سەرتر لە نەبوونی ئەو

ئەدەب 2018-03-31 کۆمێنت 2999 جار بینراوە

لە فارسییەوە: یەحیا خەلیل

سەرتر لە نەبوونی ئەو...  دەیگوت، "سو" وشەیەکی فەڕەنسایییە. یانێ "بانتر لە شتێکەوەبوون"، "سەرتر لە شتێک"، بۆ وێنە لە کن فەڕەنسایییەکان بە "بانتر لە ڕاستی"، دەبێژن "سوغیالیزم"... لە لای ئینگلیزانیش بە "سوریالیزم" نێوی ڕۆییشتووە و، ئێمەیش هەمان وشەی بێگانەی نێزیک، "سوریالیزم" بەکار دەبەین. هەموو شتێک باش بوو... سەرتر لە باش، سەرتر لە باش بە فەڕەنسایی چی پێ دەڵێن؟ دەزانێت؟ دەزانێت... نێوی ڕابوردووی ئێمە دەزانێت. هەموو شتێک بانتر لە باش بوو، نا... گشت شتان بانتر لە خەون بوون... بەیانییان بە بۆنی نانی تازەدەمی سەنگەک لە خەوێ بێدار دەبوومەوە و، شەوانیش بە ماچگەلی لێوان لە ڤینی دەچوومە خەوێ... ئێوارانیش بە سپاردنی گوێی گیان بە پیانۆ و ئاوازی دڵنشینی، ڕۆژم لێ دەڕۆیی... هەمان کات کە نیوەڕوویم دەبینی و بەبێ ترس نیگام لە نیوەڕوویدا تۆق کردبوو، هەڵبەت ئەو وەک ئەوەی نۆڕینی شەیدا و فریودەری منی نەدەبینی و دەیخوێند و دەیژەنی و دەیژەنی و بەسەر دڵی منەوە دەیڕەتاند و دەیڕەتاند و ڕەتاندی... پەنجەیلی کێشیاو و دەستانی گەورەی کە وەسەر دوگمەگەلی درێژی سپیی دەنگدارەوە _کە هیچ کات نێویانم نەزانی و هیچ تەمایەکی زانینیشیانم نییە_، دەکێشا و بە جووڵانەوە هێمن و نازەنینەکانی گیانی و چاوە نووقیاوەکانی تێ دەگەییشتم، باش لە ناو هەستێکدایە کە بۆ لای من بیژەنێ و من لە ناو ئەوان عەسرانەی بۆنی قاوەی تاڵدا، سەرنگوون بکا! ڕۆژانێک کە ئەو قاوەی تاڵی بۆ ئێوارانی شیرینمان چێ دەکرد و من وام بیر دەکردەوە گەر ژاریشم پێ بدا لە دەستانی ئەودا دڵخواز و شیرینە... لە درەنگانە هەینییەکدا، لە بوومەلێڵی ئەو هەینییەدا کە ئەو لە ماڵ نەبوو و تەواوی دڵم، ناڵەدڵیی دەخواست لە نەبوونی، بۆ خواستنی، پێیم گوت، ئێوارانی هەینییان، یا ڕەنگە ئێوارە_هەینییانێک کە تۆ نەبیت، یاخۆ ئەسڵەن ڕۆژانێک کە تۆ نەبیت، دونیا ڕەشە! دونیا بۆنی سەگی تۆپیوی لێ دێت... خانە دەبێتە خەمخانە و بۆ گیانی دەردەدارم، غار دەدا... هیچی نەگوت! تەنیا لەوەودوا هەر ئێوارانێکی هەینییان منی بۆ کافێ دەبرد، پەشمەکی پەمەیی و گەنمەشامیی مەکسیکی بۆ دەسەندم... دەستانمی توند دەگرت و لە ناو مەیدانی وەنەک و کتێبفرۆشییەکانی ئینقیلاب و پارکی دانشجو و پشتی کۆڵانانی تاریک و سەوزی نیاوەران دەخەنینەوە... نییە، ئێستا نییە... یانێ هەبوو، وەلێ نووکە نییە... ئێستا، سبیانان یەکێک بە بۆنی نانی تازەدەمی سەنگەک دەهێنێتە خەوەر، شەوانیش بە ماچی شەوباش دەیسپێرێته خەو... عەسرانیش بۆی دەژەنێت و نیوەڕووی، دڵی یاری دەبات و قاوەی تاڵی بۆ دروست دەکات و، ئێوارانی هەینییانیشی بۆ دەکاتە بەهەشت... هەموو شتێک بە خاتری دڵی دڵداری بانتر لە باش دەکات و، من تیاماوم تا بزانم فەڕەنسایییەکان بە "سەرتر لە نەبوونی ئەو" چی دەڵێن؟ هەنووکە دونیا نووتەکە! بۆی سەگی تۆپیوی لێ دێت... وەک ئێوارەی ئەو هەینییەی کە نەبوو...


تاگەکان    
شیعر ستەم خاڵبەندی ئاوی زەمزەم ڕەخنە ئەدەبیاتی فارسی کۆیلایەتی ئازادی بوومەلەرزە خێوەتگە تەوبە عێڕاق بووژانەوە شەڕ ڕۆژاوا
ئەدەب
2018-03-31 کۆمێنت 2999 جار بینراوە
بابەتی زیاتر
سەرجەم مافەکانی پارێزراوە بۆ وارگەی هاوسانی . Copyright 2024 - hawsani.org © Developed by Kurdsoft
×
هاوسانی