کۆبوونەوەی کوفر و ئیمان لە موسوڵماندا

فیکر 2017-06-19 کۆمێنت 2156 جار بینراوە

کۆبوونەوەی کوفر و ئیمان لە موسوڵماندا

نووسینی : د . یووسف قه‌رزاوی

 وه‌رگێڕانی : میران مەجید

بەشى حەوتەم و کۆتایی دیاردەى زیادەڕەویکردن لە تەکفیردا

کۆبوونەوەى هەندێ بەشى ئیمان لەگەڵ بەشەکانى کوفر یان نیفاق یان جاهیلیەتدا :

بنەماى حەوتەم: لەڕاستیدا ئیمان هەندێجار لەگەڵ بەشێک یان زیاتر لە کوفر و جاهیلیەت و نیفاقدا کۆدەبێتەوە .

ئەم ڕاستییەش لە زۆر کەس ونبووە و، وایان داناوە کە دەبێت مرۆڤ یا موسڵمانێکى پاڵفتە و بێ خەوش یان کافرێکى تەواو بێت، ئیتر هیچ شتێک نییە لە نێوانیاندا، یان دڵسۆزێکى تەواوە یاخود دووڕوویەکى تەواوە، یاخود دەوترێت: یان ئەوەیە موسڵمانێکى تەواوە یاخود جاهیلە و، سێیەمێکیش لەم نێوانەدا نییە  .

ئەمە ڕێگەى زۆرێک لە خەڵکییە، کاتێک تەرکیز دەخەنە سەر ئەو بەشانەى کە دژ بەیەک دەوەستن بەبێ ئەوەى ئاوڕ لە هاوبەشییەکانیان بدەنەوە. هەموو شتێک لاى ئەوان یا تەنها سپییە یاخود ڕەشە، ئیتر بێ ئاگا لەوەى کە لەڕاستیدا لەم نێوانەدا چەندین ڕەنگى ترمان هەیە کە نە ڕەش و نە سپى تەواون، بەڵکو لەم نێوانەدان  .

سەیر نییە ئەگەر کۆمەڵێک خەڵک هەبن، ئەگەر کەسێک یاخود کۆمەڵێکیان بینى کە هەموو سیفەتەکانى ئیمانى کامڵى تێدا نەبوو، بەڵکو هەندێ تایبەتمەندى نیفاقیشی تێدا بوو، یاخود چەند بەشێکى کوفر، یان ئەخلاقى جاهیلی، خێرا حوکمى کافرى موتڵەق، یاخود نیفاقى گەورە، یاخود جاهیلیەتێکى کافرکەرى بەسەردا بدەن، لەبەر ئەوەى باوەڕیان وایە کە ئیمان بە هیچ شێوەیەک لەگەڵ کوفر یاخود نیفاقدا کۆنابێتەوە لە هیچ شتێکدا و، ئیسلام و جاهیلیەتیش  دوو دژن کە پێکەوە کۆنابنەوە  .

ئەمەش ڕاستە ئەگەر سەیرى ئیمان وەکو ئیمانێکى ڕەها (کامڵ) بکەین و، سەیرى کوفریش وەکو کوفرێکى ڕەها بکەین و، هەروەها ئیسلام و جاهیلیەت و نیفاقیش بە هەمان شێوە  .

بەڵام ئیمان و کوفر بەڕەهایى، یاخود ئیمانى ڕەها و نیفاق، یاخود ئیسلامى ڕەها و جاهیلیەت، دەگونجێت کۆببنەوە وەکو چۆن دەقەکان و قسەى پێشینانى ئومەتیش (ر.خ) ئاماژەى پێدەکەن  .

لە فەرموودەى سەحیحدا هاتووە کە پێغەمبەر (د.خ) بە ئەبوزەر (ر.خ) دەفەرموێـت (إنك امرؤ فيك الجاهلية) واتە: بەڕاستى تۆ کەسێکیت کە جاهیلیەتت تێدا ماوە. ئەوەش ئەو ئەبوزەڕەیە بەو ڕابردوو و ڕاستگۆی و جیهادەیەوە  .

 لەفەرمودەیەکى ترى سەحیحیشدا هاتووە کە دەفەرموێت (من مات ولم يغز ولم يحدث نفسه بالغزو مات على شعبة من النفاق) واتە: هەرکەسێک بمرێت و لەڕێى خوادا نەجەنگابێت یان لە دڵى خۆشیدا بەتەماى نەبووبێت ئەوە لەسەر بەشێک لە نیفاق مردووە  .

ئەبوداوودیش لە حوزەیفەى کوڕى یەمانەوە (ر.خ) ڕیوایەتى کردووە کە دەڵێ (القلوب أربعة: قلب أغلف, فذلك قلب الكافر, وقلب مصفح, وذلك قلب المنافق, وقلب أجرد, فيه سراج يزهو, فذلك قلب المؤمن, وقلب فيه إيمان و نفاق, فمثل الإيمان فيه كمثل شجرة يمدها ماء طيب, ومثل النفاق مثل قرحة يمدها قيح ودم, فأيهما غلب عليه غلب) واتە: دڵەکان چوار جۆرن: دڵێکى داخراو و توند، کە ئەویش دڵى کافرە و، دڵێکى ڕوپۆشکراو، کە ئەویش دڵى دووڕووە و، دڵێکى بێ غەش، کە ڕوناکییەکى گەشاوەى تێدایە، کە ئەویش دڵى مسوڵمانە و، دڵێکیشمان هەیە کە ئیمان و نیفاقیشى تێدایە، کە وێنەى ئیمانەکە لەو دڵەدا بە وێنەى دارێکە کە بەئاوێکى پاک ئاو دەدرێت و، وێنەى نیفاقیش لەو دڵەدا بەوێنەى ئەو برینەیە کە بەکێم و خوێن ئاودەدرێت، جا هەر یەکێک لەم دووانە زاڵ ببێت بەسەریدا ئەوا ئەو دڵە دەبیت بەوە  .

