروونی شەڕ ژیانی پێغەمبەر باران
فیکر
2017-01-31 کۆمێنت 2380 جار بینراوە
بابەتی زیاتر
سەرجەم مافەکانی پارێزراوە بۆ وارگەی هاوسانی . Copyright 2024 - hawsani.org © Developed by Kurdsoft
×
هاوسانی