کاک ئەحمەدی موفتی زادە و چەند وەسفێک

فیکر 2017-02-15 کۆمێنت 3014 جار بینراوە

کاک ئەحمەدی موفتی زادە و چەند وەسفێک

  هاوکار محمد

دەڵێت :

لاوی کوردم خۆت نەکەیتە دارەدەستی دوژمنت

دوژمنت نەتباتە مەیدان بۆ برای خۆ کوشتنت

ماوەیەکە هەوڵ دەدەم خۆم بە دوور بگرم لە موعجیب بوون بە کەسایەتیەکان و ئەوەی گرنگترە لام ئەسڵی بابەتەکانە، و هەموو گرنگی دانێک بە شەخسەکان دوورت دەخاتەوە لە بابەتی بوون و پڕەنسیپە باڵاکان ...

 هەرگیز موعجیبی من بە کەسە ناودار و کاریگەرەکان بۆ زیرەکیەکەیان نەبووە هێندەی بۆ ئەوە بووە تا چەند ئەو کەسە خاوەن پەروەردەیەکی جوان و دروستە، تا چەند فکری پاكە و ڕق و بوغز لە دڵی نیە؟ تا چەند نزیکە لە دنیا بینی و کلتوری خۆمانەوە؟ هە تاچەند سودی هەیە بۆ خەڵکی و نەبووەتە بار بەسەر ئەوانی ترەوە؟ تا چەند ڕاستەهێڵێکی گرتووە و ئەمبەز و ئەوبەزی نەکردووە؟ لە گرنگترین خاڵیش دا تا چەند زۆر بڵێ و دەم بە هاوار و بێ کردار نەبووە؟

هەموو ئەو وەسفانەی باسم کرد پڕاو پڕ بۆ کاک ئەحمەدی موفتی زادە داتاشراون، ئەم ڕۆژانە یادی شەهید بوونیەتی. کابرایەکی خاکی کە شەڕواڵەکەی پێێ و قۆڵ هەڵکردنەکەی شایەتی ئەوە دەدەن، موفتی زادە تاکە کەسە منی گریاندووە بە دڵسۆزی بۆ مرۆڤ وەک مرۆڤ نە هیچی تر، ئاخر ئەو خۆ لە دڵێکی گەورە و پڕ خۆشەویستی زیاتر هیچی تری نەبوو بیکاتەوە بۆ کەسەکانی چواردەوری(لە چەندین کاسێتی سەوتی دا گریانی هاوڕێیانی دێتە بەرگوێت)، کەسێک نەیبینیوە دڵێ پڕ بووە لە مەحەببەت بۆی، کەسێک کە دیویەتی و لەگەڵی بووە دەبێت حاڵی چۆن بووبێت؟ کابرای کۆمۆنیست لە سجنەکە دڵی بووە بە ئاو کە وەها مەخلوقێک هەیە بە ڕاستی دڵسۆزی ئینسانیەتە و هیچ بەربەستێک نیە کە ئەم دوور بخاتەوە لە خۆی. هەیەجانی دڵ ئەو دەمەیە کە لە جەللادی بەندینخانە داوا دەکات زیاتر لێی بدات ئەگەر قەرارە بەهۆی لێدان لەمەوە پارەی زیاتری بدەنێ بیباتەوە بۆ منداڵەکانی .

ئەو دوژمنەی هەموو ڕۆژ تەلەفۆنی بۆ ئەکرد و پڕ جنێوی ئەکرد و ئەمی بێنرخ دەکرد، وەڵامی موفتی زادە ئەمەبوو"واللە ڕاست دەکەیت من زۆر لەوە بێنرخ ترم کە تۆ دەیفەرموویت، من ئینسانێکی بچوک چیم؟" دوژمن دایە پڕمەی گریان ئەمە چیە هەموو ڕۆژێک قبوڵی ئەمەی کردووە؟

