هەردوو دەستی توندوتیژی (لاهوورەکان و شاسوارەکان)

فیکر 2017-12-20 کۆمێنت 1874 جار بینراوە

نووسینی: په‌یكار عوسمان

تەنیا (بەردەوامبوون و فراوانبوون) دەسەڵاتی مافیایی پارتی و یەکێتی ئەخاتە بەردەم مەترسی ڕووخان، ئەو دووانەش تەنیا بە (ناتوندوتیژی) بە
دەست دێن.

کەواتە سودمەندی ئەوەڵ و ئەخیری توندوتیژییەکان دەسەڵاتی مافیا خۆیەتی.

کەواتە هەر خۆشی دروستیان ئەکات بۆ ئەوەی ناڕەزاییەکان نەگەنە قۆناغی بەردەوامبوون و فراوانبوون.

دەستەکەی تری توندوتیژی؛ خیتابی شەعبەوی و حەماسی و موزایەدە و خۆ بە پاڵەوانکردنە لای هێزە موراهیقەکانی دژی پارتی و یەکێتی، کە ڕێك وەك ئەوەیە بەنزین بگرنە ئاگر!

یەعنی خەڵك لەنێوان دوو ئاگردایە؛ ئاگری زوڵم و فەساد کە پارتی و یەکێتی ٢٦ساڵە لەژێر ئەو خەڵکەیا دایانگیرساندووە.

لەگەڵ ئاگری 'ئیستغلاکردنی ئەو ئاگرە'، کە تەنیا قەبارەی ئاگرەکە و ڕێژەی سوتان زیاد ئەکات!

ئیتر خەڵك و وڵاتەکەش لەنێوان دوو بەرەی بێباك لە سوتاندا، ئەبن بە قەرەبرووت.

ئاگر یەکێکە لە ڕەگەزە گرنگەکانی ژیان، لە هەندێ حەزارەتا تا پلەی موقەدەس بەرز کراوەتەوە، ئەمەش لەبەر دوو هۆ؛ یەکەم لەبەر دیوە سوودبەخشەکەی، کە وزەی ڕووناکی و گەرمیمان ئەداتێ و بێ ئەو دووانەش ژیان ناگوزەرێ. دووەمیش لە ترسی دیوە دڕندەکەی، کە هێزی سوتاندنە.

ئێمەش دوو هێزی بێ ئەخلاقمان هەیە کە ئاگرێکیان بەرداوەتە ئەو خەڵکە، بەڵام لەولاوە هێزگەلی تری بێ ئەخلاقیشمان هەیە، کە لە بری ئەوەی ئەم ئاگرە وەرگێڕن بۆ وزەی سوودبەخش، نەوتی پێدا ئەکەن و ئەیکەن بە هێزی سوتان!

بێباك لەوەی چی ئەسووتێ و کێ ئەسووتێ، تەنیا لە پێناوی 'پاڵەوانبوون'، کە ئەمەش نزمترین ئاستی ئەخلاقی سیاسییە، بەڵام خێراترینە بۆ کۆکردنەوەی مێگەل و دروستکردنی پاڵەوانی ساختە.

ئەزموونی ئێمە لە سەرەتاوە بە خواری دەستی پێکرد، دروستبوونی گۆڕانیش گەورەترین ڕووداوی ناو ئەزمونەکە بوو وەکو هەوڵێك بۆ ڕاستکردنەوە، بەڵام ئەم هێزە ئیجابییە، یەکێ لە سلبیاتەکانی ئەوە بوو کە بەرامبەر خیتابی پۆپۆلستی دەسەڵات، خیاتبی پۆپۆلستی ئۆپۆزسیۆنی دروستکرد!

لە کاتێکدا کاری ئەو دروستکردنی خیتابێکی عەقڵانی و هۆشیارکردنەوەی خەڵك بوو لە خودی مەترسییەکانی پۆپۆلیزم، کە چەکی کاریگەری دەسەڵاتە.

