ئایا تاوانە گەورەکان کافرت دەکەن؟

فیکر 2017-02-12 کۆمێنت 2833 جار بینراوە

دیاردەی زیادەڕەویکردن لە تەکفیردا :

تاوانە گەورەکان لە ئیمان کەمدەکەنەوە بەڵام لەناوى نابەن

نووسینی : د . یووسف قه‌رزاوی

وه‌رگێڕانی : میران مەجید

بنەمای چوارەم: تاوانە گەورە و بچوکەکان _هەرچەندە خاوەنەکەشی بەردەوام بێت لەسەرى و تەوبەشى لێ نەکات_ ئیمان دەڕوشێنێنن و لێى کەم دەکەنەوە، بەڵام لە بناغەوە هەڵى ناکەنن و بەتەواوەتى نەفی ناکەن، بەڵگەش لەسەر ئەمە بەم شێوەیەیە :

١.ئەگەر تاوان ئیمانى لە بناغەوە نەهێشتایە و، کەسی گوناهبار کافر ببوایە، ئەوا ئەو کاتە جیاوازییەک لە نێوان تاوان و هەڵگەڕانەوە(المعصية و الردة)دا نەدەما و، تاوانبار دەبوو بە هەڵگەڕاوە و، ئەو کاتە دەبوو سزاى هەڵگەڕاوەى بەسەردا جێبەجێ بکرایە و، ئیتر سزاکانی وەکو زینا و دزى و ڕێگرى و مەیخواردنەوە و پیاوکوژى جیاوازى نەدەبوو، ئەمەش شتێکى ناپەسەندە بەپێى دەق و کۆدەنگى زانایان .

٢. قورئانى پیرۆز بەدەق برایەتى کابرای پیاوکوژى بۆ خاوەن خوێنەکانى کابراى کوژراو لەئایەتى تۆڵە(القصاص)دا، بڕیارداوە: [يأيها الذين آمنوا كتب عليكم القصاص في القتلى الحر بالحر و العبد بالعبد و الأنثى بالأنثى فمن عفي له من أخيه شيئ فاتباع بالمعروف و أداء إليه بالإحسان] (البقرة_178). واتە: ئەى ئەوانەى کە باوەڕدارن تۆڵەی کوشتنی ناحەقمان لەسەر داناون: ئازاد لەبرى ئازاد، بەندە لەباتى بەندە، مێینە لە تۆڵەى مێینە، ئینجا هەرکەسێکیش لەلایەن براى هاودینى خۆیەوە واتە: لەلایەن کەسوکارى کوژراوەکەوە عەفوو و چاوپۆشی لێکرا (لەکوشتنەوە)و، بەخوێن ڕازى بوو، دەبا خوێنوەرگرەکە ڕێى چاک بگرێتە بەر و پیاوانە بەپێى باو و نەریتى ناوچەکە ڕەفتار بکات و بجوڵێتەوە، لایەنى بکوژەکەش بەجوامێرانە و مەردانە خوێن بە کەسوکارى کوژراوەکە بدەن .

٣. قورئانى پیرۆز ئیمانى بۆ ئەو دوو کۆمەڵە قەرار داوە کە خەریکى کوشتارى یەکترن وەکو خواى گەورە دەفەرموێت [وإن طائفتان من المؤمنين اقتتلوا فأصلحوا بينهما فإن بغت إحداهما على الأخرى فقتلوا التي تبغي حتى تفيئ إلى أمر الله..... إنما المؤمنون إخوة فأصلحوا بين أخويكم واتقوا الله لعلكم ترحمون](الحجرات_9_10) واتە: ئەگەر دوو دەستە لە باوەڕداران پێکەوە بەجەنگ هاتن، هەرچى تواناتان هەیە بەکاریبێنن و بانگیان بکەن بۆ لاى بڕیارەکانى خوا، جا ئەگەر دەستەیەکیان دەستدرێژى کردە سەر دەستەکەى تر ئەوا ئێوەش لەگەڵ ئەوەیاندا بجەنگێن کە دەستدرێژى دەکات تا ناچار ئەبێ و ئەگەڕێتەوە بۆ بڕیار و حوکمى خوا، ئینجا ئەگەر کۆمەڵە ستەمکارەکە گەڕایەوە بۆ حوکمى خوا، ئەوە ئێوەش بە ئینسافەوە ناوبژییان بکەن و دادپەروەربن و بەلاى هیچکامیاندا دایمەشکێنن، چونکە بێگومان خوای گەورە دادپەروەرانى خۆش ئەوێ و، بەڕاستى هەر بڕواداران برای یەکترن جا ئەگەر لەنێوان براکانتاندا ناکۆکی پەیدا بوو ئێوەش بەزوویى نێوانیان چاک بکەن و ئاشتیان بکەنەوە، هەمیشە لەخوا بترسن لە هەموو گوتار و کردارێکتاندا بەشکو خوا ڕحمتان پێبکات .

