سه‌ركۆنه‌كه‌ران

ئەدەب 2017-12-10 کۆمێنت 1427 جار بینراوە

جوبران خه‌لیل جوبران
به‌كوردیكردنی: عه‌لی حسێن

پیاوێك كه‌ به‌ سواریی ئه‌سپ به‌ره‌و زه‌ریا گه‌شتی ده‌كرد، ده‌مه‌و خۆرئاوا گه‌یشته‌ خانێك له‌ قه‌راخی ڕێگه‌كه‌دا. له‌ ئه‌سپه‌كه‌ی دابه‌زی و وه‌كو هه‌موو ئه‌و سوارانه‌ی به‌ره‌و زه‌ریا له‌ گه‌شتدان، بێترس له‌ شه‌و و له‌ خه‌ڵك، ئه‌سپه‌كه‌ی له‌پاڵ ده‌رگای خانه‌كه‌دا به‌ دارێكه‌وه‌ به‌ست و چوویه‌ ژووره‌وه‌.

    نیوه‌شه‌و، كاتێك هه‌مووان خه‌ویان لێ کەوتبوو، دزێك هات و ئه‌سپی گه‌شتیارەکەی ڕفاند.

    بۆ به‌یانی، گه‌شتیاره‌كه‌ له‌ خه‌و هه‌ڵستا و زانیی ئه‌سپه‌كه‌ی دزراوه‌. کابرا له‌وه‌ی ئه‌سپه‌كه‌ی ڕفێندرابوو و له‌وه‌شی كه‌سێك بیری بۆ دزی ڕۆیشتبوو، خه‌فه‌تبار بوو.

    ورده‌ ورده‌ میوانانی خانه‌كه‌ هاتن و له‌ ده‌وری گەشتیارەکە كۆ بوونه‌وه‌ و ده‌ستیان به‌ قسه‌ كرد.

    یه‌كه‌میان وتی: چ كارێكی گێلانه‌ت كردووه‌ كه‌ ئه‌سپه‌كه‌ت له‌ ده‌ره‌وه‌ی گه‌وڕه‌كه‌ به‌ستووه‌ته‌وه‌.

    دووه‌م وتی: گه‌وجانه‌تر ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ده‌ست و پێی ئه‌سپه‌كه‌شت نه‌به‌ستووه‌ته‌وه‌.

    سێیه‌م وتی: له‌ هه‌ر بارێكدا بێت، گه‌شتكردن بۆ زه‌ریا به‌ ئه‌سپ، كارێكی بێئه‌قڵانه‌یه‌.

    چواره‌میش وتی: ته‌نیا كه‌سانی ته‌نبه‌ڵ و ئه‌وانه‌ی له‌ ڕێكردندا خاووخلیچكن، ئه‌سپ به‌ كار ده‌هێنن.

    سه‌ره‌نجام كابرای گه‌شتیار كه‌ ته‌واو سه‌رسام بووبوو، هاواری كرد: هاوڕێیان، به‌ دزرانی ئه‌سپه‌كه‌م، هه‌مووتان یه‌كسه‌ر ده‌ستتان به‌ پیشاندانی هه‌ڵه‌ و كه‌موكوڕییه‌كانم كرد، به‌ڵام سه‌یر ئه‌وه‌یه‌، یه‌ك وشه‌شتان له‌ سه‌ركۆنه‌ی ئه‌و كه‌سه‌دا كه‌ ئه‌سپه‌كه‌ی دزیوم، نه‌وت.

 

تاگەکان    
کۆرۆرنا خوێندنەوە فێمینیزم کورد قودس وەرزش ڕۆژاوا تەکنۆلۆژیا قەدەر زانست عێڕاق فەڵەستین زانایان ڕانانی کتێب کۆیلایەتی
ئەدەب
2017-12-10 کۆمێنت 1427 جار بینراوە
بابەتی زیاتر
سەرجەم مافەکانی پارێزراوە بۆ وارگەی هاوسانی . Copyright 2024 - hawsani.org © Developed by Kurdsoft
×
هاوسانی