مرۆڤ و تەنیایی، جیھان لە ناوەوەیە نەک دەرەوە...

فیکر 2017-05-16 کۆمێنت 3882 جار بینراوە

نووسینی: بەڕێز اسماعیل

کابرایەک؛ وتی مەلای مەشھور! کیلۆ گۆشتێک لێرەوە ڕۆی, مەلای مەشھور وتی جا بە من چی, کابراکە وتی ئاخر بۆ ماڵی ئێوە ڕۆی.. مەلای مەشھور وتی جا بەتۆ چی؟!

لە ڕاستیدا بێمنەت بوون لە دەوربەر و بەسوک سەیرکرنی خەڵکی و کۆمەڵگا, ھەڵەیەکەی کوشندە و نەخۆشیەکی فیکرییە. دوو نمونە لەسەر ئەوەی دەوروبەر گرینگی خۆی ھەیە, نمونەی یەکەم؛ کاتێک تۆ دەچییە داوای کچێک, بێگومان ماڵی باوکی کچەکە؛ لە دەوروبەری تۆ پرسیار دەکەن, دەربارەی کەسایەتی تۆ. نەک بێن و لە خۆت پرسیار بکەن.. ئەم نمونەیە سەلمێنەری ئەو قسەیەی سەرەوەیە, کە وتم بێمنەت بوون لە دەوربەر جۆرێک لە بێ ئاگایی ئەگەر بە بیانووی (دژەباوبوون)یش بێ.مومکینە تۆ بڵێی من ژن ناھێنم و ماتووڵ پێویستم بە کۆمەڵگا و دەوربەر نییە. بەڵام لە نمونەی دووەم ناتوانی دەربچی, وەک (دڵزار جەبار) دەڵێ "کاتێک دەمری بەدەستی دەوروبەر دەخرێیە ناو گۆڕ, نابێ بێ منەت بی لە دەوروبەر. ئەگەر نەتخەنە ناوگۆڕ, دەڕزی و بۆ بۆگەنیەکەت بڵاودەبێتەوە" بۆیە جیاواز لەم دوو نمونەیە، چەندین نمونەی تر ھەیە، بەڵگەن لەسەر گرینگی کۆمەڵگا و دەوربەر, کاتێک تۆ زانکۆ تەواو دەکەی, ئەو پارچە وەرەقەیە وەرمەگرە کەناوی بڕوانامەیە, وە بەکەسی پیشان مەدە و بڵێ من بۆ كەس ناژیم.. وە لە ئاھەنگی دەرچوونت(تەخەڕوج) کەس بانگێشت مەکە, بێ گومان ناتوانی.

بەڵام خاڵێك دەمەوێ بخەمە ڕوو ئەوەیش ئەوەیە:-
زیاد لە پێویست؛ حیسابکردن بۆ دەوروبەر و بەگوێکردنی کۆمەڵگا, دوبارە نەخۆشیەکی فیکریە, چونکە دەوربەر دواجار ھەر ڕۆژەو تۆیان بەجۆرێک دەوێ, بۆیە کۆمەڵگا خاوەن تۆڕێکە, مەحاڵە خۆت پێبدۆزرێتەوە ئەگەر لەم تۆڕدا گیربووی. چونکە کۆمەڵگا جیھانی دەرەوەیە, مرۆ دوو جیھانی ھەیە، جیھانی ناوەوە و جیھانی دەرەوە..
تا لە جیھانی دەرەوە خۆت قوتار نەکەی, ناتوانی درک بە جیھانی ناوەوە بکەی.. ناتوانی ھەست بە چرکەساتی ڕۆحی و تەنیایی بکەی, بۆ ئەم یاسایەش بەڵگەی زۆر ھەن, ئەگەر سەیر بکەین (مەولانای ڕۆمی) پێش ئەوەی, لە (مەولانای عالم)ەوە ببێتە (مەولانای عارف), زانایەکی ناوداری سەردەمەکەی خۆی بوو, بەڵام کاتێک (شەمسی تەبرێزی) دێتە ژیانیەوە, یەکەم کار کە دەیکا, ئەوەیە لە تۆڕی کۆمەڵگا ڕزگار دەکا, واتا ناوداری و ناوبانگی دەخا, فرمانی پێدەکا, بچێ مەشروبی بۆ بکڕێ. لە کاتێکدا شەمس مەیخۆریش نەبووە, بەڵام ویستی مەولانا لە خەو ھەستێنێ و, جیھانی ناوەوەی بۆ کەشف بکا.. مەولانا دەچێ و بوتڵە مەشروبەکان داوا دەکا, لەمەیخانەیەک, دواتر خەڵکی کە دەیبینن مەشروبی پێیە, قسە و قسەڵۆک دەکەن و لۆمەی دەکەن, مەولاناش لە ناوبانگە سەرابیەکەی تێدەگا و لە خەوی قوڵی زیندانی خەڵکی بەخەبەر دێ..
بێ گومان قسەیەکی کۆمیدیە, ئەگەر خەیاڵمان بۆ ئەوە بچێ واز لە کۆمەڵگا بێنین و بچین بەبیانووی خۆدۆزینەوە, شار جێبێڵین. بەڵام دەتوانین بەلایەنی کەم, لەم نوسینەوە بزانین, ھەموو گەورەبوونێک لە جیھانی دەرەوەی مرۆڤ, لەسەر حیسابی جیھانی ناوەوەیە, جاری وایە سەرقاڵبوون بە دەرەوە, ھیچ جۆرە کاتێک بۆ خۆمان ناھێڵێ..

