دۆزەخ

فیکر 2018-01-25 کۆمێنت 3371 جار بینراوە

نووسينى: مصطفى محموود

وه‌رگێڕانی: په‌روانه‌ محمد

لەم ڕۆژانەدا لە نوکتە نەبێ وشەی دۆزەخمان بەرگوێ ناکەوێ، دۆزەخ لە بیری مرۆڤی سەردەمدا بووەتە ئەفسانەیەک، بەجۆرێک وەکو ئەوەی دیمەنێکی ڕۆمانی (دراکۆلا)ی بیرکەوتبێتەوە، بە پێکەنینەوە باسی دەکات . وای لێهاتووە زۆر ئاساییە لەناو باوەڕدارانیشدا کەسانێک ببینین کە بەگومانەوە لەسەر دۆزەخ دەدوێن. دەبیستین کەسێک دەپرسێت: "خودای بەڕحم و بەسۆز چۆن سزامان دەدات! جا ئێمە کێین تا سزامان بدات! بێگومان ئەو تەنها دەمانترسێنێت و دواتر لە ڕۆژی لێپرسینەوەدا بە لێبوردنی گشتی سەرساممان دەکات و بە سۆزی خۆی هەموومان دەخاتە بەهەشتەوە. مەحاڵە بۆ خودایەکی میهرەبان کە هیچ کەسێک سزابدات، مەحاڵە !" ئەو کەسەی ئەم قسانە دەکات، وا دەزانێت کە بەو جۆرە، دان بە سۆز و بەزەیی خودای میهرەباندا دەنێت و حەقی خۆی پێدەدات . لە ڕاستیدا ئەو هەرچەن وادەزانێت لە بەرامبەر خودای بەدیهێنەردا باش دەکات، کەچی خراپ دەکات. لەکاتێکدا کە وادەزانێ بە دادپەروەری وەسفدەکات، زوڵم و ستەم دەداتە پاڵی . ئەو وێنە ساویلکانەیە بۆ خودا، لە پاداشتدا یەکسانی دەخاتە نێوانی تاوانبارەکان و قوربانییەکانیان و، بۆ بکوژ و کوژراویش ئاهەنگی چا دەگێڕێ ! ئەم خودایە، کێیە جگە لە خودایەکی ستەمکار؟ ! ڕەش و سپی، لای کوێر نەبێ، لای کێ یەکسانن؟ ! ئەوە ئەوپەڕی خراپ گومانبردنە بە خودا، کە وا بزانین هەموو خەڵک دەخاتە بەهەشت و، یەکسانی دەخاتە نێوان خوێنڕێژە خۆبەزلزانەکان و هەزاران کوژراوی بێتاوانی دەستیان، ئەوانەی کە لە زیندانەکاندا لەناوچوون، تەنها لەبەرئەوەی ئێمە خەیاڵی خودایەک ناکەین که سزابدات . نازانم باوەڕدار یان بێباوەڕ ئەمەیان لەکوێوە هێناوە کە ناکرێ خودا سزابدات؟! ئەگەر دونیا بە نموونە وەرگرین و لەسەر ئەوە ڕێککەوین کە ئەم دونیایەی تێیدا دەژیین دروستکراوی خودایە، ئەوە هەر دەبێ بەکۆی دەنگ لەسەر ئەوەش ڕێککەوین کە خودا سزادەدات. لەم دونیایەدا هیچ شتێک ڕاستتر لە سزا نییەکێ میکرۆبی دروستکرد؟ کێ ژەهری لە ماردا بەدیهێنا؟ کێ گڕکان دەتەقێنێتەوە و شارەکان بەتەواوی نوقمی ژێر ئەو گڕاوە بڵێسەدارانە دەکات؟ کێ ساردیی سەختی جەمسەرەکانی دروستکردووە و خۆری بە ستوونی لە هێڵی یەکسانیدا بەرزکردووەتەوە کە پێستی دانیشتووانەکەی دەسووتێنێت؟ کێ ئازارەکانی پیری و ئێشی دووگیانیی بەسەردا سەپاندووین؟ کێیە شارەکان لەژێر بومەلەرزەدا دەفندەکات؟ بێگومان شەیتان نییە، بەڵکو ئەوە هەمان ئەو خودایەیە کە بۆنی خۆشی بە گوڵدا کردووە و دەرمانی خستووەتە گیاکانەوە. هەمان ئەو خودایەیە کە بەهار و تەندروستیی بەدیهێناوە و هێزی خستووەتە ماسولکەکانەوە و خۆشەویستیی خستووەتە دڵەکانەوە و خەندەی خستووەتە سەر لێوەکان. ئەو هەر ئەو زاتەیە کە ئافرێنەری میهر و خۆشەویستی و سۆزە، هەر ئەوە کە عەقڵ و ژیریی پێداوین تا بە دەریا و وشکانی و ئاسماندا هاتوچۆ بکەین، بەسەر گەرما و سەرمادا زاڵ بین و بەرگەی نەخۆشی و مردن بگرین. هەر ئەو خودایەیە کە خۆراک و جلوبەرگی بۆ فەراهەم هێناوین و بە کراسی سەلامەتی و بەختەوەری دایپۆشیوین . خۆیشی لە کتێبەکەیدا وەسفی خۆی بەوانە کردووە کە سوودگەیەنەر و زیانگەیەنەرە، زیندووکەرەوەی مرێنەرە، دانەوێنەر و بەرزکەرەوەیە، گوشەر و فراوانکەرە، بەهێزکەر و زەبوونکەرە، بێگومان هەر شتێکی بوێت ئەنجامیدەدات و، کە ویستی هەبێ، سزای هەرکەسێک دەدات. بۆ فەرمانی ئەو بەرپەرچدانەوەیەک نییە و، بۆ کاری ئەو هیچ ڕەتکەرەوەیەک نییە، لەسەر ئەوەشی کە ئەنجامی دەدات پرسیاری لێ ناکرێت . لە هەمان ئەم ساتەی کە من تێیدا ئەم وشانە دەنووسم، دەیان ئۆتۆمبێلی فریاکەوتن لە هەموو شوێنێکی جیهاندا، کەسانێکی سووتاویان هەڵگرتووە کە دەناڵێنن و دەنووزێنن و هاواردەکەن . هیچ یەکێکیش لەمانە دژی ویستی خودا ڕوونادەن، بەڵکو هەموو شتێک بە زانست و قەدەری خودای گەورە ڕوودەدات . ڕەنگە ئێمە کارێک بکەین کە خودا پێی ڕازی نەبێ، ستەم بکەین، بکوژین، وێران بکەین، بسووتێنین، بەڵام ناتوانین کارێک بکەین کە خودا ویستی لەسەر نەبێ. هەرچی ڕووداو و کارن هەموو لە چوارچێوەی ویستی خوداییدا ڕوودەدەن، ئەگەرچی هەندێکیشیان لە ڕەزامەندیی خودایی دەربچن . هەر بە ویستی خودا و لە تابلۆکانی قەدەری خوداوەیە، کە کەسانێک هەن ناڕەحەت و کەسانێک دڵخۆشن، ناز و بەخششەکانی بە هەندێک کەسان دەبەخشێت و بەسەر هەندێکی تردا سزا و بگرە سووتان دەسەپێنێت هەر لەم دونیایەی کە تێیدا دەژیین . بەڵگەی ئەم قسانەش لە ژیانماندا خوویانە و شاهێدەکان لە دەفتەری ڕۆژانەی هەموو کەسێکدا هەن و پێویست بە سەلماندن ناکات . زیاتر لەمەش، لە ئەزموونە ڕاستەوخۆکانی ژیانمانەوە دەزانین کە سزادان دژی سۆز و بەزەیی نییە، بەڵکو هەنێ کات هەر خۆی خودی سۆز و میهرە. جا هەندێ دەروون هەن بە سزادان نەبێت، بەئاگانایەنەوە، بەڵکو خەریکە ئەوەش دەبێتە یاسایەک کە دڵ بە ئازار نەبێ هۆشی نایەتەوە، دەروونیش بە ناڕەحەتی و ئازارچەشتن نەبێ شیفای نایێ و چانابێتەوە، عەقڵ بە پەندوەرگرتن نەبێ فێرنابێ، پێیش تا نەکەوێتە چاڵێکەوە دەرس وەرناگرێت . جا ئەگەر بە شێوەیەکی گشتی سەیری شتەکان بکەین، تێدەگەین کە دۆزەخی دونیا پێچەوانەی دادپەروەریی خودایی نییە، ئەو حاڵەتە تایبەتانەش کە تێیدا توانامان نییە حیکمەتی سزا و سزادانەکە