ئەمەش بە مەرفوعى ڕیوایەت کراوە لە موسنەدى ئەحمەددا .  

شێخولئیسلام ئیبن تەیمییەش دەفەرموێت: ئەوەى حوزەیفە فەرموویەتى ئەم ئایەتەش ئاماژەى پێدەکات [هم للكفر يومئذ أقرب للإيمان] واتە: ئەوانە کە لەکوفرەوە نزیکتر بوون تا لەئیمان و باوەڕەوە، چونکە یارمەتى مسوڵمانانیان نەدا و، ئەو بیانووەشیان بە فڕوفێڵ هێنایەوە  .

لەڕاستیدا پێش ئەمە نیفاقێک لەدڵیاندا هەبوو کە سەیتەرەى بەسەردا کرابوو، بەڵام لە ڕۆژى ئوحوددا نیفاقەکە لەدڵیاندا سەیتەرەى کرد و، بەو هۆیەوە لە کوفرەوە نزیکتر بوونەوە  .

عەبدوڵاى کوڕى موبارەک بەسەنەدى خۆی لە عەلى کوڕى ئەبوتاڵیبەوە ڕیوایەتى کردووە کە دەفەرموێت (بەڕاستى ئیمان وەکو نوکتەیەکى سپى وایە لەدڵدا، بۆیە هەرکات بەندە ئیمانى زیاد بکات سپێتى دڵى زیاتر دەکات، هەتا ئەو کاتەى کە ئیمانى کامڵ دەبێت ئیتر یەک پارچە دڵى سپى دەبێت. نیفاقیش وەکو نوکتەیەکى ڕەش دەردەکەوێت لەدڵدا، جا هەر کاتێک ئەو نیفاقە زیاد بکات ڕِەشایى دڵیش زیاد دەکات، هەتا ئەو کەسە دەبێت بە مونافیقى تەواو و ئیتر دڵى بەتەواوى ڕەش دەبێت، سوێند بەخوا ئەگەر دڵى مسوڵمان شەق بکەن بە سپێتى دەیبینن و، ئەگەر دڵى کافریش شەق بکەن بە ڕەشى دەیبینن).

ئیبن مەسعودیش دەفەرموێت ( گۆرانى نیفاق لەدڵدا دەڕوێنێ هەروەکو چۆن ئاو سەوزایى دەڕوێنێ).

شێخولئیسلامیش دەفەرموێت (ئەمە لە وتەى سەلەفدا زۆرە: ئەوە ڕووندەکەنەوە کە دەگونجێت دلڕ هەم ئیمان و هەم نیفاقیشى تێدا بێت).

قورئان و سونەتیش ئاماژە بۆ ئەمە دەکەن، پێغەمبەر (د.خ) باسى بەشەکانى ئیمان و نیفاقى کردووە و، دەفەرموێت (من كانت فيه شعبة منهنّ كانت فيه شعبة من النفاق حتى يدعها) واتە: هەرکەسێک یەکێ لەم بەشانەى نیفاقى تێدا بێت ئەوە بەشێ لە نیفاقى تێدایە هەتا وازى لێدەهێنێت  .

 لەبەر ئەمەشە دەفەرموێت (ويخرج من النار من كان في قلبة مثقال ذرة من إيمان) واتە: هەر کەسێک گەردێک ئیمان لەدڵیدا هەبێت لەئاگر دێتە دەرەوە. بۆیە کەسێک ئەگەر بەڕێژەیەکى کەمیش بێت بەمەرجێک ئیماندار بێت بە هەتاهەتایى لەئاگردا نامێنێتەوە و، هەرکەسێکیش نیفاق لەدڵیدا ئەگەر بەڕێژەیەکى زۆریش بێت، ئەوا بەڕادەى نیفاقەکەى سزا دەدرێت، پاشان لەئاگر دێتە دەرەوە  .

 بڕوانە، پەروەردگار بەعەرەبە دەشتەکییەکان دەفەرموێت [قل لم تؤمنوا ولكن قولوا أسلمنا ولما يدخل الإيمان في قلوبكم](الحجرات_14) واتە: بڵێ ئیمانتان نەهێناوە بەڵکو ملکەچ و تەسلیم بوون و تا ئێستە ئیمان نەچووەتە ناو دڵتانەوە بەڵام لێتان چاوەڕوان دەکرێت. لێرەدا دەبینین پەروەردگار ڕاستى داخڵبوونى ئیمان بۆ ناو دڵیان ڕەت دەکاتەوە، بەڵام ئەمە ئەوە ڕەت ناکاتەوە کە بەشێکى ئیمان لەدڵیاندا هەبێت، وەکو چۆن ئیمان لە زیناکار و دز و کەسێک  نەفى دەکات کە ئەوەى بۆ خۆى پێی خۆشە بۆ براکەى پێى خۆش نییە و ئەوەى کە دراوسێکەى لە شەڕى ئەمین نییە و، شتانى تریش. لەڕاستیدا ئەمە زۆرە لە قورئان و فەرمودەدا کە بەهۆى وازهێنان لە بەشێک لە ئەرکەکان تەواوى ئیمانى لێ نەفى دەکات  .