لەوەیە کێشەی جیھانی دەرەوە ئەوە بێ, کە خەڵکی حەقیان بەسەر ھەموو شتێکی تۆ ھەیە, شێوازی جلوبەرگت و شێوازی ڕۆیشتن و شێوازی قسەکردن و جۆری کەلوپەلە و جۆری کارەکەت و ئیتر.. ئەگەر مرۆڤ زۆر بە جیھانی دەرەوە سەرقاڵ بوو, بەجۆرێک خۆی لەبیر دەچێتەوە, کە لەوانەیە توانای خوێندنەوەی ٥٠ لاپەڕی کتێبی نەمێنێ, چونکە ناتوانێ کۆنتڕۆڵی بیر و خەیاڵی بکا, ئێمەی مرۆڤی مۆدێرنە؛ بەجۆرێک سڕ و بەنج بۆتین, کە خەبەرمان لە خۆمان نییە, ھەموومان ئەقڵمان دیلی نەفسمانە, لەوانەیە بڵێی وانییە, بەڵام گوێ بۆ ئەم وتەیەی (م.تحسین حمە غریب) بگرە, بزانە وایە یان نا. کە دەڵێ "ھەموومان دەزانین کتێب خوێندنەوە باشە, بەڵام ناخوێنینەوە.. ھەموومان دەزانین زۆر خواردن خراپە, کە چی زۆر دەخۆین.. ھەموومان دەزانین زۆر نوستن خراپە,  کەچی زۆر دەنوینن" بەداخەوە ئەوە کێشەی مرۆڤی نوێیە, بەجۆرێک لەناو دروشمگەرای و جیھانی دەرەوەی خۆی نوقم بووە, خەریکین دەخنکێین..

قسەیەکی (حوسێن پەناھی) ھەیە, دەڵێ:- "کێشەی ھەموو مرۆڤەکان، لە پەیوەندیەکان(ئیرتیبات) دایە" مانای ئەم وتەیە زۆر قوڵە, کاتێک دڵمان تەنگ دەبێ و شەوان درەنگ خەو دەچێتە چاومان, ھۆکارەکەی ئەوەیە دڵی کەسێک لێمان تەنگە یان خۆمان دڵمان لەکەسێک تەنگە..
ئەوەی دڵی ئێمە تەنگکردووە, بیرکردنەوەیە لەوەی دەوربەرەکانم, چۆن سەیرم دەکەن؟ چۆن باسم دەکەن؟ چۆن باشترین کەس بم؟ چۆن وا بکەم ھەڵە تێگەیشتنەکانیان ڕاستبکەمەوە.. چۆن دیوە جوانەکەم و دیوە ڕاستەکەم ببین؟ 
ئەوەیە کێشەی ئێمە, ھەمیشە ئیرتیبات و پەیوەندیەکان سەرقاڵی کردووین و پرسیارگەلێک مێشکمانی داگیردووە و, ناھێڵی لە ئێستا بژین, و ببین بە کەسێکی بەرھەمدار و پەیامدار..