ئایەتەکە ئیمان و برایەتى دینى بۆ چەسپاندوون سەرەڕاى بوونى کوشتار لەبەینیاندا، لەگەڵ ئەوەشدا پێغەمبەر (د.خ) لە فەرموودەى سەحیحدا دەفەرمووێت (لاترجعوا بعدي كفارا يضرب بعضكم وجوه بعض) واتە: لەدواى من کافر مەبنەوە و مەکەونە وێزەى یەکتر. وە هەروەها دەفەرموێت (إذا التقى المسلمان بسيفهما فالقاتل و المقتول في النار). واتە: ئەگەر هاتوو دوو مسوڵمان بەشمشێر ڕووبەڕووى یەکتر بوونەوە ئەوا بکوژ و کوژراو لە ئاگردان. ئیمامى بوخارییش بەم فەرموودەیە کۆتا بەڵگەى هێناوەتەوە کە تاوان خاوەنەکەى کافر ناکات لەبەر ئەوەى پێغەمبەر (د.خ) هەردووکیانى بە مسوڵمان ناوبردووە لەگەڵ ئەوەشدا کە گفتى ئاگرى پێداون .

لێرەدا مەبەست ئەوەیە ئەگەر هاتوو شەڕەکەیان بیانوویەکی ڕێگە پێدەرى نەبوو .

٤.حاتەبى کوڕى بەلتەعە تاوانێکى کرد لەوە دەچوو کە ئێستە ناودەبرێت بە خیانەتى گەورە (الخيانة العظمى)، کاتێک ویستى هەواڵى پێغەمبەر (د.خ) و جموجوڵەکانى سوپاکەى ببات بۆ قوڕەیش بە ماوەیەک پێش ئازادکردنى شارى مەککە، سەرەڕای ئەوەیش پێغەمبەر (د.خ) جەختى لەسەر ئەوە کردەوە کە ئەم ئیشەیان بەنهێنى بمێنێتەوە، بۆیە عومەر فەرموى: وازم لێبێنە ئەى پێغەمبەرى خودا با لە ملى بدەم، ئەمە بووە بە دووڕوو. بەڵام پێغەمبەرى خودا (د.خ) عوزرى بۆ هێنایەوە بەوەى کە لە ئەهلى بەدرە و وەواش کارەکەى ئەژمار نەکرد کە لە ئیمان دەرى کردووەو بەرەو کوفرى بردووە، بۆیە قورئان دابەزى و جەختى لەسەر ئەوە کردەوە، ئەوەتا لە سەرەتاى سورەتى (الممتحنة)دا دەفەرمووێت: [يأيها الذين آمنوا لاتتخذوا عدوي وعدوكم أولياء تلقون إليهم بالمودة وقد كفروا بما جاءكم من الحق يخرجون الرسول وإياكم أن تؤمنوا بالله ربكم إن كنتم خرجتم جهادا في سبيلي وابتغاء مرضاتي تسرون إليهم بالمودة وأنا أعلم بما أخفيتم وما أعلنتم ومن يفعله منكم فقد ضل سواء السبيل]( الممتحنة: ١) واتە: ئەى ئەوانەى باوەڕتان هێناوە دوژمنى من و دوژمنى خۆتان بە دۆست و خۆشەویست مەگرن، بێگومان ئەوان کافر بوون بەو حەقەی هاتووە و، ئەوانە ئێوە و پێغەمبەریش لە مەککە دەردەکەن، تەنها لەبەر ئەوەی بڕواتان بە پەروەردگاری خۆتان هێناوە، جا ئەگەر ئێوە دەرچوون بۆ جیهاد لەڕێى مندا و بەنیازى بەدەستهێنانى ڕەزامەندى من، بەنهێنی خۆشەویستی خۆتانیان پێدەگەیەنن، لە کاتێکدا من ئاگادارم بەوەی شاردووتانەتەوە و، بەوەش دەرتان بڕیوە، بۆیە هەر کەس لە ئێوە وا بکات، بەڕاستی ڕێگای ونکردووە .

