توانەوەی خەم لە زەریای کەمتەرخەمییدا (بۆ حەمەسەعید حەسەن)

ئەدەب 2017-12-09 کۆمێنت 2749 جار بینراوە

نووسینی: هاوكار فه‌ره‌ج

گەر بۆ یەک جاریش بێت کتێبێکی حەمەسەعید حەسەن بە دەستەوە بگریت، یاخۆ بابەتێکی بخوێنیتەوە، ھەست بە پاراوی و بێگرێوگۆڵیی زمانی ئەم بنووسە دەکەیت، لەوەیش زیاتر کە ئاشنای دەبیت و، زیاتر دەستی چێژت وشەی جوان لە گوڵجاڕی ئەم بنووسەدا دەچنێتەوە، زوانی کوردی لە کنت شیرین دەبێت. زۆر کەسم دیون، ڕەنگبێ قەت لایان گرینگ نەبوو بێت، ئەم زمانێکی جوانی ھەیە، ئەو نا، کەچی ددانیان ناوە بە چێژ و جوانیی نووسینی حەمەسەعید حەسەندا.  

ساڵانێکە قەڵەمی حەمەسەعید حەسەن ئەم کتێب و ئەو کتێب سەروبن پێ دەکات، ھەرچیی کەموکووڕی لە نووسین (ڕێنووس، ڕێزمان، مانا، خاڵبەندی)ی یارۆی نووسەردا ھەبن، دەیانداتە بەر خەنجەری خەمی زمان و دەیانخاتەوە سەر ( ڕاستەڕێ.) خودا بکات خامەی ئەم نووسەرە یەخەی چ کتێبێک نەگرێت، دەنا خەڵتانی ڕەخنەی دەکات و ئاوڕووی دەتکێنێت، ئیدی بە ھەق بێت، یان نا. وای لێ دەکات بە خۆیدا بچێتەوە و تەریق ببێتەوە لەو ئاستە نزمەی پێشکەشی کردووە. ڕەنگە بەشێکی زۆر لەو ھوشیارییە کەمەی خوێنەر دەربارەی جیاکردنەوەی ڕێنووسی (باش) و (خراپ،) زمانی جوان و (ناشیرین،) وەرگێڕی چاک و (بێکەڵک) ھەیەتی، چاکەکەی بۆ حەمەسەعید حەسەن بگەڕێتەوە .

حەمەسەعید حەسەن لە کتێبی (بەفر و گڕکان)دا، پێ لەسەر ئەوە دادەگرێت کە (ھەڵەی ڕێنووس، نەک تەنیا تاوانە، بەڵکوو ھەڕەشەیە بۆ سەر ئاساییشی نەتەوەیی) و دەبێت سزای لەسەر بێت! ئەمەیش ئەوەمان پێ دەڵێت تا چەندە ئەم بنووسە گرینگیی بە ڕێنووس و زمان داوە. لەم ڕوانگەیەوە فەرھاد شاکەلییش ھەمان بۆچوونی لەسەر ھەڵەی ڕێنووس و ڕێزمان ھەیە و، پێی وایە ھەڵەی ڕێنووس کوفر و تاوانە. خوێندنەوەی حەمەسەعید حەسەن ھەم وات لێ دەکات ھوشیارانە تیشکی سەرنجت بخەیتە سەر ھەر دەقێک کە دەیخوێنیتەوە، لە ڕووی (مانا، چێژ، ڕێنووس، ڕێزمان)ەوە، ھەمیش ترسێکت لا دروست دەکات، ترس لە نووسین، ترسان لە ھەمان (کوفر و تاوان.)

توانەوە لە زەریای عیشقی خوادا، نێونیشانی تازەترین کتێبی حەمەسەعید حەسەنە، لە بڵاوکراوەکانی ماڵی وەفایییە، ئەفسووس پاپۆڕی خەم و خەونی ئەم بنووسەی تێدا نوقم بووە.  ڕاستییەکەی لەنێو پەڕەکانی ئەم کتێبەدا، چاومان بە وشەگەلی وا دەکەوێت، ئەزموونی جوانی ئەم نووسەرە، ناشیرین دەکەن. ڕستەی ناقۆڵای وەھا دێنە بەردەممان، ئاوێنەی (پاکژ)ی خەون و خەباتی نووسەر، دەڕووشێنن. ئەم کتێبە ھەموو ئەزموون و گشت بیروڕاکانی حەمەسەعید حەسەن دەخاتە ژێر پرسیاری خنکێنەرەوە، ئەگەر حەمەسەعید حەسەن (سەعید) بووایە، قەت ئەم کتێبەی چاوی بە دونیا ھەڵنەدەھێنا. توانەوە لە زەریای عیشقی خوادا، زەریایەکی ڕەشە و خەمێکی سپیی تێدا خنکاوە. ھەر دەبێت حەکایەتی حەزرەتی (نووح)تان بەر گوێ کەوتبێت؛ ئەم کتێبە سێڵاوێکە (کەشتیی نووح)ی نووسەر، نەیتوانیوە لێی دەرباز ببێت، دەیان (کوڕ)ی بنووسەکەی تێدا بە خنکان چوون! تەنێ جیاوازیی لەوەدایە، کەمتەرخەمیی نووسەر و بێوەفاییی (ماڵی وەفایی) نەک خودا، سەرچاوەی لافاوەکەن.

