قورئان و.. کارى مرۆڤدۆستانەى نا مسوڵمان

فیکر 2017-06-03 کۆمێنت 3190 جار بینراوە
قورئان و.. کارى مرۆڤدۆستانەى نا مسوڵمان
نووسینى: دکتۆر محمد سەعید ڕەمەزان بووتى
وەرگێڕانى: میران مەجید

پیاچوونەوەی: زانا لاهوری

یەکێک لەوان دەڵێت (مەبەستى ئەو کەسانەیە کە ئەم جۆرە گومانانە دەوروژێنن):
لەناو خەڵکیدا کەسانێک هەن کە بڕوایان بە خودا نییە ئەوەش بەسە بۆیان کە لە ژیانیاندا چەندەها خزمەتگوزارى جوانیان پێشکەش کردووە و، دواى دەرچونیشیان لە دنیا چەندەها نەوە بە بێ دابڕان دواى خۆیان سودیان لەم خزمەتگوزارییە بەردەوامانە وەرگرتووە... دەى ئەمە دادپەروەرییە کە ئەم جۆرە کەسانە لە پاداشتى شایستەى ئەو کار و خزمەتانەیان بێبەش بکرێن، تەنها لەبەر ئەوەى کە باوەڕیان بەخودا نییە...؟ چ هۆکارێکى مرۆڤدۆستانە هەیە بۆ ئەم ئایەتە قورئانییە کە لە بارەى ئەم جۆرە کەسانەوە دەڵێت: [وَقَدِمْنَا إِلَىٰ مَا عَمِلُوا مِنْ عَمَلٍ فَجَعَلْنَاهُ هَبَاءً مَّنثُورًا] (الفرقان: ٢٣)  واتە: کاتێک هاتین و تەماشاى ئەوەمان کرد کە کردوویانە بەر بامان دا و کردمانە تەپوتۆزێکى پەرش و بڵاو.
لە وەڵامدا دەڵێم: زەید کەسێک بە کرێ دەگرێت بۆ کارێکى دیاریکراو و، لەنێوان خۆیاندا لەسەر کرێیەک ڕێک دەکەون کە کرێکارەکە خۆى دیاری دەکات و، بە باشترین شێوە هەڵدەستێت بە کردنى ئەو کارەى کە لەسەرى ڕێک کەوتون. ئێستە تۆ واى دەبینیت کە ئەم کرێکارە شایانى ئەو پارەیە کە خۆى پێشتر دیارى کردووە و لەسەرى ڕێک کەوتون، یاخود شایانى پارەیەکە کە خاوەن پارەکە بۆى دیارى دەکات؟ 
گومانى تێدا نییە کە ئەم پرسیارە ڕووبەڕووى یاسا و یاساناسان دەکرێتەوە و، وەڵامێکیش کە یاساناسان هەموویان لەسەرى کۆک بن، ئەوەیە کە کرێکار شایەنى ئەو کرێیەیە کە خۆى داواى کردووە و، ئەوە دادپەروەرى نییە کە خاوەن کارەکە تەداخول بکات و کرێیەکى ترى بداتێ کە خۆى داواى نەکردووە.
بۆ ئەوەى ئەمە زیاتر ڕوون ببێتەوە و دوور بین لە ئاڵۆزى، دەڵێین: ئەو کەسەى کە باوەڕى بە خودا و بوونى بەهەشت نییە، ڕێى تآ دەچآ داواى بەهەشت بکات و پاداشتى ئەو کردەوانەى کە کردویەتى بە بەهەشتەوە بیبەستێتەوە؟! هەموومان ئەو وەڵامە دەزانین کە بەم شێوەیەیە:
ئەگەر بە کەسێک کە بڕواى بە خودا و ڕۆژى دوایى نییە بگوترێت، داوا لە خودا دەکەین بتخاتە بەهەشتەوە لە پاداشتى ئەو کارە مرۆڤدۆستانانەى کە خزمەتى کۆمەڵگاى بەشەریت پآ کردووە، لەم کاتەدا یا لێت توڕە دەبێت لەسەر ئەو داواکردن و خەیاڵە یاخود گاڵتە بەخودا و ئەو بەهەشتە دەکات کە تۆ مژدەى پآ دەدەیت.
