گه‌شتێك به‌ نێو ژیانی (كۆڵن وێڵسن)دا

ئەدەب 2017-12-30 کۆمێنت 2721 جار بینراوە

نووسینی: حاجی عبدالله
به‌شی یه‌كه‌م

کاتێ کتێبی (رحلة نحو البداية)ی (كۆڵن وێڵسن)م خوێندەوە تەمەنم (
23) ساڵ بوو، باسی خۆی دەکرد کە لە تەمەنی (24) ساڵیدا کتێبی (اللامنتمی)ی بڵاو کردووەتەوە و بە هۆی داهاتی ئەو کتێبەوە لە چینی هەژارانەوە بووە بە ئەرستۆکرات (دەوڵەمەنی قوح).

لە کاتێکدا باوکی هەفتانە بە (18) جوونەیھ کاری دەکرد، داهاتی کتێبەکەی ئەو (600,000) جوونەیھ بوو! کە دەکاتە مووچەی (640) ساڵی باوکی! جا دەگێڕێتەوە کە باوکی نیوەی ئەو بڕە پارەی کە هەفتانە وەریدەگرت، ده‌یداوە یەك قوتوو بیرە و پێنج شەممان بە دزی ئەمانەوە دەیخواردەوە. کاتێ بێ پارە ببوونایە، لە ناوەڕاستی هەفتە پێش هاتنی مووچە، وێڵسن زۆر قەڵس دەبوو و لە ژن و مناڵەکانی دەدا، (کۆڵن)یش لێدانی بەردەکەوت.

کۆڵن دەڵێ: کاتێ ئەو بڕە پارەم دەست کەوت بووم بە یەکێ لە دەوڵەمەنەکانی لەندەن، لە کەناری دەریا خانوویەکم بۆ باوکم کڕی و فەرمانم دا ئیتر بە سێت بیرە بۆ باوکم بکڕن، نەمزانی ئەوە بۆ خۆی زەربەیەکی گەورەیە لە باوکم، چونکە ئەوە بە نادادی ژیان تێدەگا کە کۆڵنێکی تەمبەڵی خەواڵوو بە نووسین و خوێندنەوە بگاته‌ ئاستێک، کە ئەگەر ئەم چەند جارێک بەم شێوازەی خۆی بژی ناگاتە ئەم ئاستەی کۆڵن پێی گەیشتووە! بە چیش؟ خوێندنەوە و نووسین!

لە درێژەی گێڕانەوەکەیدا ئێژێ: باوکم دوای یەک هەفتە لە ڕەففاهییەت: بیرەی زۆر و ڤۆدگا، خانووی تازە، شەپۆلی دەریا، موسیقا، پشوویه‌كی دوورودرێژ لە کارکردن و نەمانی خەمی کەمیی مووچه‌... كۆچی دوایی كرد!

دەڵێ: بۆ یەک جاریش سوپاسی نەکردم، لە پێشدا حەپەسابوو! دواییش پێی وابوو ئەمە بەرهەمی ماندوو بوونی من نییە، ئەمە لە ئەنجامی نادادی ژیانە و من لە خوڕایی بووم بە خاوەنی!

 سه‌فه‌ری من به‌ هه‌موو به‌ریتانیادا ئاسان بوو، چونكه‌ من كێشه‌م له‌گه‌ڵ جۆری گواستنه‌وه‌ و شوێنی خه‌ودا نه‌بوو. یاتاخێكی بچووك و پاسكیلێكی فافۆنی سووكم هه‌بوو _كه‌ ده‌كرا ده‌ققی بكه‌م_ كارم له‌ هه‌رشارێك بووایه‌ هه‌وڵم ده‌ه‌دا زوو بچم و هه‌ر ترۆمبیلێكم ده‌ست كه‌وتایه‌ سه‌ر ده‌كه‌وتم.

له‌به‌ر ئه‌وه‌ی‌ به‌لاش بوو، زۆربەی جار لە شارێکەوە بۆ شارێکی تر بە سەیارەی بار یان تایبه‌تی سەفەرم دەکرد، چونکە پارەم نەبوو بیدەم بە کرێی تەکسی و شەمەندەفەر. هەندێ جار سواری ترۆمبیلی گواستنەوەی ئاژەڵ یان گواستنەوەی خشت و کەرەستەی بینا ده‌بووم، بۆیە دەبوو تا شوێنی مەبەست بە پێوە بوومایە تا پیس نەبم، یاتاخەکەیشم (جێ خەو) هەر بە دەستمەوە بوو، جاری وا بوو  ئەرزی گڵابەکان لیتەی وڵاخ و میز تێکەڵ بووبوون، كه‌ سه‌یاره‌كه‌ ده‌كه‌وته‌ ڕێ، ئینجا من ئه‌وه‌م ده‌زانی و نه‌ده‌كرا دابه‌زم. بۆن وڕ و کاسی دەکردم؛ کە دادەبەزیم پێویستم بە پشوودان بوو، ئیتر هەر لەسەر ئەو شەقامانە جێ خەوەکەم دەکردەوە و دەچوومه‌ ناوی و دەخەوتم. تا ئه‌وانه‌ی شه‌قامه‌كان گسك ده‌ده‌ن ده‌هاتن و خه‌به‌ریان ده‌كردمه‌وه‌!

جگە لە کتێب پارەم بەم شتی تر نه‌دەدا و خواردنەکانم هەر پسکیت و لەفە و شتی سەفەری بوو، هەر کەس داوەتی بکردمایە بۆ هەر خواردنێک و لە هەر شوێنێك زۆر دوور نه‌بووایه‌ پێی ڕازی دەبووم و دەمخوارد. پێم نەدەکرا ڕەتی بکەمەوە، چونکە دەمزانی دووبارە بوونەوەی ئاسان نییە.

له‌ناو پاسدا، له‌ شه‌قامه‌كاندا، له‌ شه‌مه‌نده‌فه‌ردا، له‌ ته‌كسیدا ده‌مخوێنده‌وه‌. له‌ ته‌مه‌نی (16)ساڵییه‌وه‌ تا (24) ساڵی زیاتر له‌ نیوه‌ی ڕۆژه‌كه‌ ده‌مخوێنده‌وه‌، نه‌نها شوێنی دانیشتنم هه‌بووایه‌ و برسی نه‌بوومایه‌ ده‌مخوێنده‌وه‌. هه‌رگیز خۆمم به‌ كتێبێكه‌وه‌ خه‌ریك نه‌كردووه‌ بابه‌ته‌كه‌ی جێی سه‌رنج نه‌بووبێت به‌ لامه‌وه‌.

تاگەکان    
گفتوگۆ نوێژ بۆ ئەوانەی وەكو خۆمن فێمینیزم جنۆکە مانا گۆرانی نامە تەلارسازی شەڕ خوێندنەوە فیلم پۆدکاست فەلسەفەی ئەخلاق قوتابخانەکانی نوور
ئەدەب
2017-12-30 کۆمێنت 2721 جار بینراوە
بابەتی زیاتر
سەرجەم مافەکانی پارێزراوە بۆ وارگەی هاوسانی . Copyright 2024 - hawsani.org © Developed by Kurdsoft
×
هاوسانی