كتێبی "بۆچی ئیسلام" و چه‌ند سه‌رنجێك

کتێب 2018-04-27 کۆمێنت 4513 جار بینراوە

نووسینى: یووسف مەلا خەلیل


یه‌كێك له‌و پرسیاره‌ هه‌ستیارانه‌ی هه‌ر سات خۆی له‌به‌رده‌م هه‌ریه‌ك له‌ ئێمه‌دا قیت ده‌كاته‌وه‌ و قه‌ت هه‌موو مرۆڤایه‌تی له‌باره‌یه‌وه‌ وێك نایه‌نه‌وه‌ ئه‌وه‌یه‌؛ بۆچی ده‌بێـت من ئه‌م ئايین یان ئه‌و په‌یام بۆ خۆم و هه‌موو مرۆڤایه‌تی به‌ ڕه‌وا ببینم و ئه‌وی غه‌یری من، ئايین و ڕێباز و ئایدیاكه‌ی خۆی بۆ هه‌مووان به‌ ڕاسته‌ڕێ و ڕێگه‌ی ڕزگاری بزانێت و، شوێنكه‌وتن و وه‌رگرتنی ڕێنموونی له‌و ئایین، بیردۆز، بیروبۆچوون يان مه‌زه‌بانه‌ی دی، به‌ ناڕه‌وا و ناڕاست له‌قه‌ڵه‌م بدات؟!

ئه‌م پرسه‌ وه‌نه‌بێ ته‌نێ به‌رۆكی منی موسوڵمان، ئه‌وێكی ناموسوڵمان، یه‌كێكی جوو یان گاور، یاخود هه‌ڵگری هه‌ر ئایین و ئایینزایه‌ك بگرێت، به‌ڵكو ئه‌م پرسه‌ وه‌ك مۆته‌كه‌ خه‌و له‌ چاوی هه‌ر خاوه‌نویژدان و عه‌قڵزیندوویه‌ك ده‌تۆرێنێت و، به‌ر له‌وه‌ی كه‌س ڕووبه‌ڕووت بكاته‌وه‌ و ڕاچڵه‌كان به‌هۆیه‌وه‌ سه‌رتاپای ئه‌ندامه‌كانی جه‌سته‌ت داگیر بكات، چه‌ندین جار هه‌ر خۆی به‌ بێده‌نگی، ناخت ختووكه‌ ده‌دات و مێشك ده‌كرۆژێت و سه‌ر و دڵت ده‌گرێت و پێت ده‌ڵێت: بۆچی من ته‌نێ ئیسلام به‌ ڕێگه‌ی ڕزگاریی مرۆڤایه‌تی ده‌زانم و ئه‌و ئایین، ئایینزا، تیۆری، بیروبۆچوون و، ڕێچكانه‌ی دی، وه‌ك ئیسلام ته‌ماشا ناكه‌م! هه‌ڵبه‌ته‌ ئه‌مه‌ له‌ ڕوانگه‌ی منێكی موسوڵمانه‌وه‌ ئه‌م قسانه‌ ده‌كه‌م و ئه‌وێكی ناموسوڵمان، یان هەڵگرانى هه‌ر ئایین و ڕێبازێكی دی، ده‌بێت هه‌مان پرسیار ئاڕاسته‌ی خودی خۆیان بكه‌ن.

وێڕای ئه‌وه‌ی زۆرێك له‌ ئێمه‌ له‌ سۆنگه‌ی ئه‌و پاشخانه‌ مه‌عریفییه‌ی هه‌ر له‌ منداڵی و دواتره‌وه‌، هه‌ریه‌كه ‌و به‌ گوێره‌ی ئاستی خۆی، بۆمان دروست بووه‌، به‌ جۆرێك له‌ جۆره‌كان وه‌ڵامێكی دڵنیاكه‌ره‌وه‌ و ئارامبه‌خشمان به‌پێى ئه‌زموونمان له‌گه‌ڵ ئه‌م ئایینه‌دا بۆ خۆمان بنیات ناوه‌، لێ بڕوا ناكه‌م كه‌س گومانی له‌وه‌ هه‌بێت ئه‌و ساته‌ی دڕدۆنگی، گومان، بێزاری ياخود شكست له‌مه‌ڕ ئایینه‌كه‌مانه‌وه‌ ڕوومان تێ ده‌كات، حه‌وجێ به‌ كه‌سێكی زانا و دانا و ئاگادار به‌م ئایینه‌ نه‌بین،‌ تا له‌باره‌ی گرنگی و گه‌وره‌یی و ڕاستیی ئه‌م ئایینه‌ و، شیاوبوونی بۆ هه‌ر سات و سه‌رده‌مێك و، گونجانی له‌گه‌ڵ هه‌ر كه‌سێتی و ناوچه‌ و میلله‌ت و ڕه‌گه‌زێكدا، دڵنیاییمان وێ بدات و، وه‌ڵامی ته‌واویشمان بۆ ئه‌وان كه‌سانه‌ی له‌مه‌ڕ ئه‌م پرسه‌وه‌ نیگه‌رانن و داخوازن وه‌ڵامێكی قایلكه‌ریان چنگ بكه‌وێـت، ده‌ست بكه‌وێت!

