قورئان و (قوامە)ى پیاو بەسەر ئافرەتەوە

فیکر 2017-06-29 کۆمێنت 2621 جار بینراوە

قورئان و (قوامە)ى پیاو بەسەر ئافرەتەوە

نووسینى: دکتۆر محمد سعید رەمەزان بووتى

وەرگێڕانى: میران مەجید

یەکێک لەوان دەڵێ: ئا ئەوە ئافرەتە لە سێبەرى شارستانییەتى تازەدا پێشبڕکێ و مونافەسەى پیاو دەکات لە هەموو بوارەکانى وەک: زانست، وەزیفە، بازرگانى، ئابوورى و سیاسەت بە پلەى جیاوازى خۆى. بەردەوام تۆیش لە قورئاندا دەیخوێنیتەوە کە دەڵێ[ الرجال قوّمون على النساء ] (النساء/43). ئایا ئەمە بەڵگە نییە لەسەر ئەوەى کە ئەو یاسا و ڕێنماییانەى لە قورئاندا هەیە بۆ زەمەنێکى بەسەرچوو بووە، نەک ئەم سەردەمە پێشکەوتووەى کە ئێمەى تێدایە؟

دەڵێم: دوو وشەمان هەیە پێویستە ڕوونیان بکەینەوە و جیاوازییەکەیان بزانین و، لە تێگەیشتنى خۆماندا ماناکانیان تێکەل نەکەین، لە کاتێکدا ئێمە وا گومان بە خۆمان دەبەین کە چێژ لە عەرەبى وەردەگرین و لێى تێدەگەین و بە ڕێکى قسەى پێ دەکەین... ئەو دوو وشەیەیش بریتین لە (القوامە) و (الولایە).

ئەوەى لە بەر چاوە قورئانى پیرۆز قیوامەى پیاوانى بەسەر ئافرەتاندا جێگیر کردووە، دەفەرموێت: [الرجال قومون على النساء]، بەڵام (الولایە)ى جێگیر نەکردووە بۆ پیاو بەسەر ئافرەتدا، بەڵکو مافى ولایەى بۆ هەردوکیان بڕیار داوە، دەفەرموێت: [والمؤمنون والمؤمنات بعضهم أولياء بعض] (التوبة / 71). ئەم وشەیەش لە زاراوەى شەریعەتى ئیسلامیدا بە سەرپەرشتیارى هاوبەش (الولایە المتبادلە) ناو دەبرێ. نایشزانم لە یاسادا هاوواتاى ئەم وشەیە یا شتێکى نزیک لەمە هەیە یاخود نا .

ئێستە جیاوازى نێوان ئەم دوو وشەیە چییە؟

(الولاية على الشيئ أو الشخص) لە زاراوەى شەرعیدا بریتییە لە: ئەسەرێک لە ئاسارەکانى کەموکورتى توانایى (الأهلية)ى ئەو کەسەى کە سەرپەرشتیارى بەسەردا جێبەجێ دەبێت و ناتوانێت مومارەسەى مافەکانى خۆى یاخود هەندێکیان بکات تەنها بە ڕێگە پێدانى ئەو سەرپەرشتکارە نەبێت. بەڵکو هەندێ جار سەرپەرشتکارەکە خۆى کارەکەى بۆ جێبەجێ دەکات. زانراویشە کە شەریعەتى ئیسلامى مافی توانایی (الأهلية)ى یەکسان کردووە لەنێوان ژن و مێرددا، کاتێک هەر یەکێکیان ڕوشدیان هەبێت واتە خاوەنى توانایی و عەقڵ و بلوغ بن. لەم کاتەشدا هیچیان سەرپەرشتیارى (الولایە)ى نابێت بەسەر ئەوى تریاندا. بەڵام شەریعەتى ئیسلامى لەوە دوورتر ڕۆیشتووە و، بە دەقى ئاشکراى قورئان سەرپەرشتیارى هاوبەش (الولایە المتبادلە)ى لەنێوانیاندا چەسپاندووە، بۆ ئەوەى هەر یەکێکیان سەربەخۆ نەبێت لەوى تریان لە مومارەسە کردنى مافەکانیدا _واتە هاوبەش بن_ لە تەرازووى لێوەشاوەیى ئەخلاقییەوە. ئەمەش لەبەر ئەوەى پیاو (مێرد) لە مومارەسە کردنى مافەکانیدا بگەڕێتەوە بۆ لاى ئافرەت (ژنەکەى) و پرسى پێ بکات و ئاگادارى بۆچوونەکانى بێت و سوود لەو کامڵییەتەى وەربگرێت و، ئافرەتیش (ژنەکە) بگەڕیتەوە بۆ لاى پیاو (مێرد)ەکەى و لە مومارەسەى مافە داراییەکان و شتەکانى تردا پرسى پێ بکات و ئاگادارى بۆچوونەکانى بێت و سوود لەو کامڵییەتەى وەربگرێت لە ئیشدا. خواى گەورەش لە بارەى ئەم جۆرە سەرپەرشتیارییەوە لەنێوانیاندا دەفەرموێت ( والمؤمنون والمؤمنات بعضهم أولياء بعض).