زۆر خۆم بە خۆشحاڵ دەزانی، کە بتوانم کتێبێک بە کوردی، لەسەر سۆفیگەرێتی بخوێنمەوە، ئەوەی من چاوەڕێم نەدەکرد ئەوە بوو کە (توانەوە لە زەریای عیشقی خوادا) نەک ھەر (زەریا)یەک نەبوو لەسەر سۆفیگەری، بگرە زێدەڕۆیی نییە گەر بڵێم، نەیتوانیوە باییی دەریاچەیەک ئاو لە زەریای بێبنی سۆفیگەری بگێڕێتەوە! ئاخر تا ئاستی بێزاربوون دووبارەبوونەوەی تێدایە و، دەکرا کتێبەکە نیوەی ئەو قەبارەیە بێت، ئەگەرێکو ئەوی دووبارەیە، لا ببرایە. کە توانەوە لە زەریای عیشقی خوادا دەخوێنیتەوە، قەپ لە زمانی خۆت دەگریت و، مشتەکۆڵەی داخ بە ئەژنۆی خۆتدا دەکێشیت، دەموچاو وا بە یەکدا دەدەیت، ھەر دەڵێیت کۆستکەوتوویت! ئاخر (ڕێنووس و خاڵبەندی) کارێکیان پێ کراوە، شایانی شیوەنبۆکردنن. کە بەنێو پەڕەکانی ئەم کتێبەدا سەفەر دەکەیت، لە جیاتیی نووسەر، تێر تەریق دەبیتەوە کە جارێکی دیکە باس لە ڕێنووس و زمان بکەیت. موحەممەدی ماملێ دەڵێت: (شایی و شینت تێکەڵ بوو ئەی گوڵی من، بەھارە پەڕ پەڕە ژاکا گوڵی من) من لە جێی حەمەسەعید حەسەن بام، ئەم گۆرانییەی ماملێم دەگوتەوە؛ (شایی) بۆ کتێبە تازەکەت و، (شین) بۆ ئەو کارەساتەی بەسەریدا ھێنراوە. ئەی کێ بەرپرسیارە؟ ماڵی وەفایی یان نووسەر؟ مەگەر تۆ وەختێک کتێبێک دەخەیتە بەر نەشتەری خامەکەت، بە لاتەوە گرینگە بزانیت، نووسەر ھەڵەی کردووە، یان دەزگەی چاپ بە ھەڵەدا چوون و، بنووسەکە بزانە بە ڕێنووس و زمان؟ دواجار ئەوەی گرینگە، ئەو بەرھەمەیە دێتە بەر دەستی خوێنەر. سەرنج لە زمان و ڕێنووسی ئەم کتێبە بدەن، جگە لەوەی خاڵبەندییەکەی زۆر وێران و خراپە، ڕێنووسیش پرچی بە بڕین چووە، زۆر جار ھەمان وشە بە دوو یان سێ شێوەی جیاواز، ڕێنووس کراوە:

دەسپێک، دەستپێک

دیتووە، دیتوە

موسیک، موزیک

ڕۆییشتن، ڕۆیشتن

گەییشتن، گەیشتن

مووسا، موسا

شییاو، شیاو

جببە، جبە

لەم کتێبەدا، ڕێنووس (ڕێ)ی بزر کردووە و پشتی شکاوە، ھەر دەڵێیت کەسێک نووسیویەتی، تازەکی کوردی فێر بووە، ئەوە چۆنە وشەیەک بە سێ شێوەی جیاواز بنووسرێت؛ نەووەدونۆ، نەوەدونۆ، نەوەد و نۆ. قەیامەت، قییامەت، قیامەت.

