مرۆڤ به‌ چی ده‌ژێت؟

ئەدەب 2018-04-08 کۆمێنت 1301 جار بینراوە

نووسینی: ئاكام ئاكامی

چیرۆكێك لێوان لێو له‌ سەرگوزەشتەی سەرنجڕاکێش، ناوەڕۆکێکی تژی لە مانا و پەند، چێژبه‌خش له‌ په‌یڤه‌كانی، فه‌لسه‌فی له‌ تێڕامان و فکردا، ورد له‌ شرۆڤه‌كردندا، پاشان خستنه‌ڕووی سێ ڕاستیی په‌نهانیی به‌هادار له‌سه‌ر ژیانی مرۆڤ کە به‌ ئه‌زموون نه‌خێشنراوە. له‌ كاتی خوێندنه‌وه‌ی چیرۆكی دڵخڕۆشێنه‌ری (مرۆڤ به‌ چی ده‌ژێت) له ‌نووسینی (لیۆ تۆڵستۆی) نووسه‌ری هه‌ره‌ گه‌وره‌ و ناودار و مرۆڤدۆستی ڕووسی، موچڕکێکی توند بە بیرمدا ھات، شەپۆلێک لە تەزوو ھەستی بزواندم.

چیرۆكه‌كه‌ باس لە فریشتەیەک دەکات به ‌ناوی (مایكڵ) کە سه‌رپێچیی له‌ فه‌رمانێكی خودا كردووه‌. خودایش سزای دەدات‌ به‌وه‌ی له‌ به‌هه‌شت دەری دەکات و ده‌ینێرێته‌ سه‌ر زه‌وی. ده‌یكاته‌ شێوه‌ی مرۆڤ و باڵه‌كانی لێ ده‌كاته‌وه‌، به‌ڵام له‌ ناواخن و ده‌روون و بیركردنه‌وه‌یدا مایکڵ ھێشتا فریشته‌یه‌. خودا بە مایکڵ ڕاده‌گه‌یه‌نێت كه‌ پێویسته‌ وه‌ڵامی سێ ڕاستی بزانێت ده‌رباره‌ی مرۆڤ، ئه‌و كات لێی خۆش ده‌بێت و ده‌یگه‌ڕێنێته‌وه‌ شێوه‌ی فریشته‌یی خۆی.

پێشتر سه‌رپێچییەکەی مایكڵی فریشته‌ له‌ فه‌رمانه‌كه‌ی خودا له‌وه‌دا خۆی دەبینییەوە‌ كه‌ خودای گه‌وره‌ فه‌رمانی پێ ده‌كات ڕووحی بێوه‌ژنێكی ته‌نها بکێشێت کە خاوه‌نی دوو كچی كۆرپه‌له‌ی شیرەخۆرەیە کە گاڵوكێ ده‌كه‌ن، لە کاتێکدا پێش ڕۆژێك ڕووحی باوکیشی كێشاون! كاتێك ئه‌و ئافره‌ته‌ فریشتەکە ده‌بینێ ده‌زانێ هاتووه‌ بۆ ڕووح كێشانی، ئافرەتەکە ده‌ڵێ "ئاه مه‌لایكه‌تی خودا!"  ده‌ست ده‌كات به‌ پاڕانه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی ڕووحی نه‌كێشێت. به‌ قوڵپی گریانه‌وه‌ ده‌ڵێ "نه‌ پیاو، نه‌ خوشك ، نه ‌دایك، نه‌ كه‌سم هه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ی چاوی له‌م دوو كچه‌ هه‌تیووەمەوە بێت لە دوای خۆم. بۆیه‌ لێم گه‌ڕێ ئه‌م دوو كچه‌م به‌خێو بكه‌م و شیریان پێ بده‌م و گه‌وره‌یان بكه‌م تاكو ئه‌وه‌ی بكه‌ونه‌ سه‌ر پێی خۆیان، چونكه‌ مناڵ لەم تەمەنەدا بێ دایك و باوك  ده‌مرێت." لێره‌دا ئه‌م دایكه‌ به‌و په‌یڤه‌ كاریگه‌ره‌ هه‌ست بزوێنانه‌ مایكڵی فریشته قایل ده‌كات و دڵی نه‌رم ده‌بێ، ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ لای خودا و ده‌ڵێ "من نه‌متوانی ڕووحی بكێشم لە کاتێکدا ئه‌وه‌ بارودۆخێتی." بۆیه‌ خودا دووباره‌ فه‌رمانی پێ ده‌كاته‌وه‌ كه‌ بڕۆ ڕووحی بكێشه‌ و سێ ڕاستی فێربه‌: یه‌كه‌م مرۆڤ لە ناواخنیدا چیی پێ به‌خشراوه‌؟ دووه‌م مرۆڤ چی پێ نه‌دراوه‌ ؟ سێیه‌میش مرۆڤ به‌چی ئه‌ژێت؟

