خۆشه‌ویستیی ده‌ستكرد

ئەدەب 2018-04-30 کۆمێنت 5345 جار بینراوە

موسته‌فا مه‌حموود
له‌ عه‌ره‌بییه‌وه‌: سه‌رمه‌د ئه‌میر


تەمەنم چل ساڵە و خەریکی کاری ڕۆژنامەوانیم. خێزاندارم و دە منداڵم هەیە. هاوسەرەکەمم خۆش دەوێ و لە پەروەردەکردنی منداڵەکانیشدا کەمتەرخەم نەبووم. کەسێکی دامەزراوم، گشت خولیایەکم خستنەوەی وەچەیە. پێش ئەم هاوسەره‌م لەگەڵ کچێکی تر هاوسەرگیرم کرد، بەڵام لەبەر ناکۆکیم لەگەڵ خێزانەکەیدا، ساڵێکی نەخایاند لێی جیا بوومەوە. لە دوای من، ئەویش هاوسەرگیریی لەگەڵ پیاوێکی تر کرد و لە ماوەی چواردەساڵدا نۆ منداڵیان بوو. بەڵام من لەم ژنەی ئێستام بە منداڵێک پێشی کەوتم. دوای ئەو هەموو ساڵە دیسانەوە یەکمان بینییەوە. دوو ساڵ پێش ئێستا ڕێکەوت لە جێیەکدا کۆی کردینەوە. دەستمان کرد بە قسە و باس، باسی چیرۆکی خۆی بۆ کردم، منیش باسی خۆمم بۆ گێڕایەوە. ڕۆژانی زوومان وە یاد هێنا، ئەو وەختەی هەردووک ژن و مێرد بووین، چۆن لەسەر بچووکترین ناکۆکی شەڕ و قاڵمان دەبوو
.

پێکەنی و بە سۆزەوە سەیری کردم و وتی: دەزانی، من زۆرم خۆش دەویستی، بەڵام نەزان بووم، نەمزانی چۆن تۆ لای خۆم بهێڵمەوە. منیش دانم پێدا نا کە چەندە خۆشم دەویست. بەڵام خۆبەگەورەزانیم وەکوو پیاو ئەو خۆشەویستییەی لێ شێواندم. لەگەڵ ئەو و ماڵی باوکیدا گشت ژیانمی تێکەڵ بە شەڕ و ئاژاوە کرد، تا لە کۆتاییدا بە جیابوونەوە گەییشتین.

بۆم باس دەکرد، چۆن لە دوای جیابوونەوەمان دەگریام، لەگەڵ گێڕانەوەمدا چاوانی پڕ بوون لە فرمێسک. پێکەوە چەن کاتژمێرێکمان پڕ لە جوانی و قسەی خۆش بە ڕێ کرد. بەڵێنمان دا چیدی یەکتر نەبینینەوە. بەڵام چەندین جاری تر بۆ لای یەکدی چووینە دیدەنی. تا هاوڕێیەتییەک لە نێوانماندا چێ بوو، هیچ وەخت لەگەڵ کەسی تردا نەمان بووبێت. ئەو هاوڕێیەتییەیش گۆڕا و بوو بە کانگایەک لە سۆز و خۆشەویستی. هەست و سۆزم وەها هەڵدەقوڵان، وەک پێشتر هیچ ئافرەتێکی ترم نەدیبێت. هەردووکیشمان دەرەنجامی ئاشکرابوونی ئەم خۆشەویستییەمان دەزانی، بۆیە زۆر وریا بووین هیچ کەس هەست بەم پێوەندییە نەکات. کەسێکی نزیکم مێردەکەی لە شارێکی تر کار دەکات، منیش هەموو شتێکم بە ئەو گوت. ئەویش وتی: هەر وەختێک ویستت ماڵەکەم لە خزمەتی تۆدایە. هەردووک پێکەوە ڕۆییشتین بۆ ماڵی خزمەکەمان، ئەویش پێشوازی لێ کردین و ئازادی تەواوی پێ داین. بە وریایییەوە دیدەنیمان لە کاتی خۆیدا دەکرد، بە زانینی ئەو ژنەی خزمیشمان زۆر ئاسایی بوو لە لامان. تا بێت یەکبینینمان زۆرتر دەبوو. سەرەڕای ئەم هەموو دیدەنییەیش، سوێندت بۆ دەخۆم، هیچێکی وەهامان نەکرد پێکەوە. هەر ئەوە بوو کاتێکی خۆشمان پێکەوە بەسەر دەبرد، باوەشمان بە یەکردا دەکرد و جارجارەیش ماچێکی یەکترمان دەکرد، هەر ئەوە و هیچی تر. بەڵام وا هەست بە ئازاری ویژدان دەکەم، وا دەزانم ئەم کاتانەی لە خۆشەویستیدا بەسەری دەبەین، لە ماڵ و منداڵی دەدزێت. بۆیە بڕیارم دا زۆر لە خۆم بکەم و لێی دوور بکەومەوە.

