مۆسیقا، خودی شادی یان قەرزاری یادگە؟

ئەدەب 2018-03-28 کۆمێنت 1643 جار بینراوە

نووسینی: عەلی قوبادی

  وه‌ک ده‌وترێت مۆسیقا کاریگه‌ری به‌سه‌ر گوێگره‌وه‌ هه‌یه‌، ئیتر چ به‌ شێوه‌یه‌کی ئه‌رێنی، یان نه‌رێنی بێت. گاهێ سیفەتی ئافرەت وەردەگرێت و، مامه‌ڵه‌ی نه‌رمه‌ و، گوێگر ده‌بات به‌ره‌و ده‌شت و دێ، گاهێ وای لێ ده‌کات فریشته‌ ئاسا به‌سه‌ر هه‌وره‌کانه‌وه‌ بفڕێت. که‌چی هه‌ر مۆسیقاشه سیفەتی پیاوانە وەر‌دەگرێت،‌ کۆڵی خه‌م و خه‌فه‌ت به‌سه‌ر گوێگرا ده‌دات. وای لێ ده‌کات هه‌ست به‌ تاوان بکات و بگری، جاری واش هه‌یه‌ ناچاری ده‌کات تاوان ئه‌نجام بدات. هه‌ڵه‌ش ناکه‌ین بڵێین؛ ئه‌گه‌ر مۆسیقاکه‌ له‌ شوێن، کات و ڕۆژی خۆی بوو، گوێگر به‌زۆر ده‌باته‌ سه‌ر پردێک و کۆتایی به‌ ژیانی ده‌هێنێت. ئەوە هەر مۆسیقایە وا لە بینەری فیلمی سینەمایی دەکات بە جۆش و خرۆشەوە تەماشای فیلمەکە بکات و، هەست بکات ڕووداوەکان ڕەنگدانەوەی ژیانی وین، ئاخر فیلمی سینەمایی بێ مۆسیقا، پێیەکی لەنگە و دەشەڵێت! هەر بۆیە لە فیستیڤاڵە جیهانییەکانی تایبەت بە فیلم، وەک چۆن باشترین فیلم و باشترین ئەکتەر دیاری دەکرێن، هەرواش باشترین مۆسیقای فیلم دیاری دەکرێت، چونکە شکۆی مۆسیقایان بۆ دەرکەوتووە. ساڵی پار لە یەکێک لە وڵاتانی ئەورووپا، جوتیارێک لەناو باخه‌ گێلاسەکەیدا، چەندین ئامێری دەنگبەرزکەرەوەی دانابوون و، پیانۆی خستبوونە سەر، بەڵکو گێلاسەکان وزەیەکی زیاتریان چنگ بکەوێت و، بەرهەمی زیاتر بەدەستەوە بدەن، دواتریش ئەنجامەکان دڵخۆشکەر بوون و، گێلاسەکان بەرهەمێکی زیاتریان هەبوو وەک لە پێشووتر.

 
مۆسیقا هەستی داهێنەرانە لەکن مرۆڤ چێ دەکات، ئەوە نییە ئەو منداڵەی لە سەرەتای تەمەنییەوە سەرقاڵی فێربوونی ئامێرێکی مۆسیقییە، چاوکراوەتر و ژیرترە لەچاو هاوتەمەنانی خۆی! هومایۆن شەجەریان کوڕی شەجەریانی قوڕگ زێڕین، لە چاوپێکەوتنێکی ئەم دواییانەیدا دەڵێت: هەر لە منداڵییەوە فێری ژەندنی چەند ئامێرێک بووم، سەنتوریش یەکێک بوو لەو ئامێرانەی هەروەکو حەزێکی خۆم فێربووم، ئەرکێک نەبوو پێم درابێت. ئێستاش ئەو هومایۆنە ئەبینین کێیە و کارەکانی چەند ناوازەن. پرسیاره‌که‌ لێره‌دا ئه‌وه‌یه‌؛ ئایا ئه‌و مۆسیقایانه‌ خۆیان هۆکاری شادی و دڵخۆشیین، یان سوود له‌ یادگه‌ی مرۆڤ وه‌رده‌گرن و، شادی و دڵخۆشییه‌کانی ڕابردووی پیشان ده‌ده‌نه‌وه‌؟ ئه‌وه‌ مۆسیقایه‌ وامان لێ ده‌کات هه‌ست به‌ غوربه‌ت بکه‌ین یان دیسانه‌وه‌ داوای یارمه‌تی له‌ یادگه‌ ده‌کات؟ خودی مۆسیقاکەیە هەستەکانمان بۆ دروست دەکات، یان تەنها جوڵێنەری هەستەکانمانه‌؟

تاگەکان    
وەلی ئەمر ئیسرائیل بووژانەوە چەواشەکاریی لۆژیکی ئیلحاد تەنیایی نیشتیمان حەوتەمین کۆڕبەندی هاوسانی ڕانانی کتێب کۆیلایەتی #پیری دوعا کونە ڕەشەکان سەرفیترە كتێب
ئەدەب
2018-03-28 کۆمێنت 1643 جار بینراوە
بابەتی زیاتر
سەرجەم مافەکانی پارێزراوە بۆ وارگەی هاوسانی . Copyright 2024 - hawsani.org © Developed by Kurdsoft
×
هاوسانی