کاتێک خۆپیشاندانەکان گەیشتن بە بنبەست، ماندێلا پەناى بۆ چی برد؟

فیکر 2018-03-26 کۆمێنت 1161 جار بینراوە

نووسینی: عه‌لى نادر

ئەگەر فلاشباکێک بە مێژووى چەند سەد ساڵى شۆڕشە سەرکەوتووەکانى نەتەوە ژێر دەستەکاندا بکەین، دەبینین زۆر سەرکردەى مەزن هەبوون نەتەوە چەوساوەکانیان لەژێر چەپۆکى داگیرکەران و دیکتاتۆرە نێوخۆییەکان دەرهێناون.

هەر لە سیمۆن بۆلیڤارەوە بۆ مارتن لۆسەر، غاندی، ماندێلا، و گیڤارا هەموویان زەمەنێکى خەبات و بەرخۆدانیان بە زۆر شێوازى جیا تاقی کردۆتەوە پێش ئەوەى نەهامەتییەکانیان بۆ ئومێد گۆڕیبن و تاوێک لەسایەى ئازادیدا وەنەوزیان دابێت. وەنەبێت لەسەرەمى شۆڕشدا هەموو ئەو ڕێگایانەى پێدا گوزەریان کردوون خوازراو بووبن، زۆرجار بۆ گەیشتن بە ئامانج دیاردەى دزێو و نەخوازراویش تاقی کراوەنەتەوە.
یەکێک لەو سەرکردانەى کە لە سەردەمێکدا چەرخى ڕۆژگار لە هەمبەریدا چەپ گەڕاوە و مێژووى دزێوى ئەپارتاید تا کەنارى مەرگی برد نیڵسۆن ماندێلا بوو. خەباتى وى تەنها بەرخۆدان نەبوو لە دژى سیتسەمە تۆتالیتارییەکەى ئەفریقاى باشوور، ئەو لەدژى نادادیى کۆمەڵایەتى و جیاوازیى نەژادى ڕۆژگارێکى ڕەشى لەنێو زیندانە تاقەتپڕوکێنەکانى ئەفریقاى باشووردا تەى کرد.  

باوەڕبوون بە خۆپیشاندان جۆرێک لە خەباتى ناتوندوتیژی بوو کە ماندێلا لەتافی لاوێتیدا پەناى بۆ دەبرد. دواى ئەوەى لە یەکەم ڕۆژى نەورۆزى ساڵى 1960دا کۆمەڵکوژیى شارپڤێلی ڕووی دا، بەتەواوى ماندێلا بیرى خەبات و بەرخۆدانى گۆڕى و پەناى بۆ جۆرێکى تر لە بەرنگاربوونەوە لە دژى ئەپارتاید برد. هەڵبەت کۆمەڵکوژیى شارپڤێلی خۆپیشاندانى ڕەشپێستەکانى لایەنگرى ماندێلا بوو بۆ بەگژاچوونەوەى ڕەگەزپەرستى، بەڵام وەڵامى دەسەڵاتە پۆلیسییەکەى ئەفریقاى باشوور کوشتنى زیاتر لە 69 کەس و بریندارکردنى سەدان کەسی تر بوو.
ئیدى ئەو ڕۆژە بوو بە خاڵێکى وەرچەخان بۆ ماندێلا و سەرانى ئەنجوومەنى نیشتمانیى ئەفریقا (ANC) ، ئەوان پێشتر باوەڕیان بە خەباتى ناتوندوتیژی هەبوو لە ئەفریقاى باشووردا، بەڵام مەترسییەکانى ئەم ڕووداوە هەموو هیواکانى لەگۆڕ نان، تا ئەوە بوو ماندێلا لە چاوپێکەوتنێکى ئەو کاتەدا وتی: ئەگەر کاردانەوەکانى دەسەڵات لەبەرامبەر خەباتى ئاشتیانەماندا تەنها چەک و گوللە بن، ئەوا دەبێت ئێمەیش بە تاکتیک و ڕێگەچارەکانماندا بچینەوە.