 لەشوێنێکى تریشدا ئیبن تەیمییە ڕەحمەتى خواى لێبێت دێتەوە سەر ئەم بابەتە و دەفەرموێت: لەڕاستیدا مەبەست ئەوەیە مسوڵمانە باشترینەکان لە پلە بەرزەکانى بەهەشتدان و، دووڕووانیش لە هەرە پلە خوارووەکانى دۆزەخدان، هەرچەندە لەدنیادا بەڕواڵەت بەمسوڵمان دابنرێت و، فەرمانەکانى ئیسلامیان بەڕواڵەت بەسەردا جێبەجێ بکرێت. هەر کەسێکیش ئیمان و نیفاقیشى تێدابێت بە(مسوڵمان) ناودەبرێت لەکاتێکدا نەگەیشتووەتە پلەى مونافیقى تەواو و، ئەگەر هاتوو نیفاقەکەى زاڵبوو  ئەوا شایەنى ئەوە نییە بە ئیماندار ناو ببرێت، بەڵکو ناوى مونافیق شایەنتریەتى، هەر کەسێک ڕەشى و سپێتى تێدا بێت و، ڕەشێتییەکەى زیاتر بێت لە سپێتییەکەى، ئەوە بەناوى ڕەشەوە ناو ببرێت شایەنترە لە سپى، هەر وەکو پەروەردگار دەفەرموێت[هم للكفر يومئذ أقرب منهم للإيمان](آل عمران_167)  واتە: ئەوانە لە کوفرەوە نزیکتر بوون تا لە ئیمان و باوەڕەوە. بەڵام ئەگەر هاتوو ئیمانەکەى زاڵتر بوو، بەڵام لەگەڵیدا نیفاقى هەبوو ئەوا شایەنى ئەوە دەبێت کە هەڕەشەکان بیگرێتەوە و، هەروەها نابێت بە یەکێک لەو مسوڵمانانەى کە پەیمانی بەهەشتیان پێدراوە (مەبەستى: سابیقینە) هەرچەندە بەدەستى دەهێنێت بەهۆى ئیمانەکەیەوە لەدواى سزا وەرگرتن ئەگەر شەفاعەتى بۆ نەکرێت یاخود خودا لێى نەبورێت  .

دەڵێت: ئەو گرۆیانەى ئەهلى هەوان _ لە خەواریج و موعتەزیلە و جەهمیە و مورجیئە_ دەڵێن : لەڕاستیدا ئیمان و نیفاق لە بەندەدا کۆنابێتەوە و، هەندێکیشیان بانگەشەى کۆدەنگى (إجماع) دەکات لەسەر ئەم قسەیە، بۆیە لێرەدا کەوتوونەتە هەڵەوە و پێچەوانەى قورئان و سونەت و ئاسارى سەحابەیان کردووە، سەرەڕای ئەوەى کە پێچەوانەى عەقڵیشە  .

بەڵکو خەواریج و موعتەزیلە ئەم بنەما ناڕێکەیان گشتاندووە و گوتوویانە : لە یەک کەسدا تاعەتێک کە شایەنى وەرگرتنى پاداشت بێت لەسەرى و، سەرپێچییەکیش کە سزاى لەسەر وەربگرێت کۆنابێتەوە و، ناکرێت کەسێک لەڕوویەکەوە باشبێت و لەڕوویەکەوە خراپ و، لەڕوویەکەوە خۆشەویست و دوعابۆکراو بێت و، لەڕوویەکیشەوە نەخوازراو و نەفرەت لێکراو بێت و، بە لاى ئەوانەوە ناکرێت کەسێک بچێتە بەهەشت و جەهەنەمیشەوە، بەڵکو کە چووە یەکێکیانەوە ئیتر ناچێتە ئەوى تریانەوە، لەبەر ئەمەش نکۆڵى ئەوە دەکەن کە هیچ کەسێک لە ئاگر بێتە دەرەوە، یاخود شەفاعەت بۆ یەکێک بکرێت کە ئەهلى دۆزەخە  .

مورجیئەیش لەم بنەمایەدا هاوڕان لەگەڵیاندا، بەڵام ئەوەندە هەیە ئەمان دەڵێن (ئەهلى کەبائیر _خاوەن گوناهە گەورەکان_ دەچنە بەهەشتەوە و ، ناچنە دۆزەخەوە) بەرامبەر ئەوان  .

بەڵام ئەهلى سوننەو جەماعە و سەحابە و تابعین و تەواوى گروپەکانى ترى مسوڵمانان لە ئەهلى حەدیس و فوقەها و ، ئەهلى کەلام ... دەڵێن : دەگونجێت کەسێک خواى گەورە بە ئاگر سزاى بدات، پاشان بیخاتە بەهەشتەوە، وەکو چۆن لە فەرمودە سەحیحەکاندا باسکراوە  .

