بەجێماو

ئەدەب 2018-03-18 کۆمێنت 1375 جار بینراوە

نووسینی: عەباس مەعرووفی

وەرگێڕانی: یەحیا خەلیل

بێگانەیەک، بە تەنیشتی باژێڕێکەوە تێدەپەڕی. لە سەر تەپۆڵکەیەکی سەربڵندی دڵگرتەی ئەو شارۆچکەیە لێی دانیشت، سفرەی ڕاخست تا نان بخوات. زۆری برسی بوو و نانی سەر سفرەیش بەشی پێویستی پێشان نەدەدا، سەیری دووکەڵکێشەکانی دەکرد و ئاخی هەڵدەکێشا. هەر لەو کاتەدا، زەویلەرزەیەک بە گوڕی هەشت پۆینت هەشتی پلەی ڕێختەر، باژێڕی وە جووڵە و هەژان خست و دواتریش سووتان و وێرانیی بە دووی خۆیدا هێنا. ئەو بە ئارامی و پشوودرێژییەوە چاوی لێ دەکرد. سەعاتێک پاشتر و کاتێک دڵنیا بووەوە هیچ گیاندارێک بە زیندوویی نەماوەتەوە، ڕووەو شارۆچکەی نەماو کەوتە ڕێ. هێندێک وەرسووڕا و، بان و خواری باژێڕی هەڵسەنگاند و پاشان لەسەر ڕووی دیواری باخ و خانوویێکی گەورە کە چەشنی شاری (لووط) ژێرەوژوور بووبوو، لە نێو خۆڵەکەدا دانیشت. سەر و ڕووی ئاڵۆسکاند و خۆی لەگەڵ خاکەکەدا ئاوێزان کرد. پاشنیوەڕۆ، وەختێک تیمی هاریکاری گەییشتن، بەرەو لای ڕۆییشتن و لاواندیانەوە و لە هامێزیان گرت. ئەو بە گریانەوە هاواری دەکرد: (ماڵم سووتا، مەڕەکانم مردن، بێچارە بووم ...!) ئەوانیش گوتیان: (نیگەران مەبە، خانووت دیسانەوە بۆ چێ دەکەین، مەڕوماڵاتت لەبۆ دێنین، باخیشت بۆ ئاوەدان دەکەینەوە، بەو پێیەی تۆ تاقه بەجێماوی ئەم شارۆچکەیەی.)

تاگەکان    
چەواشەکاریی لۆژیکی لۆجیک ئاوی زەمزەم کۆرۆرنا مانا ئیلحاد جەنگی هۆشیاری گەڕان فیلم ژیانی پێغەمبەر گۆرانی مێژوو نیشتیمان سۆفیگەری کۆرۆنا
ئەدەب
2018-03-18 کۆمێنت 1375 جار بینراوە
بابەتی زیاتر
سەرجەم مافەکانی پارێزراوە بۆ وارگەی هاوسانی . Copyright 2024 - hawsani.org © Developed by Kurdsoft
×
هاوسانی