منی ژن

ئەدەب 2017-12-20 کۆمێنت 1838 جار بینراوە

نووسینی اشواق احسان رمضان

ئەرێ! من لەناو وجوودی ئەودا، تاکە شتێ کە وایکرد لە بوون و هەڵبژاردنم پەشیمان نەبم، هەر ئەو هەستە زیندوو و خۆش و لەبیرنەکراوە بوو، کە وەهای لە ئەویش کردبوو بەرگەی هەموو ناڕەحەتییەکان بگرێ، ڕەنگە بپرسیت چۆن؟ دەی ئەو تا پێش هاتنی هیچ نەبوو، کە پەیداشبوو، تا فامی کرد هیچ نەزان بوو، ڕاستە منیش نەمزانی ئەوەی هاتە ڕێی چۆن هات، ڕەنگبێ شتێك بێت لە دەرەوەی ویستی من و ئەو، ئەو کچە دەڵێم کە وەختی فامیکرد، بیرمە هەستێکی بۆ دروستببوو بێئەوەی هیچ بڵێ یان هیچ بپرسێ، لە ناوەوەی خۆی شتێکی وەك تۆو چاندرابوو، ئەویش ناویست ڕۆژ بەڕۆژ پەروەردەی دەکرد و لە چاوەڕوانیی گەشەی زیاتر و پێگەیین بوو، شتێ بوو دوور لە باسی چێژ لە شتە ماددی و بەرجەستەییەکان، ئەو لەگەڵ ئەوەی دەسەڵاتێکی لە دروست بوونی ئەو هەستە نەبوو، بەڵام بە سروشتی خۆی دەیزانی تاکە شتێك کە بتوانێت بەهای ڕاستەقینەی هەبێت و بە هانای بێت، هەر خودی ئەو هەست و سۆزە تایبەتەیە کە تەنها بە ئەوە و بەشی ئەوی تری لێ نەدراوە، یان باشترە بڵێم کەمتر، زۆر کەمتر لەوی پێدراوە
! بۆیە دایمە ئاگاداری بوو، چاودێریی دەکرد، تا بەزایەی نەدا وەك بڕێ لەو ساویلکانەی هاوچەشنی بوون، ئەو هەموو شتێکی قەبووڵ بوو، بەرگەی ناڕەحەتترین دۆخی دەگرت بۆ چێژکردن لەم لەززەتە ڕۆحییەی کە گەیشت پێی، ئەوکات زانیم ئەوە پێی دەوترێت عیشق ! چیڕۆکی ئێمە هەق بوو لێرەوە دەستی پێکردایە، وەختی ئەو عاشق بوو، چون پێدەچێت ئەوەیان لای من و هەمووان خۆشترینی باسەکان بێت . بەڵێ، عیشق بۆ ئەو تاکە هیوا و ئومێد بوو، خۆی کە بە نیوە هەژماردەکرا لە چاوەڕوانیی نیوەکەی خۆی مابوو، وەختی نیوەکەی هات و دەرکەوت، ئیدی تاریکستانی ژیانی ئەو چیتر بوو بە چراخان و لێبڕا بۆ ئەوی نیوەی خۆی بژیێت، بۆ فریادرەسی خۆی، ئەوەی تەنها لای ئەو بە خانم پێناسە دەکرا، بە جوانترین وشە قسەی بۆ دەکرا و بە باشترین شێوە مامەڵەی لەگەڵ دەکرا، نەرم نەرم، وەك بوونی من، وەك سیفەتی من، منێك کە دەبوو دڵۆپێك بووایەم لە باران و بڕژامایە ژێر باڵای دار و دەوەنێك و، ئاودێرم کردایە ڕەگی ڕوەکێك، هاتم و بووم بە دڵۆپە ئاوێك و ڕژامە نێو بوونی کەسێك، بووم بەکچ و دواتر ژن و ئینجا دایك . تێکڕای ژینم ژان بوو، وێنەی هەر ژنێك، لێ سوپاسگوزاری هەڵبژاردنی خۆم و ڕێپێدانی خودام کە بەختی ئەوەم بوو حاڵەتێکی ڕۆحی زۆر تایبەت ئەزموون بکەم، کە لەو ڕێگایەوە تێگەیشتم هەرچی بوو و ناخۆش بوو و، هەرچیی نەبووە و ویستم لێی بووه ببێ لە خۆشیەکان، هیچی ناگەن بەو هەستە کە وای کردووە زیندوو بمێنمەوە و دوای چوونی یەکجارەکیشم هەر بە نەمری بمهێڵێتەوە لە دڵی ئەوی مەعشوقم . کەواتە هەقە و ناهەق نییە گەر بوترێت عیشق تاکە هۆی بوون و شانازیی مرۆڤەکان و تەنها چارە و دەرمانە بۆ سەرجەم دەردەکانی کۆمەڵگەکانی مرۆڤایەتی . ئەرێ، ئا ئەوە بوو چیڕۆکی زیندەگیی من، باسی ژیان و پێدانی ژین بە ئەوی ژن . من کە لە هەموو شت نیانترم و بۆ هەموو شت پێویستم، بە جۆرێك ژیان بێ من و ئەوانەی وەك منن مەحاڵە! زانیت من کێم؟ من دڵۆپەیەکی بێ ڕەنگ و بێ تام و بێ بۆنم.

تاگەکان    
عەبدولکەریم سرووش ئایا سۆفیا قەدەر فەڵەستین کۆیلایەتی کۆمه‌ڵه‌ بەڵگه‌یه‌ک که‌ له‌ شوێنی خۆیاندا نین فێمینیزم شەڕ حزبی ئیسلامی خێوەتگە ئیسرائیل ڕۆژاوا عێڕاق کتێبی هاوسانی ئەنیمی
ئەدەب
2017-12-20 کۆمێنت 1838 جار بینراوە
بابەتی زیاتر
سەرجەم مافەکانی پارێزراوە بۆ وارگەی هاوسانی . Copyright 2024 - hawsani.org © Developed by Kurdsoft
×
هاوسانی