کاتکوشتن گەلێک نیگەرانم دەکات

فیکر 2018-01-15 کۆمێنت 1876 جار بینراوە

بەشێک لە کۆڕێکی دکتۆر مەحموود ئەنوەشە

وەرگێڕانی : ئەحمەد حسێن

نرخی هەر شتێک، لە ڕاستیدا ئەو بڕە وەختەیە کە لە گرنگیدان بەو شتەدا خەرج دەکرێت، هەردەم لە خۆت بپرسە: ئاخۆ ئەو کەسە یان ئەو شتە بایی ئەو ئەندازە کاتەیە کە لە تەمەنی خۆمی بۆ تەرخان دەکەم؟ گەلێک نیگەرانم لە بەفیڕۆانی کات، ئاخر کات خود و مایەی خۆمانە، ئێمە خەریکین بازرگانی بە خۆمانەوە دەکەین.

مەولانا چیرۆکێکی زێدە جوان دەگێڕێتەوە، دەڵێت: دزێک خەریکی کونکردنی دیوارێک بوو، کەسێک کە گوێی لە تەقەی دەستی بوو چووە سەربان و تێی خوڕی: ئەوە کێیت؟ خێرە بەم نیوەشەوە چی دەکەیت؟ دز گوتی: دەهۆڵ دەکوتم، کابرا گوتی: کوا دەنگی دەهۆڵ نابیستم، دز گوتی: سبەی کە من ڕۆیشتم زرمەی دەهۆڵ و ناڵەی ڕۆڕۆ دەشنەوی!

ئازیزانی من، پار و پێرار، دوو ساڵ و پێنج ساڵ لەمەوبەر چوون، ئەمساڵ و ساڵی تر و دووانی تریش تێدەپەڕن، هیچیان لێ نامێنێتەوە، خوا و ڕاسان، لە ماریفەت، دڵسۆزی، چاکە و پیاوەتی، دۆستایەتی، ڕەوشتی جوان، چیمان جێ هێشتووە؟

گەر کەسێک پێت بڵێت: تا کۆتایی تەمەنت، هەر ڕۆژە و کاژێر حەوتی سەرلەبەیانی، بڕی ٨٦,٤٠٠ دینار دەخەمە سەر حسابەکەت، بەڵام ئەوە بزانە، هەموو ئەم پارەیە دەبێت لەو ڕۆژەدا خەرجی بکەیت، هەرچییەکی لێ مایەوە ناچێتە سەر حسابی ڕۆژی دواتر و سفر دەبێتەوە، خۆت حوکم بکە تا چەند ڕۆژ ئەم پارەیە بە بەدمەسەرەفی و شتی لاوەکییەوە تەخشان و پەخشان دەکەیت؟ دوو ڕۆژ، دە ڕۆژ، سێ مانگ، دە مانگ، ساڵێ، پێنج ساڵ؟ دواجار هەر واز دەهێنیت و بیر دەکەیتەوە، بە خۆت دەڵێیت: خۆ من دەتوانم خانوویەک، تەلارێک یان کۆشکێکی پێ ڕۆبنێم، هەر ڕۆژە و دیوارێکی هەڵدەچنم و کەرەستەیەکی بۆ دەکڕم.

بە هاتنی هەر ڕۆژێک، خواوەندی جیهان، بڕی ٨٦،٤٠٠ چرکەت پێ دەبەخشێت، کە دەکاتە شەو و ڕۆژێک، تا ببینێت چۆنچۆنی ئەو ڕۆژە خەرج دەکەیت و بەسەری دەبەیت. هەموو ڕۆژێک، کە چاو هەڵدەهێنی، خواوەندی جیهان، پەڕەیەکی سپیت پێ دەدات و پێت دەڵێت: ئەمە بگرە و بە ڕەوتار و بیرکردنەوەت بینەخشێنە، شەو کە خەوتی، خودا بەهێواشی تابلۆکەت لێ وەردەگرێتەوە. خواوەکیلی، لەم هەزاران نیگارانەی کێشاوتن، کە ئیدی سڕینەوەیان بۆ نییە و بەو شێوەیە لەکن خودان، چەندیان بێ کەموکورتی و بێ هەڵە و پەڵە بوون؟ کەواتە نرخی کاتی خۆت بزانە.

سەربازی ڕاکردوو، نرخی دوو ساڵ و، قوتابیی پۆلی دوازدەیەم بەهای یەک ساڵ و، دایک قەدری نۆ مانگ بەباشی دەزانن، نرخی ڕۆژێک کرێکار دەیگرێت و، ئەوی فریای پاس نەکەوتووە چاک قەدری خولەکێک دەزانێت، ئەوی لە ڕووداوێکدا بە سەلامەت دەرچووە هەست بە نرخی چرکەیەک دەکات و ئەوەیشی لە کێبەرکێکانی ئۆڵۆمپیکدا دووەم بووە پەی بە بەهای یەک لەسەر دەی چرکەیەک دەبات.

مێزێک بۆ کارکردن، کارکردنێک بۆ تەخت، تەختێک بۆ نووستن، نووستنێک بۆ گیان، گیانێک بۆ مەرگ، مەرگێک بۆ سەنگ و، سەنگێک بۆ یادگاری، ئەمە هەموو ژیانی ئێمەیە، داخی گرانم.

تاگەکان    
زانکۆ کتێبی هاوسانی دوعا گەڕان جەنگی هۆشیاری شیعر قودس چیرۆک پۆرن گێڕانەوە كتێب کونە ڕەشەکان مردن چەواشەکاریی_لۆژیکی ڕەزا بابایی
فیکر
2018-01-15 کۆمێنت 1876 جار بینراوە
بابەتی زیاتر
سەرجەم مافەکانی پارێزراوە بۆ وارگەی هاوسانی . Copyright 2024 - hawsani.org © Developed by Kurdsoft
×
هاوسانی