نامەیەک بۆ کچەکەم

ئەدەب 2018-04-13 کۆمێنت 6285 جار بینراوە

ره‌جا نه‌قاش
له‌ عه‌ربییه‌وه‌: دیار به‌رزنجی

لەمیسی کچم کیژێکی پێگەشتووە و ئێستا مامۆستایە لە کۆلێژی ئادابی زانکۆی قاھیرە.
ھەر بۆیە پێویستی بە نامە یاخود ئامۆژگاری لە منەوە نییە، چونکه‌ وا دەزانم کچەکەم لە قۆناغێكدایه‌ كه‌ ده‌توانێ خۆی ژیانی خۆی به‌ڕێوه‌ ببات و، وەکو تر ھێندە پێگەییوە، شەرم دەکەم لەوەی ھەر ئامۆژگارییەکی ئاراستە بکەم. ئەمە جگە لەوەی بۆ خۆم یەکێکم لەوانەی بڕوام بە سوودی ئامۆژگاری نییە.
یەکەم لەبەر ئەوەی دڵنیا نیم ئەو ئامۆژگارییانەی بە خەڵکی دەدەم ھەمیشە ڕاست بن، زۆر جاران لەگەڵ خۆمدا بە قسه‌ دێم دەڵێم کە دەشێت ئامۆژگارییەکانی من ھەڵە بن و لە جێی خۆیدا نەبن. ئەمە وام لێدەکات بە خۆمدا بچمەوە و بپرسم: ئیتر بۆچی ئامۆژگاریی ئەوانی دی بکەم؟ وا دەخوازێ کەسی ئامۆژیار دڵنیا بێت لەوەی ھەر قسەیەک دەیکات ڕاستی پێ دەپێکێ، دەی منیش ھەرگیزا و ھەرگیز وەھا متمانەیەکی زۆر و پڕم بە مۆچیارییەکانی خۆم نییە. ھەر بۆیە ھەمیشە سڵ دەکەمەوە و چەندی بتوانم خۆم لە ئامۆژگاریکردنی ئەوانی دی دەپارێزم .
ئاخر ھەمیشە لەوە دەترسم ئامۆژگارییەکانم بۆ ئەوانی تر دەرئەنجامی باشیان نەبێت و بە ئاقارێکی خراودا بڕۆن، له‌ دواییشدا تووشی پەشیمانییەکی قورس و گرانم بکەن. پەشیمانییش بە لای منەوە، بە تایبەت ھۆکارەکەی خراپەیەک بێ کە ھێنابێتمە ڕێگەی ئەوانی تر، ھەستێکە ھێندەم لەبار قورسە، وەختە زراوم لێی بتۆقێ !
لە دیوی دووەمیشەوە، وەکووتر ژیان فێری کردم ھەرگیز ئامۆژگاری سوود و پەندمان پێنادات، بەڵکو بە دڵنیاییەوە ئەوی سوودمان پێ ده‌گه‌یه‌نێ، تەنھا و تەنھا ئەزموون!
گەر مرۆڤ لە ئیستگەیەکی ژیانیدا، لە جێیەکدا، ئەزموونێک گەستی و، دواتر بە مشتێک لە ھزر و دانایی و پەندەوە لێی دەرباز بوو، ئەو دەم دەبێت بە وانەیەک بۆی و، ھەرگیز لە بیری ناچێتەوە. ئەمەش پێچەوانەی ئەو مۆچیارییانەیە کە تەنھا لە زاری ئەوانی دییەوە ئاراستە دەکرێ، ڕەنگە مرۆڤ لە ھیچ یەک لەو ئامۆژگارییانەوە پەند و وانەی پێویستی چنگ نەکەوێت و، ئەستەمە ئەو ھەموو مۆچیارییانە جێگەی ئەزموونێکی بۆ پڕ بکەنەوە.
کەوایە ھیچێکی وەھا نابینم تا بۆ لەمیسی کچمی بنووسم، ئەوە نەبێت کە بڵێم "خۆشمدەوێی" و ھیوای خۆشبەختی و سەربڵندیت بۆ دەخوازم.
ھەردەم ھەوڵم داوە لەسەر ئەو بنەما چینییە لەتەک لەمیسی کچم-ھەروەھا سەمیحی کوڕم-دا ڕەوتار بکەم کە دەڵێت "لەبری ئەوەی ماسی بە کوڕەکەت بدەی، فێرەی ڕاوی کە." ھەمیشە ئەوپەڕی توانای خۆم وە گڕ خستووە تاکو کچ و کوڕەکەم فێری ڕاوکردن بکەم و دەستم لێ بەرنەداون، وەلێ لێرە بە دواوە گەرەکە بۆ خۆیان و بەبێ من ڕاوی ماسی بکەن .
دەخوازم لە فێرکردنیاندا کەم و کورتیم نەنوواندبێت و ھەڵەی زۆرم تووش نەکردبن.
لە تەھی دڵەوە دەخوازم خودا کاریان ڕاست بھێنێت -بە پیرۆزیی نییەتەکه‌م- و ئەو تۆڕەی ڕاوی پێدەکەن، تۆڕێکی بەختگێڕ و شووم نەبێت و، لەو سەرەوە بە دەستی خاڵی نەگەڕێنەوە.
سەرباری ھەموو ئەوانەی کە وتم، ھێشتا دەمەوێ وا وێنا بکەم کیژێکی چکۆڵانەم ھەیە و ئاتاجی بە ئامۆژگاریی من ھەیە، ھەر دەبێت شتێکی لە بۆ بنووسم... ئێستا دەبێ چ بڵێم؟
کچی خۆم، ئەمەش نامەی منە -لە قوڵایی خەیاڵدانمەوە- بۆ تۆی ئازیزم. ھیچ کاتیش گه‌ره‌نتی ئەوەت بۆ ناکەم وتەکانم ڕێک و بێ کەموکورتی بن .
کچە شیرینەکەم، ئەمەی دەیڵێم، مشتێکە لەو ھەموو قسەیەی ناخم کە وا دەزانم بۆ ژیانێکی پڕ لە ئاسوودەیی و سەرکەوتن پێویستت پێیان دەبێت و دەبنە توێشووی ڕێگەکەت، ئومێدەکەم بە ئامانجەکانت بگەیت و ژیانێکی ڕازاوە بۆ خۆت و ئەوەشی خۆشت دەوێت، وە دەست بھێنیت.

