ڕازه‌كانی هه‌ست

فیکر 2017-11-05 کۆمێنت 2466 جار بینراوە

​     نووسینی: موسته‌فا مه‌حموود

​     وه‌رگێڕانی: یوسف مه‌لا خه‌لیل

" تۆ هیچكات هەست بە بوونی پۆشاكەكەی بەرت ناكەیت، تەنێ لە دوو ساتدا نەبێت، ئەوكاتەی لەبەری دەكەیت و وەختێك دایدەكەنیت ".

بەڵام بە درێژایی ئەو ماوە دوورەی لەو نێوەندەدایە، وێڕای ئەوەی مینای تەنێكی نامۆ بەسەر جەستەتەوەیە، كەچی چ هەستێك بە بوونی ناكەیت !

پۆشاكەكەت لەبەرتدایە و، بەردەوام بەر پێستت دەكەوێت و دەوری مل و سنگ و پشت و باسكتی داوە، كەچی بۆ تەنیا ساتێكیش بیری لێ ناكەیتەوە و جگێك هەست بە بوونی ناكەیت .

            ژنیش بەهەمان شێوە، لە دەستپێكی هاوسەرگیرییدا، بەتایبەت وەختێ یەكتر دەناسن و خوازبێنی دەكەیت و مارەی دەبڕیت و دواتریش مانگی هەنگوینی پێكەوە بەسەر دەبەن، تەواو بە هەموو بوونتەوە هەستی پێ دەكەیت، لێ كاتێك وەك پۆشاكەكەی بەرت بەتەواوی لەبەرت كرد و مل و سنگ و قۆڵتی تەنی، ئەوجا فەرامۆشی دەكەیت و هەست بە بوونی لەدەست دەدەیت .

ئاخر ئەویش وەك ئەو پارچە تفاقەی نێو ماڵەكەتی لێ دێت، كاتێك هەرڕۆژێك دەگەڕێیتەوە، لە شوێنەكەی خۆیدا بە نەگۆڕاوی جێگیرە، یاخۆ وەك ئەو دیمەنە جوانەی لێ دێت، وەختێك بۆ یەكەمجار لە پەنجەرەی ماڵەكەتەوە تەماشای دەكەیت، سەرسامیی بوونت دادەگرێت، لێ وردە وردە لات ئاسایی دەبێتەوە و بەتەواوی فەرمۆشی دەكەیت .

بەم شێوەیە ژن بە فەرامۆشكراوی دەمێنێتەوە تا ئەو ساتەی ئاگری ئاژاوە و ناكۆكیی نێوانتان تاو دەستێنێ و، پێوەندیی بەهێزی نێوانتان لە هەواری بەرزی هاوسەرگیرییەوە بەرەو دۆڵی تەڵاق گلۆر دەبێتەوە و، تۆش دەست بە داكەندنی لە ژیانت دەكەیت، هەر وەك چۆن جلەكەی بەرت دادەكەنیت !

ئەوجا، لەو كاتەدا جارێكی دی بۆ هەمان هەستی ڕابردووت دەگەڕێیتەوە و بەوپەڕی گرژی و تووڕەییەوە، دڵت لە تاو ترسی جیابوونەوە لێی، شەق شەق هەڵدەلەرزێت .

ئەو هاوسەرگیرییەی وەك سەرچاوەی خۆشبەختی تەماشا دەكرا و، بەردەوام لە ئاوی سۆز و خۆشەویستی دەخواردەوە و پێوەندیی نێوان هەردوو ڕەگەزی بە شێوەیەكی گونجاو و ئارام، تێدا ڕێك خرابوو، ئەمێستاكە هەستی هەریەكێكیان لە بەرانبەر ئەوی دیكەیاندا خاو بووەتەوە و، ڕۆشنایی دڵی هەریەكێكیان سەبارەت بەوی دیكەیان، تەواو كوژاوەتەوە !

داخۆ نهێنیی ئەمە چییە؟ !

نهێنییەكە لە كۆئەندامی دەمارماندایە .