ئەو کەسەى کە گوناهى هەیە بەهۆیەوە سزا دەدرێت و، ئەوەشی چاکەى هەیە پێى دەچێتە بەهەشتەوە کە خاوەنى هەم سەرپێچییە و هەم تاعەتیش بە ئیتیفاق. لەڕاستیدا ئەو گروپانە جیاوازیان لە حوکمى ئەوجۆرە کەسەدا نییە، بەڵام لە ناوەکەیدا ناکۆکن. مورجیئە دەڵێن: ئەمانە ئیماندارن و ئیمانیان کامڵە،

ئەهلى سوننە و جەماعەش لەسەر ئەوەن: کە ئیماندارێکى ناکامڵە و، ئەگەر ئەم ناکامڵییە نەبوایە سزا نەدەدرا، هەروەکو چۆن لە چاکە و تەقوادا ناکامڵە بە ئیتیفاقى مسوڵمانان  .

 بەڵام ئایا پێى دەوترێت (ئیماندار)؟

ئەمە دوو بۆچوونى لەسەرە، کە دەبێت وردى بکەینەوە .

ئەگەر لەبارەى حوکمە دنیاییەکانەوە پرسیارى لەبارەوە بکرێت وەکو ئازادکردنى ئەو کەسە لە کەفارەتى تاوانێک لەو تاوانانەى کە ئازادکردنى بەندە کەفارەتەکەیەتى، ئەوە گوتراوە ئیماندارە، (واتە ئەو کەسە بە بەندەیەکى ئیماندار دانراوە). وە هەروەها ئەو کەسە بەئیماندار دادەنرێت ئەگەر پرسیارى ئەوە بکرێت ئایا ئەم کەسە دەچێتە ناو خیتابى مسوڵمانانەوە کاتێک خوداى گەورە دەفەرموێت (يأيها الذين آمنوا)

بەڵام ئەگەر لەبارەى سەرئەنجامى کۆتاییەوە (آخرە) پرسیارى ئەم کەسە بکرێت، ئەوا وتراوە: ئەمە کەسێک نییە لەو کەسانەى کە وادەى بەهەشتى پێدراوە، بەڵام ئیمانێکى هەیە کە دەبێتە ڕێگر لەوەى کە بە هەتاهەتاى لە ئاگردا بمێنێتەوە و، بەهۆیەوە دەچێتە بەهەشت دواى ئەوەى لە ئاگردا سزا دەدرێت، ئەگەر هاتوو خواى گەورە لە گوناهەکانى خۆش نەبوو، لەبەرئەوە گوتوویانە: ئیماندارە بەهۆى ئیمانەکەیەوە و فاسقیشە بەهۆى گوناهە گەورەکانییەوە، یاخود ئیماندارێکى ناکامڵە، کە ئەم ڕایەش دروستتریتنیانە  .

 ئەوانەش لە ئەهلى سوننە و موعتەزیلە کە بە باوەڕدار(مۆمن) ناوى نابەن، دەڵێن: ناونانى بە (فاسق) ڕێگری ئەوە دەکات کە بە باوەڕدار(مۆمن) ناو ببرێت، لەبەر ئەوەى خواى پەروەردگار دەفەرموێت [بئس الإسم الفسوق بعد الإيمان](الحجرات_11)واتە: دەرچوون لە شەرع بەو ناوزڕاوییە لەدواى باوەڕهێنان. واتە: ئەو جۆرە کارانە دەبێتە مایەى فاسقبوون و دوورکەوتنەوە لە ئیمان. یاخود دەفەرموێت [أفمن كان مؤمنا كمن كان فاسقا لايستوُن](السجدة_18). واتە: ئایا ئەو کەسەى بڕواى هێناوە وەکو ئەو کەسە وایە کە لە ئیمان دەرچووە؟ نەخێر وەکو یەک نین لاى خودا  .

دەڵێت (ئیبن تەیمییە): بەگوێرەی ئەم بنەمایەیش کەسانێک هەندێ بەشیان لە بەشەکانى کوفر تێدایە و، لەگەڵ ئەوەشدا ئیماندارە  .

هەر بەگوێرەی ئەم بنەمایەیش لە پێَغەمبەرى خوداوە (د.خ) هاتووە کە زۆرێک لە تاوانەکانى ناوناوە کوفر، کە لەگەڵ ئەوەشدا دەگونجێت زیاتر لە گەردێک ئیمان لەدڵیدا هەبێت و، بەهەتاهەتایى لە ئاگردا نامێنێتەوە  .