نامەیەکم بۆ نووسی و تێیدا وتم: هەردووک بێئاگا بووین، لەنیو خۆشەویستییەکدا دەژین کە هی کەسانی ترن. خۆشەویستییەکی دزراو، ئەوینێک بێ هیچ ئامانجێک، لە نێو ڤینێکی بێ کۆتا نغرۆ بووین. بگەڕێوە بۆ لای مێردەکەت، خودا خۆشی بخاتە ژیانتانەوە. منت لە بیر بێت، هەر ئەوەندەم بەسە، منیش بە درێژاییی ژیانم تۆم لەبیر دەبێت. سەرەڕای دووریم لێی هێشتا هەست بە ئازار دەکەم، لە گشت ساتێکدا وێنای ئەوم لە خەیاڵدایە. هەندی جار بیردەکەمەوە لەم کارەمان بەردەوام بین، بەڵام پەشیمان دەبمەوە. بە تەنها خودا دەزانێت چەندە خۆشەویستیم لە دڵادایە بۆی.

بۆ خاتری خودا پێم بڵێ، چی بکەم؟

                       ٭       ٭       ٭

ئەم خۆشەویستییە لە دروستبوون و ئەو حاڵەی تێیدا بوون،بۆ خۆی نامۆیە. وا دەزانم خۆتان ئەم خۆشەویستییەتان دروست کردبێت.  دیدەنیتان دوای چواردەساڵ، لە پاش ئەوەی هەردووکتان بوون بە خاوەنی دە منداڵ و، ژیانێکی قورس و بێزارکەرتان بە کۆڵ داوە، نە هیچ هەست و سۆزی تێدا ماوە، نە ئاواتێک ماوە بۆ خواستن. ئەو یەکتربینینە و ئەم ژیانە وشکە کە خالییە لە هەر تامێک، وای لێ کردن یارییەک بهێننە کایەوە، تۆزێک دڵتانی پێ خۆش بکەن. یارییەک بە نێوی خۆشەویستی، تا ئەو ڕۆژانەی لە تەمەنتان ماوە پێ ئاوپرژێن بکەن. لە دایکبوونی ئەم خۆشەویستییە دەستکردە و خۆڕسک نییە. بە ویستی خۆتان وەک چۆن بڕۆن بۆ سینەما، ئاوایش لەم خۆشەویستییە ڕۆچوون. هەموو کێشەکەیش لە ڕاهاتن و گیرۆدەبوونتان سەری هەڵدا. ئێستایش کاتی ئه‌وه‌ هاتووە لەم خەیاڵە بە ئاگا بێن و بگەڕێنەوە ژیانی ڕاستینەی خۆتان.


تاگەکان    
دیمانە كتێب دەروونناسی شەڕ فیلم نامە مێژوو قودس دوعا دیزاینی زیرەک وەلی ئەمر دەروونی قەدەر کۆرۆنا کۆرۆرنا
ئەدەب
2018-04-30 کۆمێنت 5345 جار بینراوە
بابەتی زیاتر
سەرجەم مافەکانی پارێزراوە بۆ وارگەی هاوسانی . Copyright 2024 - hawsani.org © Developed by Kurdsoft
×
هاوسانی