ده‌ڵه‌دێو

ئەدەب 2018-04-17 کۆمێنت 2423 جار بینراوە
د. موسته‌فا مه‌حموود له‌ عه‌ره‌بییه‌وه‌: سه‌رمه‌د ئه‌میر
لە سەرەتای تەمەنمدا، هەر ئەو کاتەی دەستم بە کار کرد، هاوسەرگیرییشم کرد. هەموو ئامانجم جێگیربوون و چێکردنی ماڵێکی ئارام بوو. فەرمانبەرێکم کرد بە هاوسەرم. پێش چوونە نێو ژیانی هاوسەری، هیچ شتێکم دەربارەی نەدەزانی. لەو ڕۆژەوەی پێم خستووەتە نێو ئەم ژیانە هاوبەشەوە، خەمگینترین کەسێک لەم دنیایە، منم. گشت هیواکانم لە دەست دا. هیچ کات لەو باوەڕە نەبووم لەگەڵ کەسێکدا هاوسەرگیری بکەم سیفەت و خووی وەها خراپی تێدا بێت. ئافرەتێک جگە لە ئاژاوەنانەوە و قسەی نەشیاو هیچێکی تر نازانێت. گەر لەگەڵ مندا شەڕی نەبووایە، لەگەڵ منداڵەکان قاڵی گەرم دەکرد. یاخود گێچەڵی بە خزمەتکارەکه‌ دەگێڕا. هەر کەسی دەسنەکەوتبا لەگەڵ دایکی یا خوشک و براکانی دەیکرد بە شەڕ. ئەو خانووەی بە جوانترین شێوە دروستم کردبوو، هێندە پۆخلی کردووە، بووە بە جێی مێش و مەگەز. زیاد لە دە ساڵ لەگەڵی ژیاوم، هەموو ژیانیشم لە یەک بازنە کۆ دەبوویەوە، ئەویش بیستنی قسەی نەشیاو و شەڕکردن و لێپرسینەوە و گەورەبوونی کێشە بوو تا دەگاتە لای دادگا. دوای ڕۆییشتی ساڵێک لە هاوسەرگیریمان، بە بیانووی بردنی خشڵ و زێڕەکانی، هەوڵی دا بمخاتە زیندان. لەسەر ئەمەیش ڕاپۆرتێکی لەسەر نووسیم. دوای شەوێک مانەوەم لە زیندان، ئەوسا لێم خۆش بوو. کەسێک نادۆزیتەوە حەز بە چارەی بکات.
تەنانەت کەسوکاریشی لە ترسی قسە و زمانی خۆیانی لێ لا دەدەن و، کەسێکیان بۆ سەردانی نایەن. ئەو فەرمانبەرانەیشی لەگەڵیدان، لەبەر خراپییەکەی خۆیانی لێ دوور دەگرن. سەرەڕای گشت ئەوانە، لەسەر هەموو خراپەیەکی ئارامم گرتووە و لەگەڵیدا ژیاوم.
چونکە لە ڕاستیدا، گەر بە ویژدانەوە قسە بکەم، ئەگەرچی زۆر خووی خراپی هەیە، بەڵام تا بڵێی ژنێکی ئابڕودارە. هیچ کات لەو ڕۆژگار نییە ئارایشتی زۆر بکا و بۆ چوونە دەرەوە خۆی بڕازێنێتەوە. وەها هاوسەرێک نییە پیاو لە ژیانیدا دڵپیسییەکی لێ بکا. سەرەڕای هەموو خراپییەکی، چونکە دەمزانی کەس توخنی ناکەوێت، بۆیە هەمیشە لە ئارامیدا ژیاوم. کەسێک نادۆزیتەوە بە نییەتێکی خراپ سەیری کردبێت. تۆیش دەزانی وها ئارمیییەک بۆ پیاو چەنده گرینگە. بە تایبەت لەم ڕۆژگارەیش کە مەگەر هەر خوا بزانێت چۆنە. ئێستا ژن بە بیانووی بازاڕکردن و چوونە لای بەرگدوور و سەردانکردنی دکتۆر لە ماڵ دەرەچن، کەچی هەر هێندەی لە ماڵ دەرچوون، ملی ڕێ دەگرنە بەر بۆ لای ئەو پیاوانەی سەڵتن و لە خانوو و جێی تایبەتدا، ژووانێک ساز دەکەن. پیاوەکانیشیان لە ماڵەوە پاڵ کەوتوون و بێئاگان لە گشت شتێک.