وەکو دەفەرموێت (سباب المسلم فسوق وقتالة كفر) ياخود (لاترجعوا بعدي كفارا يضرب بعضكم رقاب بعض).ئەمەش بە فراوانى لەپێغەمبەرى خوداوە (د.خ) لە سەحیحدا لەچەند ڕێگەیەکەوە هاتووە، کە لە حەجى ماڵئاوایدا فەرمانى کرد کە لەناو خەڵکیدا بڵاوبکرێتەوە. ئەو کەسەى کە خوێنى یەکێکى تر دەڕێژێت بە _ناهەق_ بە کافر ناوى برد، ئەم کارەش بە کوفر ناو دەبرێت، لەگەڵ ئەمەشدا خواى گەورە دەفەرموێت [وإن طائفتان من المؤمنين اقتتلوا فأصلحوا بينهما] تاكو دةفەرمويَت [إنما المؤمنون إخوة فأصلحوا بين أخويكم واتقوا الله لعلكم ترحمون](الحجرات_ 10).ئەم ئایەتە ڕوونى دەکاتەوە کە ئەوانە لەبازنەى ئیمان دەرنەچوون، بەڵام شتێکیان لە کوفر تێدایە، ئەویش ئەم خەسڵەتەیە، هەروەک چۆن هەندێک لە هاوەڵان بە: کفر دون کفر ناویان بردووە. هەروەها وەکو دەفەرموێت (من قال لأخيه: يا كافر فقد باء بها أحدهما) دەبینین لێرەدا تەکفیرکراو بە براى تەکفیرکەر ناو دەبات، لەکاتێکدا کە هەوالڕ دەدات ئەو کوفرە بۆ یەکێکیان دەگەڕێتەوە، بۆیە ئەگەر یەکێکیان بە تەواوەتى لەئیسلام دەربچووایە ئەوا نەدەبوو بەبراى ئەوى دیکە، کەواتە مەبەست ئەوەیە بەشێک لە کوفرى تێدایە. (لێرەدا قسەى ئیبن تەیمییە کۆتایى دێت).

 

جیاوازى پلەى ئومەت لە تاعەتدا :

بنەماى هەشتەم: بریتییە لە جەختکردنەوە لە بنەماى حەوتەم: کە پلەى خەڵکى جۆراوجۆرە لە بەجێهێنانى فەرمانەکانى خودا و، خۆدوورگرتن لەو شتانەى کە قەدەغەى کردوون  .

لەبەر ئەمەش پلەى ئیمان و نزیکییان لە خوداوە دەگۆڕدرێت، لێرەدا پێشینانى ئومەت وتوویانە کە ئیمان کەم و زیاد دەکات و، قورئان و سوننەتیش ئاماژە بۆ ئەمە دەکەن و، یەکێک لەو هەڵانەى خەڵکى دەیکەن ئەوەیە کە وادەزانن دەبێت ئەو خەڵکە هەمووى مەلائیکە بن و، هیچ هەڵە و کەموکورتییەکیان نەبێت، ئیتر ئەوەیان لەبیرکردووە کە مرۆڤ پێکهاتەکەى قوڕە و لەوە دروست کراوە و، بەرەو زەوى ڕایان دەکێشێت و تاوانکردنیش هیچ مەحاڵیش نییە  .

ئەم ڕاستییەش قورئانى پیرۆز چەسپاندوویەتى، هەر وەک چۆن سوننەتى پێغەمبەرى خوداش (د.خ) جەختى لەسەر کردووەتەوە  .

خواى گەورە لە سورەتى فاطردا دەفەرموێت [ثم أورثنا الكتاب الذين اصطفيناه من عبادنا فمنهم ظالم لنفسه ومنهم مقتصد ومنهم سابق بالخيرات بإذن الله ذلك هو الفضل الكبير جنت عدن يدخلونها يحلّون فيها من أساور من ذهب ولؤلؤاً ولباسهم فيها حرير](32_33). واتە: لە پاشان ئەم قورئانەمان کردە میرات و کەلەپور بۆ ئەو بەندانەمان کە هەڵمان بژاردن، ئینجا ئەوانە بەرامبەر قورئان دەبنە سێ بەشەوە: هەندێکیان بە قسور و کەمتەرخەمیکردن لە کارپێکردنیدا ستەم لەخۆ دەکەن، بڕێکیشیان مامناوەندن و، هەندێکی ترشیان بە فەرمانى خوا لە ئەنجامدانى کارە چاکەکاندا پێشکەوتوون، ئا ئەو میراتەیە فەزڵ و بەهرە گەورەکە، یان ئەو فەزڵە گەورەیە: بەهەشتەکانى جێیی مانەوەن و، دەچنە نێوی و، بەهەتاهەتاییش تێیدا دەبن و، لەناویاندا خشڵپۆش دەکرێن بە بازنى زێڕ و مروارى  .

لیرەدا دەبینین کە خواى گەورە پلەبەندى ئەو ئومەتەى کردووە کە (قورئانى) پێبەخشیوون و سێ کۆمەڵى لەو ئوممەتە هەڵبژاردووە  :

1 - (ظالم لنفسه)، ئەمەش وەکو ئیبن کەسیر دەفەرموێت: کەسێکى کەمتەرخەمە لە کردنى واجباتەکاندا و، توشبووە بە ئەنجامدانی هەندێ لە تاوانە گەورەکانەوە  .

٢- (مقتصد)، ئەویش ئەو کەسەیە کە واجباتەکان جێبەجێ دەکات و خۆى لە حەرامکراوەکان بەدوور دەگرێت و، هەندێ جار تەرکى سوننەتەکان دەکات و، توشى هەندێ لە مەکروهاتەکان دەبێت  .

3 - (سابق بالخيرات)، ئەویش کەسێکە کە واجب و سوننەتەکان جێبەجێ دەکات و خۆى لە حەرام و مەکروه و هەندێ لە ڕێگەپێدراوەکان (مباحات)یش دەپارێزێت  .

