دێواندنی بزاوتی ئیخوان

فیکر 2018-05-14 کۆمێنت 891 جار بینراوە

نووسینى: هێمن خورشید

لەم چەند ساڵەی دواییدا ناوێک، بەئەنقەست زەق دەکرێتەوە و زوو زوو لێرە و لەوێ، وەک جنێو، دەلکێنرێت بە هەر کەسێکەوە، کە دەسەڵاتی ستەمکار و بێنرخی وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوین، خۆشیان پێیدا نەیەت یان ڕاستتر وایە بڵێین؛ لێی بترسن.

)ئیخوان) کە مەبەست لێی، بزاوتی (ئیخوان موسلیمین)ی میسرە، ئەو ناوەیە.

دێواندنی بزاوتی ئیخوان، سەرەتا لە دوای کودەتاکەی فەتتاح سیسییەوە ٣٠\٦\٢٠١٣، کە سیناریۆکەی لە وڵاتەیلی ئیمارات و شانشینی ئالی سعووددا ساز و ئامادە کرابوو، دەستی پێ کرد و دواتر وردە وردە، بە شێوەیەکی ورد و پلانبۆداڕێژراو، لە ڕێی میدیاوە، گەورە کرا و زۆری نەبرد، پڕیشکی گەیشتە وڵاتی خۆیشمان.

وەک هەموو بابەتێکی تر، لەمەیشدا ماسمیدیای غەربی، چۆنی ویست، خەڵکی (جیهانی پەنجایەم!)ی وا هێنایە سەما.

بە بێ ئەوەی زۆر کەس لە خۆی بپرسێت، ئیخوان چ پەیوەندییەکی بە وڵاتی من و نەهامەتییەکانی منەوە هەیە؟ هەر کەسێک هەڵدەستێت و ڕقی لە هەر کەسێک بێت، پێی دەڵێت؛ تۆ ئیخوانیت یان ئەمە بیرکردنەوەیەکی ئیخوانییە، کابرای لەو داماوتریش، بە بێ ئەوەی بپرسێت چۆن؟ یان بپرسێت خراپیی ئیخوان لە چیدایە، وەک ئەوەی پێی گوترابێت (گول)، دەست دەکات بە پاکانەکردن و خۆپاککردنەوە لە گوناحی ئیخوانیبوون!

کۆمەڵێ خاڵ هەن دەبێت ڕوون بکرێنەوە:


یەکەم/ ئیخوان موسلیمین بزاوتێکی ئیسلامگەرای تایبەت بە وڵاتی میسرە، لە هەندێ وڵاتی تریش پارت و بزاوتی ئیسلامگەرا، لەسەر ڕێبازی ئیخوان دروست بوون، ئێستا کەسیان وەک سەرەتا پابەند نەماون بەو ڕێبازەوە، لەوانە نەهزەی توونسی، حەماسی فەڵەستینی، حیزبی ئیسلامیی عێراقی، یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان و...هتد.

دووەم/ ڕاستە ئیخوان دایکی زۆرێک لە بزاوتە ئیسلامگەراکانی وڵاتانی عەرەبییە، لێ مەرج نییە هەر کەس و لایەنێک باوەڕی بە ئیسلام بوو، ئیخوانی بێت.

سێیەم/ ئیخوان نەیاری دەسەڵاتە مڵهوڕ و خۆسەپێنە یەک لە دوای یەکەکانی میسرە، هەزاران قوربانیی داوە و هەزاران ئەندامی لەژێر ئەشکەنجە و ستەمدا گیانیان سپاردووە و سەدانیشی لێ تیرۆرکراون.

چوارەم/ هەر لایەنێکی توندڕەو لە مناڵدانی ئیخوان کەوتبێتە خوارەوە، لە ئەنجامی زۆر و ستەمی دەسەڵاتە نۆکەر و زۆربەدەستەکانی وڵاتەکانیانەوە بووە، واتە پەرچەکرداری بێدادیی لەڕادەبەدەر و سەرکوتکردنی بێویژدانانە بووە.

پێنجەم/ ترس لە ئیخوان، فۆبیایەکی نالۆژیکیی ئەو وڵاتانەیە کە بزاوتی بیرئیخوانییان تێدایە، ئەم ترسە کاریگەریی خراپی بۆ سەر خودی ئیخوانیش بووە و وای کردووە، ئەو بزاوتە ئەوەندە نەرم ببێتەوە، ببێت بە تیکەیەکی نەرم و قووت بدرێت، کەچی قوتدەرانی، دوای قوتدانیشی، هێشتا هەر لێی دەترسن!

شەشەم/ هەنوکە بزاوتی ئیخوان لە وڵاتی دایکدا یاساغە و زۆربەی هەرە زۆری ئەندامەکانی لە زینداندان، کەچی پرۆسەی دێواندنی ئیخوان، لە لایەن وڵاتەیلی میسر، ئیمارات و سعوودییەوە لە لوتکەدایە!

حەوتەم/ وەک چۆن بزاوتە ئیسلامییەکانی پاکستان سەر بە ئیخوان نین، بزاوتە ئیسلامگەراکانی تورکیایش، مینا داد و گەشەپێدانەکەی ئۆردوگان، سەر بە ئیخوان موسلیمین نین و تێکەڵکردنی ئەو دووانە، بۆ لێدانە لە هەردووکیان، بەویتریان!

هەشتەم/ ئیخوان موسلیمین لە سەرەتای دروستبوونییەوە تا ئێستای، بزاوتێکی مەزڵووم بووە نەک زاڵم، تا هەنووکە هێندە حوکمی بەدەست نەبووە، بخرێتە ژێر تاقیکردنەوەوە، هەموو دەسەڵاتێکی ئەو ماوەیەی محەمەد مورسی بوو، کە بریتی بوو لە فەوزا و ئاژاوەی پلانبۆداڕێژراوی نەیارەکانی.

نۆیەم/ ئیخوانیبوون عەیب نییە تا وەک جنێو بەکار بهێنرێت.

دەیەم/ ئیخوان پەیوەندیی بە کوردستانەوە نییە، چاوکردن لە ئیمارات کە ئیخوان بە دوژمنی خۆی دەزانێت، نیشانەی بێئاگاییە. تاقە پەیوەندییەکی ئیخوان بە وڵاتی ئێمەوە، حیزبی یەکگرتووی ئیسلامییە، کە ئێستا ئەو حیزبەیش، لەژێر کاریگەریی میدیای نەیارەکانیدا بێت یان هەر شتێکی تر، خۆی بە پارتێکی دەرەوەی بازنەی ئیخوان دەزانێت!


تاگەکان    
ئەیاد قنێبی سیاسەت ئاوی زەمزەم ڕۆژاوا فێمینیزم سەرفیترە چەواشەکاریی لۆژیکی ئەنیمی کۆرۆرنا شیرک جەنگی هۆشیاری چەواشەکاریی_لۆژیکی ئیلحاد زانکۆ كتێب
فیکر
2018-05-14 کۆمێنت 891 جار بینراوە
بابەتی زیاتر
سەرجەم مافەکانی پارێزراوە بۆ وارگەی هاوسانی . Copyright 2024 - hawsani.org © Developed by Kurdsoft
×
هاوسانی