دەبینین خواى گەورە بەناونیشانى ئیماندار دەیدوێنێ و، دوژمنى ئەو و مسوڵمانانى تر بە یەک دادەنێت، لەگەڵ ئەوەشدا کە دەفەرموێت (تلقون إليهم بالمودة).

٥. هەر نزیک لەمە، ئەو ئایەتانەى کە لە ڕووداوى تۆمەتبارکردنى دایکى ئیمانداران (عائیشە)دا دابەزى، سەبارەت بەو کەسانەى کە تۆمەتى بەدڕەوشتییان دابووە پاڵ، لەوانەش میستەحى کوڕى ئەساسە، کە لە ئەهلى بەدر بوو و، ئەبوبەکر سوێندى خوارد کە پەیوەندى لەگەڵدا بپچڕێنێت، بۆیە خواى پەروەردگار ئەم ئایەتەى دابەزاند: [ولا يأتل أولوا الفضل منكم والسعة أن يؤتوا أولي القربى والمساكين والمهجرين في سبيل الله وليعفوا وليصفحوا ألا تحبون أن يغفر الله لكم والله غفور رحيم] (النور:٢٢) واتە: ئەى خەڵکینە ئەوانەتان کە دەوڵەمەندن و خاوەنى فەزڵ و سامان و ماڵن، سوێند نەخۆن کە بەخشش و کەرەمی خۆیان لە نزیکان و خزم و بێنەوایان و کۆچکەرانى ڕێگەى خوا بگرنەوە لەبەر ئەو بوختانەى بەرامبەریان کرا، دەبا ئەو جۆرە مەردانە عەفوویان بکەن و چاویان لێ بپۆشن لەوەى بەسەریاندا دێت، لێیان ببورن و پشتگوێى بخەن و بڕۆنەوە سەر پیاوەتییەکەى جارانى خۆیان، مەگەر ئێوە پێتان خۆش نییە خوا لێتان ببورێت!؟ چونکە خوا زۆر لێبوردە و میهرەبانە .

ئەگەر بشوترێت: میستەح و ئەوان تەوبەیان کردبوو، بەڵام خواى گەورە تەوبەى _ بۆ عەفوو و لێخۆشبوونى ئەوان_ بە مەرج نەگرتبوو، وەکو ئیبن تەیمییە ڕەحمەتى خواى لێبێت دەفەرموێت .

  ٦. ئەو حەدیسەى کە بوخارى ڕیوایەتى کردووە لە ئەبوهورەیرەوە لە باسی کابراى عارەق خۆردا، کە پێغەمبەر (د.خ) فەرمانى بە لێدانى کرد و لێیاندا، جا دواى لێدانەکە کە کابرا ڕۆیشت، هەندێ لە خەڵکەکە وتیان: خودا سەرشۆڕى بکات. پێغەمبەریش (د.خ) فەرمووى: (لاتقولوا هكذا ولا تعينوا عليه الشيطان) واتە: وا مەڵێن و، مەبنە یارمەتیدەرى شەیتان لە سەرى. لە ڕیوایەتێکى ترى بوخاریدا هاتووە دەفەرموێ: (لاتكونوا عون الشيطان على أخيكم)، یارمەتیدانى شەیتانیش ئەوەیە: کە ئەو تاوانەکەى لەبەرچاو شیرین دەکات بۆ ئەوەى توشى ئەو سەرشۆڕییەى بکات، جا ئێوەش کە دوعاى سەرشۆڕیتان لێکرد واتە مەبەستى شەیتانتان بەدى هێناوە. بۆیە لە سونەنى (ئەبوداوود)دا زیادەیەک لەم باسە ڕیوایەت کراوە کە پێغەمبەر (د.خ) فەرمان دەکات کە بڵێن (اللهم اغفر لە وارحمە) خودایە لێى خۆش ببە و ڕەحمى پێبکە .

