خۆت ژیان ئەزموون کە و، ڕێگاکە (تەی) بکە ..

فیکر 2017-03-20 کۆمێنت 5289 جار بینراوە

خۆت ژیان ئەزموون کە و، ڕێگاکە (تەی) بکە ..

بەڕێز اسماعیل

 بەڕێز اسماعیل

دەمەوێ لەم نوکتەیە مانایەک دەربخەم، وتیان "جارێک مەلای مەشھور ئیدیعای ئەوەی کرد، کە ئەستێرەکانی ئاسمانی ژماردووە، بۆ نمونە وتی (٢٠٠٠ ئەستێرە لە ئاسمان ھەیە)، کابرایەک لێی بە جواب ھات و وتی:- وانییە! مەلای مەشھور وتی ئەگەر وانییە، بڕۆ خۆت بیان ژمێرە؟؟" ئێمەش لە ژیاندا دەبێ خۆمان ئەستێرەکان بژمێرین، خۆمان ئەزموونی ژیانی خۆمان بکەین.. چونکە ڕێگاکە بێ سۆراغە, مەحوی وتەنی :-

"ئەوەی چوو بۆ سۆراغی, بێ سۆراغە

خەبەر وایە, کە کەس نەبێ خەبەردار "

یاخود لە دێڕێکی تردا دەڵێ :-

"لە کێ یاڕەب, خەبەر پرسی بکەم من

کە ھەرکەس بۆ خەبەر چوو, بێ خەبەر کەوت "

 واتا:- خۆت دەبێ ژیان (تەی) بکەی، ئەوەی چوو نەھاتەوە، تا پێمان بڵێ (تام و بۆن و ڕەنگ)ی ژیان چۆن بوو؟ !!

ژیان؛ هاوکێشەیەکی ئاڵۆزە، کێشەی ئاڵۆزی ژیان ئەوەیە کە ئاسان لێی حاڵی نابی، ژیان وەک ئاوێکی لێڵ وایە، تەنها بەسەیرکردنی ڕووی دەرەوەی، ناتوانی دەرک بەناوەوەی بکەین. لە ناو ئەزموونکردنی ژیانیش ئێمە هەمیشە لەگەڵ ژیان؛ دەکەوینە موصاڕەعە و مولاکەمە، ڕۆژی وا هەیە مستەکۆڵەی بەهێزت؛ پێدەکەوێ بەر زەوی دەکەوی، بەڵام دەبێ هەستیەوە و نەدۆڕێی، ڕۆژێکی تر بریندارت دەکا، نابێ شەکەت بی و پاشەکشێ بکەی، دەبێ تۆ زبرتر و بەهێزتر بی، هەموو جارێ خۆم بە دۆستەکانم دەڵێم: چەند عەیبە بۆ سایەقێک؛ لەبەر بوونی تاسە لە جادە و بان، واز لە سایەقی بێنێ.. ڕێک ژیانیش؛ پڕە لە تاسە، نابێ لەبەر بوونی تاسەکان واز لە ڕۆیشتن بێنین، ئەمە ژیانە دەبێ ئەزموونی بکەی .

ژیان کتێبێک نییە، بیخوێنیەوە و ڕۆژانە جێبەجێی بکەی. مانا و واتای ژیان لەناو ژیاندایە. ئێمە بەبینینی مردوو، لە مردن تێناگەین تا نەمرین. وە لە عیشق و ئیمانیش تێناگەین، تا نەیچێژین. چونکە ئەم چەمکانە نابێژرێن، بەڵکو دەچێژرێن. بەکورتیەکەی دەبێ ژیان ئەزموون بکەین! ئینجا تێی دەگەین، بێنە پێش چاوی خۆت لەناو سەیارەیەکی و جەوەکە تەمە، چاوت دوور نابینێ تەنها ئەوە دیمەنەی بەر جامەکە نەبێ، بۆیە دەبێ بڕۆی تا زیاتر ببینی.. ژیانیش دەبێ بژیێی تا تێی بگەی، واتا بە کوردی و بە کورتی؛ دەبێ تەی بکەین تەی .

زەوی؛ دایمە لە سوڕ و خولانەوە دایە و ھەمیشە ڕووداو و کارەسات ڕوودەدا، کێشە و ناخۆشی قەد کۆتای پێنایە، مەگەر نەفخی سووڕ کۆتای بەم گۆیە بێنێ.. بۆیە وەک كاك (ناصرى سوبحانی) گوتەنی:- مرۆڤ دەبێ ئیلاقەی بە ئەوە نەبێ چ ڕوودەدا و چ ڕوونادا بەڵکو دەبێ بزانێ "چ دەکا و چ ناکا" ئەمە من و تۆین دەبێ حەرەکەت بکەین و (مێژوو) دروست بکەین، چونکە ھیچ گیانەوەرێک بە قەولی (م.مسعود عبدالخالق) مێژووی نییە و گۆڕانکاری بەسەر نەھاتووە، جگە لە مرۆڤ؛ بۆیە پەیوەندی کردن بە دۆخی ئێستا و ڕزگاربوون لە "خەفەتی ڕابردوو و ترسی داھاتوو" مرۆڤ دەکاتە مرۆڤێکی مەعنەوی .