ئەگەر پەیوەندی نێوان نوسەرەکان و پڕۆژە مەعریفیەکان باش بوو, ئیتر ڕەخنەکان لەسەر ئەساسی سایکۆلۆژی و حەسادەت نابێ, بەڵکو ڕەخنەکان ڕەخنەی مەعقول دەبن و یەکتر تەواو دەکەن..
وە ئەگەر نێوانی سیاسیەکان باش بوو میللەت؛ دەرگاێ کامەرانی و خۆشژیانی لێدەکرێتەوە, گرفتەکان بە چارەسەر دەگەن و شەڕی نەفسی و شەخسی کۆتایی پێ دێ.. ئەگەر ئەندام سەرکردایەتی حیزبەکان نێوان و پەیوەندیان باش بوو, باڵ باڵێن نامێنێ.. تۆلێرانس و تێگەیشت کۆیان دەکاتەوە..

زۆر جار شەڕی نەفس و دین تێکەڵ دەکرێ, کاتێک کەسێک لە ئاین شارەزایە یان پێگەکی کۆمەڵایەتی دینی ھەیە, ئاین بەکاردێنێ بۆ دژایەتی کردنی ئەو کەسەی کە پەیوەندی لەگەڵی تەواو نییە, یاخود جەنگی ساردی لە دژی ھەیە, ئەمەش تاوانە لەگەڵ ئیمان یەک نایەتەوە, چونکە بەپێی فەرموودەی پێغەمبەر-د.خ- لاوازترین پلەی ئیمان لابردنی بەردێکە, لەسەر ڕێگەی خەڵکی.. ماتووڵ دەبێ گەورەترین تاوان ئەوە نەبێ, گاشەبەردێک بخەیە سەر ڕێگەی خەڵکی, یان سەر ڕێگەی موسڵمانێک..

کاتێک بونیام؛ لە مێشکیدا وێنەیەکی ڕەشی کەسێک دەکێشێ, ھەرگیز چاوی جوانیەکانی نابینی, وە تەنێ گوێی شل دەبێ بۆ ھەڵە و کەموکوڕیەکانی  کاتێک باسدەکرێ, وە گوێشی گران دەبێ لە ئاست گەورەی و جوانی و چاکەکانی, بۆیە ئەو بەدبەختە؛ کە وێنەی شێوێندراوە, گەر بچێتە کەعبە و بەدەوری (حەجەرەل ئەسوەد) تەواف بکا, پێی ناڵێن ئەوە حەج دەکا, بەڵکو پێی دەڵێن ئەوە دەیەوێ کەعبە بتەقێنێتەوە.. من بڕوام بەوە نییە, کە ئەوانەی خۆیان دەکوژن یان سەرھەڵدەگرن و وڵات جێ دێڵن, لە بەلاش بێ و گومڕێ ببون, نەخێر دەستێکی دەوربەر و کۆمەڵگای تێدایە, چونکە کۆمەڵگە شێت دروست دەکا, کۆمەڵگا یان ڕاستر بڵێن تاقمێک یان گروھێک, کاتێک مێشێکیان کردە گامێش و سەرکۆنەیان زۆرکرد, یان قسەیان زۆر لەسەر کرد. ئەو بێچارەیە بۆ دەربازبوون لەم ئازارە سەری خۆی ھەڵدەگرێ..

