زوڵم و ستەم: خوێندنەوەیەکی قورئانی

فیکر 2017-03-19 کۆمێنت 4632 جار بینراوە

زوڵم و ستەم: خوێندنەوەیەکی قورئانی

عبداللە مجید

بــسم الله الرحمن الرحیم

سوپاس و ستایش بۆ پەروەردگارى جیهانیان، پەرستراوى حەق و خالقى دادپەروەر ، هەزاران دروود و سەلام بۆ سەر ڕوحى پاک و بەرز و پیرۆزى مەزنترین مرۆڤ ، موحەممەدى پەیامبەر و یار و یاوەرانى کە تا دوا هەناسەى تەمەنیان دژایەتى ستەمیان کرد و لە تێکۆشان دژى زاڵمان کۆڵیان نەدا....هەموو تەمەنیان لە هەوڵدان بۆ چەسپاندنى یەکتاپەرستى و دادپەروەرى و ڕوو بەڕووبوونەوەى ستەم و ستەمکاراندا بەسەربرد .

دیاردەى زوڵم یەکێکە لەو دیاردانەى کە هەر لە ئەزەلەوە لە کۆمەڵگاى مرۆڤایەتى دا بوونى هەبووە و دەیبێ، هەروەها یەکەمین تاوان و سەرپێچییەکە لە فرمانى خوا کە ئادەمیزاد کردوویەتى، دیاردەى زوڵم و ستەم بە هۆى ئەو پێشینە دێرینە و مێژووە درێژەى کە هەیەتى یەکێک بوو لە گرنگترین و سەرەکیترین هۆکار لە هەڵگیرسانى تەواوى جەنگ و کوشتار و خوێن ڕێژیەکان .

بە هۆى ئەو پاشخانە بەد و قێزەونەى کە هەیەتى، بە بەردەوامى هەموو کەسێک دژى زوڵم و ستەمکاران بوون، وەلێ لەسەر ئەرزى واقعدا ئەمە تەواو پێچەوانەیە تا ئەو ڕادەیەیى، جگێک لەو کەسانەى وا بانگەشەى دادپەروەرى دەکەن، بۆ خۆیان بووینە بە هێما و ڕەمزى زوڵم و ستەم. لە هەمان کاتدا زۆرێکى تریش بەداخەوە بوون بە کۆیلە و دارەدەستى ئەو زاڵمانە.... ئەمانە ئەو کەسانەن کە چاوى بینش و ویژدان و عەقڵیان کوێرە، بەڵام لە بەرامبەردا هەندێ هەنە کە باش لەوە گەیشتوون کە بێ گومان دەبێ زۆر بە ئازایانە و بوێرانە بەرەنگارى زوڵم و زاڵمان ببنەوە و، ئەوەیان بە گوێدا بدەن کە دەنگى زیندوو ونەبەرد و بوێرەکان نەمردوون، هێشتا ماون و هەرگیز لەناو ناچن ...

بەڵام لە هەمووى گرنگتر و جێى باستر ئەوەیە کە موسڵمانى ڕاستەقینە و باوەڕدارى ڕاستگۆ، بە گوفتار و کردار لە بەرامبەر زءڵم و ستەمدا بووەستێتەوە و دژایەتى ستەمکاران بکات. ئەمەش وەک شوێنپێ هەڵگرتنى پەیامبەرى خۆشەویست کە تەواوى تەمەنى لە بەرەنگار بوونەوە و دژایەتى کردنى ستەم و ستەمکاران بەڕێکرد، هەروەها بۆ خۆپاراستن لەو هەموو هەڕەشە ترسناکەى کە خوداى دادگەر ئاڕاستەى ستەمکارانى کردووە ..

*ناساندنى زوڵم :

                      بریتییە لە شکاندنى سنورێک کە بۆت دانراوەو پابەندبوون پێوەى شتێکى دڵنیایەو فەرزە، یان پێشێلکردن و زەوت کردنى مافى کەسانى ترە .....