گۆڕان لەم ئەخیرەوە ئەگەرچی لە پاشەکشێ و قەیراندایە، وەلێ شتێکی باش لەم هێزەدا ڕوویدا، ئەویش تا ڕادەیەکی باش دوورکەوتنەوە بوو لە کەفوکووڵ و خیتابی شەعبەوی!

کە هێزێکی وەکو کۆمەڵی لێ نزیك کردەوە و دەروازەیەکە بۆ نزیکبوونەوەی یەکگرتوویش، چونکە ئەو هێزەش بە تەبیعەت حەزی لە موزایەدە و خیتابی حەماسی نییە.

لەمە گرنگتر کە ڕوویدا ئەوە بوو، بەرهەم ساڵح و هێزە نوێکەی بە حەماسەت و کەفوکووڵ و خیتابی شەعبەوی و موزایەدەوە نەهاتنە مەیدان!

ئەمەش هەمووی پێکەوە ئاسۆیەکی باش بوو، بۆ ئەوەی ئەم جارە بەرامبەر خیتابی پۆپۆلستی پارتی و یەکێتی، بەرەیەکی فراوانی عەقڵانی دروست ببێ، کە خیتابی پۆپۆلستی تێپەڕاندبێ.

بەڵام بازرگانێکی موراهیق و قەناتێکی دەمهەراش، جەوەکەیان تێک دا و ڕیسەکەیان کردەوە بە خوری!

هات جارێکی تر باڵانسی موزایەدەی تا خراپترین سەقف بەرز کردەوە، خیتابی شەعبەوی تا توندترین ئاست پەمپ دا، ناڕەزایی ڕەواشی تا ناڕەواترین پلە ئیستغلال کرد.

ئەمەش تاکە هۆکاری دژایەتی منە بۆ ئەم هێزە 'نا نوێیە'، چونکە نوێ لای من تێپەڕاندنی عەقڵیەتی پۆپۆلستییە، نەوەی نوێ لای من ئەو نەوه‌یه‌یه‌ کە خیتابی پۆپۆلستی تێپەڕاندووە.

بیهێنە پێش چاوت، دوای شکستەکانی ئەم دواییە، ئەم پێنج هێزە قیادەیەکی هاوبەش و خیتابێکی هاوبەش و ڕاگەیاندنێکی هاوبەشیان دروست بکردایە بۆ ئیدارەدانی قۆناغەکە!

هەموویان پێکەوە ناڕەزاییەکی فراوانیان دروست بکردایه‌ و خەڵکی حیزبیی خۆیان بکردایە بە پەرژین بە دەوری خەڵکەکەی ترەوە، بۆ ئەوەی جاسوس بەرەو توندوتیژی کێشیان نەکەن!

ڕاگەیاندنی هەمووشیان کاری بکردایە لەسەر پێدانی هۆشیاری ناتوندوتیژی، نەك پەمپدان!

ئەزانی چی ڕووی ئەدا؟ ئێستا ناڕەزایی بەردەوام بوو، فراوان بوو، بۆ یەکەمجار سەرانسەرییشبوو، کە سەرنجی زلهێزەکانی ڕاکێشابوو بە ئاڕاستەی گۆڕینی سیستەمی حوکم لە هەرێم!

نەك توندوتیژییەك کە هەر زوو ناڕەزایی فەشەل پێ بێنێ لە بەرژەوەندی پارتی و یەکێتی، گەنجی تیا بکوژرێ، ببێتە هۆی شەڕێکیش کە هێزی ئیقلیمی ڕاکێشێتە ناوەوە!

ئەوەی کە نەکرا، ئێستاش چارەسەر هەر ئەوەیە کە بکرێ، یەعنی هەموویان پێکەوە قیادەی بکەن، نەك تاك تاك ئیستغلالی بکەن بۆ پاڵەوانبوون! یەك ستراتیج و خیتابی ئیعلامیی ناتوندوتیژ هەبێت، نەك هەر یەکە و گڕیدا لەسەرحسابی خەڵك و هێزەکانی تر و لە بەرژەوەندی خۆی.