ئەمە ڕوانین و لێبوردەیی محەمەدییە بۆ کەسێک کە دایکى پیسییەکان (أم الخبائث) دەخواتەوە، پێغەمبەر فەرمان بە لێدانى دەکات بەڵام ڕازى نییە کە نەفرین بکرێت و لە ڕحمەتى خودا دەربکرێت و، لەڕیزى مسوڵماناندا نەژمێردرێ، بەڵکو برایەتى لەنێوان کابرا و هاوەڵەکاندا دەچەسپێنێت، وە ڕێگرییان لێدەکات کە دەرچەیەک بۆ شەیتان بکەنەوە کە بەهۆیەوە بچێتە دڵى کابراوە کە ئەگەر هاتوو بەئاشکرا جوێنى پێبدەن و سوکی بکەن، بەڵکو فەرمانیان پێدەکات کە نزاى لێخۆشبوون و ڕەحمەتى  بۆ بکەن و، هەست بە برایەتى و خۆشەویستى ئەو بکەن و، سووربن لەسەر هیدایەتدانى، بەئومێدى ئەوەى ئەو هیدایەت و ڕێنیشاندانە لەو سەرلێشێواوى و هەواپەرستییە بیگێڕێتەوە .

٧. لەمەش زیاتر ئەو فەرمودەیەى کە بوخارى ڕیوایەتى کردووە لە عومەرى کوڕى خەتابەوە: کە پیاوێک هەبووە لە سەردەمى پێغەمبەردا (د.خ) ناوى عبدالله بوو و، نازناوەکەشی (حمار) بوو و، پێغەمبەرى خوداشى دەخستە پێکەنین و، لەسەر عارەقخواردنەوە چەند جار قامچى لێدابوو، ڕۆژێک هێنایان بۆ خزمەتى پێغەمبەر (د.خ) کە عارەقى خواردبووەوە، ئەویش ئەمرى فەرموو کە قامچى لێبدرێت، بۆیە پیاوێکیش لەو کۆمەڵە گوتى: نەفرینى خودات لێبێت، ئەمە چەندجار بیهێنن !

پێغەمبەریش (د.خ) فەرمووى: (لاتلعنوە, والله ما علمت أنه لايحب الله ورسوله) واتە: نەفرینى لێ مەکەن، سوێند بەخوا نەمزانیوە کە ئەو خودا و پێغەمبەرى خوداى خۆشنەویستبێت .

لە هەندێ لە ڕیوایەتەکانى تری ئەم فەرموودەیشدا هاتووە کە فەرموویەتى (لقد علمت أنه يحب الله و رسوله) واتە: بەڕاستى زانیومە کە ئەو خودا و پێغەمبەرەکەى خۆشدەوێت. لە هەندێکی تریشدا دەفەرموێت:(ما علمت إلا أنه يحب الله ورسوله) واتە: هەر ئەوەم زانیوە کە بەڕاستى خودا و پێغەمبەرەکەى خۆشدەوێت .

ئەمە لەگەڵ ئەوەدا کە ئەم کابرایە ئاڵودەى خواردنەوە بووە و بەردەوامە لەسەرى، لەگەڵ ئەوەشدا پێغەمبەر ڕەتى دەکاتەوە کە نەفرین بکرێت، هەتا کە ئەوەى ( ابن حجر) لە (فتح)دا لە (ابن عبدالبر)وە بۆمان دەگوازێتەوە کە پەنجا جار لەسەر عارەقخواردنەوە لێى دراوە، پێغەمبەریش ڕەتى کردۆتەوە کە نەفرین بکرێت و، جەختیش دەکاتەوە کە ئەو خودا و پێغەمبەرەکەى خۆشدەوێت .