*ستەم لە دیدگاى ئاسمانییەوە :

ئێمەى ئادەمیزاد بێ گومان بەندە و دروستکراوى بەدیهێنەرێکى دادپەروەر و بەخشندەین، هەر ئەو خودا تاقانەیەیە کەدروستى کردین و لە ڕۆحى خۆى کرد بە بەرمانداو ڕۆزیمان دەدات و چاودێرى و پارێزگاریمان لێدەکات، پەروەردگار هێندەى گەردێک زوڵم لە هیچ دروستکراوێکى ناکات، خواى گەورە سەرەڕاى سۆزو میهرو بەزەییە بێ پایان و نەژمێردراوەکەى، ئەمەنەى بەخشش پێداوین کە هەرگیز لە تواناى ئێمەى بەندەیدا نییە بە تەواوى سوپاسى بکەین وەک دەفەرموێت:[وَإِنْ تَعُدُّوا نِعْمَةَ اللَّهِ لَا تُحْصُوهَا إِنَّ اللَّهَ لَغَفُورٌ رَحِيمٌ]..النحل(18) واتە: (ئەوانە کەمێک بوون لە نیعمەت و بەخششەکانى خواى گەورە، خۆ ئەگەر بتانەوێ گشت نیعمەت و چاکەکانى خوا بژمێرن، بۆتان ناژمێردرێن) بۆیە لەسەروو هەموو ئەمانەوە،کۆمەڵێک داواکارى لە ئێمە دەکات و هەندێ مافى بەسەرمانەوە هەیە و بڕێ کارى لەسەر واجب کردووین چ بە ئەنجام دان یان بە پێچەوانەوە ،هەروەها چەند سنوورێکى بۆ داناوین کە  بەزاندنى یاسا شکێنى و سەرپێچى بێت و پاراستنى حەتمى بێت !

کەچى پاش بینینى ئەو هەموو خۆشەویستى و بەخشندەییەى پەروەردگار و دواى زانینى بێ ئەندازەیى و بێ پایانى تواناو دەسەڵات و گەورەیى بەدیهێنەرى قودرەتمەند ئادەمیزاد زوڵم لەخۆى دەکات، بەو مانایەى تاوان ئەنجام دەدات و سەرپێچى فرمانەکانى خودا دەکات! لەم بارەیەوە لە قورئانى پیرۆزدا پەروەرێنمان دەفەرموێت: [وَتِلْكَ حُدُودُ اللَّهِ وَمَنْ يَتَعَدَّ حُدُودَ اللَّهِ فَقَدْ ظَلَمَ نَفْسَهُ]..الطلاق(1)...واتە: (ئەمانە سنوورەکانى خودان و هەرکەس لە سنوورى خودا تێپەڕێ بێ گومان ستەمى لە خۆى کردووە).ڕاستە ئێمەى مرۆڤ بە بەزاندنى سنوورە ئاسمانى و ئیلاهییەکان زوڵمێک دەکەین، بەڵام لێرەدا پێویستە وەک خۆى لە مەسەلەکە بگەین و لێمان تێکەڵ نەبێت! ئاخر ئێمە مرۆڤین خودا واى دروستکردوین لە نێوان چاکەو خراپە داین بۆیە زۆر ترسناک نییە کاتێک کەسێک ستەمێکى بچووک _گوناهێک_ ئەنجام بدات، وەلێ لە هەمانکاتدا نابێت هەرگیز بێ ئاگابین لە خۆمان و خودا لەبیر بکەین، پێویستە بەردەوام بە دواى کارە خراپەکاندا دواى لێخۆشبوون لە خودا بکەین و کارێکى چاکە ئەنجام بدەین، چونکى بێئاگاییمان لە خۆمان و گوناهەکانمان چارەنووسێکى خراپمان دەبێت کە، بەزاڵم بوونێکى گەورە و سەرسەختە.ئەسڵى بابەتەکەش هەرئەمەیە کە خودى زوڵمە _گوناهە_ بچووکەکان بە لەناو چوون نەزانین و وەلێ لێشیان بێ ئاگانەبین تا سەر بۆ گەورەترو خراپرتر نەکێشێت و ڕێگە نەدەین ببێتە هۆکارێک یان ڕێگایەک بۆ لەناو چوون!ئاخرهەندێ جار ئەو بێ ئاگایى و هەستنەکردن بە گوناهە مرۆڤ بەرەو هەڵدێر دەبات و دەیگەیەنێتە ئەوەى کە زوڵم لە پەروەردگارى بکات! ئەمەش ئەو کاتەیە وا مرۆڤ هاوەڵ بۆ خوداى تاقانەو بەدیهێنەرى بڕیار بدات، کە ئەمەیان گەورەترین و خراپترین جۆرى زوڵمەو گەر خاوەنەکەى لەسەرى بمرێت قابیلیەتى لێخۆشبوونى نییە .!!

