په‌نجه‌ره‌یه‌ك له‌ به‌هه‌شت

ئەدەب 2018-03-12 کۆمێنت 2629 جار بینراوە

نووسینی: موسته‌فا مه‌حموود
وه‌رگێڕانی: سه‌رمه‌د ئه‌میر

بە ڕاکشاوی لەنێو جێگاکەمەوە ئەم نامەیەت بۆ دەنووسم. چونکە پێیەکانم لە کار کەوتوون.

وا بۆ پێنج ساڵ دەڕوات هەردوو پێم هیچ جووڵەیەکیان لێوە نەهاتووە، (تا)یەکی قورسیش تووش بە وڕێنەم دەکات.

دکتۆر پێی گوتم تووشی ئیفلیجی منداڵ بوویت. ئێستایش نیوەشەوە، بەدەم نووسینی ئەم قسانەمەوە هەموو گیانم دەلەرزێت. دەتوانی وێنای خەیاڵ و دەروونی کچێکی پانزەساڵانی لەپێ کەوتوو بهێنیتە پێش چاوی خۆت، هەموو جووڵە و چالاکییەکی تەنها لە یەک مەتر چوارگشەدا بێت و هیچی تر. هەندێک ئازار هەن، هەرچییەک بکەی بۆت ناکرێن بە وشە و وێنا ناکرێن. ئازارێلێک هەن نە دەنگیان هەیە نە زمانێک بۆ دەربڕین. هەموو ژیانی منیش تێکەڵ بە وەها بێدەنگییەک بووە.

تاکە شتێکی ئازاد لە ژیانی من، تەنها خەیاڵم بووە.

گەر بمویستایە خۆشەویستی بکەم، هانام بۆ خەیاڵ دەبرد. ئەو وەختانەی ئارەزووی هاوسەرگیری و بوون بە خاوەنی منداڵم دەکرد، پەنام دەبردە بەر خەیاڵ .

کاتێک دەمویست ببم بە شازادەی کۆشک و بفڕم بۆ ئاسمان، وختایەک دەمویست تا ئەوپەڕی دنیا بڕۆم، تاکە ڕێگام هەر خەیاڵم بوو. تا لە دواییدا چاوم دەکردەوە، ژیانی تەنگ و هەردوو پێی بێجووڵەم دەبینی، بە ئەسپایی دەگریام.

گشت دنیای جوانیی من، هەر ئەو خەیاڵانەم بوون.

تا ئێوارانێکی سێ مانگ پێش ئێستا.

با باسێکی ئەو ئێوارەیەت بۆ بکەم کە هەموو ژیانی گۆڕیم. ئەو وەخت جگە لە خۆم و دایانەکەم کەسی تر لە ماڵ نەبوو. مژووڵی خوێندنەوەی کتێبێک بووم، لەگەڵ تەواوکردنی هەر لاپەڕەیەک خەیاڵم بۆ جێیەکی دوور دەڕۆیی. تا زەنگی موبایلەکەم لێی دا و دایانەکەم بۆی هێنام. کاتێک وەڵامم دایەوە، گوێم لە دەنگێک بوو، پرسیاری کەسێکی دەکرد.

پێم وت: ببەخشن، ژمارەکەت بە هەڵە لێ داوە.

داوای لێبوردنی کرد، بەڵام هەر دوودڵ بوو.

گوتی: مەگەر ئەمە فڵان ژمارە نییە؟

وتم: نەخێر، یەکێک لە ژمارەکان جیاوازن.

پێکەنی و گوتی: ئاوایە ژیان، تەنها جیاوازی یەک ژمارە چارەنووسی مرۆڤ دەگۆڕێت. ماوەیەک لەسەر ئەم قسانە بەردەوام بووین. تا لە کۆتاییدا گوتی: تۆ کچێکی میهرەبانی، دڵخۆش دەبم گەر بتوانم ماوەی جارێک پێکەوە قسە بکەین.

مۆبایلەکەم دانا و بە جۆرێک سەیرم دەکرد، وەک لە کرانەوەی پەنجەرەیکی پڕ لە ڕۆشنایی بڕوانم. لەو ڕۆژەوە پێوەندییەکی سەیر لە نێوانماندا دروست بووە. ڕێک وەک ئەو خەیاڵانەی دەمکردن. تارمایی کەسێکم لەگەڵدایە کە نایناسم. لەگەڵمدا دەدوێت و پێم دەڵێت "خۆشم دەوێی ."