ھەندێ ھەن مێشکیان بە (ئاخيرزەمان)ەوە مەشغوڵکردووە، نازانن کەی مردی ئەوە (ئاخیرزەمان)ە، ئاخر چ پێویست دەکا بە ڕووداو گەلێکەوە خۆمان خەریک بکەین لەوەیە بمرین و نەیبینین، بۆیە وەک سەروەرمان دەیفەرموو ئەگەر لەناو ڕووداوەکانی ئاخیرزەمان بووی، نەمامێکت پێبوو بیچەنە.. بۆیە وا پێویسیتە خۆمان بەمەوە خەریک بکەین چ بکەین و چ نەکەین(لە ئێستا بژین).. کار لەسەر ئێمەیە و پاداشت بەدەست خودایە، ئەوە نییە دەوترێ "چاکە بکە و بیدە با ئاوا" واتا خەمی ئەوەت نەبێ کێ ئیشەکانتی پێ خۆشە و کێ پێی دڵگرانە.. مرۆڤی مەبدەئی وا پێناسە دەکرێ(مەبدەئی بوون؛ ئەوەیە کە بە دەستخۆشی خەڵک دڵخۆش نەبی وە بە توانج و ناڕەزایی خەڵکیش بێتاقەت نەبی، چونکە تۆ دەزانیت بۆچی کار دەکەیت، وە بۆ کێش کار دەکەیت !).

ژیان؛ وەک یاریەکی دووگۆڵی وایە، ئێمەش یاریزانین دەبێ یاری بکەین. زاتێک لەسەرەوە، ئەم یاریەی ڕێکخستووە و دایناوە، ھیچمان پرسمان پێنەکراوە، کە ھێنراوەتینە ناو یاریەکە، وە چوونە دەرێشمان بەدەسەت ئەو زاتەیە کە (یاری_بەدەست)ە، ئێمە یاریچی نابێ کارمان بە کارێکەوە ھەبێ، کە کاری ئێمە نییە بەڵکو کاری (یاری_بەدەست)ە، دوو جێگەمان بۆ دانراوە، دوای یارییەکە. جێگەیەک پڕ لە ناز و نیعمەت، جێگەکەی تر پڕ لە ئێش و ئازار، ئێمەی یاریچی یەکێک لەم دوو جێگەیە بەدەست دێنین. جێگە خۆشەکە؛ بەندە بە یاریکردنێکی جوان و ئەخلاقی لە یاریەکە، جێگە ناخۆشەکەش؛ بەندە بە یاریکردنێکی ناشیرن و نا ئەخلاقی.."بۆیە خودا تۆی ئازاد کردووە، و ئیرادەی پێت داوە، چ جۆرە یاریەک دەکەی.. لێرەوە پوچی ئەم تیۆرەمان بۆ دەردەکەوێکە دەڵێ ھیچ شتێک بەدەست خۆمان نییە "

لەناو یاریەکە مەدەڕیب ھەیە، مودەڕیبی یاری ژیانیش پێغەمبەرەکانە! ھەموو پێغەمبەران بۆ ئەوە ھاتوون، کە پێمان بڵێن یاریەکەی جوان و ئەخلاقی بکەین، بۆ ئەوەی جێگایەکی خۆش بەدەست بێنین! مودەڕیبەکان ھەمیشە ئامۆژگاریمان دەکەن و ڕێنمایمان دەکەن، چونکە ئەوان دەزانن چ جێگەیەک چاوەڕووانمانە ..

بەڵام لەم یاریە؛ بەربوونەوە ھەیە، ئازار ھەیە، کارتی زەرد ھەیە، ھاندەر، ناحەز ھەیە.. بۆیە لەوەیە پرسیار لە مێشکتان دروست بێ بۆچی ئەم پێکچواندنەم کرد .

بۆ ئەوەی بڵێم تازە قەدەری ئێمە کەوتۆتە ئەم یاریە، دەبێ ھەر (تەی) بکەین، با ئەخلاقی_ترین یاریچی بین و ئازارمان بۆ کەس نەبێ، چونکە گەڕانەوە وواز ھێنان نییە، دەبێ ھەر یاریبکەین! ئیرادەش لای خۆمانە کام جێگەمان دەوێ دوای یاریەکە .