ئەگەر بڕوانینە مامۆستا (مسعود محمد) کتێبێکی ھەیە, بەناونیشانی (مرۆڤ و دەوروبەر), دەمەوێ لەم ناونیشانەوە مەعنایەک دەرک بکەم, ئەویش ئەوەیە مە دوو جیھانمان ھەیە. جیھانی تاک؛ کە دەتوانین بڵێین جیھانی مرۆڤ(جیھانی تاک), دووەم جیھانی دەوروبەر(مرۆڤەکان).. مرۆڤ؛ گرێدراوە بە دەوروبەر بەڵام کێشەکە لێرەدا ئەوەیە, ئەگەر فریای خۆمان نەکەوین, لە تۆڕی دەوروبەر و جیھانی دووەم خۆمان قوتار نەکەین, ھەرگیز ناتوانین بە مانایانە بگەین, لە مێشکمان دامانتشیون. وە ھەروەھا خاوەن عەقڵێك دەبین بەناوی (عەقڵی جەماعی) وە عەقڵێکی گوێڕایەڵمان دەبێ و خۆمان ناتوانین ئەزموون بکەین, واتا ناتوانین ببین بە مرۆڤ؛ وە ھەروەھا دوور دەبین لە ھەر داھێنانێک کە مرۆڤ دەتونێ پێی بگات،, مرۆڤ؛ ھیچ کاتێک لە فەزای دەرەوە و جیھانی دووەمدا, ناتوانێ ھەست بە چرکەساتی ڕۆحی بکا. چونکە ھەمیشە لەناو مانا باو و تێگەیشتنە میللیەکان مەلە دەکا.. ناتوانێ پەل بھاوێ بۆ جیھانی تاک. بۆ ئەوەی ڕزگار بین, پێویستمان بە ژیانێکی مەعریفیانە و ڕەسەنانەیە, واتا خودی خۆمان بین و نەھێڵین کەس لە جێی ئێمە بیربکاتەوە..

خۆشترین سات ئەو ساتە, کە خودا؛ بە تەنھا مامەڵەت لەگەڵ دەکا لە قیامەت. (وَكُلُّهُمْ آتِيهِ يَوْمَ الْقِيَامَةِ فَرْدًا).. چونکە کەس تاوانی کەسی تر ھەڵناگرێ. (ولا تزر وازرة وزر أخرى).. واتا تۆ بە تەنھا لە دایکبووی و بەتەنھاش دەخرێیە ناو گۆڕ,وە ھەر بەتەنھا لێپرسینەوەت لەگەڵ دەکرێ, ئینجا ھەر بە تەنھا دەخرێیە ناو بەھەشت یان جەھەندەم.. واتا تۆی مرۆڤ تەنھای نابێە جیھانی دەرەوە نوقمبی و ڕۆڵ و ئەرکی خۆت بیرچێتەوە.. وەک کاک ناسڕ دەڵێ دەبێ ئێمە بزانین چ دەکەین و چ ناکەین, چ دەبێ و چ نابێ کارێ خودایە..

ھیچ یەک لە ئێمە؛ خۆمان بە تاوانبار و ھەڵەکار نابینین, ھەمیشە کێشەکان لەدەرەوەی خۆمان دەبینین و, ھەوڵدەدەین چارەسەری بکەن. بۆ نمونە:- کاتێک کە یاری دوو گۆڵی دەکەین, کاتێک دەدۆڕێین حەکەم بە خەتا دەگرین. یان کاتێک تاقیکردنەوە ئەنجام دەدین, کە دەرناچین و نمرەکەمان کەوتوو دەبێ, یەکسەر مامۆستا بە خەتا دەگرین. کوردەواری دەڵێ (شای نازانێ دەڵێ عەرزەکە خوارە).. واتا ئێمە ھەمیشە ھەڵەکان لە خۆمان نابینین بەڵکو لەدەرەوەی خۆمان دەیبینین, ھەرکاتێک کە ئەم تێکستە دەخوێنیەوە لەوەیە چاک دەرکی نەکەی, وەک دەوترێ (ھەرگیز ناتوانی کەسێکی لووتبەرز تێبگەێنی, کە لوتبەرزە.. لەبەر ئەوەی لووتبەرزیەکەی ناھێڵێ تێبگا, کە لووتبەرزە) دەبێ باوڕ بکەی کێشەکانمان لەناوەوەیە.. مرۆڤەکان بۆ نرخی خۆیان دەگەڕێن, ئەوە نییە مەجلیسێک بە جێدێڵن بۆ نرخی خۆیان, یان گروپێک بەجێ دێڵن بۆ نرخی خۆیان یان حیزبێک جێدێڵن کاتێک ھەستدەکەن جێگەیان نابێتەوە.. تێکڕای گەڕان و سوڕانی ئێمە بۆ دۆزینەوەی نرخی خۆمانە, تۆ کاتێک دڵتەنگ دەبی, کە ھەست ناکەی وەک ئەوەی کە پێویستبوو, نرخت ڕابگیرێ و حیسابت بۆ بکرێ..