مایكڵی فریشه له ‌به‌هه‌شت ده‌رده‌كرێت، ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ سه‌ر زه‌وی و ڕووحی ئه‌م دایكه‌ ڕاده‌كێشێ. له‌كاتی به‌رزكردنه‌وه‌ی ڕووحه‌كه‌ بۆئاسمان، ناتوانێ بفڕێت و با هه‌ڵده‌كات و باڵه‌كانی لێ ده‌بنه‌وه‌ . له‌پاشان ده‌كه‌وێته‌ سه‌ر ڕێگایه‌ك، له‌شه‌وێكی ئێجگار سارددا مایكڵی فریشه‌ خۆی ئه‌بینێته‌وه‌ له‌ ناو به‌فری سارد و بای تیژدا به‌ ڕووتی له‌ شێوه‌ی مرۆڤێكدا. نه‌ جلی له‌به‌ردایە، نه‌ جێگای هه‌یه‌، نه‌ نانی ده‌ست ده‌كه‌وێت تاکو بیخوات، نه‌ كه‌س ده‌ناسێت، نه‌ ڕێگایه‌ك شاره‌زایه‌، به‌ ته‌نها ماوه‌ته‌وه‌. له‌م سه‌روبه‌نده‌دا سیمۆنی وەستای پێڵاو، کە زۆر میهره‌بان و به‌سۆزە، مایكڵی فریشته‌ ده‌بینێته‌وه‌ و ده‌بێته‌ هاوكاری . سیمۆن سه‌ره‌ڕای ده‌ستكورتی و كه‌مده‌رامه‌تی ، گرفتی کەمیی جل و نان، مایکڵی فریشتە له‌گه‌ڵ خۆیدا ده‌باته‌ ماڵه‌وه‌. جلی پێده‌دات و لە کن خۆی جێی ده‌كاته‌وه‌، گه‌رمی ده‌كاته‌وه‌ و نانی ده‌داتێ ، خۆی و خێزانی پێ ده‌ناسێنێت. ده‌یخاته‌ سه‌ر كار لە لای خۆی پێكه‌وه‌ كاری پێڵاودروستكردن ده‌كه‌ن. ئێجگار به‌سۆز و میهره‌بان ده‌بێت له‌ گه‌ڵیدا. لێره‌دا مایكڵی فریشته‌ وه‌ڵامی یه‌كه‌مین ڕاستیی ده‌ست ده‌كه‌وێت، مرۆڤ لە ناواخندا چیی پێ بەخشراوە‌؟ بۆی ده‌رده‌كه‌وێت خۆشه‌ویستیی كه‌سانی تره‌ كه‌ به‌ مرۆڤ به‌خشراوه‌ و له‌ناو مرۆڤدایه‌. ئای خودایه‌ بیربكه‌ینه‌وه‌ بۆ چه‌ند چركه‌یه‌ك كه‌ بێ خۆشه‌ویستی ژیانمان چی لێ دێ ؟ ئایا جیاوازیمان چی بێت له‌ گه‌ڵ دڕنده‌دا بێ خۆشه‌ویستی؟ تۆبڵی بتوانین بێ خۆشه‌ویستی بژین؟