هەڵەکردن؛ ئامرازێکە بۆ تێگەیشتن لە ژیان، چونکە هەڵەکردن وا لە مرۆڤ دەکا بە خۆی دابچێتەوە و بیربکتەوە لەوەی چی کردووە، بیریشمان نەچێ، وەک قسە باوەکە دوترئ "ژیان تاقیت دەکاوە، ئینجا دەرست دەداتێ" بەڵام هەڵەکردن؛ دوو جۆری هەیە، یەکەم جۆر (هەڵەی ئەخلاقی)، کە بەپێی ئاین یاساغکراوە، بۆ نمونە: ناکرێ بڵێی با زینایەک بکەم، بۆ ئەوەی تێبگەم لەوەی بۆ زیناکردن حەڕامە.! ئەمە هەڵەی ئەخلاقیە، خودا هەموو هەڵەیەکەی ئەخلاقی حەرام کردووە.. ناکرێ ژەھر تاقیبکەیەوە، بڵێی بزانم دەمکوژێ !

دووەم جۆر (هەڵەی ئیجتیهادی)، ئەویش ئەوەیە تۆ لە ڕایەک یان کارێک نایپێکی و بۆ دووەم جار دووبارەی ناکەیەوە.. بۆنمونە: تۆ بازرگانیەک دەکەی کە زەرەر دەکەی، هەڵەیەکەی ئەخلاقی نییە، بەڵکو ئیجتیهادییە !

لە بابەتە سیاسیەکانیش ئەمە ڕاستە، بۆ نمونە حیزب هەیە کوردی بە کوشت داوە یان کوردی کوشتووە، ئەمە هەڵەی (ئەخلاقی)یە، بەڵام حیزبیش هەیە لە ئیجتیهادێک نەیپێکاوە، نابێ لە گووڵ کاڵتری پێ بووترێ لەو ھەڵەیە .

ژیان؛ لەبەر دەستی مرۆڤە یان مرۆڤ لەبەر دەستی ژیان؟ ئەم قسەیە ئەگەر نەیکەیەنە مەسەلەی مریشک لە هێلکەکەیە، یان هێلەکە لە مریشکە.. مرۆڤ؛ هەندێ جار لەبەردەستی ژیانە، بۆ نمونە کە لە وڵاتێکی هەژار نشینی، بەدەست تۆ نییە یان لە باوکێکی هەژاری.. بەڵام تا دەمری خۆ لەبەر دەستی ژیان نابی، بۆیە کە فام و ئاوەزت کامڵ بوو ژیان دێتە بەردەستی تۆ. بۆ نمونە:- دەتوانی بە هەژاری نەمری، ئەگەریش بە هەژاری لە دایکبووی ..

قسەیەکی زۆر جوانی (گابڕێڵ گارسیا مارکیز) هەیە دەڵێ "باڵ بە منداڵەکانم دەبەخشم، بەڵام لێیان دەگەڕێم خۆیان بفڕن.." واتا دەبێ لەوە تێبگەین، چۆن ڕەنگی پرچ و چاومان جودایە لە یەکتر، ئاواش داستان و چیڕۆکی هەموو مرۆڤێک جیایە، ناکرێ باوکێک؛ بڵێ دەبێ کوڕەکەم ببێتەوە من. باوک هەیە، حەز دەکا کوڕەکەی لە خۆی پیاو تر و باشتر بێ.. بەڵام دەبێ بزانێ ئێستا پیاوبوون و باشتربوون جۆر و شێوزی هەیە، بۆ نمونە دەکرێ کوڕەکە وەک باوکی نەبێتە ئەندازیار، بەڵکو ببێتە یاریزانێکی باش.. قەولێک ھەیە دەڵێ:- کوڕەکانتان وەک خۆتان پەروەردە مەکەن، ئەوان بۆ سەردەمێکی خۆیان دروستبوون .

تا بجوڵێی ئەزموونت زیاتر دەبێ، وا باشە؛ زۆرترین جوڵەت هەبێ، بۆ ئەوەی زۆرترین سود وەرگری و زۆرترین وزە بەدەست بێنی، ئەم چەند قسەیەی من کردم، لەسەر ژیان، تێگەیشتنی منە بۆ ژیان، بە قسەی من مەکە و بۆ خۆت ژیان ئەزموون بکە، و ڕێگاکە تەی بکە ..

تاگەکان    
دیمانە کتێبی هاوسانی پۆدکاست دیزاینی زیرەک موناجات ڕەزا بابایی فێمینیزم یادەوەری پۆرن ڕانانی کتێب وەچەخستنەوە تەلارسازی بوونەوەری ئاسمانی جنۆکە شەڕ
فیکر
2017-03-20 کۆمێنت 5289 جار بینراوە
بابەتی زیاتر
سەرجەم مافەکانی پارێزراوە بۆ وارگەی هاوسانی . Copyright 2024 - hawsani.org © Developed by Kurdsoft
×
هاوسانی