1- ھەرگیز سەرپێچی لە یاساکان مەکە و، بە بچووکترین شێوەش لێیان لامەدە. ھەمیشە لێبڕاوانە دەگەڵ خۆتدا ھەوڵ بدە و خۆت ڕابھێنە لەوەی توخنی یاساخی نەکەوی. تەنانەت لەو دەمەیڕا دیتت ھەلێکت لەپێشە تا سەرپێچییەک بکەیت و ھیچ سزایەکیش لە گۆڕێدا نەبوو، تۆ ھەمتر پابەندی بە یاساوە بکە. چونکو پابەندیی تەواو و بێکەموکوڕی بە یاساوە، بنەوایەکی بنچینەیی یاریدەرە تاکو ھەمیشە پەڕەی ژینت بە سپێتی بمێنێ و، خاڵی بێت لە کێشە و نەھامەتییەکان.

2- ئاگاداربە دەست بۆ ئەنجامدانی ھیچ کارێک نەبەیت تا ئەوەی ورد ورد لێی دەکۆڵییەوە و بۆ خۆت خوێندنەوەی بۆ دەکەیت و بڕوای پێدێنی. زۆرن ئەوانەی خۆیان لەنێو دەردەسەری و کێشەگەلێکی ئاڵکاو و ئاڵۆزدا دیوەتەوە و ھەموو ئەمەش بە ھۆی ئەنجامدانی کارێکەوە بووە کە پێشوەختە لێی نەکۆڵیونەتەوە، یانیش بە باشی ھەڵیان نەسەنگاندووە. لەم کارەشیاندا کوێرانە، تەنێ پشتیان بە متمانەی ئەو کەسانە قایم کردووە کە پێشنیاری ئەو کارانەیان بۆ کردوون.
متمانەیەکی وەھا بە خەڵکی کارێکی تا بێژی گەمژانەیە، ھەتا ئەگەر ئەوانە لە دۆست و کەسانی فرە نێزیکیشت بن.

