بژی دزی دەڤەری مە

فیکر 2017-03-03 کۆمێنت 2480 جار بینراوە

بژی دزی دەڤەری مە

 حەکیم کاکەوەیس

 

ئەرێ ئەو خەڵکە بۆ ئەوەندە بیریان کۆڵە؟ !

هەر ئەوەیان لەبیر ماوە کە دزی دەڤەری خۆیان لە دزی دەڤەری بەرانبەر باشترن !

لە بیرتان چوو کوڕی کورد لە شاخ بە یەکتر بە کوشت دەدران؟!

 لە بیرتان چوو هەتا تەقەیەک لە سوپای بەعس دەکرا، یەک حەفتاوپینجی بە کوڕی کوردەوە دەنرا؟! بیرەوەرییەکانی نەوشیروان مستەفاتان نەخوێندۆتەوە و نەتانزانیوە لای ئەم دوژمنی سەرەکی کورد ئەو بوو و لای ئەویش ئەم؟! ئەی بۆ هەر بە دوایانەوە بوون؟
!

لە بیرتان چوو کە سەددامی ئەنفالچی لێی قەوما، چۆن سەرانی کورد، هەر لە دوای کۆڕەوە ملیۆنییەکەدا یەکسەر چوونە بەغدا و بۆ ماچکردنی ڕیزیان بەست؟ ئەی نازانن ئەوەی ئەو کارەی پێ بکرێ، هەموو شتێکی لە دەست دێ؟! ئەی بۆ هەر بە دوایانەوە بوون؟ دە بیخۆن عافێتتان بێ !

لە بیرتان چوو هەر کە لە شاخ داگەڕان و گەیشتنە شار، کەوتنە تاڵانکردن و ئاودیوکردنی هەرچی تاڵان و ئاودیو دەکرا؟! نە لۆری ما نە گەڵابە و شۆڤڵ و نە کەرەسەی نەخۆشخانە و قوتابخانە، نە کارگە و نە بەربەستی بێخمە ما و نە هیچ! ئەی بۆ هەر بە دوایانەوە بوون؟! دە بیخۆن لە گیانتان خۆش بێ !

لە بیرتان چوو عیراق و سوپاکەی تەفروتونا بوون و ئەم قارەمانانەی کە ئێستا لێیان بێزارن، هەم عیراقیان دروست کردەوە و هەم لەشکرەکەی و لە تاو کورسیی بەغدا کوردستانیان کرد بە کیسە تووتن و بە بەر پشتیاندا کرد؟! لە بیرتان چوو بەڵا لەو ئاسمانەوە بۆ عیراق بهاتبا، ئەمان بۆی دەبوون بە چەتر و پارێزگارییان لێ دەکرد؟! ئەی بۆ هەر بە دوایانەوە مان؟! دە بیخۆن لە گیانتان خۆش !

لە بیرتان چوو کە گەیشتنە شار، هەر بەرپرسێک کەوتە دروستکردنی باغ و کۆشک و تەلار و قومارخانە و بەڕێکردنی شەوی سوور و ئێوەش لە بەر دەرگاکان دەست لە سەر پەلەپیتکە هەڵدەلەرزین نەک خوانەکردە بەردێ بێتە بەر پێیان؟ ئەوەی پێتان دەبڕا هەر ئەوە بوو جاروبار و بە جوملە دەیانخستنە ڕستەیەکی بێناوەڕۆکەوە و دڵتان خۆش دەکرا... ئەی بۆچی پشتتان بەر نەدان؟! دەی لە گیانتان خۆش !