ئەم سێ تاقمە سەرەڕای ئەوەیش کە هەندێ خواروخێچى و کەموکورتى و زوڵمکردن لە نەفسى خۆیان تێدایە، بەڵام داخڵى ئەو هەڵبژاردانەى خودان  .

 هەر ئەم سێ تاقمە ئەو پلەو بەشانە دەیانگرێتەوە کە لە فەرموودە ناسراوەکەى جوبرەئیلدا باسکراون کە بریتییە لە (ئیمان) و (ئیسلام) و (ئیحسان). خواى گەورەیش لەبارەى ئەم سێ تاقمەوە هەواڵى داوە کە _ ڤالم لنفسه_ شیان تێدایە و لە ئەهلى بەهەشتیشن  .

بەدروستى لە ئیبن عەباسەوە هاتووە کە لە تەفسیرى ئەم ئایەتەدا دەفەرموێت: ئەم تاقمانە ئومەتى محمدن (د.خ) خواى گەورە هەموو کتێبێکى خۆى پێبەخشیون، جا ئەوەى زوڵم لە خۆى دەکات لێخۆشبوون دەیگرێتەوە و، میانەکارەکانیشیان لێپێچینەوەیەکى ئاسانیان لەگەڵدا دەکرێت و، ئەوەشیان کە لەچاکەدا پێشکەوتووە دەچێتە بەهەشتەوە بەبێ لێپرسینەوە  .

 مەبەست لە حەرامکراوەکان (المحرمات) کە (ظالم لنفسه) توشى دەبێت تەنها گوناهە بچوکەکان ناگرێتەوە بەتەنها و ئیتر مەبەستى پێى گوناهە گەورەکان نەبێت و، مەبەستى ئەوەش نییە کە دەبێت تەوبەى لە هەرچى گوناه هەیە کردبێت. لەبەر ئەوەى هەردووکى وەکو _شێخول ئیسلام ئیبنو تەیمییە دەفەرموێت_ دەچێتە ڕیزى (مقتصد) یاخود (سابق)ەوە (چونکە هیچ کەسێک نییە لە نەوەى بەشەر کە گوناهى نەبێت. بۆیە هەر کەسێک کە تەوبەى کرد دەبێتە  مقتێد و سابق ).

هەروەها هەر کەسێک خۆى لە گوناهە گەورەکان (الکبائر) بەدوور بگرێت ئەوا گوناهەکانى دەسڕرێتەوە، هەروەکو خواى گەورە دەفەرموێت [إن تجتنبوا كبائر ما تنهون عنه نكفر عنكم سيئاتكم](النساء_31).واتە: ئەگەر ئێوە لەو تاوانە گەورانە خۆ دوور بگرن ئێمەش لە هەڵە و پەڵەتان دەبورین  .

بۆیە هەر دەبێت (ظالم لنفسه) و وادەدراو بە بەهەشتمان هەبێت. هەرچەندە لە پاش سزادانیش پاک ببێتەوە .

لەڕاستیدا مسوڵمان هەرچەندە بگاتە پلەى (مقتصد) یاخود (سابق) پێویستە لەسەرى کە کوفر و فیسق و سەرپێچى بەخراپ بزانێت و، ڕازى بە مونکەر نەبێت کە لەچواردەوریدا هەیە و ژیانى پڕکردووە. لەڕاستیدا نزمترین پلەى ئیمان ئەوەیە کە مسوڵمان بەدڵ خراپە بگۆڕێت، واتە ڕقى لێى ببێت و ئازار بکێشێت و توڕە ببێت لەسەرى، لەمەش پلەی بانتر ئەوەیە کە مسوڵمان بە زمانى خراپە بگۆڕێت ئەگەر توانى و، لەمەش بانتر ئەوەیە کە بەدەستەکانى بیگۆڕێت کە ئەگەر توانى و، ئەمەش ئەوەیە کە فەرموودە سەحیحە مەشهورەکەى کە کەوتووەتە سەر زمان، لەبارەیەوە هاتووە: (من رأى منكم منكرا فليغيره بيده, فمن لم يستطع فبلسانه, فمن لم يستطع فبقلبه, وذلك أضعف الإيمان).

ئەگەر گۆڕانکارى بەدڵ _بەو تێگەیشتنەى کە باسمان کرد_ لایەنى کەمى ئیمان بێت، ماناى وایە ئەو کەسەى ئەم پلەیەی _ڕچعف اڵایمان_ لەدەست دابێت، ئەوا هەموو ئیمانى لەدەست داوە، ئیتر هیچى بۆ نەماوەتەوە  .