حافز (ابن حجر) لە باسى سودەکانى ئەم فەرموودەیەدا دەفەرموێت :

ا- ئەم فەرموودەیە وەڵامى ئەوانەى تێدایە کە وا گومان دەبەن ئەوەى گوناهى کەبیرەى کرد پێى کافر دەبێت، بەهۆى جێگیربوونى ئەو ڕێگریەى کە پێغەمبەر (د.خ) لە نەفرینکردنى کابرا کردوویەتی و فەرمانى کردووە کە دوعاى بۆ بکرێت .

ب-  ئەم فەرموودەیە ئەوەشى لێوەردەگیرێت کە دەکرێت کەسی گوناهبار خۆشەویستى خوا و پێغەمبەرى لە دڵدا بێت، واتە بوونى خراپە نەفى خۆشەویستى و مەحەبەت ناکات، لەبەر ئەوەى پێغەمبەر (د.خ) هەواڵى ئەوەیدا کە عبدالله خوا و پێغەمبەرى خۆشدەوێت سەرەڕاى ئەو گوناهەى کە کردبووى .

ج-  ئەو کەسەى کە چەند جارێک گوناهێک دووبارە دەکاتەوە ناتوانین خۆشەویستى خودا و پێغەمبەرەکەى لێدابڕنین .

د- ئەوەشى لێوەردەگیرێت کە نەفیکردنى ئیمان _لە عارەقخۆر_ مەبەست لە فەرمودەى (لايشرب الخمر وهو مؤمن)ە_ مەبەست نەفى تەواوەتى نییە بەماناى کافربوون، بەڵکو نەفى کەمالى ئیمانە واتە ئەو کەسە ئیمانى تەواو نییە .

٨. ئەو فەرموودانەى پێشوو کە بەهەشت واجب دەکەن بۆ کەسێک کە دان بە (لاإلە إلا الله)دا بنێت ئەگەر زینا و دزیشى کردبێت .

٩. ئەو فەرموودە سەحیحانەى کە لە پێغەمبەرى خوداوە (د.خ) هاتوون کە باس لە شەفاعەتکردنى پێغەمبەر (د.خ) دەکەن بۆ ئەو کەسانەى کە توشى تاوانە گەورەکان (الکبائر) بوون لە ئوممەتەکەى. ئەمەش ئاماژەیە بۆ دوو فەرمانى گەورە :

یەکەمیان: پێغەمبەر (د.خ) بەهۆى ئەنجامدانی تاوانە گەورەکانەوە لە چوارچێوەى ئوممەت نەیکردوونەتە دەرەوە .

دووەمیان: خواى گەورە ڕەحم بە ئوممەتى ئیسلام دەکات بەم شەفاعەتە، ئەویش یا دەبێتە هۆى ئەوەى نەچنە ئاگرەوە هەر لە بنەمادا، ئەگەرچى شایەنیشى بن بەهۆى گوناهەکانیانەوە. یاخود دەبێتە هۆى دەرهێنانیان لە ئاگر دواى ئەوەى کە دەچنە ناوى و سزا دەدریێن ماوەیەک، بەڵام بە هەتاهەتایى تێیدا نامێننەوە .

تاگەکان    
پۆدکاست خێوەتگە لۆجیک نائومێدی تەکنۆلۆژیا فەلسەفەی ئەخلاق ئەنیمی ئازادی ژیانی پێغەمبەر عەبدولکەریم سرووش چیرۆک حزبی ئیسلامی زمان هاوڕەگەزخوازی گۆرانی
فیکر
2017-02-12 کۆمێنت 2833 جار بینراوە
بابەتی زیاتر
سەرجەم مافەکانی پارێزراوە بۆ وارگەی هاوسانی . Copyright 2024 - hawsani.org © Developed by Kurdsoft
×
هاوسانی