3- کچی خۆم، من سەروەتێکی وەھام بۆ جێنەھێشتووی بە کەڵکی ئەوە  بێت بە نازی فرە و بێ چەند و چوونەوە دەستی تێ بخه‌ی .
بار و گوزەرانی زۆرینەی خەڵکیش ھەر وایە، دەوڵەمەندەکانی دنیا کەمینەن و، ئێمەیش کە لەسەر ھەوڵ و کاری بەردەواممان بە پێوەین، لە زۆرینەین. لێرەکانەدا بە تۆ دەڵێم: گەرەکە ڕێزی ھەر (ملیم)ێک بگری کە وا لەنێو دەستانتدایە. وەھا خۆ ڕابێنە کە خەرجییەکانت زێتر بۆ پێویستییە سەرەکی و گرنگەکانت بن، ھەرچی جوانکاری و شتە لاوەکی و زیادەکانە،  گەر کرا بە کەمێک ئارامگری و لەخۆبوونەوە خۆتیان لێ بەدوور بگرە. وەکووتر قەدری پاشکەوتکردن بزانە، پاشکەوتەکانت چەندی  کەمیش بن، ھێشتا پشتێنەیەکی پتەون بۆ پاشەڕۆژت. نەکەی گوێ بۆ قسە و قسەڵۆکی خەڵکی شل بکەی و بێپەروا بە لەوەی بە ڕەزیل ناوت بێنن. ڕاستە ڕەزیلی تا بێژی ناشرینە، وەلێ کەمدەستی و پێویستبوونمان بەوانی دی، گەلێ دزێوترە! ئەوی چاوی لەنێو دەستی خۆیەتی و دەست بە خۆوە دەگرێ ڕەزیل نییە، بەڵکو مرۆڤێکە دەکارێ تاکو ئابڕووی خۆی بپارێزێ و خۆی بۆ ئەو ڕووداوە لەپڕھاتووانەی تەمەن تەیار دەکات کە ھەرگیز ژیان لێیان خاڵی نابێت.

4- گەرەکە مەشق بە خۆ بکەی تاکو بتوانی لە کات و جێی پێویستدا (نەخێر)ت بێتە سەر زار! 
شەرم و ڕووگیرییەکانت وەلا بنێ، ئەو دەمەی وا دەخوازێ وەڵامی (نەخێر) ببێتە پێویستییەکی بنەبڕ، هه‌رگیز به‌ خاتری ئه‌وانی تر سڵ لە وتنی مەکەوە. من بۆ خۆم گەلێ شتم لەم ژیانەدا دۆڕاندووە چونکو شەرم و ڕووگیریم بەسەردا زاڵ بووە و ھەینێ (پێویست) بوو لە ھەمبەر ئەوانی تردا بە (نەخێر) وەڵام بدەم، توانام نەیدەھێنا و زارەتەرەک دەبووم. گەر لەکاتی خۆیدا بە (نەخێر) بەرسڤم بدایەوە، ئێستاکێ ھەموو ئەو ئازارانەم لە کۆڵ دەبوویەوە، کە تا ھەنووکە بە بەرۆکمەوەن و پێیانەوە دەتلێم.

5- تێوەچوون و تێکەڵیی ڕەھا و بێ پێوەند، ژەھرێکە ھەموو ژینت لێکھەڵدەوەشێنێت. ھەر بۆیە گەرەکە ژیانی کۆمەڵایەتیت لە چواچێوەیەکی گونجاودا جێ بکەیەوە و خاڵی بێت لە زیادە و شتی لاوەکی.
ئاخر ژیانی کۆمەڵایەتیی فراوان و پان و پۆڕ، ئەگەر چی کەیف و چێژت پێ دەدات، له‌ هه‌مان كاتدا تەمەنت لێ دەدزێت.