لە بیرتان چوو وەک جامبازی شارەزا، ئەو خۆفرۆش و ماینە سمتپانانەی ئەوروپایان، هەر یەکە بە قەڵەمێکی چاوشۆڕەوە کۆ کردەوە و پارەیان بۆ هەڵڕشتن و هەر یەکەیان دوامۆدێلی ئۆتۆمبیل و باشترین کۆشک و زەوی و مووچەیان بۆ بڕایەوە و ئێوەش بە دەمجایەک بنێشتی دەمتانەوە لە بەر دەرگاکانیان بەخێرهاتنی مێوانی مەست و بەدمەستتان دەکرد و گڵۆپی بنێشتتان دەتەقاند؟! ئەی بۆ پشتتان بەر نەدەدان؟

لە بیرتان چوو بە بەر چاوتانەوە هەر هەتیوچەیەکی کۆنە هەموو شتێک دوو سێ مەعاشی بندیوار و بنپردی هەبوو و نە بە قومار تەواو دەبوو نە بە مەی و نە بە دیاری و نە بە مەساج و بنزگشێلان، ئێوەش زەققەی چاوتان دەهات و بە پاسکێلێکی کۆنەوە، کە جاروبار زنجیری دەترازا، یا بە ئۆتۆمبیلێکی شڕەوە، کە جارجار شریقە لە ئەگزۆزی هەڵدەستا، هەڵتەکهەڵتەک دەچوونە "واجب" و بە دیار خانمەکەی جەنابی بەرپرسەوە شەونخوونیتان دەکێشا؟! دە بیخۆن دەردتان بێ! باشە؟ !

خۆ بە بەر چاوتانەوە بەرپرسەکان لە بەغدا دەبوون بە وەزیر و گزیر و پارەیان لوول دەدا و لووش دەدا و بە دڵسۆزی کاریان بۆ بەغدا دەکرد و خیانەتیش لە کورد، بۆدیگاردەکانیشیان، لە عوزێم سەردەبڕدران! لە بیرتان چوو؟

کاتێ گوتیان نابێ کەس باسی ١٨ ژنە گەرمیانییە ئەنفالکراوە فرۆشراوەکان بکا و کەس ورتەی لێوە نەهات، ئەوە پێشەکی بوو بۆ لغاوکردن... لغاوکراو چی بڵێ؟ !

ئەی بە ڕاست! نەتاندیت چۆن بەرپرسەکان، هەر یەکە و گاگەلێ جاش و ئەنفالچیی کوردی لە خۆ گرت و گوتی: ئەمانە لە ڕێکخسنەکانی ناو شار بوون، تا وای لێ هات هەریەکە لەو خۆفرۆشانە دوو پێناسەی هەڵگرت و دوو مەعاشی زەرد و سەوزی وەردەگرت؟! بەوەشەوە نەوەستان، پێشمەرگەیان ناردە ئەو ماڵە عارەبانەی لە سەردەمی سەددامدا دەستدرێژییان کردبوو و خەڵکیان کوشتبوو تا ئاگاداریان بن؟ لە بیرتان چوو، ها؟

ئەو کاتەش بە ئاگا نەهاتنەوە کە بەغدا داوای ئەنفالچییەکانی دەکرد تا دادگایی بکرێن و بەرپرسەکانتان ڕێیان نەدەدا بیانبەنە دادگا و پەنایان دەدان و ڕەوانەی ئەوروپایان دەکردن!! کار گیشتە ئەوەی ئەنفالچییەکان لە پەنای حیزبەکانەوە هەڕەشەی کوشتن لەوانە بکەن کە ناویان دەبردن!! ئەرێ هەر بە ئاگا نەهاتنەوە؟ !

ئێستا گلەیی چی دەکەن؟! کاتێ بەئاگا هاتنەوە مەعاشیان بڕین؟! کاکە گێ مەدێ! مەعاشی تۆ بڕاوە نەک هی خۆفرۆش و قەڵەمفرۆش و وڵاتفرۆش و کۆنەجاش و بەعسی!! مەعاشی تۆی بنیشت لەدەم بڕاوە... بیجووە و گڵۆپەکەی بتەقێنە و ئەوەی ناوی سەرکردەکەت دێنێ، لێی ببە بە داعش و سەری بپەڕێنە !