جگه‌ له‌وه‌ی ڕەفتاری زۆر تووند بوو، ژنێک بوو هەمیشە بەدوی کێشە دەگەڕا. بەڵام لە پێناو ئارامیی دەروونمدا، ئاسایی بوو بەرگەی گشت خراپی و خوویەکی ناشرینی بگرم.
تا ڕۆژێک تووش بە نەخۆشییەکی زۆر خراپ بوو. هەرچیی خراپەی دەرحەق کردبووم، هەموویم لە بیر چوون. گشت هەوڵێکم دا تاوەکو ڕزگاری بکەم و منداڵەکان بێ دایک نەبن. لە خەرجیکردن و کاتپێدان و ئارامی لەخۆبڕین و بەدەمەوەبوونی كه‌مته‌رخه‌میم نەده‌کرد.
گشت کوچەیەکی شار دەگەڕام، تا دەرمانی پێویست بدۆزمەوە. هەندێ جار بۆ دەستکەوتنی دەرمانێکی تایبەت، بۆ دەرەوەی شار دەچووم، تاوەکو چاک بێتەوە.
بەڵام دوای باشبوونەوەی قسە و ڕەفتاری تووندتر بوون. وای لێ هات لەسەر بچووکترین هۆکار هەڵدەچوو و داوای جیابوونەوەی لێ دەکردم. تا هێورم دەکردەوە و ماوەیەک کپ دەبوو. بەڵام دیسانەوە لەبەر شتێکی دیکە هەڵدەچوویەوە. کۆتا جار، درەنگانێکی شەو بوو گەڕامەوە بۆ ماڵ، بینیم دەرگای کلیل داوە. لە پەنجەرەکەوە هەندێک جلی بۆ هاویشتم، هەرچییەکیشم کرد دەرگای لێ نەکردمەوە. ئێستا بیر لە جیابوونەوە دەکەمەوە، هاوکات دۆشداماوم. دوای جیابوونەوە چۆن بە تەنها بژیم؟
چ کارێک بکەم؟ لەگەڵ ئافەرتێکی تر هاوسەرگیری بکەم؟ ئەی چۆن بتوانم ماڵ و نامووسم بە دەست یەکێک لەو کچانەوە بدەم کە خۆیان تیفتیفە دەدەن و بە لەنجەولار بەڕێدا دەڕۆن؟ وای خوایە لە کچانی ئەم زەمانە بۆ خۆیان و کرداریان.
منیش بێئاگا بە ناوی پیاوەوە لە ماڵ دانیشم هیچێکی دەربارە نەزانم.
دۆشداماوم، هاوکاریم بکە؟ ٭ ٭ ٭
گەر نەشتوانی خۆت لەو کێشەیەت دەرباز بکەی، هیچ چارەیەکت نابێ. جگە لە بەردەوامی لەگەڵ ئەم دەڵەدێوە، یا دەڵەدێوێکی تر بکەی بە هاوسەرت.
هاوسەرەکەت ئەوەندە سیفەتی خراپی تێدایە، گەر بەسەر دە ژندا دابەشی بکەی بەسیانە تاوەکو تەڵاق بدرێن.
بەڵام کرۆکی کێشەکە خۆتی. تۆ گومانت لە گشت کەسانی دنیا هەیە. هێندەیش لەو گومانەتدا ڕۆچووی، تا دەڵەدێوێک نەکەی بە هاوسەرت هیچ وەخت ئارام نابیت. هەر ئەمەیش ڕووی دا و وەها ژنێکت کرد بە هاوسەر. دڕندەیی و بەدخووییەکەیشیت بۆ بوو بە دوورگەی ئارامی و هەتوانێک بوون تا دەردی گومانتی پێ ساڕێژ بکەی. باوبوونی ناپاکی هاوسەری، هیچ وەخت بەو شێوەیە نییە تۆ خەیاڵت کردووە و وەها بیرکردنەوەیەک هیچ کات دروست نییە.
خۆت لەم گرێیە ڕاپسکێنە و هاوسەرگیری بکە. خەیاڵی پیاوی لەماڵکەوتوویش لە خەیاڵت وەدەر نێ.
تاگەکان    
ژن گۆرانی كتێب فەڵەستین ئایا سۆفیا کتێبی هاوسانی کونە ڕەشەکان بوومەلەرزە جەنگی هۆشیاری مۆدێرنە شیعر فیکر چیرۆک بوونەوەری ئاسمانی دەروونی
ئەدەب
2018-04-17 کۆمێنت 2423 جار بینراوە
بابەتی زیاتر
سەرجەم مافەکانی پارێزراوە بۆ وارگەی هاوسانی . Copyright 2024 - hawsani.org © Developed by Kurdsoft
×
هاوسانی