فەلسەفەی ئایین

فیکر 2018-01-25 کۆمێنت 3581 جار بینراوە

نووسینی: لوقمان سەمەد برادۆستی

باسكردن و قسەكردن لەسەر فەلسەفەی ئایین پێویستی بە نووسین و توێژینەوەی زۆر هەیە، چونكە ئەم باسە باسێكی قووڵا و ئاوكێشە و، پێویستی بە وەستان و هەڵوەستەكردنی جددی هەیە، بەڵام ئێمە هەوڵدەدەین بە كورتی و پوختی باسیبكەین و شەن و كەوی بكەین.

ئەگەر بمانەوێت باس لە فەلسەفەی ئایین بكەین، سەرەتا پێویستە باس لە خودی ئایین بكەین، بزانین ئایین چییە و چۆن پێناسە دەكرێت و مەبەستمان لە ئایین چییە؟ دواتر ڕوو بكەینە باسی گرنگی و فەلەسەفەی ئایین .

ئایین، بە مانا ئاسمانییەكەی، بریتییە لەو بەرنامە و كۆمەڵە یاسا، بنەما و پەرستشانەی كە خوای گەورە دایناوە بۆ بەندەكانی بۆ بەختەوەربوون لە دنیا و سەرفرازبوون لە دواڕۆژدا. ئەم پێناسەیە تەنها ئایینە ئاسمانیەكان دەگرێتەوە، بەڵام ئەگەر ئایینە زەمینییەكان پێناسە بكەین، ئەوا بریتییە لەو كۆمەڵە یاسا و پەرستشانەی كە كەسانێك ئەنجامی دەدەن لە ژیانیاندا .

كاتێك دێینە سەر باسی فەلسەفەی ئایین و گرنگیی ئایین، ئەوا پێویستە سەیری خودی مرۆڤ بكەین، ئەو كەسانەی كە ئایین ڕوویان تێدەكات و وابەستەن بە ئایینەوە، كاتێك سەیری مرۆڤ دەكەین ئەوە دەبینین كە مرۆڤ لە دوو لایەنی گرنگ و سەرەكی پێكهاتووە .

یەكەم، لایەنی جەستەیی یاخود مادی. دووەم، لایەنی ڕووحی یاخود مەعنەوی .

هەریەكێك لەم دوو لایەنەی مرۆڤ پێداویستیی سەرەكییان هەیە، لایەنی مادی پێویستی بە خواردن و خواردنەوە و سێكس و... هەیە. هەروەها لایەنی ڕووحییش پێویستیی بە تێركردن هەیە، لە ڕێگەی بوونی بیروباوەڕ و تێڕوانینی گونجاو بۆ بوونەوەر و ژیان و دواڕۆژ و ئەنجامدانی كۆمەڵێك پەرستش و سرووتی ئایینی و ...

لێرەوە گرنگی و ڕۆڵی گەورەی ئایین –ئایینی ئاسمانی- دەردەكەوێت، كە دەتوانێت كۆنتڕۆڵی بەشی سەرەكی و لایەنە گرنگ و گەورەكەی مرۆڤ بكات، كە بریتییە لە لایەنی ڕووحی و دەركەوتنی دەرئەنجامی بیروباوەڕەكەی لە هەڵسوكەوت و كرداری ڕۆژانەی و چۆنییەتی بەدەستخستن و تێركردنی لایەنە جەستەییەكەی بە دانانی بەرنامە و یاسا و رێكاری تایبەت .

مرۆڤ هەر لە قۆناغی منداڵییەوە تاوەكو كاتی مەرگ، كۆمەڵێك پرسیار و ئەندێشەی بۆ دروست دەبێت لەسەر بوونەوەر و جیهان و ئەو شتانەی لە دەوروبەری دەگوزەرێن. كۆمەڵێك پرسیاری گرنگ هەن، كە هەمیشە جێی تێڕامان و سەرسوڕمانی مرۆڤەكان بوونە، وەك ئەوەی ئەم بوونەوەر و كەونە لە كوێوە هاتووە و، كار و فرمانی چییە و، كۆتایی و سەرئەنجامەكەی بە كوێ‌ دەگات و چیی لێدێت؟

ئەم پرسیارانە لە ڕوانگەی ئایینەوە وەڵامدراونەتەوە، بە پشتبەستن بە بەدیهێنەر و دروستكەری هەموو جیهان لە ڕێگەی ناردنی سروش بۆ پێغەمبەران، كە ئەمەیش وایكردووە مرۆڤەكان، بە تایبەتی باوەڕدارەكانیان، لەو سەرئێشە و درێژدادڕییەی فەیلەسووفەكان دوور بخاتەوە، كە بەهۆی قاڵبوونەوە و نەگەیشتن بە ئەنجامێكی دیاریكراو لە وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارانەی پێشوو، خۆیان و خەڵكیان تووشی جۆرێك لە سەرلێشێوان كردبوو. ئایین لە ڕێگەی پێغەمبەرانەوە و هاتنی سروشی خوایی، وەڵامی ئەو پرسیارانە دەداتەوە كە مرۆڤ ناتوانێت خۆی وەڵامیان بۆ بدۆزێتەوە و بەدەرن لە توانای مرۆڤ ، بەتایبەتی ئەو شتانەی پەنهان و غەیبین .