6- بە دڵێکی واڵاوە ڕەفتار لەگەڵ خەڵکیدا بكه‌، ئەو دەمەی پێویستی کرد و پێت کرا، لەگەڵ ھەموواندا کۆک و تەبا بە، وەلێ نەکەی بە ھیچ جۆرێک لە کارێکدا جا ھەرچی بێت، ھاوبەشیی ئەوانی دی بکەیت . ئاخرھاوبەشیکردن تا بێژی فریودەرە، ئاسایی بە ھەڵھەڵە دەست پێ دەکات و، ھەمیشەش بە گریان کۆتایی دێت. بە تایبەت لەم کۆمەڵگەی ڕۆژھەڵاتیی خۆماندا کە تا ھەنووکە فێرەی دانانی بنەما و مەرجی ورد و درشت نەبووین لە کاری ھاوبەشیماندا لەگەڵ یەکتریدا.

ئەزموون فێری کردم ھەموو ئەوانەی ھاوبەشییان لە یەک کاردا ھەڵبژاردووە، بە بەرانبەرکێ و شەڕ و ڕقەبەرایەتی کۆتایی بە نێوانیان ھاتووە.

7- تا پێت دەکرێ (نەدوو) بە، چونکو زۆربێژی نەخۆشینێکی تا بێژی کوشندەیە.
لە کۆمەڵگەی خۆماندا، لە بۆ ژنان، زۆربڵێیی بە ھونەرێکی پڕ لە چێژ سەیر دەکرێ، وەلێ لە ڕاستیدا ھونەرێکی فرە نەوی و پووچە.
ئاوەزی مرۆڤ (ژن) چەشنی مۆمێکی گڕگرتووی ڕووناکە،  زۆڕبێژی گڕ لەو مۆمە بەردەدات و ده‌یتوێنێتەوە تا ئەوەی بە یەکجاری خامۆش دەبێت. تۆ جارێک تاقی بکەوە و بۆ ماوەیەکی زۆر یەکبینە بدوێ، پاشێ ھەوڵ بدە دەست بۆ کارێکی بەسوود و گرنگ ببەیت، دەبینت لە پاشی ئەو فرەوێژییەتەوە ھیچ کارێکت بۆ بە ئەنجام ناگەیەنرێت، چونکو مۆمی ئاوەز و بووژانەوەت، بەو زۆربڵێییە کوژاوەتەوە.
دەمویست بەردەوامیی زێتر بە مۆچیارییەکانم بدەم، وەلێ تا ئێرە بەسە و زۆریشە.
کچی شیرینم، لە پاشی ئەوەی نامەکەم دەخوێنییەوە، دەتوانی ورد وردی بکەیت و کار بە ھیچ کام لە قسەکانم نەکەیت. دەشێ وتەکانم ھیچیان لە جێی خۆیاندا نەبن، بە دڵنیاییەوە دەشکرێ  بۆ خۆت گەلێ لەمە جوانتر و باشترت لە ھەگبەدا ھەبن.
ھەموو ئەوەی من لێی دڵنیام تەنھا ئەوەیە، خۆشمدەوێی! ھیوای چاکە و خۆشبەختیت بۆ دەخوازم.
 بێ لەم ئەوینەم بۆ تۆ، منێک متمانەی تەواو و بنەبڕم  نە بە قسەکانی نێو ئەم نامەیە، نە ھیچ شتێکی دەرەوی نییە!


تاگەکان    
کۆیلایەتی مێژوو ئایا سۆفیا ڕۆژاوا ئەدەبیاتی فارسی وەلی ئەمر پۆرن ژن تەنیایی مانا کونە ڕەشەکان ئیسرائیل وەچەخستنەوە سۆفیگەری خێوەتگە
ئەدەب
2018-04-13 کۆمێنت 6285 جار بینراوە
بابەتی زیاتر
سەرجەم مافەکانی پارێزراوە بۆ وارگەی هاوسانی . Copyright 2024 - hawsani.org © Developed by Kurdsoft
×
هاوسانی