ئێستە ئەمە چ یاسایەکە کە فەرمان بە تۆ بکات دواى ئەم کەسە بکەویت و تەحەمولى توڕەیی و گاڵتەپێکردنەکەى بکەیت بۆ ئەوەى پاداشتێکى بۆ دابنێى کە نە خۆى دیارى کردووە و نە بە خەیاڵیشیدا هاتووە؟ 
لەبەر ئەمەش خوداى گەورە لە بارەى ئەو کەسانەوە کە بە ئینکارییەوە نکۆڵى لە بوونى دەکەن و کار و کردەوە باشەکانیان نەبووەتە جێگەى ڕەزامەندى خۆى دەفەرموێت:
 [وَالَّذِينَ كَفَرُوا أَعْمَالُهُمْ كَسَرَابٍ بِقِيعَةٍ يَحْسَبُهُ الظَّمْآنُ مَاء حَتَّى إِذَا جَاءهُ لَمْ يَجِدْهُ شَيْئاً وَوَجَدَ اللَّهَ عِندَهُ فَوَفَّاهُ حِسَابَهُ وَاللَّهُ سَرِيعُ الْحِسَابِ ](النور: ٣٩)واتە: ئەوانەى کە ڕێبازى کوفریان گرتۆتە بەر کردەوکانیان وەک تراویلکە و سەرابێک وایە لە بیابانێکدا بریسکە بداتەوە کەسێکى تینوو وا بزانێت ئاوە، هەتا کاتێک گەیشتە لاى دەبینێت هیچ نییە، ئەوەندە دەزانآ خوا لە لاى ئامادەیە و، بە پێى کار و کردەوەکانى، حسابى بە تێر و تەسەل بۆ دەکات. هەروەها دەفەرموێت: ( وَقَدِمْنَا إِلَىٰ مَا عَمِلُوا مِنْ عَمَلٍ فَجَعَلْنَاهُ هَبَاءً مَّنثُورً] (الفرقان: ٢٣)  ). واتە: کاتێک هاتین و تەماشاى ئەوەمان کرد کە کردوویانە بەر بامان دا و کردمانە تەپوتۆزێکى پەرش و بڵاو. 
بەڵام ئایا ئەمەى کە خواى گەورە بڕیارى داوە و یاساى دادپەروەریش مالکەچى دەبێت، ماناى ئەوەیە کە خواى گەورە پاداشتى ئەو کردەوە چاکانەیان ناداتەوە تەنانەت ئەو پاداشتەیش کەخۆیان داواى دەکەن (مەبەست پاداشتى دونیایە)؟ 
پەنا بە خودا، لە ڕاستیدا شەریعەتى پەروەردگار کەسانى سودمەند لەو کارە خێرانە کە کەسانێک دەیکەن ئینکارى بوونى خودا و قیامەت دەکەن پابەند دەکات، کە پاداشتى ئەو کارانەیان بدەنێ کە داواى دەکەن ئیتر هەر چۆن بێت و، مافیان پێشێل نەکەن. یاساى شەریعەتی ئیسلامیش لەم بارەیەوە دەڵێت "أعطوا الأجير أجره قبل أن يجف عرقه" " (رواه ابن ماجە). واتە: کرێى کرێکار بدەن پێش ئەوەى عارەقى ناوچەوانى وشک ببێتەوە. هەروەها دەڵێت ((لم يشكر الله من لم يشكر الناس) (أخرجة الترمذي و أبوداود و إبن حبان). واتە: سوپاسى خوداى نەکردووە کەسێک کە سوپاسى خەڵکى نەکات. مەبەستیش بە سوپاسکردنى خەڵکى لەسەر کارە باشەکانیان تەنها سوپاسێکى دەمى نییە، بەڵکو مەبەست پێى پێشکەشکردنى پاداشتى تەواوە بۆیان لەگەڵ سوپاسکردنیان لە بەرانبەر هەوڵ و کردەوکانیان. 
ئەگەر ئەم کەسە داهێنەرە، لە بەرانبەر داهێنانە بەسوودەکەیدا بۆ ئینسانییەت، داواى پەیکەرێکى کرد بۆ یادگارى واجبە داواکارییەکەى بۆ جێبەجێ بکرێت بەو شێوەیەى کە داوا کراوە، ئەگەر هاتوو داواى بڕێک پارەى کرد واجبە دەستپێشخەرى بکرێت بۆ پێدانى هەموو ئەو پارەیەى کە داواى کردووە.