كتێبی "بۆچی ئیسلام" كه‌ له‌ نووسینی زانای گه‌وره‌ و پایه‌به‌رز "د.یووسف قه‌رزاوی"یه، تا ڕاده‌یه‌كی باش وه‌ڵامگۆی ئه‌م پرسه‌ هه‌ستیارانه‌یه‌ و به‌ دڵێكی گه‌رم و عه‌قڵێكی لێوان له‌ زانیاری و داناییه‌وه‌ نووسراوه‌ و، كتێبه‌كه‌ خۆی گوتارێكی ناوبراوه‌ كه‌ بۆ "یه‌كێتیی خوێندكارانی موسوڵمان له‌ ئه‌مریكا" تۆماری كردووه‌ و، پاشان له‌لایه‌ن كۆمه‌ڵێك كه‌سی خه‌مخۆره‌وه‌، دوای ئه‌وه‌ی گوتاره‌كه‌یان له‌كن په‌سه‌ند بووه‌ و بۆ بڵاوكردنه‌وه‌ به‌ باشیان زانيوه‌، نووسراوەتەوە و نامیلكه‌یه‌كی به‌سوودی لێ چێ بووه‌.

نووسه‌ر دوای باسكردنی چۆنێتيی دروستبوونی بیرۆكه‌ی كتێبه‌كه‌، دێته‌ سه‌ر باسی گه‌وره‌یی و گرنگيی ئایینی ئیسلام و، ئه‌فسووس بۆ پشتتێكردنی موسوڵمانان و جیهانی ئیسلامی له‌ كانیاوی سازگاری ئیسلامه‌تی هه‌ڵده‌كێشێت و ده‌بێژێت: بۆ ئه‌وه‌ی پێویستبوونی گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ ئیسلام بسه‌لمێنین، باس له‌ سێ خاڵی سه‌ره‌كی ده‌كه‌ین كه‌ وا ده‌كه‌ن ئیسلام به‌ تاكه‌ ڕێی ڕزگاریی مرۆڤایه‌تی له‌ده‌ست ستەم، نادادی، دواكه‌وتن، شه‌ڕوشۆڕ و هه‌ژاری بزانین و ناوی لۆژیكه‌كانیان لێ ده‌نێت و بۆ هه‌رسێ لۆژیكی بیروباوه‌ڕ، مێژوو و، واقیع پۆلێنیان ده‌كات.

له‌ لۆژیكی باوه‌ڕدا، باسێكی وردی ئایینی ئیسلام به‌ پوختی ده‌كات و، ئه‌وه‌ ده‌خاته‌ ڕوو كه‌ پێویسته‌ موسوڵمانان ئه‌م ئایینه‌ به‌ گشتی وه‌ك خۆی قبووڵ بكه‌ن و بۆ ئه‌وه‌ی گرنگییه‌كه‌یان بۆ ده‌ربكه‌وێـت، ده‌بێت بۆ چاوگه‌ ئه‌سڵییه‌كه‌ی بگه‌ڕێنه‌وه‌ و، به‌لاڕێدابردن و بچووككردنه‌وه‌ و ته‌سككردنه‌وه‌ی ئایینه‌كه‌یان له‌ چه‌ند سرووت و كات و ساتێكی تایبه‌تدا، له‌ لایه‌ن ناحه‌زان و دوژمنانه‌وه‌، له‌به‌رچاو بگرن و، وه‌ك سه‌ره‌تای ده‌ستپێكردنی چلۆن هه‌موو كایه‌كانی ژیانی ته‌نیبوو، به‌و شێوه‌یه‌ دووباره‌ لێی بنواڕدرێت و خوێندنه‌وه‌ی بۆ بكرێت، چون تا به‌و شێوه‌یه‌ نه‌بێت، ناتوانین له‌ گه‌وره‌یی و گرنگییه‌كه‌ی كه‌ڵك وه‌ربگرین و، پێویستبوونی ئه‌و ئایینه‌شمان وه‌ك تاكه‌ چاره‌سه‌ر لا گه‌ڵاڵه‌ نابێت.