وا بۆڕییە نەوتەکان بە بن عەرددا دەڕۆن و نابیندرێن، ئەی ئاگات لەو هەموو تەنکەرە نەوتە نییە کە بە بەر چاوتەوە دەدزرێن؟! ئەی نازانی هەر بۆن و دووکەڵە پیسەکەی بۆ تۆیە؟ ئەگەر ئاگات لێی نەبێ، چاویلکەش دادت نادا! ئەگەر ئاگات لێی نەبێ، حەوت ڕووحت هەبێ هیچیت نەماوە! دەریای ئیجەش بە ئاگات ناهێنێ! کە مەعاشت دەبڕێ، لە بری هەموو کاردانەوەیەک دەچی خۆت دەکوژی! وەی خەم!! دە بڕۆ هەر خۆت بکوژە! کە تۆ خۆت کوشت، بەرپرسەکەت شەو لە داخاندا ناخەوێ! بەستەزمانە ویژدانی ئازاری دەدا!! کوڕە کاکە ئەو نیشتیمانی خۆی و نامووسی خۆی دەخاتە سەر مێزی قومار چ گوێی بەوە داوە تۆ دەمری یا نامری! نا، پشتی بەرمەدە! دەڵێن گوایە نیوەمەعاش خەڵکی سەغڵەت کردووە. خۆ خۆت باش دەزانی کە بە دەیەکی مەعاشیش کڕە دەکەیت!! کاکە کڵاووت دەناسن، کڵاو !.

کابرایەکی عارەب لە گۆرانییەکدا دەڵێ: "خذوا المناصب والمکاسب، بس خللولي الوطن!". ئەو گازلە ناکەی!! وەتەنی چی؟! وەڵا ئەمانەی ئێمە نە نرخیان بۆ وەتەن هێشتەوە نە بۆ نەتەوە و نە بۆ ئاڵا و نە بۆ هیچ! بەعس بەو دڕندەیی خۆیەوە، توانی تەنها حوکمی زاتی لە بەر چاومان ڕەش بکا، بەڵام ئەمانە ئازادیشیان لەبەر چاومان خست! من ناڵێم لێیان قەبووڵ مەکەن، چونکە هەر قەبووڵی دەکەن. بەڵام لەوەدا پشتیان مەگرن  بۆیان ببنە کیسە خۆڵی سەنگەر !

من دەزانم ئێستاش پشتیان بەرنادەن!! ئیتر ئێوە نەڕەنەڕی چیتانە و منیش خەریکی چ منجەمنجێکم؟ !

کە هەموو ئەوانەتان قەبووڵ بوو، تازە هەموو شتێکی تریش قەبووڵ دەکەن! قەبووڵی کەن! من هەڵەم! من شۆڤیەنی و ڕەگەزپەرست و دژەئارامیم! ژنی کورد، وەک کچە گەرمیانییە فرۆشراوەکان و وەک کچە ئێزیدییە تاڵانکراوەکان، هەر بۆ فرۆشتن باشن!! ئا، هەر بۆ ئەوە باشن نرخیان لە سەر دابندرێ: ئەمەیان دوو وەرەقە و ئەویان یەک وەرەقە و ئەوەی ئەولاتر پەنجا دۆلار! هەر کەسێ ئەوەی قەبووڵ نەبێ ڕەگەزپەرستە! کە دەستمان لە هەموو شت بەر بوو، با هیچ نەبێ دانی پێدا بنێین کە ڕانەمەڕین!! با بباڕێنین!! خۆ باڕاندن، بە پێی یاسای یەئجووج و مەئجووجەکەی لای خۆمان قەدەغە نییە؟! نا، جارێ باڕاندن قەدەغە نەکراوە و با تا دەتوانین بباڕێنن !


dexamethason blog dexamethason wikipedia dexamethason revlimid
تاگەکان    
گەڕان خاڵبەندی زانکۆ مانا عەبدولکەریم سرووش کتێب سایکس-بیکۆ عیرفان فیکر پۆرن مۆدێرنیتە پۆدکاست دیمانە کتێبی هاوسانی کۆرۆرنا
فیکر
2017-03-03 کۆمێنت 2480 جار بینراوە
بابەتی زیاتر
سەرجەم مافەکانی پارێزراوە بۆ وارگەی هاوسانی . Copyright 2024 - hawsani.org © Developed by Kurdsoft
×
هاوسانی