مامۆستا ناسرى سوبحانى دەربارەى جۆرەکانى گوناه دەڵێت:"هەروەها لێرەدا ئەوە دەزانین کە قەرار نییە ئیتسان گوناه نەکات ، یەکەمین جار ئینسان لە یەکەمین فەرمانى خوا سەرپێچى کرد، خراپى ئینسان لەوەدایە کە گوناهى کردوو زانى گوناهى کردووە نەگەڕێتەوە، یان ئەوەندە غافڵ بێت نەزانێت گوناهى کردووە، ئاخر سێ جۆر دەکرێ :

١- ئینسان کاتێک خراپە دەکات ئەسڵەن پێى نەزانێت، ئەوەندە گێل و غافلڕ و دوور لە ڕێگە بێت، ئەوە (ضالّ)ە گومڕایە .

٢-  کەسێک کاتێک کارێکى خراپ ئەنجام دەدات و، پێى دەزانێت عەیبى لێدێت پەشیمان بێتەوە، ئەمە(المغضوب عليه)ە تووشى غەزەبى خوا دەبێت .

٣- کەسێک گوناهى کردوو زوو پەشیمان بوویەوە و، ئیزهارى شەرمندەیی کردوو بڕیارى دەست کێشانەوەى هەمیشەیى لە گوناهەکە دا، خوداش چاو پۆشى لێدەکات. وەک لە ئایەتى دووى سورەتى (القیامە) دەفەرموێ: [وَلَا أُقْسِمُ بِالنَّفْسِ اللَّوَّامَةِ]...

سوێند ناخۆم بەو گیانەى کە هەمیشە سەرزەنشتى خۆى دەکات، یانى هەمیشە تووشى هەڵە و گوناه دەبێت، بەڵام نرخ و ئیحترامى هەیە و، بۆ ئەوە دەشێت قەسەمى پێ بخورێ، چونکە سەرزەنشتى خۆى دەکات، هەموو جارێ پەشیمان دەبێتەوە، جیاوازى حەزرەتى ئادەم لەسەرپێچیدا لەگەلڕ ئیبلیسدا ئەوە بوو کە ئیبلیس کاتێ زانى گوناهى کردووە عەیبى لێهات پەشیمان بێتەوە، وتى کە ئێستا وامکردووە، مۆڵەتم پێبدە با منیش کارى خۆم بکەم، نەى وت موەفەقم بکە تا پەشیمان ببمەوە، بەڵام حەزرەتى ئادەم و حەوا، دواى ئەوەى بە کارى خراپى خۆیانیان زانى پەشیمان بوونەوەو ئیحساسى شەرمندەییان کردو داوایان لە خوا کرد کە لێین خۆش ببێت .

کەوابوو ئەگەر ئینسان گوناهى کرد، خودى گوناهەکە لە ئینسانییەت دەرى ناکات، ئەوە لە نرخ و ئیحترامى ئینسانی دەیخات کە بزانێت گوناهى کردووە و پەشیمان نەبێتەوە ."