بەڵام (القوامە) لە (قام بالأمر أي قام بشأنه)یەوە هاتووە، واتە هەستان بە کارێک. زاراوەیەکى شەرعییە بە واتاى ئاگایى پیاو بەسەر ئیشەکانى ژنەکەیەوە لە ڕووى  چاودێریکردن و پاراستن و دوورخستنەوەى هەر مەترسییەک لەسەر ژیانى و، پێشکەشکردنى یارمەتى ماددى و مەعنەوى بەردەوامە بۆی .

لە ڕاستیدا جیاوازى نێوان (القوامە) و (الولایە) زۆر ڕوونە. لە کاتێکدا قیوامە بە ماناى تەداخولکردن نایەت لە مافى ئەوى تردا بەهۆى کەموکوورتی ئافرەتەکەوە یاخود بەهۆى بوونى هاوبەشییەوە لەنێوانیاندا یان تەسەروف لە مافى ژنەکەدا بە شێوەى تاکڕەوى... لە کاتێکدا سەرپەرشتیارى (الولایە) واتە جۆرێک لە نیابەتى زۆرە ملێ لە تەسەروفکردن بە مافی سەرپەرشتیکراوەکەوە (المَوْلی) بەهۆى کەموکورتى لە تواناییەکەیدا .

ئەوەى زۆر جار ڕوو دەدات لەلایەن ئەو کەسانەوە کە کێشە لەسەر مافى قیوامەى پیاو لەناو خێزاندا دروست دەکەن، ئەوەیە کە جیاوازى لەنێوان قیوامە و ویلایەدا ناکەن و، وا دەزانن قیوامەتى پیاو لە ماڵدا ماناى ئەوەیە کە پیاو تواناى ئەوەى هەیە مافەکانى ئافرەت پێشێل بکات بە هەر شێوەیەک کە بیەوێت و، ئافرەتیش ناتوانێت هیچ هەڵسوکەوتێک بکات مەگەر ڕەزامەندى پیاوەکەى لەسەر بێت یاخود هەندێ جار لە ڕێگەى پیاوەکەیشەوە بێت. لە هەمان کاتیشدا وا لە قیوامەى پیاو دەڕوانن کە بە جۆرێک لە جۆرەکان بە ماناى خۆزاڵکردنى پیاو و بە کەم ڕوانین لە کەرامەت و ئازادى ئافرەت دێت .

لە ڕاستیدا وا دەزانم ئێستە تۆ جیاوازی گەورەى نێوان زاراوەى (الولایە) و (القوامە)ت  لە کتێبى خوادا زانى و، قیوامەى پیاویش هیچ مانایەکى لەم مانایانە نییە کە ڕەخنەگران گومانى بۆ دەبەن .

                                           * * *   

ئەگەر بە ڕوونى جیاوازى نێوان (الولایە) و (القوامە)ت  بۆ دەرکەوتووە، ئێستا وەرە با ئەوەى خواى گەورە لە قورئانە ڕوونەکەیدا بڕیارى داوە واز لێ بهێنین و بپرسین: کامیان لە پێشترە بۆ هەڵگرتنى مەسئولییەتى قیوامە لە ماڵدا _ئێستە تۆ ماناى قیوامەت زانیوە_ پیاو یاخود ئافرەت؟ کامیان بە تواناترن لە هەستان بە کاروبارى خێزان و شەونخونیکردن لە چاودێرى و پاراستنی لە ئافات و مەترسییەکان؟ لە ڕاستیدا سروشتى مرۆڤایەتى بڵاو لە هەموو دنیادا وەڵامى ئەم پرسیارەى داوەتەوە، پێش دامەزراوە و یاسا دەستکردەکان وتویەتى: ئەوە پیاوە. هەموو کاتێکیش خەسڵەتى مێینەیى ئافرەت و نێرینەیى پیاو جەختیان لەسەر ئەمە کردۆتەوە .