خەڵکیش چیتر ئەبێ هۆشیا بێتەوە لە سیاسەتی ئیستغلالکردن و خیتابی پۆپۆلستی، تۆ کە قەرارت داوە پارتی و یەکێتی لێت نەخوڕن، یەکەم شت ئەبێ پشتت ڕاستکەیتەوە، بۆ ئەوەی خەڵکی تر بە ناوی دژایەتی پارتی و یەکێتییەوە سوارت نەبن!

چاك بزانە، تۆ یەك دنیا کێشەت هەیە، بەڵام شاسوار تەنیا یەك کێشەی هەیە، ئەوەی کە چۆن بەسەر کێشەکانی تۆوە ببێ بە پاڵەوان.

ئەبێ خەڵك هێزەکان بخاتە خزمەت ناڕەزاییەکانی، نەك ناڕرەزاییەکانی خەڵك لەلایەن هێزەکانەوە ئیستغلال بکرێ، ئەمەش تەنیا بەوە ئەبێت، کە خەڵك ورد و بە دیقەت بێ لە ناسینەوەی خیتابی پۆپۆلستی!

خیتابی شەعبەوی و حەماسی، هی هەردوو بەرە هەر یەك شتە، ئەمیان ئیستغلالی هەستی نەتەوەییت ئەکا و ئەویان ئیستغلالی ناڕەزاییت، هەردووکیشی هەر بەکارهێنانی تۆیە بۆ پاڵەوانبوونی خۆیان.

درۆ و دراوەکەی کاکە نەوەش، بۆ هەموو لایەك ڕاستە، نەك تەنیا بۆ پارتی و یەکێتی، مەسلەن کابرا بڕێ پارەی هەیە، لەگەڵ خیتابێکی پۆپۆلستی، ئێ ئەم خیتابەش درۆیە، چونکە وەهمی ئەوەت لا دروست ئەکات کە ڕێگای ڕزگاربوونی تۆیە، بەڵام لەڕاستیدا ڕێگای پاڵەوانبوونی ئەوە!

جا ئەم خیتابە چونکە لە ئەساسەوە درۆیە، ئیتر درۆکردن تیایدا ئەبێتە شتێکی ئاسایی، وەك ئەوەی کە وترا (جوڵانەوەکەی ئێمە بۆ ئەوە نییە لیست دروست بکەین و کۆمەڵێ خەڵك بنێرینە پەرلەمان...) کەچی دوای مانگێك لیستێکی بۆ هەڵبژاردن ڕاگەیاند!

وەك ئەو برادەرەی کە وتی کۆمپانیا و دەزگا ئیعلامییەکەم فرۆشتووە، کەچی دەرکەوت فرۆشتوویەتی بە خۆی!

ئەم درۆیانە بۆ؟ ئەزانی بۆ؟ لەبەرئەوەی پۆپۆلیزم لە ئەساسەوە درۆیە.

برادەرێك نوسیبووی (ئەوە گیرا هێشتا کەس بڕوای پێ ناکا، مەگەر بکوژرێ ئینجا بڕوای پێ ئەکەن).

هیوادارم تەمەن درێژ بێت، بەڵام لە ڕاستیدا بشکوژرێ من بڕوای پێ ناکەم، لەبەر ئەوەی ئینسانی پۆپۆلست نابێ بڕوای پێ بکرێت!

سەرکردەیەکی دزی پارتی و یەکێتی کە ئەچێتە بەرەی جەنگ، ئەگەر بشکوژرێ چەنێك باوەڕی پێ ئەکەم، پۆپۆلستێکی موعارەزەش کە ئەچێتە ناو خۆپیشاندان، بشکوژرێ هەر ئەونە باوەڕی پێئەکەم!

چونکە پۆپۆلست درۆزنێکە تەنیا بە وازهێنان لە پۆپۆلستی ئەبێتەوە بە ڕاستگۆ، نەك بە گیران و کوژران و چونە سەر جادە.