*خوێندنەوەیەکى زەمینى :

 ئەم جۆرەیان کە بە واتاى ستەم کردن لە کەسێک یان چەند کەسێکى تر دێت، تا ڕادەیەک زەقترو ئاشکرا ترە چونکى، ئەمەیان ستەمکردنە لە دەوروبەر و لە نێوان بەندەکاندا ڕوودەدات ...

هەندێ جار ئەم زوڵمە لە نێوان کەسانى ئاساییدا ئەنجام دەدرێت و لە هەندێ کاتیشدا لە نێوان سەرۆکێک یان بەڕێوبەر و بەرپرسێک لەگەڵ ئەو تاکانەى لەژێر فەرمان و دەسەڵاتیدان روودەدات جا ئەو بەرپرس یان سەرۆکە، هەر لە سەرۆکى وڵاتەوە یان بەرپرسى دەزگایەکى حکومى یان حیزبى و تاکو سەرۆکى بچووکترین خێزان دەگرێتەوە .

ئاشکرایە کە هیچ وڵات و حکومەت و دەزگایەکى حکومى یان سیاسى بەبێ سەرۆک و بەڕێوبەر و بەرپرس ناچێت بەڕێوە، بۆیە دەکرێت لە لایەن هەریەک لەو سەرۆک و بەڕێوبەر و بەرپرسانەوە زوڵم وستەم بکرێت لەو تاکانەى کە لە ژێر بەپرسیاریەتى ئەماندان ...

ئەم بەشەى ستەم کردن چەند لق و بەشێکى ترى لێ دەبێتەوە تا ڕادەیەک بەربڵاو و ئاڵۆزە بۆیە ناکرێت لە وەها لێکۆڵینەوەیەکى تاڕادەیە کورت و سادە بە قوڵى و وەک خۆى تەواوى ئەو لقانەى لەم جۆرە دەبنەوە بێنە باس کردن، جا بۆیە مەبەستى سەرەکى و سەنتەرى باس و لێکۆڵینەوەى ئەم جۆرە بریتى دەبێت لە، دەسەڵاتدار و سەرۆکى ستەمکار، ئەمەش خۆى بۆخۆى بابەتێکى دیارەو دیاردەیەکى بڵاوە، چونکى هەنووکە سیستەمە بەناو دیموکراسییە عیلمانییەکان لەناوچەکەدا نغرۆبوونە لە گەندەڵى و ستەمکارى و فەساد و خوێنڕێژى و بەرەو ڕسوا بوون و شکست خواردنێکى گەورە و مێژوویى هەنگاو دەنێت و بگرە زۆریش نزیکە لێوەى..! لە هەمانکاتدا ئەم بابەتە بووە بە گەرمترین و سەرەکیترین باس و خواسى دەزگا میدیایى و چاودێریە سیاسیەکان، بۆیە تیشکخستنەسەرى و بەسەنتەریى کردنى گەلێ گرنگە لەخوێندنەوەیەکى قورئانى وەهادا. ئاخر بانگەواز و پەیامى سەرەکى قورئان دژایەتیکردن و بەرەنگاربوونەوەى زوڵم و ستەمە ....

                                                                                      کۆتایی بەشی یەکەم...

·         بەشی دووەم، ( جۆرەکانی زوڵم )، لە ٢٣-٣-٢٠١٧، بڵاودەکرێتەوە.


naltrexone canada partickcurlingclub.co.uk naltrexone clinic
تاگەکان    
زانکۆ بوومەلەرزە دیزاینی زیرەک گفتوگۆ فەلەستین تەکنۆلۆژیا ڕۆژاوا جنۆکە شیعر حزبی ئیسلامی کوردستان مۆدێرنە عێڕاق عیرفان مۆدێرنیتە
فیکر
2017-03-19 کۆمێنت 4632 جار بینراوە
بابەتی زیاتر
سەرجەم مافەکانی پارێزراوە بۆ وارگەی هاوسانی . Copyright 2024 - hawsani.org © Developed by Kurdsoft
×
هاوسانی