هه‌رچی له‌ لۆژیكی مێژوودایه‌، له‌باره‌ی ئەو ڕاستییه‌ ئاشكرایه‌وه‌ ده‌په‌یڤێت كه‌ ده‌ڵێـت: هه‌ر ئه‌و ئایینه‌ بوو نیوه‌دوورگه‌ی عه‌ره‌بی له‌وپه‌ڕی نه‌زانی و دواكه‌وتوویی و هه‌ژاری و نابه‌رابه‌ری و سته‌م و كۆیلایه‌تییه‌وه‌، بۆ ئه‌وسه‌ری خوێنده‌واری و پێشكه‌وتن و خۆشگوزه‌رانی و دادپه‌روه‌ری و یه‌كسانی ڕاگوێز كرد و له‌ شوانی مه‌ڕانه‌وه‌ سه‌رداری میلله‌تانی هێنایه‌ كایه‌وه‌ و، له سته‌می ئایینه‌كانه‌وه‌ بۆ دادی ئیسلام ڕزگاری كردن و، شارستانێتییه‌كی زه‌لامی وای به‌رهه‌م هێنا، چ كه‌سێك توانای نكووڵیلێكردنی نییه‌ و نابێت. له‌ سۆنگه‌ی ئه‌م ده‌ستكه‌وتانه‌شه‌وه‌، گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ ئه‌م سه‌رچاوه‌ پاكه‌ به‌ پێویست ده‌زانێت و هۆكاری دواكه‌وتنی ئه‌مڕۆی میلله‌تانی موسوڵمانیش هه‌ر بۆ دووركه‌وتنه‌وه‌ له‌م ڕێبازه‌ ده‌گه‌ڕێنێتەوە.

كۆتا لۆژیك، لۆژیكی واقیعه‌ و له‌میاندا به‌راوردێكی درشت و دیار له‌ نێوان ئیسلام وه‌ك ئایین و هه‌موو بیر و ئایدیاكانی دیكه‌دا ده‌كات و له‌ ڕێگه‌ی هه‌ڵسه‌نگاندن و شه‌نوكه‌وكردنی بیروبۆچوون و ئایین و سیستمه‌كانی تره‌وه،‌ كه‌ زۆرێكیان له‌ ئه‌نجامی پرۆسه‌ی جیهانگیری و كۆڵۆنیالیزمه‌وه‌ به‌سه‌ر میلله‌تانی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا تاقی كرانه‌وه‌ و موژده‌ی شكستیشیان هه‌ر خێرا به‌ گوێی هه‌موواندا درا، ئه‌و ڕاستییه‌ ده‌سه‌لمێنیت كه:‌ ئه‌وه‌ ته‌نێ ئیسلامه‌ ده‌ست و په‌نجه‌ له‌گه‌ڵ هه‌موو واقیعێكدا نه‌رم ده‌كات و چاره‌ی بیماريی ئه‌م مرۆڤایه‌تییه‌ وه‌ك چۆن له‌ ڕابردوودا ئەو بووه‌، ئێستا و داهاتووش هه‌ر لای ئه‌وه‌!

له‌ ڕووانگه‌ی نووسه‌ره‌وه‌، بۆ ئه‌وه‌ی ژیانێكی مرۆڤانه‌ی ئه‌خلاقیيانه‌ی په‌سه‌ند و چاك ڕۆ بنرێت، پێویسته‌ بۆ ئه‌و ئایینه‌ بگه‌ڕێینه‌وه‌ كه‌ پێش هه‌زار و ئه‌وه‌نده‌ ساڵ، توانيی ئه‌و ژیانه‌ی ئێمه‌ ئه‌مێستاكه‌ وه‌ك خه‌ون لێی ده‌نواڕین، به‌ ته‌واوی و دروستی، بێنێته‌ كایه‌وه‌.


تاگەکان    
دەربارەی کتێب نامە حەمەدۆک فەلسەفەی ئەخلاق قوتابخانەکانی نوور ئازادی موناجات سەرفیترە جەنگی هۆشیاری کورد ئاوی زەمزەم كتێب وەچەخستنەوە جوانی ڕانانی کتێبب
کتێب
2018-04-27 کۆمێنت 4513 جار بینراوە
بابەتی زیاتر
سەرجەم مافەکانی پارێزراوە بۆ وارگەی هاوسانی . Copyright 2024 - hawsani.org © Developed by Kurdsoft
×
هاوسانی