مەملەکەتی مامرەکان

ئەدەب 2017-02-16 کۆمێنت 3573 جار بینراوە

مەملەکەتی مامرەکان

 حەکیم کاکەوەیس

دەوروبەری ٣٠ مامر و کەڵەشێرمان هەبوون. لێوردبوونەوەیان، هەر بە خوێندنەوەی کتێبی شاکار دەچوو... مرۆ دەیتوانێ شتێ لە ژیانی مامر فێر بێ و هەندێ لایەنی ژیانی مرۆڤی پێ بپێوێ. ئەوانیش دەستوور و سستەمی ژیانی خۆیان هەیە و ئەگەر ئێمە دەست لە ژیانیان وەرنەدەین، بۆ خۆیان بەڕێوە دەچن و دوور نییە فێری فڕینیش بن و لە سەر لقەدار بژین .

ماوەیەک پێش ئێستا، کەڵەشێرێکمان، سنووری کەڵەشێرایەتی تێپەڕاند و ببوو بە کەڵەگا. ڕێی نەدەدا کەڵەشێرەکانی تر تەنانەت بشقووقێنن، چجای بە مامردا بفسن. بەڵام خوا هەقە بەرگریشی لێ دەکردن. چ قودرەت بوو منداڵ توخنیان بکەوێ. بەرگری لە کەڵەشێرە کۆیلەکانیشی دەکرد. نازانم قووقاندن چ جنێوێک یا شەڕخوازییەکە ئەو کەڵەشێرە، ئەوەندە پێی قەڵس دەبوو و پێی قەبووڵ نەدەکرا. پێ دەچێ قووقاندن، کێشەیەکی سەرەکی نێوان کەڵەشێرەکان بێ. ڕەنگە جاڕدان و کەڕەنای شەڕ بێ. ئەو کەڵەشێرە، قووقاندنی لە قوڕگی ئەوانی تردا دەقرتاند. واتە هەموو جارێ کەڵەشێرەکانی تری دەکرد بە کەڵەشێری نیوەقووقە... وەک کەری نیوەزەڕ!. بەرانبەری هەموویان دەوەستایەوە و هەموو مامرەکانی بۆ خۆی قۆرخ کردبوو. هەندێ جار، لێیان دەکردە دووسەرە و لەملاوە پەلاماری مریشکێکیان دەدا و لەولاوە مریشکێک، بەڵام کەڵەگاکە، مەگەر بە دەگمەن، دەنا فریای هەموویان دەکەوت. هەندێ جاریش سۆزی سەری دەکرد و وەک مامر، جووجگەی دەخستنە بن باڵی خۆیەوە و دەیلاواندن. بەڕاستی خەمخۆر بوو. گەورەیی هەر وا دەبێ!. لەمەوە بۆ ئەوە چووم کە دەبێ "کەڵەباب" بێ نەک "کەڵەشێر". مامریش، تا نەبرژێ "مریشک" نییە، بەڵام کە برژا، ئیتر حەیفە پێی بڵێی مامر .

بە لای خۆمەوە، خۆم بە کەسێکی هەقخواز دەزانم و حەزم بە زۆرداری نییە. گوتم: "با ئەو کەڵەشێرە کەڵەگایە سەربڕین. ژیانی لەوانی تر تاڵ کردووە". ناخم ئەو زۆردارییەی پێ خۆش نەبوو. ویستم یاسا و شەرعی مرۆڤ بە سەریاندا بسەپێنم بۆیە ئینقیلابێکمان ساز دا و سەرمانبڕی. ئیدی بزانە چ قەومانێک قەوما :

دوای ئەو "کەڵەباب"ە، ناوچەی مامرەکان، شیرازەی تێکچوو. هەر کەڵەشێر بوو و مامرێکی هەڵدەبڕی. ئەگەر کەڵەشێرێک بە یەکێکیاندا فسیبا، چواری تریش، یەک بە دوای یەکدا پەلاماریان دەدا و پێیدا دەفسین. وای لێ هات مامرکان، لە ترسی کەڵەشێر، خۆیان دەپەستایە کولانە و کون و کەلەبەری بلۆکەکان و جێی واوە زەفەریان پێ نەبرێ. پەڕ بە پشتیانەوە نەما. بەو کارەی من، شیرازەیان تێکچوو و ژیان لە هەموو مامرەکان تاڵ بوو، بەڵام خۆ ناکرێ بە فەوتانی کەڵەگاکەیان، دوایان ببڕێتەوە... مامر و کەڵەشێرەکان، بە پەیدابوونی زۆردارێکی تر، ڕەوتی خۆیان وەرگرتەوە، بەڵام تا پەیدا بوو، کەڵەبابەکان یەکتریان خەڵتانی خوێن دەکرد. نازانم بۆچی ئەو شەڕەی لە نێوان خۆیاند دەیانکرد، لە دژی زۆردارەکەیان نەدەکرد!. بەڵام نا!! سستەمی ژیان لە مامرستاندا وایە و هەر دەبێ یەک کەڵەشێر، زۆردار و بڕیاردەر بێ. لە مامرستاندا، سستەمی دیموکراسی کەڵکی نییە !.

تۆ بڵێی لە بنەڕەتەوە، مرۆڤیش وا نەژیابێ!. ئەدی ئێستاش ئەگەر وردبینەوە ئەو خەسڵەتانە لە مرۆڤدا نابینینەوە؟. وای دەبینم پیاو چەند دواکەوتوو بێ، زیاتر بە کەڵەباب دەچێ. هەمان خەسڵەت لەمرۆڤدا هەیە، بەڵام بە شەرع و یاسا، کە دەستووری کەڵەشێرە کەڵەگاکانن، سنووردار کراوە. کەڵەبەشەری زۆردار، چۆنی بوێ وا دەکا و یاسای بۆ سەرکوێرکردنی ئەوانی تر هەیە، بەڵام هەندێکی تر لە کەڵەبەشەرەکان دەهێڵێتەوە بۆ چاودێری بەر دەرگا و "حیمایە" و "حەرب"... هەر کاتێکیش خۆی بیەوێ، دەیانگۆڕێ. ئەوەیە شەرع و یاسای کەڵەبابی سەگباب !.

تاگەکان    
کۆمەڵکوژیی بۆسنە ئەنیمی ژیانی پێغەمبەر فەلسەفەی ئەخلاق بوونەوەری ئاسمانی کۆرۆنا شیرک جنۆکە عەبدولکەریم سرووش زانایان فەڵەستین ئایین ڕانانی کتێب جەنگی هۆشیاری بوومەلەرزە
ئەدەب
2017-02-16 کۆمێنت 3573 جار بینراوە
بابەتی زیاتر
سەرجەم مافەکانی پارێزراوە بۆ وارگەی هاوسانی . Copyright 2024 - hawsani.org © Developed by Kurdsoft
×
هاوسانی