ئا ئەو سەی عومەرەی ڕێکخەری گۆڕان "کە قەناعەتم پێی نییە" هەر قاچە شەلەکەی هەزار موراهقی سیاسی ئەهێنێ، چونکە وا دیارە داکۆکیکارێکی باشی ناتوندوتیژی و تا ڕادەی خۆشاردنەوە دژی خۆدەرخستن بێت، لە کاتێکدا موراهقەکان بێباکن لە توندوتیژی و تا ڕادەی بەکوشتدانی خەڵك، نه‌خۆشی حەزی خۆدەرخستنیان هەیه‌!

جا خەریکی (ناڕەزایی ناتوندوتیژی) خۆت بە و هەرهێزێك بۆ ئەمە هاتە پاڵت بە خێر بێت، بەڵام هێزێك پەمپت بدا بۆ توندوتیژی، جڕتی بۆ لێدە.

هەردوو دەستەکەی توندوتیژییش ببڕە، یەکەمیان جاسوسەکانی ناو خۆپیشاندان، دوایان مەکەوە چونکە بۆ بەردەم لولەی تفەنگت ئەبەن .

دووەمیش سیاسی و ڕاگەیاندنی پۆپۆلست، کە ئەمانیش هەر بۆ هەمان شوێنت ئەنێرن.

ئینجا با لەو تەقلیدە بێتامەش دەرچین؛ هەر قەناتێك داخرا، لێمان ببێ بە مینبەری ئازادی!

چونکە قەناتی پۆپۆلستی هی دەسەڵات بێ یان موعارەزە، هیچ فەرقی نییە و هەردووکیان قەناتی فریودانن، هەردووکیان بەربەستن لە بەردەم عەقڵی ئازاد و ڕای ئازاد .

هەرکەس گیرا با لێمان نەبێ بە پاڵەوان، چونکە پاڵەوانی پۆپۆلست پاڵەوانی ئیستغلالکەری تۆیە، نەك پاڵەوانی ڕزگارکەری تۆ.

من داخستنی ئەو کەناڵەم پێ ناخۆشە، تەنیا لەبەر ئەوەی کردەیەکی هەمەجییە، نەك لەبەر ئەوەی کەناڵەکە کەناڵی ئازادییە!

من گرتنی ئەو کابرایەم پێناخۆشە، لەبەرئەوەی ئینسانە و پێم ناخۆشە ئینسان بگیرێ و عەزێت بدرێ.

بەڵام وەکو 'سیاسییەك' لام مەوزوع نییە و لاهوور شاسوار بگرێ، یان شاسوار لاهوور بگرێ، هیچ فەرقی نییە، هەردووکیان هەمان نەخۆشیی پاڵەوانبوونیان هەیە لەسەر حسابی ئیستغلالکردنی تۆ!

لاهوور بکە بە خاوەنی 'ئێن ئاڕ تی'، هەر ئەوە ئەڵێ کە شاسوار ئەیڵێ، شاسواریش بکە بە بەرپرسی دژەتیرۆر، هەر ئەوە ئەکات کە لاهوور ئەیکات، تۆش لەو یارییەدا تۆپەکەیت و تەنیا شووتەکانت بەر ئەکەوێ.

ئینجا دروود بۆ شەهید و نەفرەت لە ئینسانکوژ .


تاگەکان    
یادەوەری ستەم مێژوو خاڵبەندی ئەیاد قنێبی نامە چەواشەکاریی_لۆژیکی ئەدەبیاتی فارسی دیمانە ئایین گۆرانی دەربارەی کتێب خوێندنەوە وەرزش ڕەزا بابایی
فیکر
2017-12-20 کۆمێنت 1874 جار بینراوە
بابەتی زیاتر
سەرجەم مافەکانی پارێزراوە بۆ وارگەی هاوسانی . Copyright 2024 - hawsani.org © Developed by Kurdsoft
×
هاوسانی