 فەرموودەى دروستى پێغەمبەرى خوا کە موسلیم لە ئیبن مەسعودەوە ڕیوایەتى کردووە ئاماژەى بەمە کردووە کە پێغەمبەر (د.خ) دەفەرموێت: (ما من نبي بعثه الله في أمة قبلي إلا كان له من أمته حواريون وأصحاب, يأخذون بسنته, ويقتدون بأمره, ثم إنه يخلف من بعدهم خلوف, يقولون ما لا يفعلون, ويفعلون ما لا يؤمرون, فمن جاهدهم بيده فهو مؤمن, ومن جاهدهم بلسانه فهو مؤمن, ومن جاهدهم بقلبه فهو مؤمن. وليس وراء ذلك من الإيمان حبة خردل). واتە: هیچ پێغەمبەرێک نییە کە خواى گەورە ناردبێتى بۆ ئومەتێک پێش من ئیلا کۆمەڵێک کەسى دەروونپاک و هاوەڵى هەبووە، کە شوێن ڕێگەکەى کەوتوون و، کاروکردەوەکانى ئەویان کردووە، پاشان ئەوان دەڕۆن و کەسانى خراپ شوێنیان دەگرنەوە و شەڕ و گەندەڵى دەنێنەوە و، ئەوەى دەیڵێن جێبەجێى ناکەن و، کۆمەڵێ کردەوەش دەکەن کە پێغەمبەرەکەیان پێى نەوتوون بیکەن، جا هەر کەسێک بەدەستى بەرەنگاریان ببێتەوە ئەوە ئیماندارە و، هەر کەسێک بە زمانى بەرەنگاریان ببێتەوە ئیماندارە و، هەر کەسێکیش بە دڵى بەرەنگاریان ببێتەوە ئیماندارە. خۆ ئەگەر بە دڵ بەرەنگاریان نەبێتەوە ئیتر ئەوە زەڕڕەیەک ئیمان لە دڵیدا نییە  .

ئەم فەرموودە پیرۆزە بەڕاشکاوى ئاماژە بەوە دەکات کە ئەوەى بە دڵ بەرەنگارى ئەو فاسق و زاڵمانە نەبێتەوە واتە ڕقى لە زوڵم و فیسق و کردەوە خراپەکانیان نەبێت ئیتر زەڕڕەیەک ئیمانى لەدڵدا نەماوە  .

ئەم شتەش دەگەڕێتەوە بۆ دڵ و ویژدانى کەسە مسوڵمانەکە، ئەوە خۆیەتى کە دەتوانێت بڕیار بەسەر نەفسى خۆیدا بدات، کە ئایا بە مونکەر ڕازییە یاخود توڕەیە لێى؟ ئەگەر هاتوو لە کەسى خاوەن مونکەر ڕازى بوو: ئایا لەبەر فیسق و زوڵم و لادانەکەى لەشەرعى خوا لێى ڕازییە یاخود لەبەر شتێکى ترە؟ وەکو ئەوەى کە سودێکى لەوەوە پێبگات، یاخود خزمایەتییەک لەنێوانیاندا هەبێت یاخود هەر شتێکى تر. هەرچەندە واجبە لەسەر مسوڵمان کە هۆکارى دوورى و نزیکى لە خەڵکەوە بەرمەبناى پەیوەندى و دووری ئەو خەڵکە بێـت بە ئیسلامەوە  .

کۆتایی :

لەدواى ئەم ڕوونکردنەوەیەوە کە لەژێر ڕۆشنایى بنەما گشتییەکان و، دەقە یەکلاکەرەوەکان و، بەڵگە ڕوونەکاندا باسمان کرد، بۆ هەر خاوەن بیناییەک مەوداى ئەم هەڵە دیار و، خەتەرە گەورەیە ڕووندەبێتەوە کە ئەو برایانەمانى تێکەوتوون کە زۆر زیادەڕەوى لە (تەکفیردا) دەکەن هەتا گەیشتۆتە ئەوەى کە تەکفیرى تاک و کۆمەڵگاکان بە جوملە دەکەن و، پشتیان کرووەتە هەر دەق و بەڵگەیەکى شەرعى کە پێچەوانەى بیر و بۆچوونى ئەوان بێت، پەنا بۆ کۆمەڵێک گومانى ناڕەوا دەبەن لە تەئویلکردن و، بەڵگە هێنانەوەدا بەشێوەیەک  کە نابێتە بەڵگە بۆیان و، هەموو زانا و پێشەوایانى ئوممەت لە کۆن و تازە بە هەڵە دەزانن ئەگەر لەگەڵ بۆچوونەکانى ئەواندا نەبن و، وادەزانن خۆیان گەشتوونەتە پلەى (پێشەوا) و، بوون بە موجتەهیدى موتڵەق و، بۆیان هەیە پێچەوانەى هەموو ئومەت بن و، پێچەوانەى کۆدەنگى (إجماع)ى سەلەف و خەلەفن  .

ئەمەش _پەنا بەخوا_ شتێکى سەرسوڕهێنەر و، خۆبەزلزانینێکى لەناوبەر و زیانگەیەنەرە و، هیچ سەرچاوەیەکیشى نییە مەگەر جەهل و نەزانین بەرامبەر خوا و خەڵک و نەفس نەبێت، بۆیە ڕەحمەتى خوا لە کەسێک بێت کە ئەندازەى نەفسى خۆى دەزانێت و، لەفەرموودەى سەحیحیشدا هاتووە (إياكم و الغلو, فإنما أهلك من كان قبلكم الغلو) واتە: خۆتان لەزیادەڕەوى بپارێزن _ ئیتر لە هەر شتێکدا بێت_ چونکە هەر زیادەڕەوى بووە هۆى لەناوبردنى ئەوانەی پێش ئێوە. لە فەرموودەیەکى تریشدا دەفەرموێت (هلک المتنطعون) واتە: زیادەڕوان تیاچوون_سێ جار فەرمووى_، لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا نامەوێت منیش بکەومە ناو ئەو حاڵەتەى کە ئەو برا زیادەڕەوانەى تێکەوتوون و، کافریان بکەم وەکو چۆن ئەوان خەڵک کافر دەکەن، هەرچەندە کۆمەڵێک فەرموودەشمان هەیە کە تەکفیرى ئەو کەسانە دەکەن کە خەڵک کافر دەکەن، لەبەر ئەوەى لەڕاستیدا ئەم حەدیسانە بۆ ئەوانەیە کە خەڵکى کافر دەکەن بەبێ تەئویل و، تەکفیرکەرانیش تەئویلى خۆیان هەیە ئیتر هەرچەندە تەئویلەکەشیان قبوڵنەکراو بێت  .