ئەم یاسا دادپەروەرەش لە بەرنامە و شەرعى خواى پەروەردگاردا کارپێکراوە، هەتا ئەوەى ئەم یاسایە بۆ ئەو مسوڵمانە ڕیابازانەش کە بە کار و کردەوە ڕیاکانیانەوە دەیانەوێت لە خوا نزیک ببنەوە، هەیە. لە ڕۆژى قیامەتدا بەو کەسەى کە جیهادى کردووە لە پێناو خوادا بە ڕواڵەت و، مەبەستیشى ئەوە بووە کە خەڵک سوپاسی ئازایەتى بکەن، دەوترێت: پێت وترا ئازایت و پاداشتى خۆتت وەرگرت. ئەو کەسەیش کە دەخوازێ بە هۆى کردەوە باشەکانیەوە سەرۆکایەتى و وەزیفە و نازناویک بە دەست بێنێت، پێى دەوترێت: ئەوەت بە دەست هێنا کە لە دنیادا هەڵوەداى بوویت و پاداشتەکەیت وەرگرت. ئەمەش لە فەرموودەى سەحیحى پێغەمبەرى خوادا هاتووە.
ئەگەر بڵێیت: بەڵام کەسى ئینکار (ئەوەى ئینکارى لە بوونى خوا دەکات) لە ڕۆژى قیامەتدا پەشیمان دەبێتەوە و، باوەڕ بە خودا و بەو بەهەشتە دێنێت کە ئینکارى و گاڵتەى پآ دەکرد. گومانى تێدا نییە ئەو کاتە داوا لە خودا دەکات ڕێزى لێ بنێت وکو چۆن پاداشتى بۆ مسوڵمانان داناوە، ئایا دادپەروەرى و ڕەحمەتى ئیلاهى ئەوە ناخوازێت، کە بەئاگاهاتنەوە و کامڵبوونى لێ قبوڵ بکات دواى ئەوەى کە لە سەرگەردانیدا بووە و، خواى گەورە منەت بکات بە سەریدا و پاداشتێکى تازەى بۆ دیارى بکات بە هۆى ئەوەوە کە ئێستە نەفسى ڕووى لێ کردووە؟
وەڵام: لە ڕاستیدا خواى پەروەردگار لە قورئانى پیرۆزدا ئەوەى ڕاگەیاندووە کە هەر کەس دنیا بە جێ بهێڵێت و باوەڕى بە خودایەکى تاک و ئەو غەیبیاتانە هەبێت کە خودا هەواڵى پێداوە لە بارەى ڕوداوەکانى قیامەتەوە، ئەوە ئومێدى لێخۆشبوونى پەروەردگار دەیگرێتەوە هەرچەندە کۆڵى بە گوناه قورس بێت... بەڵام کەسێک ژیانى بەسەر بەرێت و سوور بێت لەسەر ئینکارى و لوتبەرزى بەرانبەر بە هەق و ڕاستى سەرەڕاى بیرهێنانەوە و بانگکردنى بۆ لاى ڕاستى، ئەوا خواى گەورە سزاى سەختى دەدات بەوەى کە لێى خۆش نابێت و، هیچ لادان و ئەملا و ئەولایەکى لێ قبوڵ ناکات. ئەم یاسایەشمان لەم ئایەتە پیرۆزەوە خوێندوەتەوە کە دەفەرموێت: [إِنَّ اللَّهَ لَا يَغْفِرُ أَنْ يُشْرَكَ بِهِ وَيَغْفِرُ مَا دُونَ ذَلِكَ لِمَنْ يَشَاءُ وَمَنْ يُشْرِكْ بِاللَّهِ فَقَدِ افْتَرَى إِثْمًا عَظِيمًا ] (النساء: ٤٨ واتە: بە ڕاستى خوا لەوانە خۆش نابآ هاوەڵى بۆ بڕیار دەدەن، لەمە بە دەر هەرکآ خودا مەیلى لێ بآ، لێى دەبوورآ.
 کۆمەڵى یەکەم دەگات بەو پاداشتەى کە ئاواتى بۆ دەخوازێت و ئەمەلى پێیەتى و، تەنها سەرمایە و هۆکاریش ئەو باوەڕە غەیبیەیە کە بەرەو لاى پەروەردگار بردویەتى. بەڵام کۆمەڵى دووەم ئەوەى کە بە خۆبەزلزان بووە بەرانبەر خودا و فەرمانەکانى و شەرعەکەى و بەو شێوەیەیش گەڕاوەتەوە بۆ بەردەم خواى گەورە، لاى خودا ئەو سزایە نەبێت کە بۆى ئامادە کردووە و وادەى پێداوە هیچ شتێکى ترى دەست ناکەوێت ئەگەر لەسەر هیچێتى و سەرگەردانى خۆى بەردەوام بووبێت لە دنیادا.