- کە ئەم قسانە دەکەم و ژیانی ئەو دەخوێنیتەوە وا هەست دەکەی کابرایەکی بێ جورئەت و بێ غیرەت بووە بەرامبەر ستەمکارەکان؟ نەخێر ئەو دژی دیکتاتۆریەتی شاه لەگەڵ خومەینی لە کۆنگرەی شەمس وەک شێر هاواری دەکرد، و دوای ئینقلابی ئێران بە نوێنەرایەتی کورد بێ خۆ دزینەوە قۆڵی هەڵماڵی و چووە دیوانی ئاغای خومەینی و ووتی ئێمەش کوردین و خوا دروستی کردووین مەگەر ئێوە چین ئەمەتان پێ قبوڵ ناکرێت؟

ئەو دژی شیعە نەبوو و پشتگیری سونی نەبوو، ئەو دژی مەزهەبیەت و قەومیەت بوو، ئەم دووانەشی بە دەردێکی کوشندە ناوزەند کردبووە .

ئەو دەمەی کە مخابەرات لە ماڵەکەی بۆمبیان دانابوو، ئاگاداری کردنەوە و ئەوانیش بۆ دادگایی داوایان کرد بڕواتە ئەوێ، خزمانی وتیان کە نەچێت چونکە مەرگی حاسڵە. کاتێک موفتی زادە بە شەڕواڵە کوردی و دڵە گەورەکەیەوە ڕۆشت و لەو سەرەوە گەڕایەوە هەر قەرزاریشی کردبوون کاتێک بینی بووی لە مانگی ڕەمەزان فەرمانبەرانی دەوڵەت لە ناو فەرمانگە خەریکی نان خواردنن و بە حساب دەوڵەتی ئیسلامیە و خەڵکیش لەسەرە موزاحیمن .

- ئەگەر باسی کوردایەتیەکەی بکەی، ڕەنگە لە ڕیزی ئەو سەرکردە کوردانەدابێت کە خەباتێکی زۆری هەبێت بەڵام چوونکە هەر زوو چەکی فڕێدا و پێی حەیف بوو دڵۆپێک خوێن بڕژێت لە پێناوی (هیچ) دا و نەشزانی دوژمنت کێیە؟ بۆیە زۆر کەم باس دەکرێت، ئەوەی جێێ باسە زیندوو کردنەوەی جلە کوردیەکەی و شعرە جوانەکانی بەسەر کوردستان دا و هاندان بۆ خۆشویستنی نیشتیمان گەواهیدەری کوردستانی بوونی بوون .

جوانترین شتێک کە جێی باس بێت، ڕوونی، و کوردەواری بوون، و خاکی بوون و نەرمی بوو لە فیکری دینداری کاک ئەحمەدی موفتی زادەدا. ئەم مواسەفاتانە دەگمەن لە بانگخوازێکی کورد دا دەردەکەوێت، ئاخر ئەو دەڵێت دین پەلە پەل و هاتو هاواری بۆچیە؟ بەڵک و دین وەک هەوایەکی پاک بێ بەرامبەر بە هیچ داوایەکی دنیایی پێشکەش بکە، ئەو هەوایە دەچێتە ناو سنگی هەموو تاکێکی ئەم وڵاتەوە، ئیتر خەڵک کوشتن و قیڕە قیڕی بۆ چیە؟

لە کۆتایی دا ئەوە ماوە بڵێم زۆررررررن ئەو موفتیزادانەی کە کەس نایانناسێت لەبەر نەرمی و بێدەنگی هەڵوێستیان چونکە بێ مەبەستی دنیا کاریان دەکرد، وە ناسینی وەها مرۆڤانێک وات لێدەکات دڵت بەم ژیانە خۆش ببێت .


تاگەکان    
کۆمه‌ڵه‌ بەڵگه‌یه‌ک که‌ له‌ شوێنی خۆیاندا نین ئیلحاد ژیانی پێغەمبەر چەواشەکاریی_لۆژیکی ئەنیمی #پیری فەلەستین دیمانە بوونەوەری ئاسمانی ڕانانی کتێبب کرێکار ژن خێوەتگە چەواشەکاریی لۆژیکی ڕەزا بابایی
فیکر
2017-02-15 کۆمێنت 3014 جار بینراوە
بابەتی زیاتر
سەرجەم مافەکانی پارێزراوە بۆ وارگەی هاوسانی . Copyright 2024 - hawsani.org © Developed by Kurdsoft
×
هاوسانی