نامەی برتۆڵد برێخت بۆ نەوەی داهاتوو

ئەدەب 2018-05-10 کۆمێنت 2838 جار بینراوە

لە فارسییەوە: یەحیا خەلیل

ڕاستی، لە چەرخێکی تاریکدا ژیان بە ڕێ دەکەم:

ئەوڕۆ تەنیا قسەگەلی گەوجانەیە، کە مەترسی بە دوودا نییە.

نەبوونی شێواویى ڕوخسار، هەواڵ لە بێهەستی دەدا.

ئەوی دەخەنێ، هێشتا هەواڵی ترسێنەری نەژنەفتووە.

ئەمە چ زەمەنێکه کە؛

پەیڤین لەبارەی درەختانەوە، بە تاوان دێتە ئەژمار،

وەختێک لەمەڕ ئەو هەموو خراپەوە نەیەینە دوان!

کەسێک هێدی هێدی بە ڕێی خۆیدا دەڕوات، تاوانبارە،

چون هەڤاڵانێکی دۆختەنگ، چ کەسێک بە هانایانەوە نەچووە.

ئەوە ڕاستە: من هێشتا ڕزق و پێبژێوم هەیە!

بەڵام باوەڕ بکەن، ئەوە تەنێ لە ڕووی ڕێککەوتەوەیە.

هیچ بڕیار نییە لە هەمبەر ئەو کارەی دەیکەم، نان و ئاوێکم پێ بگات!

گەر بەخت و ڕۆژ، پشتم تێ بکەن، کارم ڕەشایی تێ دەگەڕێت.

پێم دەڵێن: بخۆ و بخۆوە و لەوەی کە هەتە شاد بە!

ئاخۆ چلۆن دەتوانم بخۆم و بنۆشم،

وەختێک لە چنگی برسییەکدا، خۆراکم دەرهێنا بێت!

بۆ پەرداخە_ئاوی دەستانم، تینوویەک لە پێشتر بێت!

 لێ دیسانەوە دەخۆم و دەخۆمەوە...

منیش دڵم دەیەوێت ژیر بم!

لە کتێبە کەونەکاندا وەها کەسی ژیریان ناساندووە:

پەرێزیکردن لە ئاژاوەی زەمان و ئەو تەمەنە کورتەی هەتە:

بێ ترس تێپەڕاندنی.

لە وەڵامی خراپەدا، با چاکە پاشەبەرەی بێ.

سپاردنی ئارەزووگەل، بە ئامێزی بیرچوونەوە.

ئەوەیە کەسی بیریار؛

 وەلێ ئەو کارانە، بە دوورن لە منەوە!

ڕاستی، لە ڕۆژگارێکی نووتەکدا دەژیم...

* * * * * * * *

لە ڕۆژانی ئاژاوەدا، هاتمە شاران.

وەختایێک کە برسێتی، هەرای دەکرد.

لە زەمەنی شۆڕشدا، هاتمە نێو خەڵکی،

 لەتەکیاندا، هاوارم بەرزەوە کرد.

تەمەنێک کە بە ئێمە بەخشرا لەسەر زەمین، وەها تێپەڕی...

خۆراکم لە شەڕگەکاندا خوارد،

 خەوتنم لە کەناری بکوژاندا بوو،

 هەرچی ئیشقیشە، بە جیددییەوە لێم نەڕوانی،

دڵم بە سروشت نەدا، عومرێک بە ئێمە ڕەوا بینرا، وەها ڕۆیی...

لە ڕۆژگاری مندا، گشت ڕێیان، بە مرداو کۆتایییان دەهات.

زمانم، بۆ میرغەزەوان، ئازاربەخش بوو.

هێزم زۆر نەبوو، وەلێ هومێدم هەبوو،

بۆ سیاسییان، پاروویەکی هێند سانا نەبم.

لەسەر زەوی، تەمەنی بەخشراو بە ئێمە، بەو لەونە گوزەرا...

حەوسەڵە و تەوانایی ئێمە، هێند زۆر نەبوو،

ئامانج، لە دووردەستدا بوو،

لە دوورڕا دەبینرا بەڵام لە نێزیکەوە، دەستانی ئێمەی پێ نەدەگەییشت!

ئەرێ، بەو لەونە تێپەڕی، تەمەنی بەخشراو بە ئێمە، لە زەویدا...

* * * * * * * *

 ئۆ هۆی نەوەی دواڕۆژ، ئێوە لە دڵی تۆفانێکەوە، سەر دەردێنن،

 کە ئێمەی قووت داوە!

وەختێک لەبارەی کەموکورتیی ئێمەوە قسان دەکەن، لە یادتان بێت،

لە سەختیی زەمەنی ئێمەیش بپەیڤن!

بیهێننەوە یاد، ئێمە پتر لە کەوشەکانمان،

وڵاتمان ئاڵوگۆڕ کرد!

ناهومێدانە، گەلێک مەیدانی جەنگمان،

خستە پەنا_سەر،

لەوێ ستەم هەبوو و، چ ڕەخنەیەکیش لە گۆڕێدا نەبوو.

ئەوە باش دەزانین:

نەفرەت لە قەزەمیەتییش، مرۆڤی دڵبەرد، دەئافرێنێت!

تووڕەیی لە هەمبەر نابەرانبەریدا،

دەنگیش، ڕکدار دەکات.

ئاخ، ئێمە کە دەمانویست زەوی لەبۆ میهرەبانی، چێ بکەین،

نەمانتوانی خۆمان میهرەبان بین!

بەڵام ئێوە، وەختێک گەییشتن بە وەها ڕۆژێک

کە مرۆڤ هاوەڵی مرۆڤ بوو...


 * ناوی وەرگێڕە فارسییەکەی ونە
.



تاگەکان    
نیشتیمان کۆرۆنا ڕەزا بابایی فەڵەستین نەتەوایەتی كتێب سۆفیگەری حەوتەمین کۆڕبەندی هاوسانی چەواشەکاریی_لۆژیکی فیلم ئیلحاد قەدەر کۆمەڵکوژیی بۆسنە بوونەوەری ئاسمانی زمان
ئەدەب
2018-05-10 کۆمێنت 2838 جار بینراوە
بابەتی زیاتر
سەرجەم مافەکانی پارێزراوە بۆ وارگەی هاوسانی . Copyright 2024 - hawsani.org © Developed by Kurdsoft
×
هاوسانی