بەڵام تارمایی ئەم جارەیان لەسەر زەوی بوونی هەبوو.

دوای ماوەیەک لە پێوەندیمان پێی گوتم باسێکی شێوە و ڕووخسارتم بۆ بکە. منیش بە وردی باسی دەموچاوی خۆمم بۆ کرد. گوێم لێ بوو دەیگوت: ئای چەندە جوانیت!

باسی دەست و پەنجە ناسکەکانم بۆ کرد. ئەویش بە پەرۆش و سۆزێکی زۆرەوە گوتی: گەر بێتو قاچەکانیشت وەکوو دەستت جوان بن، ئەڵبەتە جوانیی تۆ هاوشێوەی پەرییانە. لێرەدا هەستم بە لەرزینی دەستەکانم کرد.

سەیرێکی هەردوو قاچم کرد، وەکوو دوو پارچەداری وشک کەوتوون. هەردووکیت بڕیبا قەترەیەک خوێن چییە، لێیانەوە نەدەهات. ماوەیەک بێدەنگ بووم و دوایی مۆبایلەکەم داخستەوە.

ئەو شەوە تاوەکوو بەیانی بەخەبەر بووم. لە خۆمم دەپرسی ئایا خۆشم دەوێت یا نا؟

بە بەڵێ وەڵامی خۆمم دەدایەوە، نەک هەر خۆشویستن، بەڵکە ئەو ژیانی من بوو.

لە ماوەی سێ مانگی ڕابردوودا، پێنج کیلۆ کێشم زیادی کردووە. سەرگۆنایشم سوور هەڵگەڕاون.

کاتێک دکتۆر پشکنینی بۆ کردم، بە سەرسڕمانەوە گوتی: هەندێک لە ڕیشاڵە ماسولکەیییەکان دەستیان بە کار کردووەتەوە. ئەمەیش جێگای سەرسوڕمانە. چۆن دوای ئەو ماوە درێژە دیسان جووڵەیان وەبەر کەوتووە و چاک بوونەوە.

کەواتا ئەو ژیانی منە. بەڵام ترسی لە دەستدانی ئەم ژیانەم هەیە. ئاخر ئەو دەیەوێت بمبینێت. گەر بەم حاڵەی ئێستامەوە بمبینێت، هەم ئەو و هەم گشت ژیانی خۆیشم لە دەست دەدەم.

دۆشداماوم، بەو ترسەوە ئازار دەچێژم. چۆن بتوانم لە ئێستای ئەو و خۆیشم هەڵبێم؟

چ کارێک بکەم؟

٭ ٭ ٭

هەست بە ئازار و دۆشدامانت دەکەم. وا دەزانم چیرۆکێکی یۆنانی کۆنم لە بەردەستە، نەک تەنها پێوەندییەکی سادە بە مۆبایل بکرێت. چیرۆکێک گەورەتر لە بیری من.

باشترین کارێک مانەوەی ئەم پێوەندییەتانە بەم شێوەی ئێستا هەیە. تا ئەو کاتەی بە تەواوی چاک دەبیتەوە.

دەتوانی وەکوو شەهرزاد، چۆن هەر شەوێک چیرۆکێکی بۆ شەهریار دەخوێندەوە، هەمان چیرۆک دووبارە بکەیتەوە. شەو لە دوای شەو بەم شێوە مژووڵی بکەیت، تا دوای هەزارویەک شەو دڵی بە دەست دەهێنی.



تاگەکان    
شیرک نوێژ فەرهەنگ سایکس-بیکۆ زانکۆ مۆدێرنیتە ئایین دەربارەی کتێب گفتوگۆ شەڕ ئیلحاد کونە ڕەشەکان کۆرۆنا کۆمەڵکوژیی بۆسنە فەلەستین
ئەدەب
2018-03-12 کۆمێنت 2629 جار بینراوە
بابەتی زیاتر
سەرجەم مافەکانی پارێزراوە بۆ وارگەی هاوسانی . Copyright 2024 - hawsani.org © Developed by Kurdsoft
×
هاوسانی