ئاخر دەمارەكانمان بەشێوەیەكی زۆر تایبەت ئافرێنراون، چون تەنێ هەست بە ساتەیلی گواستنەوە و جیابوونەوە دەكەن و، لە بەردەوامییدا ئەو هەستە لەدەست دەدەن !

كاتێك پەنجەرەی ماڵەكەت بە ڕووی شەقامەكەدا دەكەیتەوە، هاژەی سەیارە وەختە كەڕ و كاست بكات، لێ وەختێك ژاوەوژاوەكەی بەردەوامیی وەردەگرێت، هێدی هێدی دەنگەكەت لە كن سانا و ئاسایی دێتە بەر گوێ .

ساتێك دەچیتە سەر ئاسانسۆرێك، سەرەتا كە دەجووڵێت و كۆتاییەكەی كە دەوەستێت، هەستی پێ دەكەیت، لێ ئەو چەند خولەكەی لەو نێوەندەدایە، چ هەستێك بە بوونی ناكەیت، ئاخر جووڵەكەی بەردەوامیی وەردەگرێت .

كاتێك سەرت بەرز دەكەیتەوە و سەرەتا چاوت بەر خۆر دەكەوێت، بە هیچ لەونێ‌ ناتوانی سەرهەڵبڕیت و لە تاوان چاوانت خێرا دادەپۆشیت، لێ دوای كەمێك كە بەو دۆخە ڕاهاتیت، بێ ئەوەی تیشكە بەهێزەكەی كارت تێ بكات، چاوی تێ دەبڕیت و جوان دیقەتی دەدەیت .

كاتێك بەوپەڕی لەشساخییەوە بەردەوام بەخۆشی دەژیێت، هەست بەو ساخڵەمییەت ناكەیت و بیری لێ ناكەیتەوە، تەنێ ئەو وەختە نەبێت، كە لە دەستی دەدەیت و نەخۆش دەكەویت .

وەختێك سەرەتا دەچیتە زیندان، لە مانگەكانی دەستپێكدا كێشی لەشت بەرەو كەمبوونەوە دەڕوات و  دۆخەكەت بۆ قووت ناچێت، ئاخر تەواو هەست بەو جیاوازییە گەورەیەی  نێوان هەوای ئازادی و هەوای زیندان دەكەیت، پاشان خۆت بە دۆخەكە ڕادێیت و، كەم كەم هەستكردن بە تەنگی و ناجۆرییەكەی لەدەست دەدەیت و، وردە وردە بە چێژەوە پاروو ئاودیو دەكەیت و، لە جارانیش قەڵەوتر دەبیت .

بێگومان، بەردەوامی بكوژی هەستەكانە، چون سروشتی مێشك و دەمارەكانمان بە شێوەیەكە، لە بەردەوامییدا، تەنانەت ناتوانن هەست بەئاگاداركەرەوەكانیش بكەن !

ئێمە لە نەبوونەوە هێنراوینەتە كایەوە، بۆیە هەست بە شتەكان ناكەین، تەنێ لە ساتی نەمانیاندا نەبێت .

كاتێك سامانەكەمان لەدەست دەڕوات، ئەوجا هەست بە بوونی دەكەین .

ساتێك ساخییمان لە بەرانبەر ژیاندا دەدۆڕێنین، ئەوجا بیری لێ دەكەینەوە .

وەختێك ئەوینەكەمان لەدەست دەدەین، ئەوجا پەی پێ دەبەین .

بە پوختی، ئێمەی مرۆڤ، هەر شتێك لە بندەستماندا بێت و بەردەوامیی پەیدا بكات، هەست بە بوونی لە كنمان زۆر بەزوویی بزر دەبێت.

تاگەکان    
مۆدێرنە فەلەستین مێژوو ئاوی زەمزەم دەروونی ئیلحاد باران شیرک لۆجیک ژن خێوەتگە ئەدەبیاتی فارسی #پیری فیکر فیلم
فیکر
2017-11-05 کۆمێنت 2466 جار بینراوە
بابەتی زیاتر
سەرجەم مافەکانی پارێزراوە بۆ وارگەی هاوسانی . Copyright 2024 - hawsani.org © Developed by Kurdsoft
×
هاوسانی