ئایا ئەو ژن و مێردەت بینیوە کە شەوان بە ئاسودەیى و دڵنیاییەوە لە تاریکایى شەودا بە یەکەوەن لەو ماڵەدا کە دایان ئەپۆشێ و دەیانپارێزێت ، لە پڕ دەنگى تەقولبابى دەرگاى ماڵەکە خەبەریان دەکاتەوە... ئەوان دزن و دەیانەوێت بێنە ناو خانووەکەوە، ئەوە کێیە لەو حاڵەتەدا ڕادەپەڕێت بۆ ئەوەى پارێزگارى لە خێزانەکەى بکات و بەرپەرچى دزەکان بداتەوە؟ ئایا کەسێک هەیە لە دنیادا وەڵامى ئەمە نەزانێ؟ لە ڕاستیدا ئەو پیاوەیە کە خواى گەورە فیترەتى پاراستنى خێزان و دوورخستنەوەى مەترسى لێى خستۆتە ئەستۆ، بەڵام ئافرەت بە هێزى پیاوەکەى خۆى دەپارێزێ و خۆى لە سێبەرى ئەودا ئەبینێتەوە. ئەمە بریتییە لە قیوامە لە ماناى سروشتى خۆیدا، کە هەموو دنیا دانى پیا دەنێت و،  ئەم دانپێدانانەى قورئانیش [الرجال قوامون على النساء] هیچ نییە تەنها وەرگێڕانى ئەم ڕاستییە سروشتییە نەبێت .

لە ڕاستیدا کۆتایى ئایەتەکە هۆکارى ئەم بڕیارە سروشتییە واقیعییە شەرعییەى  لە حوکمەکەیدا ڕوون کردووەتەوە، ئەویش ئەویە کە خواى گەورە دەفەرمویت [بما فضل الله بعضهم على بعض وبما أنفقوا من أموالهم] هۆکارى یەکەم: بما فضل الله بعضهم على بعض. ئەم ئەفزەلیەتەش لێرەدا بە ماناى ئەفزەلیەتى نزیک بوونەوە لە خودا یاخود بە ماناى ئەفزەلیەتى کۆمەڵایەتى نییە. هەندێ ئافرەتمان هەیە لە مێردەکەى و پیاوانى تریش نزیکترە لە خواوە... هەندێ ئافرەتیشمان هەیە لە کۆمەڵگەکەى خۆیدا مەکانەتێکى وەهاى هەیە کە مێردەکەى یا پیاوانى تر شتى وەها یاخود لەوە کەمتریشیان نییە... مەبەست لە ئەفزەلییەت لێرەدا ئەو تایبەتمەندییە  جەستەیى و دەرونییەیە کە بەدیهێنەرى دانا دابەشى کردووە لەنێوان ژن و پیاودا، ئەمەش شتێکى زانراو و دیراسە کراوە .

هۆکارى دووەمیان: " وبما أنفقوا من أموالهم " لە ڕاستیدا ئەمە بیرخستنەوەى ئەوەیە کە خواى گەورە بڕیارى داوە کە نەفەقەى خێزان لە ئەستۆى مێرددایە نەک ژن. یاساى نێودەوڵەتیش دەڵێ: " من ینفق یشرف" هەر کەس ببەخشێ لە پێشترە، هەموو دنیاش ملکەچە بۆ ئەم یاسایە و دان بەم پەیوەندییە پەیوەستەدا دەنێت لەنێوان بەرپرسیارێتى بەخشین و لەپێشتربووندا .

بەڵام بۆچى ئەرکى نەفەقە (مەسرەفى خێزان) پەیوەستە بە مێردەوە و لەسەر ژنەکە نییە؟ ئەمەش وەڵامێکى دوور و درێژى هەیە کە هەر کەسێک دان بە قودسییەتى خێزاندا بنێت و سوور بێت لەسەر پاراستنى لە هەموو بەڵایەک، دەرکى دەکات. ئەگەر بێت و قسەکردن لەسەر ئەمە دوورى نەخستینایەتەوە لە بابەتەکەى خۆمان ئەوا بە درێژى باسى ئەمەمان دەکرد تا واى لێ بکردینایە زیاتر دانمان بنایە بە حیکمەتى پەروەردگاردا و پێى سەرسام ببوینایە .

                                        * * *

بۆت هەیە بڵێیت: هەندێ ئافرەت هەیە خاوەنى هەندێ شتە کە پیاو خاوەنى نییە لە ئازایەتى و بەرەوپێشچوون و هێز و توانایەکى وەها لە ڕووبەڕووبونەوەى ئەو خەتەرانەى کە دێنە ڕێى خێزان و بەرەنگارییەکى زۆر ئازایانەى هەیە، لە کاتێکدا پیاوى واش دەبینى تێکشکاو و ترسنۆک و بێ توانایە لە بەرەنگاربوونەوەى خەتەرەکاندا و ترس و وەهم داگیرى کردووە! دەگونجێت لە پاڵ هەموو ئەمانەشدا  نەدار بێت و نەتوانێ هەستێ بە دابینکردنى لاى کەمى نەفەقە .