لەبەر ئەمەش سەلەف جیاوازیان هەبووە لە تەکفیرى خەواریجدا، سەرەڕاى ئەو فەرموودانەى کە لە زەمى خەواریجدا هاتوون و سەحیحیشن و،  کەچی ئەوەى جێگیر بووە لە ئەمیرى بڕواداران عەلى کوڕى ئەبى تاڵبەوە ئەوەیە کە کافرى نەکردوون و، ئەو دەستپێشخەرى شەڕ نەبووە بەرامبەریان و، کاتێک پرسیاریان لێکردووە: ئایا ئەوانە کافرن؟ فەرمویەتى: ئەوان لە کوفر هەڵهاتوون  !

لەبەر ئەمە سور بووە لەسەر ئەو قسەیەى کە پێى وتوون (برامانن)، سەرەڕاى ئەوەش کە لە ڕووى فیکرییەوە، زیادەڕەوى و لادانیان هەبووە لە ڕێگەى ڕاست. دڵنیاشم زۆرێک لەوانە لە فکرەکەیان پاشگەز دەبنەوە و واز لە تەکفیرکردن دەهێنن ئەگەر بێت و بەبێلایەنى و ئینێافەوە بخوێننەوە و، دڵیان پاک بکەنەوە بۆ وەرگرتنى حەق و ڕاستى و، خۆیان لە دەمارگیرى بپارێزن و، خۆیان ڕزگار بکەن لە ترسى لۆمەى هاوکارەکانیان، یاخود هەڕەشەى سەرکردەکانیان، ئەو سەرکردانەى کە بە مورتەدیان دەزانن تەنها بەهۆى ئەوەى ڕایان لەگەڵ ئەواندا جیاوازە، یاخود لە بۆچوونەکانى خۆیان پەشیمان بوونەتەوە و، فەتواى واجببوونى کوشتنیان دەدەن، لەبەر ئەوەى گوایە دینى خوایان گۆڕیوە  .

من زۆر دڵنیام کە لە ناو ئەم کۆمەڵە توندڕەوانەدا گەنجانێکى دڵسۆز هەن، کە مەبەستیان تەنها ڕەزامەندى خودا و، قیامەت و سەرخستنى ئیسلامە، بەڵام ئەوەیە کە خۆیان بەڕۆشنبیرییەکى ئیسلامى ڕەسەن نەپاراستووە و، تێگەیشتنێکى ئیسلامییانەى قووڵیان نییە، بۆیە ئەم جۆرە فکرانە دەچنە ناو ئەم دڵە خاڵییانەوە و جێگیر دەبن تیایدا  .

 من کۆمەڵێک لەو گەنجانە دەناسم دواى ئەوەى کە ڕاستییان بۆ ڕوون بووەتەوە گەڕاونەتەوە بۆى و، گوێشیان بە هەڕەشە و گوڕەشە نەداوە و، بەڵکو توشى ئازاریش بوون لەسەرى بەڵام ئارامیان گرتووە و ئارامگر بوون  .

 دەشزانم کە ئەم دیاردەیە بەرهەمى چۆڵى مەیدانە لە بزوتنەوەیەکى ئیسلامى تێگەیشتوو و پێگەیشتوو کە لە ڕووناکیدا و بەئاشکرا بانگەواز بکات، چونکە زۆربەى ئەوانە لە ژێرزەمین و ئەشکەوتەکانەوە و لە تاریکیدا ئیش دەکەن. بۆیە کە ڕۆژێک خۆری بانگەواز بۆ لاى ئیسلامى تەواو پرشنگ دەدات و، تیشکەکانى بۆ دوورترین شوێن دەنێرێت و، دەنگى بەرز دەبێتەوە بەبێ ترس و تۆقاندن و، ئیتر شوێنێک بۆ ئەهلى ژێرزەمینە تاریکەکان و ئەوانەى کە زیادەڕەو و توندن نامێنێتەوە و، بەشکو جارێکى تریش بگەڕێینەوە سەر ئەم بابەتە گرنگە بە پشتیوانى خودا  .

amitriptylin pris amitriptylin psychedelia amitriptylin tinnitus
تاگەکان    
جنۆکە ڕۆژاوا ئەنیمی تەکنۆلۆژیا موناجات ڕانانی کتێبب چیرۆک تەنیایی ڕانانی کتێب پارەی ئیلیکترۆنی وەچەخستنەوە خاڵبەندی خێوەتگە دوعا قوتابخانەکانی نوور
فیکر
2017-06-19 کۆمێنت 2156 جار بینراوە
بابەتی زیاتر
سەرجەم مافەکانی پارێزراوە بۆ وارگەی هاوسانی . Copyright 2024 - hawsani.org © Developed by Kurdsoft
×
هاوسانی