دوای ماوه‌یه‌ك مایكڵی فریشته‌ گیرۆده‌ی پیاوێك ده‌بێت له‌ ڕاده‌به‌ده‌ر خۆ به ‌گه‌وره‌زان و ده‌وڵه‌مه‌ندە ، ده‌ست ڕۆیشتوو و لەخۆبایی، زیاده‌ڕۆ و توندڕه‌و. ئه‌م پیاوه‌ دێته‌ لای ماڵی سیمۆن بۆ دروستكردنی پووتێك به‌ پێستێك له‌گه‌ڵ خۆی هێناوێتی، پێستەکە ھێندە گران بەها و ڕازاوه‌ و چاكه کە لەوە و پێشدا پێستی وەھا نەبینراوە.‌ دوای ئه‌م ئاخاوتنه‌ له‌سه‌ر چۆنێتی شێوه‌ی  دروستكردنی پووته‌كه‌ به‌ هه‌ڕه‌شه‌وه‌ مه‌رجیان بۆ داده‌نات ده‌بێت بۆ ماوه‌ی ساڵێك ئه‌و پووته‌ به‌رگه‌ بگرێت ئه‌گه‌ر نا ئه‌وا سیمۆن و مایكڵی فریشته‌یش ئه‌خاته‌ زیندانه‌وه‌. پیاوی له‌ خۆبایی به‌هه‌ڕه‌شه‌كردنەوە ڕۆیشت، ئه‌مانیش سه‌ریان خسته‌ سه‌ر پێستی ئازیزی گران به‌ها بۆ دروستكردنی پووتێك بۆ ماوه‌ی ساڵێك به‌رگه‌ بگرێت. له‌ ڕۆژی دواتر خزمه‌تكاری پیاوی ده‌وڵه‌مه‌ندی له‌ خۆبایی هاته‌وه‌ بۆ ماڵی سیمۆن و پێی ڕاگه‌یاندن كه‌ خێزانی گه‌وره‌كه‌ی فه‌رمانی كردووه‌ با پووته‌كه‌ دروست نه‌كه‌ن به‌و شێوه‌ی بڕیاردراوه‌. به‌ڵكو ئه‌و پێسته‌ بكه‌نه‌ جوتێك پاپوج بۆ له‌پێكردنی لاشه‌كه‌! خودایه‌ ئه‌وه‌ چی ده‌گوزه‌رێ! ئه‌و پیاوه‌ی دوێنێ هه‌ڕه‌شه‌ی ئه‌كرد و په‌نجه‌ی باده‌دا. به‌ له‌خۆباییبوونه‌وه‌ ده‌هات و ده‌ڕۆیشت، به‌خۆیه‌وه‌ ئه‌نازی و خۆی دانابوو بۆ ساڵێك کەچی ئێستا مردووه‌ و نه‌گه‌یشت به‌ پووته‌كه‌یشی تاکو له‌ پێی بكات. هه‌موو ژیانی ئه‌م مرۆڤه‌ به‌های جووتێك پێلاویشی نه‌بوو؟!

لێره‌دا مایكڵی فریشته‌ وه‌ڵامی دووه‌مین ڕاستیی ده‌ست ده‌كه‌وێت كه‌ مرۆڤ چی پێ نه‌دراوه‌؟ فێربوو ئه‌وه‌ی به‌ مرۆڤ نه‌دراوه‌ زانین و ئاگای دیاریكردنە له‌ ئامانج و پێویستییه‌كانی له‌ ژیاندا. به‌و مانایه‌ی زۆربه‌ی زۆری مرۆڤه‌كان ئاگایان له‌ پێویستییە‌كانی خۆیان و ژیان نیه‌ ، هۆشیار نین له‌مه‌ڕ ئامانجه‌كانیان، ژیان لای هه‌ر تاكێك به‌ جۆرێكه‌ ، لای كه‌سێك هه‌موو ژیان بریتییە‌ له‌ پاره‌ و سامان. لای یه‌كێكی تر ئامانجی ژیان ده‌سه‌ڵاتگرتنه‌ ده‌سته‌ ، لای مرۆڤێكی دی ئامانجی ژیان ناوبانگ په‌یداكردنه‌، لای یه‌كێكی تر ئامانجی ژیان پله‌ و پایه‌یه‌، كه‌چی بێئاگا له‌وه‌ی ئه‌مانه‌ ئامانجی ژیان نین چونكه‌ هه‌مووی له‌ده‌ست ده‌ده‌ن له‌ چاو ترووکاندنێکدا هه‌روه‌كو ئه‌و پیاوه‌ی كاتێك ساتی مردنی هات فریای له‌ پێ كردی جووته‌ پێڵاوه‌كه‌یشی نه‌كه‌وت.