ببینین، هۆکارەکەی نەزانی و کەموکورتیی خۆمانە لە زانست و هەرگیز ستەمی خودا نییە . کەواتە دۆزەخ بە هەموو پلەکانییەوە، لە نموونەیەکی بچووککراوەدا و لەو شێوەیەی کە تێیدا دەژیین و ناوی دونیایە بوونی هەیە. دۆزەخ، هەر لەو سووتانە ڕاستەقینەیەی کە پێست دەسووتێنێ تا دەگاتە ئازاری دەروونی و مەعنەوی، بوونی هەیە. هەموو ئەوانەش بەڕێوەبردن و کار و بەدیهێنراوی خودان، وە هەمووشیان هەر میهر و سۆزن. سەرلەبەریشیان لەبەر حیکمەتێکن کە هەندێ جار بۆمان خوویان دەبێ و گاهێکیش لێمان ونە. ئەمەیە ڕاستەقینە و ئاشکرا و هەستپێکراوە، ئیتر بۆچی عەقڵەکان بیرۆکەی بوونی خودایەکی سزادەر و بوونی دۆزەخ بەدووردەزانن؟ لەگەڵ ئەوەشی کە ئێمە ڕۆژانە لەگەڵ نموونەیەکی بچووککراوەی دۆزەخدا دەژیین . ئەم قسانە بۆ ئەوان کەسانە دەکەین کە بە تێگەشتنێکی ڕووکەشانە لە خودا گەیشتوون و، وادەزانن کە سزا و سزادان مەحاڵن و پێچەوانەی سۆز و میهری وین. پێشیانوایە لە دواییدا، بەناوی خۆشەویستییەکی بێگەردەوە کە هەموو شتێکی گرتووەتەوە، تاوانباران و پیاوچاکان یەکسان دەکات و هەمووان بۆ بەهەشت بانگدەکات و هەرچی بەچێژ و باش و پاکە پێیان دەبەخشێت . بەو کەسانە دەڵێین؛ خودای گەورە سزادەدات، سزاکەشی هەمووکات خودی سۆز و بەزەییەتی. ئەوەش کە ویژدانگەلێک هەن بە سزادان نەبێت بەئاگانایەن، عەقڵگەلێک هەن، تا سزای خودا نەبینن خودا ناناسن، هەروەک چەندین دەروونی تاریک هەن، کە لەناو نیعمەتدا حەق نابینن و جگە لە توندوتیژی ڕێگایەکی تر بۆ ناساندنیان بە حەق نییە، وەکو ئەو گۆشتە مردووەی کە جگە لە داخکردن چارەسەرێکی نییە . بۆ کەسانی لەو جۆرە، دۆزەخ خودی ڕەحمەتە، چون تاکە هۆکارە کە ماوەتەوە بۆ فێرکردن، دوای ئەوەی کە نکووڵیکار لەسەر نکووڵیکردن و چاوپۆشیش لەسەر کوێرییەکەی سووربوو و، دوای تەواوبوونی هەموو ڕێگا ئاشتییانەکان بۆ قایلکردنی و، پاش ئەوەی کە کتێب و پەیامبەران و پەندەکانی مێژوو و بەڵگە ئاسمانییەکان هەموو شکستیان هێنا لە دۆزینەوەی ڕێگەیەک بۆ چوونە ناو دڵ، لەو کاتەدا دۆزەخ تاکە نەشتەرگەرییە بۆ کردنەوەی چاوەکان و بەشاهێدکردنی هەستەکان. ئەوەش بەم مانایە پێچەوانەی میهر و سۆزی خودای میهرەبان نییە، بەڵکو هەر ئەوە خودی میهر و سۆزە.

تاگەکان    
زانست نیشتیمان کۆرۆرنا فەرهەنگ باران کۆمه‌ڵه‌ بەڵگه‌یه‌ک که‌ له‌ شوێنی خۆیاندا نین بوووژانەوە سیاسەت ئیسرائیل کۆرۆنا تەلارسازی زمان بۆ ئەوانەی وەكو خۆمن کونە ڕەشەکان بووژانەوە
فیکر
2018-01-25 کۆمێنت 3371 جار بینراوە
بابەتی زیاتر
سەرجەم مافەکانی پارێزراوە بۆ وارگەی هاوسانی . Copyright 2024 - hawsani.org © Developed by Kurdsoft
×
هاوسانی