هیچ كات مرۆڤەكان ناتوانن ژیانێكی ئاسایی بەڕێبكەن بە بێ‌ بوونی یاسا و كۆمەڵێك بنەما بۆ ڕێكخستنی ژیانی رۆژانە. بۆیە ئایین كۆمەڵێك یاسا و بنەمای دیاریكردووە بۆ ژیانی رۆژانە، چۆنییەتی ئیدارەدان و، هەڵسوكەوت كردن لەگەڵ دەوروبەر و كۆمەڵگا و تاكەكانی .

ئایین دەتوانێت بە برەودان و گەشەپێدانی چەمكە جوان و بەرزەكانی ڕەوشت و ئەخلاقی بەرز، ڕوویەكی گەش و شارستانییانەی پڕ لە جوانی پیشان بدات و نمایشی بكات. لەبەرئەوەی ئایین هەمیشە گرنگیی تایبەت بە لایەنی ئەخلاق دەدات و، هەوڵی نەهێشتن و لەناوبردنی ڕەوشت و كارە ناشیرین و قێزەونەكان دەدات، بەمەیش تاكەكان و كۆمەڵگایش نموونەیەكی بەرز و جوان پێشكەش دەكەن، كە تیایدا مرۆڤبوون سەنتەرە و گەورەترین و ڕێزلێگیراوترین بوونەوەرە .

 مرۆڤ بۆ پڕكردن و تێركردنی لایەنی ڕووحی پێویستیی بە ئایینە، ئەم بۆشاییە ڕووحییەی كە هەیە، تەنها ئایین دەتوانێت چارەی بكات و دڵنەوایی پێ ببەخشێت و ئارامی بكاتەوە و لەو وەحشەت و هەستكردن بە نامۆییە ڕزگاری بكات و دەرونێكی ئارامی پێبدات. زانستی دەروونناسییش شایەتی ئەوەیە، كە ئەو كەسانەی ئاییندارن زیاتر دەروونساغتر و دامەزراوترن تا كەسانی بێدین، بۆیە ئایین پێداویستییەكی فیتریی مرۆڤەكانە، هەر بۆیە خوای گەورە دەیان هەزار پێغەمبەر و چەندان كتێبی ناردووە بۆ مرۆڤەكان، بۆئەوەی ئایینپەروەر بن و ئایین بكەن بە كاڵای باڵایان و وابەستە بن پێوەی .

سەرئەنجام بۆمان دەردەكەوێت، مرۆڤ هەرچەندە پێشبكەوێت لە ڕووی مادییەوە، سەرئەنجام هەر پێویستیی بە ئایینە بۆ تێركردن و ئارامكردنەوەی دڵ و دەروونی و وەرگرتنی ئیلهام لە ئایینەكەیەوە، چونكە ئایین دەتوانێت لەگەڵا سروشتی تەندروست و ساغی مرۆڤەكان یەكبگرێتەوە و، وەڵامی پرسیارە شاراوە و بێوەڵامەكانیان بداتەوە، بە تایبەتی لە جیهانی غەیب و میتافیزیكی، گەر ئایین نەبێت مرۆڤ ناتوانێت هیچ جۆرە زانیاری و تێگەیشتنێك لەسەر ژیانی ئەودیوی سروشت دەستبخات .

بە تێپەڕبوونی ژیان و بە درێژایی مێژووی مرۆڤایەتی و لە هەموو سەردەم و كاتەكاندا، مرۆڤ پەنای بۆ ئایین بردووە بۆ دۆزینەوە و چارەسەركردنی لایەنی ڕووحی و دەروونی خۆی، بۆیە لەگەڵا پێشكەوتنی تەكنەلۆژیا و جیهانی مادی، هێشتا ئایین لە برەودایە و پێگەی خۆی لەدەستنەداوە، ئەگەرچی زۆر كات و لە زۆر شوێن، تەنها وەك لایەنێكی مەعنەوی و بەشێوەیەكی شكڵی و ڕووكەش ئەنجامدەدرێت، بەڵام هێشتا ڕێژەی وابەستەبوون و پەیوەستبوونی مرۆڤ بە ئایینەوە زۆر بەرزە و، ئەوانەیشی كە بانگەشەی بێدینی دەكەن ڕێژەیەكەیان زۆر كەمە .

تاگەکان    
یادەوەری سەرفیترە دەربارەی کتێب نیشتیمان کتێب مۆدێرنیتە دەروونناسی گێڕانەوە کرێکار پۆدکاست پارەی ئیلیکترۆنی فەڵەستین نەتەوایەتی فەلەستین جنۆکە
فیکر
2018-01-25 کۆمێنت 3581 جار بینراوە
بابەتی زیاتر
سەرجەم مافەکانی پارێزراوە بۆ وارگەی هاوسانی . Copyright 2024 - hawsani.org © Developed by Kurdsoft
×
هاوسانی