پاش 6 ساڵ ژیان به‌سه‌ربردن له‌گه‌ڵ (سیمۆن) و خێزانه‌كه‌یدا، مایكڵی فریشته‌ وه‌ڵامی سێیه‌مین ڕاستیی ده‌ستده‌كه‌وێت كه‌ مرۆڤ بە چی ده‌ژێت؟ مایكڵی فریشته‌ فێرده‌بێت ئه‌وه‌ی مرۆڤ پێی ده‌ژێت به‌خشنده‌یی و میهره‌بانی و هاوكاریكردنی مرۆڤه‌كانه‌. ڕووده‌كاته‌ سیمۆن و خێزانه‌کە و ده‌ڵێت: به‌ڵێ ئه‌وه‌ من بووم ڕووت بووم ، له‌سه‌ر ڕێگا به‌ ته‌نها و بێجێگا بووم ، بێكه‌س و بێنان بووم ، بێكار و بێهاوكار بووم ، سه‌رما بوون ، برسێتی، ھەموو ئەمانەم ھەست پێکرد.  تاكو نه‌بوومه‌ مرۆڤ نه‌مدەزانی  سەرما و برسێتی چییه‌. بێئاگابووم له‌ پێویستییه‌كانی مرۆڤ. تاكو خودا پیاوێكی بۆ ناردم ، سه‌ره‌ڕای گرفتی خۆی و كه‌مده‌رامه‌تی ، نه‌بوونی و خه‌می نانپه‌یداكردن، هاوكاریی كردم و هێنامی بۆ ماڵەوە و جلی له‌به‌ركردم و گه‌رمی كردمه‌وه‌ و نانی پێدام. گەلێ به‌خشنده‌یی و میهره‌بانیی له‌گه‌ڵم نواند.

دوو منداڵه‌ كچه‌كه‌ كه‌ مایكڵی فریشته‌ رووحی دایكی كێشان و له‌باوه‌شی كه‌وتنه‌ خواره‌وه‌. بڕوای كرد و قایل بوو به‌ دایكه‌كه‌ كه‌ منداڵ بێ دایك و باوك ناكرێت و ناژین. دوای ڕووحكێشانی دایكیان خودا ئافره‌تێكی بێگانه‌ی بۆیان نازڵ كردوون‌ ، ئاگای لێیان بووه‌  و به‌خێوی كردوون ، نازی پێداون و گه‌وره‌ی كردوون ، خۆشیانی ویستووه‌ و به‌خشده‌یی و میهره‌بانیی له‌گه‌ڵیان نواندووه‌ ، هاوكاریی كردوون و چاوی لێیان بووه‌. بۆیه‌ لێره‌دا فێر بوو ئه‌وه‌ی به‌ها به‌ ژیانی مرۆڤ ده‌دات هاوكاری و خۆشه‌ویستیی مرۆڤه‌كانه‌ بۆ یه‌كدی و، به‌خشنده‌یی و میهره‌بانینواندنیانه‌ به‌رانبه‌ر یه‌كتری.

له‌ كۆتاییدا دوای ئاشكرابوونی په‌نهانیی ئه‌و سێ ڕاستییه‌، فریشته‌كه‌ سوپاسگوزاری خودای ده‌ربڕی و باڵه‌كانی له‌سه‌ر شانی ده‌ركه‌وتن و گه‌ڕایه‌وه‌ نێو به‌هه‌شت.


تاگەکان    
کۆمەڵکوژیی بۆسنە حزبی ئیسلامی ژیانی پێغەمبەر کتێبی هاوسانی زانکۆ نیشتیمان جەنگی هۆشیاری قودس مۆدێرنیتە زانایان زانست کۆمه‌ڵه‌ بەڵگه‌یه‌ک که‌ له‌ شوێنی خۆیاندا نین مانا فەلەستین ئەیاد قنێبی
ئەدەب
2018-04-08 کۆمێنت 1301 جار بینراوە
بابەتی زیاتر
سەرجەم مافەکانی پارێزراوە بۆ وارگەی هاوسانی . Copyright 2024 - hawsani.org © Developed by Kurdsoft
×
هاوسانی