زۆرجار تێکچوونی پەیوەندییەکان لە نەناسی بەرامبەرەوەیە, چونکە دووری جۆرێک لە تەم و لێڵی دروست دەکا. چونکە تێنەگەیشتنی بەرامبەر لە قسە و بانگەشەکانمان, جۆرێک لە دڵتەنگی دروست دەکا. عەڕەب دەڵێ خەڵكی دژایەتی ئەوە دەکەن, کە نایناسن.. بۆیە لێکنزیکی و گفتوگۆ؛ کێشەکان ناھێڵێ و چارەسەرە.
بەڵام خزم و کەس؛ ئەگەر گۆشتەکەشت بخۆن, ئێسکەکانت ناشکێنن. پەیوەندیەکان ھەمیشە ساردیان دەکەوێتە ناو, بە بەڵگەی ئەوەی ژن و پیاو؛ ٢٤ کاتژمێر پێکەوەن, کەچی لێکتوڕە دەبن و قسەی ناخۆش دەکەوێتە نێوانیان.. کەواتە گرینگترین خاڵ لێرە ئەوەیە, ھەرگیز نەھێڵرێ ناخۆشیەکان تەشەنە بکات و, وەک دەوترێ بگاتە مریشکە ڕەشە, چونکە ژیان کورتە و کاتیشە چاومان ھەر پێک دەکەوێتەوە. بەڵام جۆرێک ناخۆشی ھەیە کاتێک دەوکەوێتە نێوان دوو کەس, پێی دەوترێ نازکردن؛ واتا زیزی دەکا بۆ ئەوەی بزانێ ھەستی چۆن دەبێ.. چونکە ھەست بە غەریبی و نامۆیی دەکا..

لەناو گرووپ و جەماعە کارکردن, ھەست بە بوونی تاک ناکرێ و خاتری و یەکتر ناگیرێ, ئەمە کێشەیە چونکە ھەموومان خاوەن چیڕک و داستانین.. بانگەشەی من بۆ تاککگەرایی نییە, بەڵام کۆمەڵگای ئێمە حەقی بەسەر ھەموو شتێکتەوە ھەیە, ئەوەندەی قسەت لەسەر دەکرێ, ئەوەندە قسەت لێوەرناگیرێ.. زۆرجار پۆتت دەشکێندرێ, بۆ ئەوەی خۆتت بەسەر زاڵ بکەن یاخود ملکەچت بکەن. یان ئامۆژگاریت دەکەن, ڕێی وان بگرێ. ئەگەر خوا نەخواستە ڕەخنەیەک بگری و بە دڵی ئەوان نەبێ دووبارە پۆتت دەخەنە ناو عەلاگە و دەیدەنەوە دەستت..
بۆیە باشترین چارەسەر ئەمەیە, کە دەڵێ بۆ چارەسەر کردنی کێشەکان و پەیوەندیەکانمان باشتر وایە, قسە لەگەڵ یەک بکەین, نەک قسە لەسەر یەک بکەین..
تاگەکان    
ڕۆژاوا بۆ ئەوانەی وەكو خۆمن حەوتەمین کۆڕبەندی هاوسانی ئەدەبیاتی فارسی چەواشەکاریی_لۆژیکی شیرک قودس زانایان لۆجیک زانست سیاسەت ئیلحاد کتێب ڕانانی کتێبب ئازادی
فیکر
2017-05-16 کۆمێنت 3882 جار بینراوە
بابەتی زیاتر
سەرجەم مافەکانی پارێزراوە بۆ وارگەی هاوسانی . Copyright 2024 - hawsani.org © Developed by Kurdsoft
×
هاوسانی