خودپەسەندیی پیاو (کبریاء الرجل)

فیکر 2018-01-29 کۆمێنت 1677 جار بینراوە

خانمە نووسەر: رضوي نجيب
وەرگێڕانی: ڕێناس ئەحمەد

بەتوندی دەکەوێتە ئەوینەوە، بەڵام هەمیشە خودپەسەندی لە دڵیدا بەسەر هەڵوێستە هەستیارەکانیدا زاڵ دەبێت.
هەندێجار گەردەلوولێک لە وشە لە ناخیدا هەیە، بەڵام لە پشتی بەربەستی بێدەنگییەوە پەنگی پێ دەخواتەوە، تاوەکو شەوق و شەیدابوونی پێوە دیار نەبێت.

ئەکرێت شەو، بەهۆی شاڵاوی ئەوینەوە، فرمێسک بڕێژێت و بلاڵێتەوە، لێ کە رۆژبووەوە وەکو پەیکەرێکی وەستاوی لێ دێت، کە هیچ شتێک نایشکێنێت. هەر بەهەستکردنیشی بەوەی ئەوین لاوازی کردووە و یاریش لەم لاوازییە بەئاگایە و، ئەوەی خۆی دەیزانێت، ئەویش پەی پێ بردووە، ئەوکات وا هەست دەکات کە مووی ئەستووری پیاوەتی لە ناخیدا خەریکە دەپچڕێت.

هەندێ لە پیاوان براوەی خەڵاتی نۆبڵن لە بەهێزیدا، تا ئەوکاتەی بە خۆگرتوویی بەرانبەر ئەو بوونەوەرەی پێی دەڵێن (مێ)، دەمێننەوە.

پیاوی لەخۆڕازی، هیچ بۆی گرنگ نییە کە جەوهەری توانای خۆی بۆ خۆی دەربخات بە ئەندازەی سووربوون و گرنگیدانی بە دەرخستنی ئەم توانایە لەبەرانبەر یارەکەیدا، تا هەمیشە ئەو ڕاستییە بخاتە پشت سەری کە سەری بڵندی ئەم پیاوە هەرگیز ناکەوێت.

پیاوێکە ئاماژەکانی ڕووخساری بە پێکەنین ئاشنا نین، لێ ناوبەناو خەندەیەک دەبێتە میوانی، بەڵام میوانێکی ڕەزاقورس.

دەکرێت فیززلی ئەم پیاوە ببێتە مایەی دۆڕاندنی گەورەترین چیرۆکی خۆشەویستی ژیانی کە تا ناخی دڵی چووە، تەنها لەبەر ئەوەی سازش لە بنەماکانی خۆی نەکا ئەگەر بە بچووکترین شتیش بێت، کە ڕەنگە بنەماگەلێکی پوچیش بن بەرانبەر بەو ڤینە.

لە دیوێکی تریشەوە، پیاوێکی هەردەم لەخۆڕازی، دەگونجێت بە چیرۆکێکی ئەویندارانەی سادەدا تێپەڕێت بەڵام بە قووڵییەکی زۆرەوە، کە وای لێدەکات هەنگاوی لەخۆڕازیبوونی فراوانتر بێت و، وەک منداڵێکی بچووکی تێکشکاو دەرکەوێت، کە چاوەڕوانی پارێزگاری و ئەوین و سۆزی یارەکەیەتی، کە ڕەنگە پێکەنینێک لەوەوە سەرچاوە بگرێت، هەموو بوونی بهەژێنێت.

مەترسی ئەم پیاوە لەوەدایە کە بەقووڵی کەسێکی خۆش دەوێت کاتێک خۆشەویستی پێدا، لێ گەر هەستێشی کرد کە شتێک هەیە و باز بەسەر هەموو سنوورەکانی لەخۆڕازیبوونەکەیدا دەدات، ئامادەیە کە ئەو خۆشەویستییە و ئەو کیژەیش تێک بشکێنێت، تا دووبارە ئەو هەستە بۆ خۆی بگێڕێتەوە کە هێشتا بەسەر هەست و سۆزیدا زاڵە.

ڕاستییەکی زانستییە: پیاوی لەخۆڕازی و سەربڵند= پیاوێکی بەکردار سەرکەوتوو.

تاگەکان    
یادەوەری دەربارەی کتێب حزبی ئیسلامی قەدەر یاسا ئەدەبیاتی فارسی تەوبە ئیلحاد بوومەلەرزە دەروون مانا دەروونناسی مۆدێرنە ئاوی زەمزەم ڕانانی کتێب
فیکر
2018-01-29 کۆمێنت 1677 جار بینراوە
بابەتی زیاتر
سەرجەم مافەکانی پارێزراوە بۆ وارگەی هاوسانی . Copyright 2024 - hawsani.org © Developed by Kurdsoft
×
هاوسانی