تۆ چۆن دەتوانیت، بێباکانە نووسینی خۆت بخەیتە بەر دەستی کۆمەڵێک کەسی (نەخوێندەوار و بێوەفا،) ھەتا بەم ئاوایەی بەسەردا بھێنرێت، سەرنج لەم وشانە بدەن چۆن بە هەڵە ڕێنووس کراون، من شێوازە دروستەکەیان لەنێو دوو کەوانەدا دەنووسم؛ (تەسکبوو (تەسک بوو)، لاپەڕەیەکی سپیبوو (سپی بوو)، لەگەڵ زەویدا تەختبوو (تەخت بوو)، پلەیەکی پیرۆزیییە (پیرۆزییە)، یەکێکی دیکەبوو (دیکە بوو)، ئادەم قوڕبوو (قوڕ بوو)، پەیدابوو (پەیدا بوو))

سەرنجی ئەم ڕستانە بدەن، من شێوازە دروستەکە لەنێو دوو کەوانەدا دەنووسم:

گوناھەکانی خۆی بیر دەچێتەوە (گوناهەکانی خۆی بیر دەچنەوە.)

لەبەر ئەوەی (گوناھەکان) کۆیە، بۆیە دەبێت بنووسین: بیر دەچنەوە.

هەموو پێکهاتەکانی گەردوونی تێدا کۆ بووەتەوە (هەموو پێکهاتەکانی گەردوونی تێدا کۆ بوونەتەوە.)

لەبەر ئەوەی (پێکھاتەکان) کۆیە، دەبێت بنووسین: کۆ بوونەتەوە.

گەلێک گوتەی لەدوا بەجێ دەمێنێت (گەلێک گوتەی لە دوا بە جێ دەمێنن.)

بە ھەمان شێوە. بە جێ دەمێنن، دروستە.

ئەو دوو ھاوارەی حەللاج و بەستامی، دەشێت زادەی فەنابوون بێت لە خوادا (دەشێت زادەی فەنابوون بن لە خوادا.)

لێرەیشدا، بێت ھەڵەیە، بن دروستە.

ئایا ھەڵەی ڕێنووس و زمان ھەمان (ھەڵەی چاپ)ن؟ دەکرێت ھەڵەی ڕێنووس بە بەھانەی ھەڵەی چاپ، پاساو بدرێت؟ دواجار ئەوی کە بەرپرسە لە کتێب، لە ئاستی یەکەمدا نووسەر خۆیەتی. ئاخر ھەی ماڵ خەراپ، مەگەر تۆ خوداوەندی خەمی زمان نەبوویت؟ ئێمە تۆمان بە جەنگاوەری بەرگریکار لە زوانی کوردی دادەنا، ئەدی بۆ لەپڕ بە کۆمەکی دەزگەیەکی شکستخواردوو، ئاڵای سپی لە حەوشەی ماڵەکەتەوە ھەڵکرا؟ تۆ کە ساڵانێکە دەکۆشیت خوێنەر، نووسەر، دەزگەیەلی چاپکردن فێر بکەیت، ڕێز لە زمانی کوردی بگرن، ھەوڵ بدەن خۆیان شارەزای کوردی بکەن، کەچی تۆ پێچەوانەی ھەموو بنەمایەکی خۆت، شتێکت پێشکەش کردووین، ھەر بۆ ئەوە باشە لێی ڕا بکەین، ھەتا ئەو تۆزە کوردییەیشی دەیزانین، لە بیرمان نەچێتەوە و خوا نەکردە نەفرەت لە (ھەوڵ و خەبات)ت نەکەین.

من فرە دڵتەنگ بووم بە خوێندنەوەی ئەم کتێبە، لەنێو شەقامەکانیدا کووپەی چێژم شکا و، شەرابی ئەوینی زمانم ڕژا. دەبوو حەمەسەعید حەسەن شار بە شار بگەڕایە و ئەم کتێبەی لە کتێبخانەکاندا ھەڵبگرتایەتەوە! بە لایەنی کەمەوە،  پێویستە داوای لێبوردن لە زمانی کوردی و لە خوێنەرەکانی بکات.


تاگەکان    
سەرفیترە یاسا كتێب کرێکار نیشتیمان ئەنیمی بوومەلەرزە ئەیاد قنێبی دیزاینی زیرەک بوونەوەری ئاسمانی گەڕان چەواشەکاریی_لۆژیکی فێمینیزم وەرزش چەواشەکاریی لۆژیکی
ئەدەب
2017-12-09 کۆمێنت 2749 جار بینراوە
بابەتی زیاتر
سەرجەم مافەکانی پارێزراوە بۆ وارگەی هاوسانی . Copyright 2024 - hawsani.org © Developed by Kurdsoft
×
هاوسانی