ملوانکەی مەرگ

فیکر 2018-01-27 کۆمێنت 2926 جار بینراوە

نووسینی: بەهرۆز حسن

مردن پرسیارێکی بێ وەڵامە!! یەکێک لەو بابەتانەی مرۆڤ بە گشتی لێی تاساوە! رەنگە زۆربەمان مردنمان لەبیرکردبێت، ئەگەر چی بیر بکەینەوە لە نێوانی مردن و ژیاندا، پەردەیەکی زۆر تەنک هەیە ،کە هەموو دەم ئەگەری دڕاندنی هەیە،پەردەیەک کە هەرگیز بە زیهنتدا نایەت چۆن لەسەر شانۆی ژیانت لادەبرێت . مردن ئەو سێبەرە نادیارەی هەمیشە لە تاریکی و ڕوناکیدا لە پشتمانەوە ڕێگە دەپێوێت، هەتا دەگاتە خاڵێک و هیچ پێناسەیەکی ئەو ساتەت بۆ ناکرێت ،لە پڕ دێت و لە ناکاویش دەڕوات . مردن ئەو ڕێسا خوداییەی لە کەس ناگەڕێتەوە و هاوکێشەیەکە هەموومان لە هەمبەریدا یەکسانین و دەبێت بەشدار بین، (مەرگ تەڵەیەکی نەبینراوە بنیادەم بۆ هەر کوێیەک بڕوات وەک ملوانکە لەگەڵ خۆیدا هەڵیدەگرێت، لێ نازانێ کەنگینێ بە ڕوحتدا دەتەقێتەوە)*،تەڵەیەکە بریندارت ناکات, بەڵکو ڕوحت دەبات،وەلێ گەر ناو بە ناو دەگەڵ نەعشێکدا تا گۆرستان بچیت و ئامادەبی تا ئەو دەمەی مرۆڤێک کە چەند کاژێرێک لەمەو پێش، رەنگە پێکەنیبێت، گریابێت، خۆشی چەشتبێت، ئێستا بە پارچە بەردێکی کەمێک گەورە گۆرەکەی دەکوتنەوە و دەیشێلن! مرۆڤێک هەتا پێش ئەوەی گوریسی مەرگ لە گەردنی گیربێت، پێش ئەوەی مردن باوەشی بۆ بکاتەوە و هەر وەک چۆن خۆرئاوابوون دێت بە دوای خۆرهەڵهاتندا، و شەو باڵی تاریکی بەسەر رۆژدا دادەپۆشێ و تاریکی دێنێ، وەک من و تۆ نەخۆش دەکەوێت، خۆشی دەبینێت، دەگری...وەلێ ئێستا دەکرێت بە ژێر گڵەوە ...!!! بە تەنها بینینی ئەم دیمەنە رەنگە ببێتە هۆی ژیلەمۆی دۆخێک کە تێیدا مرۆڤ دووبارە و سێبارە بچێتەوە نێو خۆی و خەڵوەت ساز بکات و لە خۆی بپرسێت مردن چیە؟؟!! ، مەرگ ئەو دێوەزمەی بەردەوام وەک سێبەر بە شوێن مرۆڤەوەیە چیە؟ تۆ سەیر مرۆڤ ئەوەندە کائینێکی بێباکە لە ئاست دەورو بەر گەر هەستی نەکردبا مردن هەیە ئەوە هەر لایان لە یەکتر نەدەکردەوە، واتا مەرگ یەکلاکەرەوەی زۆرێک لە بیرکردنەوەکانمانە ... ئەتوانم بڵێم مەرگ بۆ خۆی واتا دەدات بە ژیان و پرسیارگەلێک لە ئاوەزی مرۆڤدا دەهەژێنێ و هەیەجان و گرمە گرمێکی فیکری زۆر دەخوڵقێنێ .. جارێک گوێم لە گۆرانیەکی شەجەریان دەگرت لە مەراسیمی بە خاکسپاردندا مەقامێکی زۆۆر خۆشی دەچری، تێیدا دەیگوت(ئەی شوشەگەر کە شوشە دروست دەکات و دەیرازێنێتەوە و دواتر دەیشکێنێ) هێند بەرز و خۆش دەیچرێ گەر کەمێک بەریەککەوتنت هەبێ لەگەڵ شەجەریان، دەزانی بۆ ئەم دێرە لە سەر نەعشی کەسێک دەخوێنێ..لە جیاتی قسەی باق و بریق دێت دێرێک دەڵێ کە پێمان دەڵێ تاکەی لە مانای ژیان ناگەن؟ ئایا مانای ژیان تێدەگەن چیە؟ ئێوە بیرتان نەکردووەتەوە مردن چیە؟ بۆ دەمرین؟ خودا ئێمە دروست دەکات بە جوانترین شێوە و دوایش دەمان مرێنێ، بەشێک لە رۆحی خۆیمان دەداتێ و دواتر لێمان دەستێنێتەوە، لە لایەکەوە پێمان دەڵێ ئەی مرۆڤ تۆ چیت؟ خۆت پێ چیە؟ تۆ هی منی،تۆ ئەو قورەیت من بە ویستی خۆم گۆزەی رەنگا و رەنگت لێ دەنەخشێنم و دەتوانم بتدەم بە زەویدا و بوشکێنم و دووبارە بتکەمەوە بەوەی کە هەیت ... لە رویەکی تریشەوە بیر دەکەیتەوە دەڵێی ئەی شوشە گەر منت بۆ دروست کرد؟ بۆ من دەرازێنیتەوە و دواتر دەمشکێنی؟ وەڵامی ئەم مەتەڵە چیە؟ کە شوشەی ڵێڵ(بێباوەر) و شوشەی ڕوونیش(باوەردار ) ناتوانن بە بە تەواوی پەرسڤی بدەنەوە ... بەس نیە مەرگیش هەیە دەنا شتێک نەدەبوو بە ناوی مرۆڤ و مرۆڤ بوونەوە.

---------------------------------------------------------------
* لە رۆمانی (عەشیقی وەرگێر) ی جان دۆست، وەرمگرتووە.

تاگەکان    
#پیری باران هاوڕەگەزخوازی زمان بوووژانەوە دەربارەی کتێب شەڕ ژن یاسا جەنگی هۆشیاری فەلسەفەی ئەخلاق قودس کۆرۆنا ئیلحاد حەمەدۆک
فیکر
2018-01-27 کۆمێنت 2926 جار بینراوە
بابەتی زیاتر
سەرجەم مافەکانی پارێزراوە بۆ وارگەی هاوسانی . Copyright 2024 - hawsani.org © Developed by Kurdsoft
×
هاوسانی