من ئەم ڕەخنەگرە کە داکۆکى لە کۆمەڵى ئینکار و خۆبەزلزانەکان دەکات جارێکى تر ڕەوانەى یاسا دەستکرد و یاساناسەکان دەکەمەوە، ئایا یاسایەک هەیە بڵێت: کرێکارێک کە ئیشەکەى خۆى بە پێى ئەو ڕێکەوتنەى کە هەیە و کرێکەى خۆى تێدا دیارى کردووە تەواو کرد، بێجگە لەوەى کە لەسەرى ڕێککەوتوون و بە مەرجی گرتووە بۆ خۆى ئایا دەتوانێ داواى کرێیەکى تر بکات لە خاوەن کارەکە؟ ئەگەر داوایەکى واى کرد ئایا هیچ پێویستە خاوەن کارەکە وەڵامى بداتەوە؟
                                        
                                       * * *
لە دواییدا، لەوە دەچێت لەمەوە کە زیاتر لە جارێک باسم کرد زانیبێتت کە مەبەست لە کافر ئەو کافرەیە کە لوتبەرزییەکەى بووە بە ڕێگر لە بەردەم داننانى بە هەقدا لە کاتێکدا لە دەروونى خۆیدا باوەڕى پێى هەبووە، ئەمانە خواى گەورە لە بارەیانەوە دەفەرموێت [وَجَحَدُوا بِهَا وَاسْتَيْقَنَتْهَا أَنفُسُهُمْ ظُلْمًا وَعُلُوًّا ۚ فَانظُرْ كَيْفَ كَانَ عَاقِبَةُ الْمُفْسِدِينَ] (النمل: ١٤(واتە: جا ئەوانەى هەر ڕق ئەستوورییان کرد و باوەڕیان پێى نەبوو، بە زۆردارى و خۆبەزلزانى، لە کاتێکدا لە ناخى دەروونیانەوە هەستیان دەکرد حەقیقەتە و ڕاستە.
بەڵام نەزانێک کە نەزانییەکەى ڕێگری کردووە ئەو ڕاستییە کەونییە بزانآ کە لە بارەى بوونى خواوە ئاشکرا کراوە و، بۆتە هۆى رێگرى لە گەیشتنى ئەو بە خودا، ئەم جۆرانە دەچنە ناو ئەم فەرموودەیەى خواى گەورەوە کە لەبارەیانەوە دەفەرموێت [ وَمَا كُنَّا مُعَذِّبِينَ حَتَّى نَبْعَثَ رَسُولاً] (الإسراء: ١٥). واتە: ئێمەش سزاى کەسمان نەداوە تا پێغەمبەرێکى بۆ دەنێرین. یاخود ئەم فەرموودەیەى خواى پەروەردگار دەیانگرێتەوە [رُسُلا مُبَشِّرِينَ وَمُنْذِرِينَ لِئَلا يَكُونَ لِلنَّاسِ عَلَى اللَّهِ حُجَّةٌ بَعْدَ الرُّسُلِ وَكَانَ اللَّهُ عَزِيزًا حَكِيمًا] (النساء:: ١٦٥). واتە: پێغەمبەرانمان (ڕەوانە کردووە) کە مژدەدەرن و ترسێنەرن تا خەڵکى هیچ بەڵگەیەکیان بە دەستەوە نەمێنێت دواى ئەوەى خوا پێغەمبەرانى بۆ ڕەوانە کردوون، بێگومان هەمیشە و بەردەوام خوا باڵادەست و دانایە. 
ئەمڕۆ لەناو خەڵکیدا زۆرێکى وا بە پەرشوبڵاوى لە چەندەها شوێنى جیهاندا هەن،  ئەم عوزرەى کە خواى گەورە باسى کردووە دەیانگرێتەوە... کە ئومێد وایە لە ڕۆژى قیامەتدا داخڵى کۆمەڵى لێخۆشبووان ببن ئەوانەى کە فەرموودەى خواى گەورە دەیانگرێتەوە [وَمَا كُنَّا مُعَذِّبِينَ حَتَّى نَبْعَثَ رَسُولاً].
    
تاگەکان    
چەواشەکاریی_لۆژیکی تەلارسازی #پیری بوونەوەری ئاسمانی دیزاینی زیرەک ڕۆژاوا جەنگی هۆشیاری جنۆکە کورد ئەیاد قنێبی ڕەزا بابایی مۆدێرنیتە ڕانانی کتێب مێژوو کتێب
فیکر
2017-06-03 کۆمێنت 3190 جار بینراوە
بابەتی زیاتر
سەرجەم مافەکانی پارێزراوە بۆ وارگەی هاوسانی . Copyright 2024 - hawsani.org © Developed by Kurdsoft
×
هاوسانی