پێشتر غاندى لە وەدەرنانى ئینگلیزدا لە هندستان بەرهەمی خەباتى ئاشتیانەی دروێنە کردبوو، لە هەمان کاتیشدا مارتن لۆسەر لە بەشی باشوورى ویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا توانیبووی تەخت و تاجى ڕەگەزپەرستى بهەژێنێت و ئازادى بۆ ڕەشپێیستەکان دەستەبەر بکات. بەڵام ئینگلیز و ئەمریکایش، ئەو دوو وڵاتەى غاندى و لۆسەر خەباتیان لەدژ دەکرن، سەرزەمینێک بوون کە یاسا تێیاندا هەبوو و مافی تاکیش دەستەبەر دەکرا. ئەمە لە کاتێکدا ئەفریقاى باشوور لانکەى چەوساندنەوە بوو، جگە لەوەیش سپیپێستەکان تەنها باوەڕیان بە مرۆڤبوونى خۆیان هەبوو، لە دیدى ئەواندا ڕەشپێستەکان جگە لە کۆیلایەتى و بەکاربردن هیچ مافێکى تریان نەبوو. هەر ئەمەش واى لە ماندیلا کرد بۆ وەرگرتنى دەسەڵات پەنا بۆ بەکارهێنانى هێز ببات.
ماندێلا و سەرانى ئەنجوومەنى نیشتمانیى ئەفریقا تیرۆریست نەبوون، ڕژانى خوێنى هاوڵاتیانیش لاى ئەوان هێڵی سوور بوو، پێکەوە بیریان لەوەیش کردەوە هەڵگیرسانى جەنگی نێوخۆیی، کە لە ڕێى تاکتیکى گەریلاییەوە بێت، وڵات تا کەنارى مەرگ دەبات و دەبێتە ڕێگرییەک بۆ دروستکردنى ئاشتەواییی نیشتمانى لە داهاتوودا.
ئەو ڕێگەچارەیەى لە کۆتاییدا پێی گەیشتن تێکدانى ئەو سەرچاوانە بوو کە داهاتى دەوڵەتى دەستەبەر دەکرد، بە وردى پلانیان بۆ تێکدانى سەرچاوە پیشەسازییەکانى دەوڵەت داڕێژا، چونکە قووت و سەرچاوەى داهاتى دەوڵەتى ئەفریقاى باشوور تاڕادەیەکى زۆر لەسەر سەرچاوە پیشەسازییەکان بوو.

ئەوە بوو ماندێلا و هاوڕێکانى ڕێکخراوێکى نهێنییان بەنێوى ڕمى گەل "Spear of the Nation"ەوە دامەزراند. مەبەست لەم ڕێکخراوەیش بە ئامانجکردن و تەقاندنەوەى زۆرینەى ئەو سەرچاوانە بوو کە داهاتى دەوڵەتى ڕەگەزپەرستى ئەفریقاى باشوورى دەستەبەر دەکرد. ماندێلا ئەوەیشی ڕوون کردەوە کە دەبێت ئەو پێگانە تەنها لەو کاتانەدا بکرێنە ئامانج کە چۆڵ بن و نابێت هیچ کەسێک لەو نێوەندەدا بکرێتە قوربانى.

سەرچاوە: بەشێک لە زانیارییەکان لە کتێبی ( ماندێلا، خەبات دژى ئاپارتایت)ەوە وەرگیراوە.


تاگەکان    
کۆرۆرنا ڕۆژاوا گەڕان قودس تەنیایی جوانی ستەم زانایان جەنگی هۆشیاری نامە فێمینیزم دەروونی کتێب هاوڕەگەزخوازی حزبی ئیسلامی
فیکر
2018-03-26 کۆمێنت 1161 جار بینراوە
بابەتی زیاتر
سەرجەم مافەکانی پارێزراوە بۆ وارگەی هاوسانی . Copyright 2024 - hawsani.org © Developed by Kurdsoft
×
هاوسانی