منیش لە وەڵامدا پێت دەڵێم: هەرچى یاسایەکى بەردەوام کە لەکەوندا بینیوتە و نیزامێکى تایبەتى لێ بەرهەم دێت، ئەوە بزانە کە دەتوانیت لەناو ئەم یاسا بەردەوامەدا شتى شاز و ڕیزپەڕ و بەڵکو لە دەرەوەى ئەویش بدۆزیتەوە... ئەمەش لە یاسا سروشتییەکان و جیهانى گیانداران و دەریادا دەبینى و، هەمان شتیش لە یاساکانى کۆمەڵگە و تەبیعەتى ژن و پیاو و تەنانەت جەستەیشیاندا دەبینى. ئەمەش حیکمەتى خواى پەروەردگارى تێدایە کە بە تێروتەسەلى و لە شوێنى خۆیدا و لە باسکردنى چارەسەرکردنى ئەو کێشانەى کە پەیوەستن بەم باسەوە لێى دواوم .

بزانە هەر کاتێک شتێکى شاز و ڕیزپەڕ کەوتە ناو هەر ڕژێم و یاسایەکى بەردەوامەوە، ئەوا ئەو شازێتییە یاساى تایبەت و گونجاو بە خۆى دەدرێتێ، بە بێ ئەوەى دەست بۆ یاسا گشتییە گونجاوەکە ببەین کە هەیە و بەکارە .

ئەگەر هاتوو لەناو خێزانێکدا پیاوێکى تێدا بوو کە شاز بوو لە پیاوانى وەک خۆى لە ڕووى تەبیعەتى شەخسى و دەرونییەوە و، وایش ڕێککەوت کە ژنەکەى لە هەمان خێزاندا شاز بوو لە ئافرەتانى وەکو خۆى و، ئەو سیفەتانەیشى تێدا بوو کە باس کران، ئەوا بێ گومان قیوامەى شەرعى بۆ ئافرەتەکە ئەبێت و، گومانیشى تێدا نییە ئەمە لە شانسى باشى ئەو پیاوەیە کە تەبیعەتە شازەکەى واى لەسەر پێویست کردووە کە ئافرەتێکى تەبیعەت شازى لەناو ژنەکاندا ببێت بە نسیب و، فرسەتێکى نادریشە ڕوودانى ئەم بە یەکگەیشتنە لەژێر یەک سەقفدا .

بەڵام ئایا ئەوە لۆجیکە کە یاسایەکى بەردوامى گشتى کارپێکراو کە بوونى هەیە، بە زۆرى یاسایەکى لاوەکى شاز و ڕیزپەڕ کە چارەسەرە بۆ حاڵەتێکى شاز هەڵوەشێنینەوە؟ !

لە کاتێکدا یاسا گشتییە بەردەوامەکە پێشێلى ئەوەى نەکردبێت کە یاسایەکى دژى خۆى پەیڕەو بکەین لەبەر خاترى ڕەچاوکردنى حاڵەتێکى شاز، ئیتر چۆن دەگونجآ یاسایەکى لاوەکى تایبەت بەو حاڵەتە پێشێلى دەسەڵاتى یاسایەکى گشتى بەردەوامى گونجاو لەگەڵ یاساى گەردونیدا بکات؟ !

هەر یەک لە یاسا بەردەوام و شازەکە دەمێننەوە، مادام هەر یەک لە حاڵەتە گشتى و شازەکە بمێننەوە لەگەڵ گۆڕانکارییەکانى زەمەنیشدا... دادگەرى وا دەڵێت... هەر بەم شێوەیەیش شەرع و یاساى پەروەردگار بڕیارى لەسەر دەدات

 

 

تاگەکان    
ژیانی پێغەمبەر ڕەزا بابایی چەواشەکاریی_لۆژیکی فێمینیزم کۆمه‌ڵه‌ بەڵگه‌یه‌ک که‌ له‌ شوێنی خۆیاندا نین چەواشەکاریی لۆژیکی خاڵبەندی قوتابخانەکانی نوور بۆ ئەوانەی وەكو خۆمن جوانی سیاسەت یاسا دەربارەی کتێب کۆمەڵکوژیی بۆسنە ڕۆژاوا
فیکر
2017-06-29 کۆمێنت 2621 جار بینراوە
بابەتی زیاتر
سەرجەم مافەکانی پارێزراوە بۆ وارگەی هاوسانی . Copyright 2024 - hawsani.org © Developed by Kurdsoft
×
هاوسانی